هیوا ئه‌حمه‌دی
ئه‌و پێوانانه‌ی که ئه‌مڕۆ به پێی عاده‌ت و له ڕوانگه‌ی باوه‌وه، کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کان به کۆمه‌ڵگایه‌کی پێشکه‌وتوو پێناسه ده‌که‌ن و به‌ختیاری به کۆمه‌ڵ و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌به‌خشن، چه‌ند ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک مودێڕنیته، پاشمودێڕنیسم، و چی و چه‌ندی دیکه‌ی له‌و بابه‌ته‌ن که ئێستا رووی ره‌خنه ده‌لای یه‌کێک له‌وانه که مودێرنیته‌یه ده‌که‌ین و که‌مایه‌سی و ناڕوونی ئه‌و دیارده‌یه( به پێی توانا) ده‌ستنیشان ده‌که‌ین. چوونکه هه‌ستیاری ئه‌و بابه‌ته زیاتر له دونیای ڕۆژهه‌ڵات و، له‌وێش له نێو که‌سایه‌تی و لایه‌نه کوردییه‌کاندا ده‌نگی داوه‌ته‌وه و وه‌ک شاری خه‌ون و خه‌یاڵ ده‌نوێنێ. به جۆرێک ره‌خنه گرتن و دژ وه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته مه‌له کردن به پێچه‌وانه‌ی ئاو ده‌زاندرێ و تا ڕاده‌یه‌کیش به‌رچه‌سپی ئه‌و هێزانه‌ی له به‌رۆکی ده‌درێ که رووی لوتف و به‌زه‌یی ده‌سته‌ڵاته زلهێزه‌کانی رۆژئاوایان لێ وه‌رگێڕدراوه و به ناو و ناتۆره‌ی باوی ئه‌وڕۆیی پێناسه کراون.
به‌وڕاده‌ی که تاکی روناکبیری رۆژهه‌ڵاتی، به تایبه‌ت رووناکبیرانی کورد به‌و بابه‌ته‌وه خه‌ریکن و خولیای خه‌ونه‌کانی ئه‌و جیهانه ناروونهن، رۆژئاواییه‌کان خۆیان نیوئهوهندهش بیری لێناکه‌نه‌وه. چوونکه به کرده‌وه ده‌زانن که دونیای مودێڕنیزمی ئه‌وان که ئێستا تێیدا ده‌ژین، بێکه‌م و کۆڕی و گرفت و گرێپووچکه نییه و ناشبێ. له حاڵێکدا ئه‌و دیارده‌یه، ئی ڕۆژئاواییه‌کانه و لاسایی کردنه‌وه و کۆپی کردنی ههرمودێلێک و راگواستنی بۆ شوێن و شهپۆرێکی دیکه که هیچ وێکچوونێکی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیان تێدا نییه، ئه‌زموونێکی خاو و ناسه‌رکه‌وتوو ده‌بێت. ئه‌ویش له کاتێکدا که له خودی ڕۆژئاواییه‌کانیش ڕوون نه‌بێ که ئه‌و دیارده‌یه به کام ئاسه‌واری مێژوویی و کامه ڕه‌وتی ڕه‌وان و جوانناسانه‌ی ده‌وران ڕه‌وایی پێ درواه؟! له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌وه‌یه که ژیانی ڕۆژئاواییه‌کان ده‌گه‌ڵ هه‌موو خۆشییه‌کانی، هیندێک که‌م و کۆڕی پێوه دیاره که تای ته‌رازووی خۆشی و ئاسایشی ئه‌و خه‌ڵکه ده‌باته ته‌شقی ئاسمان و بناغه‌ی مه‌عنه‌وی و بنچینه‌ی مه‌عریفی ژیان لێکههڵدهتهکێنێ. ڕه‌نگه زۆرکه‌س به‌و وته‌یه ڕاچه‌نێ و نفرین بۆ چاره‌نووسێک بنێرێ که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌دا ده‌خولێته‌وه !
به‌ڵام سه‌ره‌تا با بزانین ئه‌و پێوانانه‌ی که مودێرنیته‌ی پێ ده‌پێون و به ئوتۆپیا واته شاری خه‌ونه‌کانی نێو ده‌به‌ن، به کام جوداوازی ده‌گه‌ڵ نامودێڕنیته و (به قه‌ولی هینده‌کان) کۆمه‌ڵگا پاشکه‌وتووه‌کان لێکیان هه‌ڵداوێرن؟!
ئایا مودێڕنیته له زه‌مانێکی تایبه‌تیی مێژوویی‌دا یان له رێگه‌ی فیلسووف و ئیلیتهکانهوه یا خود هونه‌رمه‌ندانی تایبه‌ت که له به‌شێکی تایبه‌تی ئه‌م گۆی زه‌وییه ئاڵای به‌خته‌وه‌ریان بۆ خه‌ڵک هه‌ڵداوه، یان له سه‌ده‌کانی 14 و 15 وه، له رێگه‌ی شۆڕشی رێنسانس له ئیتالیا و له رێگه‌ی ریفۆڕم و چاکسازی ئایینی و پڕۆتستانیزم و شۆڕشی دژه کلیسای کاتۆلیکی ڕۆم له ئاڵمان و ئینگلیس له سه‌ده‌ی 16 ی زایینی‌دا هاتۆته به‌رهه‌م؟!
نه‌کا بۆچوونه‌کانی دکارت، کانت، هابز، گالیله و نیۆتۆن له چاخی 17 و 18دا دنیای مودێرنیزمی به‌رهه‌م هێنابێ؟! یا ئه‌وانه هیچی نه‌بنه هۆ... به‌ڵکه شؤڕشی سه‌نعه‌تی، کۆماریخوازی فرانسه و ئامریکا یا خود کمودی دانته و نه‌قاشی داوێنچی و به‌رهه‌مه‌کانی لوکوربۆز و ستڕاوینسکی بوون به هۆی ئه‌و پێکهاته‌یه؟!
ئاخۆ به‌ڕاست کامیه‌ک له‌و رووداوانه بوون به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی مودێرنیته و به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵکی سه‌ر زه‌وی، هه‌موویان یا هیچیان؟!
دکارت مودێرنیزمه یان گومانگه‌رایی فه‌ڕانسه‌وی و ئیدئالیزمی ئاڵمانی و پڕاگماتیزمی ئامریکایی؟! Deduction پێتان وایه پێناسی قیاسی
ئایا ده‌نگ و هاواری مودیڕنیسم ته‌نیا بۆ پێناسه کردنی ئامراز و هۆکاره‌کانی به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵکه یا بۆ به‌کار هێنانی ئه‌و هۆکار و ئامرازانه‌ی که وه‌ک باشترین رێگا بۆ گه‌یشتن به رفاه و ئاسایشی هه‌مه لایه‌نه‌ی خه‌ڵک پێناسه کراون؟ ئه‌گه‌ر پێناسه‌کان مه‌به‌ستی سهرهرهکی مودێرنیتهن، که‌وابوو زه‌قترین و به‌رچاوترین مه‌کته‌به کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دنیای ڕۆژئاوا، فاشیزم، ستالینیزم، و لیبڕالیزمه که به روخسارێکی ئیمپریالیستییه‌وه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا که‌وتنه ناو که‌وڵی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به ههژهموونێکی چر و پڕ، به‌ها و بایخه بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یان هه‌ڵته‌کاند.
یان نا ... له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا، ده‌سته‌ڵاتی "هابز" و بیری پاوانخوازی مونتێسکیۆ و ماکیاوێلی به ده‌وڵه‌تی مودێڕن پێناسه ده‌کرێ ! ئه‌گه‌ر له‌وانه‌ش تێپه‌ڕێن به‌سه‌ر هیندێک رووداوی میژوویی به‌ناوبانگی دیکه‌دا ده‌که‌وین و ده‌ڵێین ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش مودێرن نه‌بن، بێگوومان گرێبه‌سته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ژانژاک ڕۆسۆ ( 1762)، لیبرالیزمی جانلاک، سۆسیالیزمی مارکس، و هتد... به ماکه‌ی مودێڕنیته ده‌زاندرێ... به‌ڵام ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ هیچکام له‌وانه وه‌ک پێناسه‌ی سه‌ره‌کی یا خاڵی ده‌سپێکی مودێڕنیسم پێناسه نه‌کراون!
ئایا له جیهانی مودێرنیته‌دا ده‌بێ "جیهانشمول" بین یا هزرێکی پلۆڕالیزمیمان هه‌بێ و له ناو بازاڕی رۆژئاوایی‌دا سه‌رگه‌ردان بخولێیته‌وه؟ ته‌نانه‌ت به هیندێک ده‌سته‌واژه‌ی سواوه‌وه به بێئه‌وه‌ی ئێمه( نه‌ک ئه‌وان) باوه‌ڕمان پێی بێ، سڵاوات له دیداری رۆژئاواییه‌کان لێده‌ین.
ئه‌خلاق به ئه‌بزاری به‌رهه‌مهێنان بزانین و مافه ده‌ستکرده‌کان له مافه سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به هیندتر بگرین!
ئه‌گه‌ر به‌رۆکی لاساریمان گرت و باوه‌ڕمان وابوو که مودێڕنیته هه‌مووی ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه، ئه‌وکات ده‌رده‌که‌وێ که مودێڕنیته یانی هه‌ر به‌رهه‌مێکی فکری و هزری که پشتی له کلیسا و سیستمی فئۆداڵی ئوروپایی و رووی له ده‌سته‌ڵات و به‌رهه‌مه ده‌ستکرده‌کانی جیهانی سه‌رمایه‌داری دابیت! ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه به ڕاست ده‌زاندرێ، خۆ راستتر له‌وی ئه‌وه‌یه که سه‌رمایه‌داری و کاپیتالیزمی رۆژئاوایی له سیستمی فئۆدالی ئوروپا و بۆرژوایی رۆژئاوای ئه‌وکات که‌متر ناچه‌وسێنێته‌وه؟!
له هه‌موو که‌س روونه که جیهانی رۆژئاوا ئێستا پێش ئه‌وه‌ی جیهانی مودێرنیته بێ، جیهانی سه‌رمایه‌داری و ژیانی ماشێنییه که ئینسان له‌و جیهانه‌دا له خزمه‌ت سه‌رمایه و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌داران دایه. ته‌نانه‌ت کز بوونی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ر و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ وڵاتانی خۆیان پاش قه‌یرانی ماڵی و ئیقتسادی رۆژئاوا، یه‌کێکی دیکه له‌و باسانه‌یه که مه‌به‌سته‌که باشتر ده‌سه‌لمێنێ.
کێشه‌ی مودێڕنیته و پاشمودێڕنیته
ئه‌و کێشه‌یه له دوای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ده‌ستی پێکردووه. چه‌مکه‌کانی هونه‌ر، ئه‌خلاق، ئیقتساد، سیاسه‌ت، تاریخ، جیهانناسی و که‌ره‌سه‌کانی راگه‌یاندن هه‌تا ده‌گاته ئارایشی موو و جل و به‌رگ، له‌ولاشه‌وه چالاکی پلۆرالیستی، دیارده‌ی نیسبیگهرایی، فمنیستی، ژینگه‌پارێزی و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زۆر شتی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه، بابه‌تی ئه‌و کێشانه‌ن که له نێوان مودێڕنیته و پاشمودێڕنیزمدا له ئارا دانه و هه‌موویان به ئیدئۆلۆژی مودێڕنیته ده‌ژمێردرێن و مودێڕنیزم به فوندامێتالیزم واته بنیاتگه‌را ده‌زانن. ئه‌و کێشانه‌ش ته‌نیا به ئه‌وانه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکه له ئاکامی ئه‌و ململانێیه‌دا دیارده‌ی "نهیلیسم" واته بێباوه‌ڕیی سه‌ری هه‌ڵداوه که زیانێکی زۆری به کۆمه‌ڵگاکان و مرۆڤایه‌تی گه‌یاندووه. هه‌ژه‌موونی سه‌رمایه‌داری له رۆژئاوا که به‌رهه‌می مودێڕنیزمی سه‌نعه‌تی بووه، جیاوازی ته‌به‌قاتی و چینایه‌تی، هه‌ڵاواردن، ئینسانئهبزاری و زۆر جیاوازی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌ی درووست کردووه و تا ئه‌و ڕاده چۆتهپێشێ که کاڵاپه‌رستی و ماددیگه‌رایی بووه به نه‌رتێکی باو و سه‌پاو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای رۆژئاوادا و، لیبرالیزم و سه‌رمایه‌داری به توندی ده‌گژ یه‌ک ڕاکردووه.
گوڕانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئه‌قڵانی مودێڕن و راسیۆنالیست به جیهانێکی بورۆکڕات و سه‌رمایه‌داری و هه‌ر وه‌ها به‌کارهێنانی مرۆڤ وه‌ک ئه‌بزاری کار و پێخوست کردنی که‌ڕامه‌ت و سه‌روه‌ری مرۆڤایه‌تی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و سه‌نعه‌تیدا، کێشه‌یه‌کی دیکه‌یه که له هه‌ردووک به‌شی مودێڕنیزم و پاشمودێڕنیزمدا به زه‌قی به‌رچاو ده‌که‌وێ.
هاتنه ئارای کۆمه‌ڵگای مودێڕنی "ئانومی دورکهایم" که بوو به هۆی تێكشکانی ده‌ستکه‌وته ئه‌خلاقی و مهعنوییهکان و قووڵ کردنه‌وه‌ی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌کانی سه‌رده‌م، له به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی مودێڕنیزم بوو. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ره‌خنه و پێداچوونه‌وه‌ی هێگلییه‌کان له کۆمه‌ڵگای مودێڕنی سه‌رمایه‌داری نیشانه‌ی که‌مایه‌سی ئیدئۆلۆژی مودێڕنیزم له لایه‌ک و قووڵ بوونه‌وه‌ی کێشه‌کانی مودێڕنیزم و پۆستمودێڕنیزم له لایه‌کی دیکه‌وه‌یه.
پاشمودێڕنیتهکان باس له‌و پرس و بابه‌تانه ده‌که‌ن که بۆ تێکدانی بناخه‌ی فکری و ئیدئۆلۆژیکی مودێرنیزم به‌س و پێویستن. په‌سند نه‌کردنی پارادایم و پرسه زانستییه‌کان به شێوه‌ی تاک و ره‌د کردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی تاکه‌کان، تێنه‌گه‌یشتن له چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌کان، ره‌د کردنه‌وه‌ی ئهستوونهک و پایه‌ی فه‌لسه‌فی و ئیدئۆلۆژی مودێڕنیته، باشترین و به‌رچاوترین نمونه‌ی ئه‌و راستیانه‌یه.
پاشمودێڕنیتهی متۆدناسی، بنچینه‌کانی پێناسه‌ی مودێرنیته‌ی رۆژئاوا به له‌رزۆک داده‌نێ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دیارده‌ی بنه‌ماڵه، په‌ره‌پێدان به فه‌سادی ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌به‌ربردنی منداڵ، هاوجنسبازی، شه‌هوه‌ت په‌ره‌ستی ، ره‌د کردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م به‌ها ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌وییه‌کان و ...هتد به هزر و ده‌ستکه‌وته‌کانی مودێڕنیزم ده‌زانێت.
زۆر که‌س له‌و باوه‌ڕه دایه که مودێڕنیسم، شۆڕشێک دژی ئوروپای مه‌سیحی و فئۆداڵی رۆژئاوایی و، پاش مودێڕنیتهش پڕۆسه‌ی به‌ره‌نگار بوونه‌وه ده‌گه‌ڵ ئه‌و مودێله پڕله کێشه و گرفته بووه. من ته‌نیا بۆچوونی روناکبیرانی رۆژئاواییم باس کردووه و خۆم له قه‌ره‌ی ده‌ربڕینی رای تاکه‌که‌سی و قه‌زاوه‌تێکی ناپسپۆرانه نه‌داوه.
به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌و حه‌قه به خۆمه‌وه ڕه‌وا ببینم که به‌و پرسیاره‌وه بچمه ناو قووڵایی کێشه‌کان و بڵێم ئاخۆ مودێرنیسم له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ داب و نه‌ریته‌کانی کلیسای مه‌سیحیه‌تدا مودێڕنه یان کلیشه‌یه‌کی جیهانی و گشتییه که هه‌موو سونه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خه‌ڵکی دنیا ده‌باته ژێر پرسیار؟
سه‌ره‌ڕای لایه‌نه بڵاو و داپۆشراوه‌کانی پێناسه‌ی مودێڕنیزم، ده‌کرێ ئه‌و دیارده‌یه به دوو ده‌سته‌ی جیاوازی وه‌ک پێناسه‌ی عه‌قڵ و پێناسه‌ی مرۆڤ پۆلێن بکرێ که هه‌ر یه‌که‌و باس له توانایی و سنووری پێناسه‌کان له لایه‌ک و، ماف و که‌ڕامه‌تی مرۆڤ له‌لایه‌کی دیکه‌وه ده‌که‌ن. عه‌قڵگه‌رایی، زانستپهرهوری، ئه‌زموون، دوودڵی له ئیلاهیاتی مه‌سیحیه‌ت، تکنۆلۆژی، ژیانی ماشێنی، شارنشینی،تاکگه‌رایی،ئومانیزم، سیکۆلاریزم، لیبرالیزم، سه‌رمایه‌داری، گه‌شه‌ی ماددی و ماڵی، فره‌چه‌شنی، بازاری ئازاد و زۆر چه‌مکی دیکه که به‌رهه‌می کلاسیکی مودێڕنیتهن، سنووربه‌ندی ده‌گه‌ڵ دیارده دژبه‌ره‌کانی خۆیان ده‌که‌ن. به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌و دیوه‌ی سنوره‌کان واته ناوه‌وه‌ی سنوری مودێڕنیته هه‌میشه باشتر له به‌شی دژبهرکراو بێت.
باشتر وایه جیاوازی ”مۆدێرنیسم“ و ”مۆدێرنیته“ ده‌گه‌ڵ پاشمودێرنیزم له زمان دوکتۆر موحه‌ممه‌د زه‌یمه‌ران بخه‌ینه‌روو که له به‌ڕێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده له وێبلاگی خێوه‌ت وه‌رگیراوه. ناوبراو ده‌ڵێ:
" له تێگه‌یشتنی گشتی و ئاسایی‌دا، تێكه‌ڵاوییه‌ك له نێوان [تێگه‌یشتنی مانایی] ئه‌م دوو چه‌مکه ده‌گه‌ڵ پرسی ”مۆدێرنیزاسێون“ وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وێ.
لێره‌دا من ئاماژه به بۆچوونی توێژه‌رێكی هاوچه‌رخ به‌ناوی شولت ساس (schul tsasse) ده‌كه‌م كه له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی ”مۆدێرنیسم له 1890ه‌وه تا 1930“ باسی لێكردووه‌و ده‌ڵێ: مۆدێرنیسم داگهڕانێكی فه‌رهه‌نگییه كه له ناخی مۆدێرنیته‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه. ناوبراو ده‌ڵێ له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا، دابڕانێكی قووڵ و قه‌ره‌بوونه‌كراوه له مۆدێرنیته‌دا پێكهات. له لایه‌نێكدا مۆدێرنیته بریتی بوو له قۆناخێكی مێژووی شارستانیه‌تی رۆژئاوا كه تێكه‌ڵاوی شۆرشی پیشه‌كاری و گۆڕانكارییه ئابووری- كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له سه‌رمایه‌داری بوو و له‌لایه‌نی دیکه‌دا، مۆدێرنیته له مانای جوانیناسانه‌ی خۆیدا كورت ده‌بۆوه. له‌و كاته به‌ملاوه، پێوه‌ندی نێوان ئه‌و دو جۆره مۆدێرنیته‌یه زۆر نادۆستانه و دوژمنكارانه بووه. به‌گشتی لایه‌نی یه‌كه‌می مۆدێرنیته، وانه‌ی پێشكه‌وتن و ڕۆشنگه‌ری و ئیمان به ده‌ره‌تانه ههراوهكانی زانست و تكنۆلۆژی و ئاوه‌زخوازی ده‌كاته بناغه‌ی باس و لێدوانی خۆی. به‌ڵام لایه‌نی دووه‌می مۆدێرنیته، كه له چوارچێوه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی پێشڕه‌و (ئاوانگارد) دا خۆی نواند، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، به هه‌ڵویستێكی ڕادیكاڵ و دژی چینی ناونجییه‌وه هاته مه‌یدان. له راستیدا هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ی مۆدێرنیته بوو كه مۆدێرنیته‌ی بۆرژوازی خسته ژێر پرسیاره‌وه. هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ی مۆدێرنیته‌ش بوو كه به ”مۆدێرنیسم“ ته‌عبیری لێكرا. مۆدێرنیته‌ی لایه‌نی یه‌كه‌م خه‌ریكی كاركردن له به‌ستێنێكی ده‌ستنیشانكراو و به‌تایبه‌ت زانست و سیاسه‌تدا بوو. به‌ڵام مۆدێرنیته‌ی جۆری دووه‌م واته مۆدێرنیسم، به‌ستێنی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری له‌خۆی ده‌گرت. به واتایهكیتر مۆدێرنیسم، ده‌لاله‌ت بۆ ئه‌زموونێك ده‌كا كه له نێوه‌راستی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و له ئۆرووپادا سه‌ری هه‌ڵدا و به گژ قه‌یرانه‌كانی مۆدێرنیته‌دا چۆوه. ئه‌و بهگژداچوونانه لهقووتابخانهگهلێكی وه‌ك داداییسم، ئهمپێرسیۆنیسم، فاویسم، كووبیسم، و.... خویا بوون. گشت هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌م قوتابخانانه به‌پێچه‌وانه‌ی لایه‌نگرانی مۆدێرنیته، پشتیان ده پێوانه زاڵه‌كانی كۆمه‌ڵگای مۆدێرن كرد و به چه‌شنێك نامۆیییان له فه‌رهه‌نگ و بایه‌خه باوه‌كانی نێو كه‌شوهه‌وای مۆدێرنیته ده‌كرد. ئه‌وان بایه‌خیان بۆ جیهانی ده‌روون داده‌نا. به ته‌عبیرێك ده‌كرێ بڵێین بیرمه‌ندانی جۆراوجۆر،
،له روانگه‌ی جوداوازه‌وه ته‌ماشای گه‌وهه‌ری مۆدێرنیته‌یان كردووه و ده‌كرێ بڵێین ئاماژه‌یان به چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی جوداواز سه‌باره‌ت به مۆدێرنیته كردووه. به‌ڵام ئایا له‌نێوان ئه‌م ئاراسته جوداوازانه بۆ پێناسه و شی كردنه‌وه‌ی مۆدێرنیته هیچ هاوبه‌شیی و رێككه‌وتنێك له گۆڕێ‌دا هه‌یه"؟ ... بێگوومان نا...
ئه‌ده‌بیات و مودێڕنیته له چه‌ند نموونه‌ی شێعریدا...
سۆهراب سپێهری باس له { قتل مهتاب به فرمان نئون} ده‌کا که له‌و شێعره‌دا، ره‌خنه له رووناکی شه‌وانی مودێنیزم و شیواندنی سروشتی سروشت ده‌گرێ و له‌و بواره‌وه بێزاری ده‌رده‌بڕێت. سۆهراب پێیوایه که مانگ ده‌بێ رووناکی خۆی ده‌رکه‌وێ نه‌ک نئۆن ئه‌و رووناکییه به زه‌وی بدات. بۆیه جێگۆڕکێی ئه‌و رووناکییه به قه‌تڵ نێو ده‌بات و له ڕێگه‌ی شێعره‌وه نه‌قڵ و نه‌زیله‌ی بۆ ساز ده‌کات.
سواره ئیلخانیزاده‌ش له هه‌مان بابه‌ت دڵ پڕه و ده‌نگی سکاڵای خۆی به شێعر ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ:
ئه‌ڵێم به جامێ ئاوی کانیاوی دێیه‌که‌م
عیلاجی که‌م کوڵی دڵی پڕم، له ده‌ردی ئینتزارهکهت
وه‌ره‌ز بووگیانی من له شار‌و هاڕه‌هاڕی ئه‌و
له‌رۆژی چڵکنی نه‌خۆش وتاوویاوی شه‌و
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌که‌ت
له‌شاری چاو لهبهرچرای نێئۆن شه‌واره‌که‌ت
بڕۆمه دێ که مانگه شهوبزێته ناوبزهم
چلۆن بژیم له‌شاره‌که‌ت
کهپڕبهدڵ دژی گزه‌م
له شاره‌که‌ت،که ره‌مزی ئاسن ومنارهیه
که‌وابوو سواره‌ش هه‌مان مه‌به‌ست دووپات ده‌کاته‌وه و چاوی له چرای شاری نئۆن شه‌واره ماندوو ده‌بێ و ناچار ده‌بێ لێی ڕا بکات.
شێعری هه‌ردووکیان ـ شاری سواره و" رد پای آب" ـ ی سۆهرابی سپێهری ـ دژکرده‌وه‌یه‌ک له به‌رانبه‌ر ناخۆشییه‌کانی شارستانییه‌تی مۆدێڕنیته‌یه که له ده‌ست ئاڵۆزی شار، جیهانی ماشێنی، کوشتنی جوانییه‌کانی سروشت و داهێنانه ده‌ستکرده‌کانی دونیای سه‌رده‌م، ده‌ناڵێنن.
که‌م نین ئه‌و شاعێر و رۆماننووسانهی وه‌ک رۆبێرت فڕۆستی ئامریکایی(1963 ــ 1873 ) و ئه‌دوارد داکسی ئینگلیسی که به ده‌ربڕێنی هه‌ست و ئێحساساتی خۆیان له ڕێگای شێعر و چیڕۆک و ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کانی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه، وه‌ک سۆهراب و سواره، گله‌یی و گازه‌نده‌ی خۆیان له ڕۆژگار ده‌که‌ن و سه‌ر له سڕینه‌وه‌ی به‌ها و بایخه کۆنه پڕبایخهکان باده‌ده‌ن.
هیوا ئه‌حمه‌دی
سه‌ره‌تای به‌هاری 1391ی هه‌تاوی