عومهر ئهیزدخواە
ئەو بارودۆخە ناهەموارەی ئێستا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتۆتەوە و لەو نێوەندەشدا، ئێستا کورد تاکێکی واقیعی یاری نێوان کۆمەڵە تاکێکی بەهێزە، بردنەوە و دۆڕانەکانی کوردیش لە گۆشە نیگای جۆراوجۆرەوە سەیر دەکرێ، بەڵام ڕۆشنترین پەنجەرە بۆ ئەوەی سەرکەوتنی نەتەوەی کوردی لێوە دیار بێت، ئەو پەنجەرەیەیە کە کورد خۆی ڕۆشنی دەکاتەوە. لە مێژووی نەتەوەی کوردا، لە هەر یەکێک لە پارچەکانی کوردستاندا بەردەوام لە ململانێی جۆراوجۆردا بووە و سەربەخۆیی سیاسی هەردەم زۆرترین ئامانجی بووە، ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستاندا هاتۆتە ئاراوە، فۆرمێکی نوێی زێڕینی کرانەوەی ئەو نەتەوەیەیە بە ڕووی بەدەستهینانی زیاتری دەستکەوتە سیاسیەکانی، کۆی ئەو بارە زێڕینەش کە بە هەلومەرجی جۆراوجۆر و جیاواز لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا تێپەڕیوە، ئێستا چاوەڕێی گۆڕانکاری گەورەی لێ دەکرێ، هەروەک ئەو گۆڕانەنە چۆن بەشێکیان هاتونە دی، ئەوەی لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوورە، هەلی گەورەیە قۆستنەوەی دەوێ، لەگەڵ ئەو زیانە مرۆیی و داراییەشی کە ئێستا تووشی بووە بەداخەوە .
دۆخی ئێستای سوریا و عێڕاق و ئەوەی پەیوەندی دارە بە داعشەوە، دۆخێکی چاوەڕوانکراوی ئەو هەرێمەیە، هەر وەک چۆن دروستبوونی گروپێکی لەو شێوەیە پێشبینی کراوە، ئاواش ئەو پێشبینیە لۆژیکیە کە لەناوچون یان لاوازبوونی ئەو گروپە ئەمڕۆ یان ماوەیەکی دیکە پێشبینی کراوە و سەرهەڵدانەوەشیان لە فۆرمی جۆراوجۆردا هەر چاوەڕوانکراوە، شەڕی کورد لەگەڵ ئەو گروپەدا بە تەنها سەربازییە، شەڕی ڕاستەقینە، شەڕی سیاسی نێوان کورد و سیستەمە سیاسیەکانە، ئەوەی سیاسیەکان و توێژەران و ئەکادیمیەکان لەسەری هاوڕان ئەوەیە کە ئەو دۆخە ناهەموارە مرۆییەی بەرۆکی حکومڕانی کوردی گرتۆتەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاتییە، لەبەرامبەردا سیناریۆکانی پشتەوەی داعش دێنە بەر باس، کە لەوانە دۆخ و سروشتی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد هەروەها لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئاستی پێشکەوتنە سیاسی و ئابووریەکانی ئەو حکومەتە لەسەر ئاستی هاوسەنگی هێزی ناوخۆیی و دەرەکی هەروەها ئاستی سەربەخۆیی سیاسی ..
بەخۆشحاڵیەوە ئێستا سوپای باشووری کوردستان لە ئاستێکی ئەوتۆی بەرگری و پێشڕەوی دایە، زۆربەی زەویەکانی کوردستان لەبەر دەستی دایە، ئەو مەترسیە سەربازیە زۆرەی کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو دروستکرا بۆ سەر ئەو حکومەتە و دواتر و لەئێستدا سەرکەوتن بۆ ئەوە، کۆی ئەوە وای کرد ئێستا لە زۆربەی ناوچەکانی دونیا حکومەتی باشوور وەک هێزێکی سیاسی گرنگ تەماشا بکرێ، لەبەرامبەریشدا عێڕاق و سوریایەکی پڕ لە ئاڵۆزی و کێشە، ئێستا ئەوەی زۆر ڕوونە سەرکەوتنە سەربازیەکانی ئەو حکومەتەیە، بەڵام ناڕوونی لەو پەنجەرەوە دەست پێ دەکات، کاتێک دەمانەوەێ سەیری سیستەمی سیاسی ئەو حکومەتە بکەین لە سەرەوە بۆ خوارەوە .
حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمێکی سیاسی لەگەڵ هەموو پێکهێنەر و پێویستیەکانی سیستەمێک کە بتوانێ زۆرترین بەژەوەندی و کەمترین زیانی خودی بینێتە دی، نییە .. سەرچاوەی زۆربەی کەم و کوڕیەکانی پەیوەست بەو سیستەمەوە، پەیوەندی دارن بە ئاریشە نێوخۆییە مێژوویەکان، کورد ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەک ڕیزی نیشتیمانی هەیە، بە تایبەت لە نێوان پارەت و هێزە سیاسیەکاندا، سەرباری هەموو ئەو ململانێ نێوخۆییە دژ سیستەمیەی کا تا ئێستا بەردەوامە، ئەوە دەستکەوتی ئەو حکومەتە بێت، کە زۆر خۆشحاڵانە حسابی دەوڵەتیکی هەیە، ئەی دەبێ پێگەی ئەو حکومەتە چۆن بێت کاتێک ململانێ دەگۆڕێ بۆ ڕکابەری لە نێوان هێزەکاندا ؟؟، ئەو کێشە مێژوویانە وایان کردووە تا ئێستا دامەزروە شەرعیەکانی ئەو حکومەتە بوونیان نەبێت یان ڕۆڵیان نەبێت، کێشەی دامەزراوەیی بوون و دەستوور، دوو فاقی سیاسی و دارایی و سەربازی گرنگترین تەحەدیەکانی بەردەم سیستەمێکی سیاسی ئەوتۆن لە باشووری کوردستان .
ئەمڕۆ کە سیناریۆ زۆرە لەسەر ئایندەی پێگەی کورد یان حکومەتی باشوور، ئاخۆ لەمەو بەدوا لە چی ئاستێکی سیاسی دا دەبێت، دوای ئەو قوربانیە مرۆیی و داراییە زۆرەی دای کە بە حسابی وڵاتانی دونیان بۆ ئەوانیش جەنگان، هەر واشە لەپاڵ بەرگری نیشتیمانی، چ دەستکەوتێکی دیکە پێویستە بێتە دی، ئایا بە شێوەی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت، بۆ ئەوەی لە ئایندەی دوور و نزیکدا، کورد حسابێکی گرنگی بۆ بکرێ و بە ئاسانی حکومەتێکی عێڕاقی لاواز و ساوا نەتوانێ بەو شێوەیەی کە بینیمان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا مافە شەرعیەکانی پێشیل نەکات، هەروەها لەسەر ئاستی پەیوەندیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیشەوە بەهەمان شێوە پێگەی بەهێزتر بێت .. لەبەر ئەوە دەبێت ڕیزەکانی کۆمەڵگای کوردی لەسەرەوە بۆ خوارەوە یەکبخرێن، ئاشتەوایی نیشتیمانی بەهێز بکرێت، بڕیاردانی سیاسی سیستەماتیک بێت، حیزبی نەبێ و پەسەند بێت، بۆ هەموو ئەوانەش گەورەترین ڕۆڵگێڕیک کە لە مەیدانی سیاسی کۆمەڵگای کوردیدا هەبن بەمەبەستی ئەو ئاشتەوایی نیشتیمانییە، بریتین لە دوو پارتی دیاریکراوی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان ) بەدەلیلی بوونی مێژوو و کۆبونەوەی زۆرترین ئامرزا و کلیل و گرێکان لەبەردەستیان، ئەو ڕۆڵەش کاتیک دێتە دی کە پارتەکان تەنەزول و پەسەندی هەر بڕیار و پرۆسەیەک بکەن، کە لەسەر بنەمایەکی شەرعی و یاسایی و دادپەروەری بێت، هەر کاتێک ڕیزەکان پتەو بوون و بەڕێژەی زیاتر سیستەمی سیاسی باشووری کوردستان بەرەو دامەزراوەیی چوو، ئەوا هیچ گومانێک نامێنێ لەسەر ئاییندەیەکی گەشبینانە بۆ ئەو نەتەوەیە .
22/12/2014