هیوا جەمال
مووچە یەكێكە لەو پێوەرانەی، كە لە جیهاندا وەك یەكێك لە نیشانەكانی دادپەروەری لێی دەڕوانرێت، مووچە سەرەتاییترین مافە كە هەركەسێك لەبەرامبەر كارەكەیدا وەریدەگرێت. مووچە واتە هەقدەستی كاركردن، كە لە هەندێ پیشە و ئیشدا رۆژانە و هەندێ هەفتانە و هەندێكیش مانگانە وەریدەگرن (لە كوردستان خەریكە وەرزانەش پەیدا دەبێت، بێگومان بۆ كارمەندی ئاسایی نەك بۆ پلە دارەكان). مووچە (هەقدەست) لە دوو شوێنی سەرەكییەوە وەردەگیرێت، لایەنە فەرمییەكان، وەك دامودەزگا حكومییەكان و پەرلەمان، لایەنە ئەهلییەكان، وەك خاوەنكار و كۆمپانیا و دەزگا ناحكومییەكان. لە جیهاندا و لە هەندێ وڵاتدا لەپاڵ لایەنە حكومییەكان، لایەنی ئەهلی و كەرتی تایبەتیش لانی كەم و زۆری مووچەی بۆ دیاریكراوە، بەڵام لە كوردستان هێشتا لایەنی ئەهلی هیچ پێوەرێكی نییە و لایەنی حكومیش لە ژێر لێكوڵینەوەدایە. بە مانایەكی دیكە بەو پێیەی لایەنی حكومیی و بەتایبەت پەرلەمانیی بە دەنگی خەڵك دەچنە شوێنەكانیان و لە ماوەی مانگێكدا پلەیەك وەردەگرن، كە فەرمانبەری ئاسایی دەبێت زیاتر لە 30 ساڵ خزمەت بكات جا پێی دەگات، زۆرتر لە ژێر چاودێریدان.
هەرچەند لە لایەنی حكومی پلەبەندی هەیە، كە لە ئەلیف و بێ و یەكەوە دەستپێدەكات، بەڵام لە كوردستان پلەی تایبەتیشی بۆ زیادبووە.
هەرچی ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی كەرتی تایبەت و ئەهلییەوە هەیە، هیچ پێوەرێكی نییە، تەنها پێوەر بەگشتی توانا و كەفائەتی كەسی كاركەرە، بۆ نموونە لە یەك دەزگادا دوو كەس، كە بڕوانامەیان وەك یەك بێ، هەرگیز مووچەكانیان وەك یەك نییە، چونكە توانایان جیاوازە، جگە لەوەش هەر دەزگایەكی ئەهلی بنمیچی دیاریكراوی خۆی هەیە، جگە لەوەی بەپێی كاری دەزگاكانیش دەگۆڕدرێت.
بۆ نموونە، ئەندازیارانی كۆمپانیاكانی بواری نەوت، لەهەموو دەزگا و كۆمپانیاكان مووچەیان زۆرترە، كە هەندێ جار كارگوزارێك هێندەی ئەندازیارێكی كۆمپانیایەكی دیكە مووچەی هەیە، ئەمەش حالەتێكی ئاساییە.
لە كوردستان دەزگاكانی راگەیاندن وردە وردە مووچەكانیان زیاد دەكات، بەتایبەت كە دەزگای زیاتر دەكرێتەوە و كێبڕكێ زیاد دەكات بۆ راكێشانی رۆژنامەڤانە بەتواناكان.
ئەوەندی پرسیومە لە جیهانی پێشكەوتوودا، رۆژنامەڤانان مووچە و هەقدەستیان لە زۆر لە پلەكانی دیكە زیاترە، چونكە راگەیاندن، كە جاران بەدەسەڵاتی چوارەم ناودەبرا، ئێستا بە دەسەڵاتی یەكەم ناودەبرێت و چاودێرە بەسەر هەموو دەسەڵاتەكانەوە.
بۆ نموونە، لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا، رۆژنامەنووسێكی وەكو دایان سۆیەر، كە هەواڵەكانی جیهان لە كەناڵی ABC دەخوێنێتەوە، مووچەی ساڵانەی 12 ملیۆن دۆلارە، واتە نزیكەی 100 هێندە زیاتر لە مووچەی ئەندامێكی كۆنگرێس، كە ساڵانە 174 هەزار دۆلار دەباتەوە ماڵەوە. هەروەها 30 هێندە زیاترە لە مووچەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما، كە ساڵانە 400 هەزار دۆلار وەردەگرێت.
هەرچەندە زۆرترین مووچە بۆ كەسایەتییە تەلەفزیۆنییەكان دەچێت، بەڵام رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، تۆماس فریدمان، كە زۆرجار لە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و كوردستان دەنووسێت، مووچەی ساڵانەی 300 هەزار دۆلارە و لەبری 104 وتار وەریدەگرێت.
گۆڤاری هەفتانەی ئەمریكی (تی ڤی گاید) ساڵانە لیستێك بڵاودەكاتەوە، كە مووچەی دیارترین كەسایەتییەكانی تەلەفزیۆن لەخۆدەگرێت.
جۆن ستیوارت، 25-30 ملیۆن دۆلار
جۆن ستوارت، پێشكەشكاری بەرنامەیەكی كۆمیدی رۆژانەیە بەناوی دەیلی شۆ، كە كەسایەتییە سیاسییەكان و دامەزراوەكانی راگەیاندن و كەسایەتییە دیارەكانی دیكە دەخاتە ژێر رەخنەی تووندەوە، كە لەفۆرمی گاڵتە ئامێزدا دەریاندەبڕێت.
مات لۆیەر: 22-25 ملیۆن دۆلار
رۆژنامەنووسێكی كەناڵی تەلەفزیۆنی NBC و پێشكەشكاری بەرنامەیەكی هەواڵ و گفتوگۆیە، كە بەیانیان بۆ ماوەی نزیكەی كاژێر و نیویۆك لەو كاتەدا پێشكەش دەكرێت كە لەكوردستان بینەران سەیری بەرنامەی نووڕۆژی تەلەڤزیۆنی رووداو دەكەن.
جەی لێنۆ: 20 ملیۆن دۆلار
پێشكەشكاری كۆمیدی كەناڵی NBCـییە.
دەیڤد لیتەرمان: 20 ملیۆن دۆلار
پێشكەشكارێكی كۆمیدی كەناڵی CBSـییە ، كە درەنگانی شەو بەرنامەیەكی گاڵتە ئامێز پێشكەشدەكات و سیاسییەكان و كەسایەتییە دیارەكانی ئەمریكا دەكاتە ئامانجی رەخنەكانی.(هاوكارم نامۆ عەبدوڵڵا پێشتر ئەمانەی باسكردووە.)
لە كوردستان، ئەگەر بەراوردێكی دەزگاكانی راگەیاندن بكەین، رەنگە تۆڕی میدیایی رووداو لە زۆر دەزگا مووچەی كەمتر بدات بە كارمەندەكانی بە بەراورد بە كار و توانا و دەوامكردنیان.
بۆ نموونە، هەندێ لە هاوڕێكانی خۆمان لە دەزگاكانی دیكە، كاتی كاركردنیان لە هەفتەیەكدا ناگاتە 15 كاژێر كاركردن، واتە لە مانگێكدا، كەمتر لە 60 كاژێر دەوام دەكەن، بەڵام مووچەكانیان نزیكەی (١٠٠٠٠٠٠)یەك ملیۆن دینارە. واتە بۆ هەركاژێرێك كاركردن، 16000 دینار دەكەوێت.
بەڵام لە رووداو، لە رۆژێكدا هەشت كاژێر كاركردن و لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ دەوامكردنە، واتە لە مانگێكدا 208 كاژێر كاركردن.
من وەك هیوا جەمال، ئەگەر مەگزیمەم دەوام بكەم مانگانە 3000 دۆلار مووچە وەردەگرم، واتە هەر كاژێرێك كاركردن بەرامبەرە بە 14.4 دۆلار، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە كاژێری كاركردنەوە هەیە، كە لەرووداو سیستەمە، بۆیە ئەگەر لە 208 كاژێر كەمتر كاربكەم، بڕی مووچەكە بەپێی كاژێرەكان كەمدەكات، بەڵام لەو ئاستە تێپەر ناكات، كە هیچی زیاتر نییە لە مووچەی كارمەندێكی پلە مامناوەند لە كەناڵێكی دیكە.
ئەوە مووچەی منە، كە رەنگە لە زۆربەی كارمەندان زیاتر بێت، ئەی ئەوانەی لەوە كەمتریان هەیە؟ كەواتە لە رووداو هەقدەستی كاركرن لە دەزگاكانی دیكە كەمترە.
ئەوە جگە لەوەی كە هیچ موكافەئەیەك لەرووداو نییە.
بەڵام بۆ نموونە پەرلەمانتارێك، كە مووچەكەی زیاتر لە 6500 دۆلارە، بۆ هەر شارێك و دەرچوونێك بۆ وڵاتان ئیفاد دەكرێت، هەروەك چۆن وەزیرێك مووچە و ئیمتیازاتی زیاترە، لەكاتێكدا كارمەندانی دەزگاكانی راگەیاندن هیچ دروشمێكیان بەرزنەكردووەتەوە بۆ ئەوەی بەدەنگی خەڵك ئەو مووچەیە وەربگرن، بەڵام پەرلەمانتار بە پلیكانەی دەنگی خەڵكدا سەركەوتوون.
دروشمی گەورە گەورەی بەرزكردووەتەوە كە مافەكانیان دەپارێزێت، بە پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالی گوتووە كە وەك ئەوان دەژی و بەرگری لە مافەكانیان دەكات، ئێستا ئێوە بڵێن كێ بەڵێنەكانی نەهێناوەتە دی؟ كێ دەبێ لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت؟
ئێمە كە لەماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 400 بەرنامەمان پێشكەشكردووە، كە ئەگەر هەر بەرنامەی 20 پرسیارمان كردبێت، واتە 8000 پرسیارمان كردووە.
تێبینی:
*دەزانم ئەوانەی تەنها ئیشیان رەتكردەنەوەیە ئەمەش رەتدەكەنەوە، چونكە كەسانێك كە بڕوایان بە خوای خۆیان هەیە لە خوداش رازی نین، بۆیە چاوەڕێ ناكەم هەمووان رازی بن ، بەڵام دڵنیام زۆرینە بڕوایان بە قسەكان هەیە.
* هەموو سایت و پەیجێك ئازادە ئەم وتارە بڵاو دەكاتەوە بەڵام هەمووی وەك خۆی، چونكە بە نیوەناچڵی نابێت بڵاوببێتەوە، بۆیە رێگەی یاسایی لەبەرامبەر ئەوانە دەگرمەبەر كە بە نیوەناچڵ بڵاویدەكەنەوە.
4/1/2015