سامڕەند
لەو بابەتە دا مەبنای ئیستیدلالەكەم ئەو تاریخە ڕەسمییەیە كە ھەم كورد و ھەم فارس و ھەم دنیا قبووڵیان كردووە.
1 ـ وجوودی حكوومەتی ماد
2 ـ دەستپێكردنی ئەو حكوومەتە نزیك بە 250 ساڵێك پێش لە حكوومەتی پارس
3 ـ ڕووخانی حكوومەتی ئاستیاك (ئەژدەھاك) كە ئاخرین پادشای مادەكانە بە دەستی كورش كە بناغەدانەری حكوومەتی 2500 ساڵەی شاھنشاھیی پارسە
ئەو سێ مەبنایەی سەرەوە تاریخێكن كە بە عام بەشەرییەت قبووڵیانە و لە لاپەڕەی تاریخی دنیا دا سەبت كراون. كوردان لە سروودی ئەی ڕەقیب دا دەڵێن: ئێمە ڕۆڵەی مێدیا و كەیخوسرەوین. مێدیا بە حكوومەتی ماد دەڵێن .
كاوەی ئاسنگەر كێیە؟
لە نێو كوردان كاوەی ئاسنگەر كەسێكە كە لە دژی ئەژدەھاك ڕادەپەڕێ و دەیڕووخێنێ. لە شانۆیەك دا لە ڕانیە لە 1990 ھونەرمەندانی مەعاڕەزەی ئێرانی ماجەرای كاوە و سەركوتكردنی زوحاك یان ئەژدەھاك یان نیشان دا. لە پەیامی ڕێبەرانی سیاسی بۆ نەورۆز دا ھەمان شت دەبیندرێ. لە شێعرێك دا كە قادر دیلان و دوای ویش عزیز شاروخ بە قام دەیڵێنەوە ھەر ئەوە دەبیندرێ:
ئەژدەھاك زیندانت قەڵا قەڵایە
دیواری كۆنكرێت دەرگات پۆڵایە
ئەژدەھاك كون بڕە سەختە زیندانت
ناڕووخێ بە بڕبەند بەندی گرانت
ھەر ئەگری ئەكوژی ئەدەی لە گەرن
مێشك دەرخوارد ئەدەی بە ماری نەوسن
ڕاپەڕینی كاوە لە دژی ئەژدەھاك كە ھەمان ئازیدەھاك یان ئاستیاك ـە، لە ئەدەب و كلتووری كوردەواری دا نەھادینە كراوە. دەڵێن كاتێك كاوە بە سەر ئەژدەھاك یان ئاستیاك دا سەركەوت بە نیشانەی سەركەوتن لە بەرزایی ئاگری كردەوە. بەو ئاگرە دەڵێن ئاگری نوروز. یانی روز نو. بەرھەمەكە فارسییە و لەوێ ڕا ھاتۆتە نێو كوردەواری.
ئاور كردنەوە بۆ نوروز لە كوردستانی تركیە و عێڕاق نەك لە لایەن خەڵكەوە بەڵكوو لە لایەن ھیندێك ئەنستیتۆ وە زاھیرەن وەڕێ خراوە. لە معھد فنون جمیلە ی سلێمانی وەختی خۆی لە 1948 پێوەندی لە گەڵ مامۆستا پیرەمێرد دەگیرێ و داوای لێ دەكەن شێعرێك بۆ نوروز دابنێ. لە تركیەش لە 90 ـەكانەوە لە ڕێگای سیاسییەوە نەك خەڵكەوە ئاوركردنەوە ھەڵایسا.
كوردستانی عێڕاق لە مەسرەفی كلتووری فارسكرد دا سێ و دووی لێ ناكەن. بۆیە لە سلێمانی مجەسسەمەیەكی كاوەی ئاسنگەر دروست كرابوو كە كوتكی لە سەر شان بوو و سەری زوحاكی بریبوو و مارەكەش لە دەستی ھاڵابوو. صدام ئەوەی وە بەر شۆفڵ دا ڕووخاندی، دوایە یەكی دیكەیان ساز كردەوە.
كوشتنی ئەژدەھاك یان ئاستیاك بە دەستی كاوە لە كوردەواری دا كراوە بە شتێكی بنیاتی و ھەموو دەیڵێنەوە.
كوردی ئێرانێ نیسبەت بە نوروز بێ مەیل بوون تا ئێستاش، كوردی عێڕاقێ بۆی ھەڵدەپەڕن، كوردی توركیەی كردوویانە بە ھۆڤیەتی خۆیان بەعزێك كەس خۆی بۆ دەسووتێنن.
نوروز و ساڵی 2712 ی كوردی
ڕوناكبیرانمان زۆر پەلەیان كردووە لە دانانی ئەو مەبنایە بۆ تاریخ. نوروز ئەو ڕۆژەیە كە كاوە ئاگری سەركەوتن بە سەر ئاستیاك دا دەكاتەوە و كۆتایی بە حكوومەتی ماد دێنێ. كە چی دانەرانی تاریخی كوردی بە ڕەمەكی ھەر وا ڕەقەمی 2712 یان داناوە. لە واقیع دا 2712 ڕەبتی بە نوروز و ئاوركردنەوەی و سەركوتی ئەژدەھاك نیە.
سەركوتی ئاستیاك لە تاریخی عالەم دا، ئەو تاریخەی لە لایەن عاممەوە بە كورد و فارس و بێگانەوە قبووڵ كراوە، دەبێتە 2500 و چەند ساڵێك. ھەر وەھا ئەو تاریخە دەڵێ كە لە گەڵ ڕووخاندنی حكوومەتی ماد، دەورێكی تازە دەستی پێ كرد كە دەبێتە ھاتنە سەر حوكمی كورش وەك بناغەدانەری حكوومەتی پارس.
كوردان لە نوروز دا ھەڵدەپەڕن. ئەو ھەڵپەڕینە بۆ ڕووخانی ئاستیاك وەك ئاخر پادشای ماد و ھاتنە سەر كاری كورش ئەووەڵ پادشای پارسە. ئەو ئاورە كە لە ڕەبەت و سیسێر و نەستان و بە دەست سەرۆك حیزبەكانی كوردستانی ئێرانێ دەكرێتەوە لەم چەند ساڵەی ئەخیر دا، ئاوری سەركەوتنی پارس بە سەر حكومەتی ماد دایە.
لە پارچەكانی دیكە دەڵێن ئێمە ڕۆڵەی كەیخوسرەوین. ئەوە لە جەعلیاتی ئەدەبیاتی فارسە. ئەگەر ئەوان ڕۆڵەی كەیخوسرەو بن ھاوڕێیەتی لە گەڵ نوروز سەیر نیە. بەڵام بۆ ئەوەی دەڵێ ئێمە ڕۆڵەی مێدیا ین سەیرە بۆ نوروز ھەڵپەڕن و ئاور بكاتەوە