هێمن عەبدوڵڵا
قەیرانی سووریا پێیناوەتە ساڵی چوارەمیەوە. ئەوەی سەرەتا خەڵك بۆی هاتە سەرشەقام لابردنی ئەسەد بوو، بەڵام چوار ساڵ دواتر، دەردەكەوێت ئێستا لە هەموو كاتێك قورسترە ئەسەد بگۆڕدرێت. هۆیەكەشی ئەوەیە كە لاچوونی ئەسەد و بەدوایدا پەیدابوونی داعش زۆر كەیسی داغی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە جیهانیشدا ساردكردووەتەوە. لاچوونی ئەسەد و نەمانی داعش سەرلەنوێ ئەو كەیسانە گەرمدەكاتەوە، بۆیە هەر وڵاتە و لە روانگەی خۆیەوە پێی گرنگە جارێ ئاگرەكەی سووریا كڵپەی بێت.
رووسیا لەبەرامبەر پشتیوانیكردن لە ئەسەد شاباشی لە تارانیش وەرگرت
براوەی یەكەم لە دەستپێكردنی قەیرانی سووریا، دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. چونكە لەوكاتەوە شتێك بەنێوی كێشەی عەرەب و ئیسرائیلەوە نەماوە. ئەوەی هەیە شەڕە بەردێك یان دەمەقاڵێی سەرسنووری نێوان چەند فەڵەستینییەك و سەربازانی ئیسرائیلییە. تێلئەڤیڤ لەوەدا قازانجی كرد كە موسڵمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەجیاتی ئەوەی وەك جاران بانگەشەی جوولەكەقڕان بكەن، خەریكی سوننەقڕان و شیعەقڕانی یەكدین. لەماوەی چوار ساڵی رابردووشدا سنوورەكانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا هەڕەشەی جددییان لەسەر دروست نەبووە. تەقوتۆق هەبووە، بەڵام ئەگەر قەیرانی سووریاش نەبووایە ئەوە رەنگە زیاتریش هەر هەبووایە.
براوەی دووەم لە دروستبوونی قەیرانی سووریا بەهۆی مانەوەی ئەسەدەوە ئێرانە. دەوڵەتێك كە بەر لە ساڵی 2011 تەواو گۆشەگیركرابوو و بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆشەگیركردنەكەی بانگەشەی پشتبەخۆبەستوویی (خودكفایی) دەكرد، بەكردەوە لە سێ ساڵی رابردوودا هیلالە شیعەكەی لە ئێرانەوە بەرەو عێراق و لەوێشەوە بەرەو سووریا و لوبنان راكێشا. لەوەش گرنگتر چارەنووسی ئەسەد بووە یەكێك لە خاڵەكانی دانوستاندنی نێوان ئەمریكا و ئەوروپا لەگەڵ ئێران لەسەر دۆسێی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە. ئەو قەیرانانەی ئێران لە نێوخۆیدا هەیبوون و ئەو گوشارانەی رۆژئاوا لەسەر ئەو دەوڵەتە دروستیكردبوون وایكرد دروستبوونی قەیرانی سووریا ببێتە دیارییەكی ئیلاهی بۆ ئێران.
پەیدابوونی داعش زۆر كەیسی داغی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ساردكردووەتەوە
براوەی سێیەم دەوڵەتی رووسیا بوو. ئەوە روونە كە مۆسكۆ و تاران پشتیوانییان لە مانەوەی ئەسەد كرد. قازانجەكانی ئەو پشتیوانیە بۆ رووسیا زۆر زۆر بوون. لەلایەكەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ سووریا، كە هەموو دنیا وەكو دوایین مەنزڵگای رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قۆناخی پاش رووخانی سۆڤیەت، تەماشای دەكرا، پارێزران.
لەلایەكی دیكەوە لەبەرامبەر پشتیوانیكردن لە ئەسەد شاباشی لە تارانیش وەرگرت. بەڵام لەمانە گرنگتر ئەوكاتە ئەو قازانجانە دەركەوتن كە هەرچی ئیسلامیی توندئاژۆیە داغستان و چیچان و كۆمارە فیدراڵییە موسڵماننشینەكانی رووسیایان بەجێهێشت و لە سووریا دەستیان بە "جیهاد” كرد. ئەمە بۆ رووسیا "ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە” بوو، رەنگە بە بودجەی چەند ملیار دۆلاری و سوپای زەبەلاح و چەكی قورسیش نەیتوانیبووایە ئەوانە لەو ناوچانە دووربخاتەوە. جگە لەوەش هێندەی ئێستا دنیا بە داعشەوە خەریكە كە مانەوەی ئەسەد هۆكاری سەرەكیی گەشەكردنی بووە، نیو هێندە ئاگای لە دەستتێوەردانەكانی رووسیا لە ئۆكرانیا و پێشتر لە جیۆرجیا نییە.
گرنگ نییە سووریا وێرانتر دەبێت، گرنگ ئەوەیە یەك ئاگری بەكوڵ هەبێت
بۆیە باشترین شت بۆ هەموولا ئەوەیە كە جارێ ئەسەد بمێنێتەوە. گرنگ نییە سووریا وێرانتر دەبێت، گرنگ ئەوەیە یەك ئاگری بەكوڵ هەبێت باشترە بۆ شاردنەوەی شەش حەوتێك لە شوێنی جیاواز جیاواز. هەر بۆیەش تازە بە تازە حكومەتی رووسیا رایگەیاندووە ئامادەیە دانیشتنێك لەنێوان ئەسەد و كاربەدەستانی ئەمریكا رێكبخات، بەمەرجێك هەردوولا بیانەوێت.
rudaw
20/12/2014