هێمن عەبدوڵڵا
سەرەنجام ئاشكرابوو حیزبەكانی رۆژهەڵات و كۆماری ئیسلامیی ئێران پێكەوە دانیشتوون. سەرنجڕاكێشیش ئەوەیە كە وەزیری ئیتیلاعات نهێنییەكەی ئاشكرا كردووە و دەڵێت "ئەگەر پێویستی كرد لەگەڵ تیرۆریستانیش دادەنیشین". ئەو دانیشتنانە هەرچییەكیان تێدا گوترابێت دانیشتنی مێژوویین، چونكە هەردوولا جاران یەكدییان بە شەیتان دەزانی، متمانەكردنیش بە شەیتان ئاسان نییە. مەرجیش نییە بەرهەمدار بێت.
حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە جیاواز لەگەڵ ئێرانییەكان دانیشتوون
لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ كاربەدەستێكی ئێرانیی ئاگادار قسەمكرد. ئەو دەیگوت ئێستا لەنێو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دوو روانگە لەبارەی كێشەی كوردەوە دروستبووە. گرووپێك لەو بەرپرسانە پێیانوایە ناكرێ چیدیكە ئێران وەكو چل ساڵی رابردوو هەڵسوكەوت لەگەڵ كێشەی كورد بكات. ئەوان پێیانوایە لە باشوور و رۆژئاوا و باكووری كوردستان رەوشی كورد زۆر گۆڕاوە، بۆیەش ئەگەر تاران وەخۆنەكەوێت بۆمبە تەوقیتكراوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەتەقێتەوە. ئەو كاربەدەستە ئاگادارە دەیگوت لەبەرامبەردا گرووپێكی دیكە هەن كە دەڵێن بۆیە رۆژهەڵاتی كوردستان وەكو بەشەكانی دیكەی كوردستانی لێنەهاتووە چونكە سیاسەتی چل ساڵی رابردووی ئێران لەبارەی رۆژهەڵاتەوە راست و گونجاو بووە. بۆیەش ئەو گرووپە لەگەڵ گۆڕانكاری لەو سیاسەتەدا نین.
لەو نێوانەدا حیزبەكانی رۆژهەڵات لەگەڵ كەسانێك دانیشتوون كە وەكو نوێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆیان ناساندووە. ئەو كاربەدەستە ئێرانییە دەیگوت: "حیزبە كوردییەكانی ئێرانیش دەزانن فرەمەرجەعی لە سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. زۆرجار وەزارەتی ئیتیلاعات شتێك دەكات، كەچی دەزگایەكی دیكەی دەستڕۆیشتوو شتێكی تەواو پێچەوانە دەكات و بڕیارەكەی ئیتیلاعات رەتدەكاتەوە. تاكەكەس كە لە تاران قسەی یەكلاكەرەوە دەكات ئایەتوڵڵا خامنەئییە".
ئەگەر تاران وەخۆنەكەوێت بۆمبە تەوقیتكراوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەتەقێتەوە
گریمان قسەكانی ئەو كاربەدەستە راست نین و حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە كردەیی لەگەڵ نوێنەری خامنەئیدا دانیشتوون (كە واش نەبووە و ئەوە رووینەداوە)، بەڵام هێشتاش ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە كە ئایا ئەو دانوستاندنانە بەرهەمدار دەبن؟ بەتایبەتیش كە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە جیاواز لەگەڵ ئێرانییەكان دانیشتوون و هەریەكەیان باسی روانگەی خۆیان كردووە بۆ چارەسەری كێشەی رۆژهەڵات. وەك دەشزانین جیاوازیی زۆر لە روانگەی ئەو حیزبانەدا هەیە بۆ ئەو مەسەلەیە.
ئایا لەو حاڵەتەدا تاران لەگەڵ كام حیزبەدا رێكدەكەوێ و كامەیان رەتدەكاتەوە؟
باسی ئەوە هەیە كە حیزبەكانی رۆژهەڵات بەمنزیكانە كۆبوونەوەیەك بكەن و خاڵی هاوبەش دابنێن. ئەمە ئەگەر بۆ خۆئامادەكردن بێت بۆ دانوستاندن كارێكی باشە. چونكە هیچیەك لەو حیزبانە بەتەنیا ناتوانێ و لەبەر جەماوەرەكەشی ناوێرێ لەگەڵ تاران رێكبكەوێت.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە ئایا ئێران جددییە لەو دانیشتنانەی لەگەڵ حیزبەكانی رۆژهەڵات دەیكات؟ وەك ئەو كاربەدەستە ئێرانییەش دەیگوت: ئەم دانیشتنانە نیشانەی تێگەیشتن لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و بەخۆداچوونەوەی تارانە سەبارەت بە كێشەی كورد؟ وەڵامی ئاسان بەڵێیە، بەڵام هەندێك ئاماژە هەن كە دەریدەخەن مەرج نییە ئەو لێكدانەوەیە راست بێت.
حیزبی دیموكرات دوو ئەزموونی تاڵی لە دانیشتن لەگەڵ ئیتیلاعاتدا هەیە. لە ئەزموونی یەكەمدا قاسملۆ لەسەر مێزی دانوستاندن تیرۆركرا و لەوەی دووەمیشیاندا شەرەفكەندی. ئەوەی كە دوای سێ دەیە، دیسان وەزارەتی ئیتیلاعات دێتەوە مەیدان بۆ دانوستاندن، وادەكات مرۆڤ بە دوودڵییەوە لە ئەنجامداربوونی دانوستاندنەكان بڕوانێت. بەڵام گۆڕانكارییەكانی نێوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان پیشانیدەدەن گۆڕانكاری لەو بەشەی كوردستاندا بووەتە شتێكی حەتمی، بۆیە یان دەبێ دەوڵەت بێتە پێشەوە یان دەبێ چاوەڕوانی شڵەژانێكی چاوەڕوانكراو بێت.
لەنێو بەرپرسانی ئێران دوو روانگە لەبارەی كێشەی كوردەوە دروستبووە
پوختەی مەسەلەكەش ئەوەیە كە خەڵك لە رۆژهەڵات لە ناچالاكی و بێدەنگیی حیزبەكانیان بێزاربوون. هێندە بێزار كە رەنگە چیدیكە گوێ لەو حیزبانە نەگرن و بۆخۆیان دەست بە جووڵانەوە بكەن. نموونەی ئەمەش لە رۆژئاوای كوردستان روویدا، كە لە سەرەتای شۆڕشەكەدا تەڤگەرا جوانێن كورد سەرپەرشتیی هەموو كارەكانیان كرد و بەدوای ئەواندا حیزبەكانی رۆژئاوا كەوتنەخۆ. بۆیە باشترین تاكتیكی دەوڵەتی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشەكە دەوربەخشینە بە حیزبەكانی رۆژهەڵات لەڕێگەی دانوستاندنێكەوە كە لەئێستاوە دیارە ئەنجامی خێرای لێ وەدینایەت.