سەروەت هەڵەبجەیی
هێرشه‌که‌ی سه‌ر نووسینگه‌ی گۆڤاری شارلی ئێبدۆ به هه‌ر شێوازێک ئیدانه ده‌کرێت و هیچ پاساوێکی بۆ نییه. تیرۆر، کوشتن، ڕفاندن و تۆقاندن له هه‌ر کوێی ئه‌م جیهانه و دژ به هه‌ر ئایین و نه‌ته‌وه و پێکهاته‌یه‌ک، شه‌رمه‌زار ده‌کرێت و پێویسته ڕیشه و سه‌رچاوه‌که‌شی بنبڕ بکرێت تا ئاسووده‌یی و هێمنی و ئاشتی و ئارامی بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌کان. ئه‌گه‌رچی له دوای ئه‌و ڕووداوه به هه‌موو شێوه‌یه‌ک له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای ئیسلامی و وڵاتانی ئیسلامییه‌وه ئیدانه کرا و داواش کرا جیاوازییه‌ک له نێوان ئیسلامی ڕاسته‌قینه و گرووپه تیرۆریستییه‌کان دابنرێت، به‌ڵام به داخه‌وه کاربه‌ده‌ستانی شارلی ئێبدۆ سه‌ر له نوێ به کرده‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه گۆمه‌که‌یان شڵه‌قاند و به واتایه‌کی دیکه به‌نزینیان به سه‌ر ئه‌و ئاگره‌دا کرد که به‌رۆکی مرۆڤایه‌تی گرتووه و به داخه‌وه هه‌ندێ لایه‌ن به ئه‌نقه‌ست جیهانیان له به‌رامبه‌ر ئیسلام و ئایینه پیرۆزه‌که‌ی داناوه.
تیراژی شارلی له 60 هه‌زار بۆ 3 ملیۆن به‌رز کراوه‌ته‌وه و دیسانه‌وه کاریکاتۆرێکی پێغهمبهریئسلام (د.خ) له سه‌ردا نه‌خشاوه و به‌م شێوه‌یه‌ش لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ی له دژایه‌تی کردنی ئایینی ئیسلام و ڕه‌مزه پیرۆزه‌کانی هه‌ڵداوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری سیاسه‌تی دووفاقی کاربه‌ده‌ستانی فه‌رانسه به‌رامبه‌ر به ئازادی ڕاده‌ربڕین بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که خاوه‌نی هه‌ڵوێستێکی یه‌کسان له به‌رامبه‌ر دژایه‌تی کردنی هه‌موو ئایینه‌کان نین. ڕۆژنامه‌ی ته‌له‌گرافی به‌ریتانی له 27 ی January 2009 له ڕاپۆرتێکدا باسی ئه‌وه ده‌کات که موریس سێنت، کاریکاتۆریستی شارلی ئێبدۆ به هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تێک له سه‌ر کوڕه‌که‌ی نیکۆلا سارکۆزی له‌و گۆڤاره ده‌رده‌کرێت. ئه‌وان ئه‌و کرده‌وه‌یان دژ به جوله‌که‌کان دانابوو. ئه‌و نووسه‌ره به هۆی دژایه‌تیکردنی جوله‌که‌کان لێپرسینه‌وه‌ی لێده‌کرێت. با بزانین تاوانی ئه‌و دژ به جوله‌که‌کان چی بووه؟ له دوای هاوسه‌رگیری کوڕه‌که‌ی سارکۆزی له گه‌ڵ کچه جوله‌که‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی فه‌رانسه ده‌نووسێت: ئه‌م کوڕه به‌م زووانه پله‌کانی سه‌رکه‌وتن ده‌بڕێت. ته‌نیا ئه‌م دێڕه شه‌پۆلێکی ناڕه‌زایه‌تی له نێو سیاسهتمەدارا نی فه‌رانسه به دوای خۆیدا هێنا و سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی شارلی ئێبدۆ که خۆی به لایه‌نگری ئازادی ڕاده‌ربڕین داده‌نا، داوا له نووسه‌ره‌که ده‌کات که داوای لێبوردن بکات که به هۆی قبوڵ نه‌کردنی له لایه‌ن نووسه‌ره‌که‌وه له‌و گۆڤاره ده‌رده‌کرێت. به‌ڵام ئه‌و گۆڤاره بۆ جاری سێهه‌مه که به بڵاوکردنه‌وه‌ی کاریکاتۆری پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) بێڕێزی به زیاتر له ملیارێک و چه‌ن سه‌د ملیۆن موسڵمان ده‌کات که نه ته‌نیا ڕێگری و لێپرسینه‌وه‌ی له گه‌ڵدا نه‌کراوه، که‌چی ده‌بینین هانیش ده‌درێت و کاره ناڕهواکهشی ده‌برێته نێو چوارچێوه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین و بێ گومان هه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌وڵه‌کانی به‌رده‌م ئاشتی و ئارامی پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه. به‌م شێوه‌یه‌ش که حکومه‌ت و میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا گرتوویانه‌ته به‌ر، ڕه‌وتی توندڕه‌وی و توندووتیژی کۆتایی نایه‌ت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و لایه‌نانه به ئامانجێکی دیاریکراو بۆ درێژه‌دان به‌م ڕه‌وته به‌رنامه‌داڕێژی ده‌که‌ن. پرسیار ئه‌وه‌یه که چ که‌سانێک ده‌بنه قوربانی ئه‌و تیرۆر و توندووتیژییه؟ به ملیۆنان کوژراو و بریندار و ئاواره له وڵاتانی ئیسلامی وه‌ک عێراق، سوریا، فه‌ڵه‌ستین و ئه‌فغانستان یان چه‌ن کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی گوماناوی له وڵاتانی ڕۆژئاوا؟
ئیسلام وه‌ک ئایینێک پاڵپشتی دادپه‌روه‌ری و دژ به تیرۆره. ته‌قینه‌وه له میترۆ و کوشتنی خه‌ڵک له شوێنی ئیش و کار و ..... به پێی ڕینماییه‌کانی ئه‌م ئایینه نییه و ئه‌م کرده‌وانه‌ش له لایه‌ن موسڵمانانه‌وه قبوڵ ناکرێن و بینیمان که له دوای هێرشه‌که‌ی سه‌ر گۆڤاری شارلی ئێبدۆ، شه‌پۆلێک له ئیدانه‌کردنی له لایه‌ن موسڵمانانه‌وه ده‌ربڕا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نابێته هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌نگاوه‌کانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دژ به ئیسلام و موسڵمانان له بیر بکرێت. له حاڵێکدا شاهیدی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێپێوانی پاڵپشتی ئازادی له پاریس بووین که ئه‌وان هیچ هه‌نگاوێکیان بۆ پاڵپشتی له‌و هه‌موو کوژراوانه‌ی وڵاتانێ وه‌ک عێراق و فه‌ڵه‌ستین و سوریا و .... هه‌ڵناگرن و ته‌نانه‌ت کرده‌وه دژ به مرۆڤایه‌تییه‌که‌ی داعش به‌رامبه‌ر به ژن و منداڵانی کوردانی ئێزدی، کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆی لای ئه‌وان نه‌بووه. ئه‌م چه‌شنه کرداره له ئاکامدا شکست ده‌هێنێت و هیچ یارمه‌تییه‌ک به ڕه‌وتی ئاشتی جیهانی ناگه‌ێنێت.
١٥/١/٢٠١٥