عەبدولڕەحمان سدیق
لەسەر لایەنە عێراقییەكان پێویستە كە گرفتە كۆنەكەی عێراق ئێستا دووبارە نەكەنەوە، ئەو گرفتەش رازی نەبوونیانە بەیەكتر و قبوڵنەكردنی یەكترە، كە ئێستاش هەر ئەو یەكتر قبوڵ نەكردنەیە وادەكات، كەسی دیكەی لاواز و نامۆیان بەسەردا فەرز ببێت.
گرفتە كۆنەكان لە "عێراقی نوێ"دا، بەشێكی زۆری بۆ دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق دەگەڕێتەوە.
هەر لەكاتی دامەزراندنی ئەنجوومەنی حوكم لە عێراقدا لەساڵی 2003، كاتێك ژمارەی كورسییەكان 25 بوو، شیعەكان مەرجیان ئەوەبوو، كە ژمارەی كەسایەتییە شیعەكان 13 كەسبێ لەكۆی 25 كەسایەتییەكەی ئەنجوومەنی حوكمدا، وەك ئاماژەیەك بۆ نیشاندانی زۆرینەیی شیعە لە عێراقدا.
ئیدی لەوساوە تائێستا مەسەلەی زۆرینەی دیمۆگرافی شیعەكان، زۆرینەیەكی سیاسی بەرهەمهێناوە، لە بەرزترین و گرنگترین پۆستی سیادی لە عێراقدا كە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، دەستبەردار نابن، لەم پێناوەشدا وێڕای ناكۆكییەكانی نێوان خۆیان، هەموو هەنگاوێك دەگرنە بەر بۆ سەلماندن و سەپاندنی ئەم راستییە.
ئەمە لەكاتێكدا كە لەنێو لیستی هاوپەیمانی نیشتمانیشدا ململانێیەكی یەكجار تووند هەبوو لەنێوان كەسایەتییە شیعەكاندا لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران.
لە عێراقدا میكانیزمی كاری سیاسی زۆر كەسایەتی سیاسی دروستكرد، كە توانای راستەقینەی خۆیان نەبوو بۆ ئەو پۆستانە، بەڵكو میكانیزمەكان بەو ئاستەی گەیاندن، ئێستاش لەبەر ئەو حاڵەتە هیچیان بە پۆستی خوارتر رازی نابن.
بۆ نموونە: لەماوەی یەك ساڵی ئەنجوومەنی حوكمدا، مانگانە ئەنجوومەنی حوكم سەرۆكی دەگۆڕا، هەر مانگەو یەكێك دەبووە سەرۆك. بەڵام ئەمانە هەموویان لە ئاستی یەكتردا نەبوون، بەڵكو زۆریان یەكەمجاریان بوو پۆستی ئاوا ببینن، بۆیە ئەو میكانیزمە هەندێك كەسایەتی هێنایە سەر شانۆ كە لە ئاستی كێشەكانی عێراقدا نەبوون، بەڵام خۆیان وانابینن یان نایانەوێت دان بەو راستییەدا بنێن.
دامەزراندنی سێ كابینەی حكومەت لەماوەی سێ ساڵی یەكەمدا، حكومەتی كاتی و ئینتیقالی و دەستووری، سێ كەسایەتی وەك عەللاوی و جەعفەری و مالیكی كردە سەرۆك وەزیر، كە ئێستاش هەر ئەم سێ كەسایەتییەن ململانێی تووندیان لەنێواندا هەیە .
هەروەها بوونی دوو جێگر بۆ سەرۆك كۆمار، دووی دیكەش بۆ سەرۆك وەزیران، دووی دیكەش بۆ سەرۆكی پەرلەمان، داتاشینی زۆر پۆستی دیكە، زیادكردنی ژمارەی وەزارەتەكان و دەستەكان، بووە هۆی دەركەوتنی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، كە بەش بەشێنی تائیفی و مەزهەبی بەو پۆستانەی گەیاندن، نەك توانا و لێهاتوویی تەواوی خۆیان.
هەموو ئەمانەش ژمارەی كەسایەتییەكانی زیادكرد لەچاو كەمی پۆستەكاندا، ئەم ژمارە زۆرەی كەسایەتییە سیاسییە دەركەوتووەكان، ئامادەنین پۆستی كەمتر لەوی پێشوو وەربگرن.
بۆیە هەرچەندە هەڵبژاردن دەكرا لەكاتی خۆیدا، بەڵام لە عێراقدا هەموو لیستەكان فێری حوكمداری بوون و براوە و دۆڕاو داوای پۆستی گەورە و زۆر دەكەن.
بۆیە مانایەك بۆ زۆرینەی سیاسی لە عێراقدا نییە و هەروەها پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبیش لە عێراقدا، رێگە نادات، چونكە دواجار سێ پێكهاتەی سەرەكی وەك شیعە و سوننە و كورد لە عێراقدا هەن، دەنگدەرانی ئەو پێكهاتانەش دەنگ بە نوێنەرانی ناوچەكانیان دەدەن.
هەر لەبەر ئەمەیە هەمیشە حكومەت لە عێراقی نوێدا تەوافوقییە، دەبێ گشت پێكهاتەكان لەخۆ بگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەهەر خولێكدا تەنیا ناوی پرۆسەكە دەگۆڕن نەك بنەمای پرۆسەكە.
بۆیە كە دەڵێن حكومەتی تەوافوقی یان شەراكەتی نیشتمانی یان بەشداربوونی سیاسی یان یەكبوونی نیشتمانی یان بنكە فراوان، هەموو ئەمانە لە رواڵەتدا جیان، بەڵام لە ناوڕۆكدا یانی بەشداربوونی گشت پێكهاتە سەرەكییەكان.
ئەم كێشەیە لە دیموكراسییەتی عێراقدا نەخۆشییەكی درێژخایەنە و لەسەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی ئێستای عێراقەوە هاتووەتە ئاراوە تائێستاش بەردەوامە.
لەسەردەمی پاشایەتیشدا، ململانێ تووندبوو لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران، تاوەكو ئەو راددەیەی كە نوری سەعید بۆ زیاتر لە یازدە جار بووە سەرۆك وەزیران بە توانای خۆی بێت یان فێڵ و سیاسەت یان یارمەتی ئینگلیزەكان، تاوەكو كار گەیشتە ئەوەی كە گەلی عێراق لەو جۆرە دیموكراسییە نائومێد بوون، سوپاش هەستا لە كودەتای 14ی تەمموزی ساڵی 1958 بەسەرۆكایەتی (عەبدولكەریم قاسم) و عێراقیش لە سیستمی دیموكراسی و فرەحیزبیەوە گۆڕا بۆ دیكتاتۆری و حوكمی سوپا و تاك حیزبی لە دواییدا.
زۆر گرنگە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لەنێوان خۆیاندا ململانێكان بە ئاراستەی بەرژەوەندی تاكەكەسی و حیزبی چڕنەكەنەوە، ئەگەرنا، گەلی عێراق لەم دیموكراسیەتە نائومێد دەبێ و رادەپەڕێت.
سیاسەتمەدارانی عێراق بەتایبەت شیعە و سوننەی عەرەب پێویستە گەمە بە دەستوور نەكەن و گەمە بە دادگای فیدراڵی نەكەن، گەمە بە چارەنووسی دەنگی دەنگدەران نەكەن، چونكە هاووڵاتی ئەمڕۆ چاوكراوەیەو وریان و دەزانن چی روودەدات.
سیاسەتمەدارانی عێراق واباشە چارەنووس و بڕیاری خۆیان نەدەنە دەست وڵاتانی درواسێ و ئەجێندای ئەوان لە عێراقدا جێبەجێنەكەن.
هەرەها پێویستە سوود لە ئەزموونی پێشووی خۆیان وەربگرن و چیدیكە عێراق نەكەنە مەیدانی شەڕی نێوان تایفە و مەزهەبەكان بۆ بەرژەوەندی تاكەكسی و تاك حیزبی خۆیان.
لەم نێوانەشدا تائێستا رۆڵی ئیجابی و میانڕەوی كورد و لیستە براوەكانی كوردستان، جێگەی رێزی گشت ناوەندە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانە، كورد بەشێكە لە چارەسەر نەك لە گرفت، هەر گرفتێكیش لە عێراقدا هەبێ زیاتر لە ئەستۆی لایەنە جیاوازە عەرەبییەكانە، ئەوانن زیان بە پرۆسەی سیاسی نوێی دەگەیێنن.
سیاسەتمەدارانی عێراق دەبێ لەو راستییە بگەن كە درێژكردنەوەی ئەمجۆرە ململانێیە، خەڵك لە دەنگدان و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی نائومێد دەكات، هاووڵاتی ماندووی بێ خزمەتگوزاریش ناتوانێ بە دیموكراسی وەك دروشم تێربكرێت، بەڵكو دیموكراسی سیستمێكە بۆ خۆشگوزەرانی و بەشداری فراوان و ئاسوودەبوونی مرۆڤ لەهەر شوێنێكی عێراقدا بن.
* نووسەرو توێژەر، یەكەم وەزیری ژینگەی عێراق دوای رووخاندنی رژێمی سەدام