بەرههم عه‌لی
مایه‌ی خۆشحاڵییه، كه رۆژ له دوای رۆژ، خاكی كوردستان، به شار و شارۆچكه و گوند و گرد و ته‌پۆَلكه گرنگه‌كانیه‌وه، له تیرۆریستانی داعش پاك ده‌كرێنه‌وه، زۆر له شاره‌زایانی سه‌ربازیی كورد و جیهانیش، پێشبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه له ئاینده‌ی نزیكدا هیچ شوێنێكی گرنگی كوردستان، به‌ده‌ست داعشه‌وه نامێنێ، هه‌موو به هیواین ئه‌و پێشبینییه له جێی خۆیدا بێ، زۆریش گرنگه لووتی داعش به ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه و كورد بشكێ. به‌ڵام دڵنیام دوای داعش خه‌مگه‌لێكی تر دێنه ئارا، مرۆڤ كه له شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانه‌وه، ته‌ماشای ئه‌و گوند و شارۆچكانه ده‌كات، كه له ده‌ستی داعش ئازاد ده‌كرێن، ئیدی هیچ هیوایه‌كی به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه نامێنێ، سه‌رنج له زومار و سه‌عدییه و جه‌له‌ولای دوای داعش بده‌ن، بزانن چی‌یان به‌سه‌ر چییه‌وه ماوه! مانایه‌ك نه‌ماوه بۆ ژیان تیایاندا، نه بینایه‌ك، نه باڵاخانه و ته‌لارێ، نه خانووێك، نه دووكانێ، نه به‌ردێك و نه دارێ، هیچ شتێك به پێوه نه‌ماوه، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی هه‌ر ده‌رگایه‌ك بكه‌یته‌وه، ماڵه‌كه‌ت به‌سه‌ردا ده‌ته‌قێته‌وه، به‌سه‌ر هه‌ر شه‌قام و شۆسته‌یه‌كدا بڕۆیت، مه‌نجه‌ڵێكی پڕ تی ئێن تی، تا به‌رناوكت لێ ده‌كاته‌وه، خۆ ئه‌و كه‌لله‌پووتانه نرخی مه‌نجه‌ڵی فافۆنیشیان به‌رز كرده‌وه، هێنده‌یان بۆ دروستكردنی مین به‌كارهێنا، روو له هه‌ر كێڵگه و باخ و بێستانێك بكه‌یت، زۆر زه‌حمه‌ته به سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێیته‌وه، خوا قوه‌تی ئه‌و پێشمه‌رگانه و مینهه‌ڵگره‌وه‌كانیان بدا، كه شه‌ڕی ئازادیی ئه‌و ناوچانه و هه‌وڵی خاوێنكردنه‌وه‌یان له ئاسه‌واری داعش ده‌ده‌ن.
وه‌نه‌بێ ئه‌و ناوچانه پێش داگیركردنیشیان له لایه‌ن داعشه‌وه، به‌هه‌شتئاسا بووبن، نه‌خێر ده‌كرێ بڵێین خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه، به‌تایبه‌تی كورده‌كانیان، به ئێزیدی و موسڵمان و شیعه و سوننه‌یه‌وه، به‌شمه‌ینه‌تترین، خه‌ڵكی عێراق و كوردستان بوون، سه‌دام تا پێی كرا ئازاری دان و شوێنه‌كانی وێران كردن، مالیكی و جه‌ماعه‌تی پێش مالیكیش، تا پێیان كرا خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌یان سه‌رگه‌ردان كرد، قاعیده و به‌عسییه‌كان تا له توانایاندا بوو، ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراو و بۆمبی ته‌وقیتكراویان به دیاری بۆ ده‌ناردن، حكوومه‌تی هه‌رێمیش تا پێی كرا ئیهمالی كردن، داعش‌یش تا هێزی هه‌بوو ژیانی لێ زه‌وت كردن، ئێستاش ده‌ڵێن له جه‌له‌ولا و سه‌عدییه، میلیشیاكانی شیعه، تا له قوه‌تیاندا بێ، ماڵه‌كانیان تاڵان ده‌كه‌ن. ئه‌مه چیرۆكی ئه‌و ناوچانه‌یه كه پێیان ده‌ڵێن (ناوچه ئازادكراوه‌كان له ده‌ستی داعش).
خه‌مه‌كه دوای ئازادی ده‌ست پێ ده‌كات، با پێكه‌وه بیقه‌بڵێنین، چه‌ند ملیار دۆلارمان ده‌وێ تا ئه‌م ناوچانه ژیانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه؟ یه‌ك ملیار، دوو، سێ، سه‌د؟ نازانم، ئه‌م پاره‌یه حكوومه‌تی عێراق ده‌یدات، یان هه‌رێمی كوردستان؟ ئه‌مه‌شیان نازانم!
پرسیارێكی تر: هێشتا شنگال له ده‌ستی داعشدایه، ئاخۆ ئه‌و رۆژه‌ی شنگال ئازاد ده‌كرێ، داعش چی له دوای خۆی جێ ده‌هێڵێ؟ شنگالێك، كه پێش داعش خه‌ڵكه‌كه‌ی له ژیانێكی زۆر سه‌ره‌تاییدا ده‌یانگوزه‌راند، شنگالێك كه به‌رزترین مۆدێلی ئۆتۆمبێل تیایدا، ئۆپڵ ڤیكترای 89 بوو! ئاخۆ دوای داعش چی لێ هاتبێ؟
به‌ڕاستی ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه، له‌پاڵ بیركردنه‌وه، له پلانی سه‌ربازی بۆ رزگاركردنی ماباقیی ناوچه‌كانی كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سوودوه‌رگرتن له خه‌ڵكانی پسپۆِر له كوردستان و هه‌موو دنیاش، له بواری ئاوه‌دانكاریی بیناسازیی دوای شه‌ڕ، پلان بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه دابڕێژێ.
له‌وه‌ش گرنگتر، ده‌بێ په‌نا بۆ پسۆڕانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی به‌رێ، تا مرۆڤی ئه‌و ناوچانه له ڕووی رۆحی و ده‌روونیشه‌وه، بونیات بنێته‌وه، ئاخر له زۆر له‌و ناوچانه، داعش جگه له ماڵ و بینا، رۆح و ده‌روونی ئینسانه‌كانیشی وێران كردووه، منداڵێك كه سه‌رجه‌م ماڵباته‌كه‌ی به به‌رچاوی خۆیه‌وه له‌لایه‌ن داعشه‌وه سه‌ربڕابن، باوكێك، برایه‌ك، مێردێك، كه ده‌ستدرێژی كرابێته سه‌ر كچ و خوشك و ژنه‌كه‌ی، ژنێك كه به به‌رچاویه‌وه، داعشییه‌كان مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان به كچه 10 ساڵانه‌كه‌یه‌وه كردبێ، كچێك كه له شنگاله‌وه برابێته ره‌قه و له‌وێ به 20 دۆلار فرۆشتبێتیان، ئاخۆ ئه‌م ئینسانانه له چ دۆخێكی ده‌روونیدا، درێژه به ژیان بده‌ن؟
ئه‌م قسانه ده‌كه‌م و دڵنیام، ئه‌گه‌ر ئه‌وه پێشنیاره‌م زۆر به‌جدی كاری له‌سه‌ر نه‌كرێ، ئه‌و ناوچانه ده‌بنه‌وه به په‌ناگه‌ی توندڕه‌وان و تا دنیا دنیا خه‌ڵكه‌كه‌ی ناحه‌وێنه‌وه، هه‌موو بیرمه‌ندانی دنیا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه گه‌رای توندڕه‌وی، له ناوچه فه‌رامۆشكراوه‌كاندا، به باشترین شێوه گه‌شه ده‌كات.
ره‌نگه به وردبوونه‌وه، له شوێنی نیشته‌جێبوونی پێشووی ئه‌و گه‌نجانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه چوونه‌ته ناو داعش، باش له‌و راستییه حاڵی بین، زۆرینه‌ی ره‌هایان خه‌ڵكی ئه‌و شار و شارۆچكه و گوندانه‌ن، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌مترین ده‌ستی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پێ گه‌یاندوون، جا ئه‌گه‌ر ده‌خوازن دوای داعش، ماعش دروست نه‌بێ، بیرێك له‌م قسانه‌ی من و زۆر خه‌ڵكی تریش بكه‌نه‌وه.
basnews
18/12/2014