فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

سەروەت هەڵەبجەییsarwat halabcai

ماوه‌یه‌که‌ که‌ هاوکاری چه‌ندین ساڵه‌ی نێوان پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و ستافەکەی فه‌تحوڵا گویله‌ن، جێی خۆی داوه‌ته‌ کێبه‌ڕکێ و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌کترین. ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد که‌ پارته‌که‌ی ئه‌ردۆغان، به‌رنامه‌کانی چاکسازی خۆی له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا ڕاگه‌یاند. ئه‌و چاکسازییه‌ی که‌ هه‌ندێ لە سه‌نته‌ره‌کانی فێرکاری بنه‌ڕه‌تی بۆ زانکۆکان تێیدا کرابووه‌ ئامانج. ستافی گویله‌ن که‌ یه‌کێک له‌ به‌ربڵاوترین و گه‌وره‌ترین تۆڕه‌کانی فێرکارییان له‌م بواره‌دا له‌ تورکیا هه‌بوو و له‌م ڕێگاشه‌وه‌، خاوه‌نی هێزێکی مرۆڤی زۆر و داهاتێکی گه‌وره‌ بوون، هه‌ستیان به‌ مه‌ترسی زۆر کرد. ئه‌م چاکسازییانه‌ بۆ داهاتووی ئەو لایەنە زه‌نگی مه‌ترسی بوو. هه‌ر بۆیه‌ فه‌تحوڵا گویله‌ن چه‌ندین جار ئه‌ردۆغانی ئاگادار کرده‌وه‌ که‌ واز له‌م چاکسازییانه‌ بێنێت. دوای ئه‌وه‌ی که‌ وه‌ڵامێکی نه‌رێنی وه‌رگرت، هه‌ڵوێستی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆی که‌ هاوپه‌یمانێکی ستراتیژی ئه‌ردۆغان بوو، گۆڕی و چالاکییه‌کانی خۆیی له‌ دژی ناوبراو و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌سپێکرد. هێزه‌کانی سه‌ر به‌ جه‌ماعه‌تی گویله‌ن که‌ نزیک به‌ چڵ ساڵ بوو له‌ سیسته‌م و پۆسته‌ گرنگه‌کان دا ڕه‌خنه‌یان کردبوو، له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری پارتی داد و گه‌شه‌پیدانیش به‌ شێوازێکی به‌ربڵاو له‌ چه‌ندین ئۆرگانی وه‌ک ده‌زگای داد، هێزه‌کانی پۆلیس، ده‌زگای هه‌واڵگری، زانکۆکان و ... ڕه‌خنه‌ی زۆریان کرد. 

ئه‌وان ڕۆڵی به‌رچاویان له‌ پوچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ئه‌و کوده‌تایانه‌دا هه‌بووه‌ که‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجام دانیان دژ به‌ ئه‌ردۆغان هه‌بووه‌، هه‌ندێ جاریش له‌ هێزی خۆیان دژ به‌ که‌سانی دیکه‌ که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت و که‌سانێکی زۆریان ده‌ستگیر ده‌کرد و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌کانیان ده‌کردن و کار گه‌یشتووه‌ ڕاده‌یه‌ک که‌ له‌ نێو زانکۆکان و میدیا چاپه‌مه‌نییه‌کان، هه‌ست به‌ مه‌ترسی ده‌کرا.

به‌ڵام به‌ ڕاگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی چاکسازی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، ڕیکه‌وتننامه‌ی ستراتژیکی نێوان ستافی فه‌تحوڵا گویله‌ن و پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی سه‌ر به‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گۆڕدرا بۆ ئاڵۆزی و کێبه‌ڕکێی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نهێنی و ئاشکرای یه‌کترین. جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵا گویله‌ن که‌ نزیک به‌ چڵ ساڵه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا چالاکی ده‌کات نه‌ک ته‌نیا له‌ تورکیا، ته‌نانه‌ت له‌ زۆربه‌ی وڵاتان له‌ ئه‌مریکا تا ژاپۆن و له‌ ئه‌فغانستان تا ئه‌فریقای باشور به‌شداری چالاکیان هه‌یه‌. ئه‌وان نزیک به‌ ده‌ ساڵ هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دا تا موڵه‌تی چالاکی له‌ ئێرانیش وه‌ربگرن به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سیسته‌م و بنه‌ماکانی په‌روه‌رده‌یی جه‌ماعه‌ت له‌ گه‌ڵ ئامۆژه‌کانی مه‌زهه‌بی شێعه‌ دژایه‌تییان ده‌کرد.

هه‌ڵوێسته‌ نه‌رێنییه‌کانی جه‌ماعه‌تی گویله‌ن له‌ هه‌ندێ بواری وه‌ک ڕه‌وتی ئاشتی له‌ گه‌ڵ کوردان که‌ له‌ دۆسیه‌ی ک.ج.ک نزیکه‌ی پێنج هه‌زار چالاکی کوردیان ده‌ستگیرکرد و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌کان کرد، ئاشکرا و له‌ به‌رچاو بوو. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون که‌ هاکان فیدانی به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا که‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه‌ بۆ وتووێژ له‌ گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی پ.ک.ک له‌ ئۆسلۆ ڕاسپیردرابوو، چاودێری و له‌ ئاکامیشدا ده‌ستگیری بکه‌ن. چه‌ندین دۆسیه‌شیان له‌ دژی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌ که‌ هاوڕای بیر و هزری گویله‌نییه‌کان نه‌بوون، کرده‌وه‌ و له‌ ئاکامدا ده‌یان که‌سیان به‌ره‌و زیندانه‌کانی تورکیا به‌ڕێ کرد. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ پاڵپشتی ئه‌و هێزه‌ی که‌ به‌ ده‌ستیان هێنا بوو، گوشاریان ده‌خسته‌ سه‌ر هێزه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه‌، که‌سانێکی زۆریان کردبووه‌ دوژمنی خۆیان.

هه‌ڵه‌ی ستراتژیکی جه‌ماعته‌که‌ی گویله‌ن له‌وه‌دا بوو که‌ خۆیان کرد به‌ هاوڕێی ئه‌مریکییه‌کان دژ به‌ پار‌‌تی داد و گه‌شه‌پێدان و له‌ هه‌وڵی له‌ سه‌رکار لابردنی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دا بوون. له‌ 17 ی دسه‌مبری ساڵی ڕابردوو، دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی چوار وه‌زیریان ئاشکرا کرد و ده‌ستیان کرد به‌ ده‌ستگیری که‌سانێکی زۆر. ئه‌مریکا هه‌ندێ چالاکی ئه‌ردۆغانی وه‌ک پێدانی موڵه‌تی هاتووچۆی پاره‌ی گه‌مارۆدراوی ئێران و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کانی له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان که‌ پاره‌کانی نه‌ک له‌ ئه‌مریکا و ئەوروپا به‌ڵکو له‌ هاڵک بانکی تورکیا کۆده‌کرایه‌وه‌ چاودێری ده‌کرد و باشتر وایه‌ بڵێم که‌ پێی ناوخۆش بوو. هه‌ر بۆیه‌ گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێران له‌و کاته‌دا له‌ لایه‌ن ئه‌ردۆغان به‌ چه‌شنێک پوچه‌ڵ کرایه‌وه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌ نه‌رێنییه‌کانی ئه‌ردۆغان دژ به‌ ئیسرائیل ڕووی له‌ زیادبوون ده‌کرد و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ ئاستێکی نزم گه‌یشتبوو.

ئه‌مریکا جه‌ماعه‌تی گویله‌نی وه‌ک ئامرازێک دژ به‌ ئه‌ردۆغان و پارته‌که‌ی به‌ کار هێنا، دۆسیه‌ی زۆر دروست کران، ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌ به‌رامبه‌ردا لاوازییان پیشان ده‌دا، مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ دروست ده‌بوو و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ئه‌و سه‌قامگیری سیاسی و ئابورییه‌ش که‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی ڕابردوودا هاتبووه‌ ئاراوه‌ له‌ ناو ده‌چوو. جه‌ماعه‌ت و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌ر دوو به‌ مه‌به‌ستی سه‌رکه‌وتن به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کترین پێیان ناوه‌ته‌ ئه‌م یارییه‌. یارییه‌ک که‌ به‌ ته‌ئکید ده‌بێت براوه‌یه‌کی هه‌بێت.

ئه‌م ڕه‌وته‌ش کاریگه‌ری زۆری له‌ سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ناوخۆی تورکیاش هه‌یه‌ و به‌رده‌وامیشی ده‌بێت. ئه‌ردۆغان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و هه‌ڵوێستانه‌ی جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵا گویله‌نی له‌ قۆناغی یه‌که‌م دا وه‌ک خیانه‌تێکی نیشتمانی و له‌ قۆناغی دووهه‌میشدا وه‌ک خیانه‌تێک له‌ دژی هاوپه‌یمانییه‌تییه‌که‌یان له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌ هه‌موو شێوازێک کار بۆ له‌ ناوبردنی ته‌واوی جه‌ماعه‌ت له‌ پۆست و سه‌نته‌ره‌ هه‌ستیار و گرنگه‌کانی وڵات ده‌کات. ئه‌ردۆغان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ که‌ سه‌رکرده‌کانی جه‌ماعه‌ت له‌ پێکهاته‌ی ئه‌و گروپه‌ جیا بکاته‌وه‌ و که‌سانێکی متمانه‌ پێکراو له‌ کورسییه‌کانی سه‌رکردایه‌تی جه‌ماعه‌ت دابنێت. له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی ئه‌ردۆغان، جه‌ماعه‌تییه‌کان به‌ ته‌نیا ماونه‌ته‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ڕابردوویان و هه‌ڵسوکه‌وتیان دژ به‌ ڕۆژنامه‌وانان و چالاکانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی وای کردووه‌ که‌ پاڵپشتییان لێ نه‌کرێت و که‌سانێکی زۆریش ئه‌م ڕه‌وته‌یان به‌ دڵ بێت و کەیفی پێوه‌ بکه‌ن.

سه‌رکرده‌کانی جه‌ماعه‌ت بڕیاریان داوه‌ له‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا تا دوایین قۆناغه‌کان بمێننه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بۆ ماوه‌یه‌ک گۆڕانکارییه‌ سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌کانی تورکیا ده‌خاته‌ ژێر کاریگه‌ری خۆی. جه‌ماعه‌ت به‌ هه‌ندێ گه‌ڵاڵه‌ی وه‌ک به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، هه‌وڵدان بۆ په‌ره‌پێدانی دیموکراسی و ئازادی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نییه‌کان ده‌یه‌وێت هه‌ندی لایه‌ن و ته‌نانه‌ت چینه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا له‌ گه‌ڵ خۆی هاوڕێ بکات که‌ تا ئێستا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌. ئه‌وان که‌ له‌م پێناوه‌دا شکستیان هێناوه‌ له‌ ڕێگای یه‌کیه‌تی ئوروپا و ئه‌مریکاوه‌ دژ به‌ ئه‌ردۆغان ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

بێ گومان ئه‌ردۆغانیش له‌ پوچه‌ڵ کردنی هه‌ندی کوده‌تای سه‌ربازی دژ به‌ خۆی له‌ جه‌ماعه‌تییه‌کان که‌ڵکی زۆری وه‌رگرت و ئه‌وانیش هێزه‌کانی خۆیان له‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌ هه‌ستیاره‌کاندا دانا و ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغان له‌ وته‌یه‌کیدا هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ڵێت مه‌گه‌ر ئه‌وان چییان ویست و ئێمه‌ پێمان نه‌دان و بۆیانمان نه‌کرد؟ چالاکییه‌کان دژ به‌ جه‌ماعه‌ت و ئه‌ندامه‌کانی هه‌ر له‌ ناو خاکی تورکیا نابێت. له‌ وته‌کانی سه‌رۆک کۆماری تورکیا ئه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ دۆسیه‌کانی تایبه‌ت به‌ ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی جه‌ماعه‌ت له‌ ته‌واوبوون دایه‌. ئه‌ردۆغان له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتن له‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا، به‌ ئاسانی ده‌توانێت به‌رنامه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ ئاسۆی پێش بینیکراوی ساڵی 2023 جێبه‌جی بکات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ جه‌ماعه‌ت به‌ مانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی وڵات ده‌زانێت. ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ ماوه‌ی 12 ساڵ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان چه‌ندین پیلان و کوده‌تای نێوخۆیی به‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ تێپه‌ڕاندووه‌ و ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین و دوایین مه‌ترسییه‌ بۆ خۆی و پارته‌که‌ی.

24/12/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان