رافائیل رەهێڵ قادر
لە سوێد لەدایكبووە، لەوێش گەورە بووە، ئێستا لە كۆبانی بە رۆژ شەڕڤانان فێری نیشانشكێنی دەكات و شەوانیش شەڕ لە دژی داعش دەكات. جلوبەرگێكی سەربازیی سوپای سوێدی لەبەركردووە، جلەكە لەسەر شانی چەپی ئاڵای سوێدی لەسەرە، ئێلەگەكەشی ئاڵای یەكینەكانی پاراستنی گەلی لەسەرە كە ئەستێرەیەكی سووری تێدایە. چەكێكی ئەمریكی لە جۆری m16ی بە دەستی چەپ هەڵگرتووە. بە دەستی راستیشی ئاماژەی سەركەوتن دەكات. وێنەكە لەبەرەیەكی شەڕ لە شاری كۆبانی گیراوە. خاوەنی وێنەكە گەنجێكی كوردە بەناوی رافائیل رەهێڵ قادر. ئەو گەنجە سوودی لە پشووی ساڵانەی خۆی لە كارەكەی وەرگرتووە بۆئەوەی شانبەشانی ئەو هێزانەی بەرگری لە كۆبانی دەكەن، شەڕ لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بكات. دوو هۆكار پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی رافائیل سوێد جێبهێڵێت و رووبكاتە ناوچەیەكی پڕ لە شەڕ و ئاشووبی وەكو كۆبانی كە زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە گەمارۆ دراوە.
رافائیل دەڵێت "لە ستۆكهۆڵم ئاهەنگێكی گەورەمان ساز كرد بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ئاوارەكانی كۆبانی، پارەیەكی زۆرمان كۆكردەوە، پاشان پارەكەمان بە پێداویستی دا بۆ ئاوارەكان. لەڕێگەی مانگی سوورەوە كۆمەكەكەمان گەیاندە ناوچەی سوروچ، لەوێ كە رەوشی ئاوارەكانم بینی، بڕیارم دا وەكو شەڕڤان بچمە كۆبانی".
بەڵام هۆكارە هەرە كاریگەرەكەی چوونی رافائیل بۆ كۆبانی، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بووە "كە لە سوێد بووم، گرتەیەكی ڤیدیۆییم بینی، چەكدارانی داعش كۆمەڵێك منداڵیان ریز كردبوون و گوللەبارانیان كردبوون، بە راستی ئەو دیمەنە زۆر كاری تێكردم".
چوونی خەڵكی مەدەنی بۆ نێو كۆبانی كارێكی تاڕاددەیەك مەحاڵە، بەڵام رافائیل دەڵێت كە شەڕڤانان بینیویانە ئەو لە سوێدەوە هاتووە و دەیەوێ بەرگری لە كۆبانی بكات، بە رێزەوە پێشوازییان لێكردووە. رافائیل دەڵێت "لێرە زۆربەی كات لەگەڵ سەركردەكان هەڵدەستم و دادەنیشم، ئەوان زۆریان پێخۆشە كە من لە سوێدەوە هاتووم".
رافائیل بەناوی گەیاندنی كۆمەك بۆ ئاوارەكان لەماڵ هاتووەتە دەرەوە و خوا حافیزی لە دایك و باوكی كردووە، بەڵام كاتێك دایكی وێنەی كوڕەكەی بە جلی سەربازییەوە لە نێو كۆبانی دەبینێت، رەوشی تێكدەچێت. رافائیل دەڵێت "بەڵام من ناتوانم لە شوێنێكی باش دابنیشم لە سوێد و سەیری میللەتەكەم بكەم رادەكەن لە ترسی داعش".
مەشق بە شەڕڤانان دەكات
رافائیل باسی ئەركی خۆی دەكات لە كۆبانی و دەڵێت "كاری من ئێستا لە كۆبانی مەشقكردنە بە كۆمەڵێك گەنج لەسەر چۆنیەتی نیشانە پێكان بە چەكی قەناس. ئەو گەنجانە تازە هاتوونەتە ریزەكانی YPG و فێریان دەكەم چۆن ئەم چەكە بەكاربێنن".
سەبارەت بە بەشداریشی لە شەڕی دژی داعش، رافائیل دەڵێت "لەوەتەی هاتوومەتە ئێرە نزیكەی هەموو رۆژێك لە شەڕدا بوومە، بە تایبەتی شەوان زۆر لە داعش نزیك دەبینەوە و نێوانمان هەر 50 مەترێك دەبێت".
گەلۆ بۆ كەسێك كە لە ژینگەیەكی دوور لە شەڕ و ئاژاوەی وەكو سوێد لەدایك بووبێت و لەوێش گەورە بووبێت، زەحمەت نییە بكەوێتە شەڕێكی سەختی وەكو شەڕی داعش؟ رافائیل دەڵێت "لە كاتی شەڕدا دەبێت ئەو بابەتانە بخەیتە لایەك، نابێت بیر لە هیچ بكەیتەوە، دەبێت زۆر زۆر ئاگات لە خۆت بێت، لەكاتی وادا نابێت بیر لە ماڵەوە بكەیتەوە و ترست هەبێت".
هەرچەندە لە كاتی شەڕدا رافائیل رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە و لە مەرگ نزیك بووەتەوە، بەڵام دەڵێت "من فێربووم بە تاكتیك شەڕ بكەم، ئەوە نییە هەر تەقە بە ئاسماندا بكەم، من زۆر ئاگاداری خۆمم، دەزانم لێرە چی دەكەم". گوتیشی "زۆربەی ئەوانەی بریندار دەبن و دەكوژرێن، زیاتر ئەوانەن كە تازە هاتوون، زانیارییان لەسەر تاكتیكی شەڕ نییە".
رافائیل لە سوێد لە كۆمپانیایەكی بواری ئەمنی كار دەكات، هەر لەوێش مەشقی سەربازی بینیوە، رافائیل پێیوایە ئەوە یارمەتیدەری بووە بۆ ئەوەی لە كاتی شەڕدا مەترسی لەسەر ژیانی دروست نەبێت.
رافائیل تاكە كەسی ئەوروپی نییە لە ریزەكانی YPGدا بێت و دەڵێت "لێرە ئەڵمانی، ئیسرائیلی، دانیماركی، ئەمریكی، خەڵكی وڵاتانی دیكەش هەن، بەڵام وەكو سوێدی وابزانم من تاكە سوێدیم لێرەم".
لە چەند رۆژی رابردوودا سێ هاووڵاتی سوێدی كە بە رەگەز سۆماڵین، پەیوەندییان كردووە بە چەكدارانی داعشەوە. بە بڕوای رافائیل زۆربەی ئەو بیانیانەی دەچنە ناو داعش، لە رێگەی پێدانی پارە و ئیمتیازی دیكەوە هەڵدەخەڵەتێنرێن.
سەبارەت بەو هێزەی پێشمەرگە كە رەوانەی كۆبانی كران، رافائیل دەڵێت ئەو هێزە هاوكێشەی شەڕەكەیان لە ناوچەكەدا بە تەواوی گۆڕی. گوتیشی "ئەركی ئەو هێزە زۆرتر تۆپبارانكردنی ناوچەكانی داعشە، ئەمەش كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر راگرتنی پێشڕەویی چەكدارانی داعش".
رافائیل زۆر گەشبینە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبانی بە تەواوی لە چەكدارانی داعش پاكبكرێتەوە، بەڵام زۆر خەم بۆ وێرانبوونی شارەكە دەخوات و دەڵێت "وەكو ستالینگرادی لێهاتووە، ئاو نییە، كارەبا نییە، من خەمی ئەوەمە خەڵك بێتەوە ئێرە چی بكات، ژیان لە ژێر خێوەتەكاندا زۆر خۆشترە لە شارێكی وەكو كۆبانی. ئەو شارە دوای ئازادبوونی پێویستی بە یارمەتییەكی زۆرە بۆ ئەوەی دووبارە بنیات بنرێتەوە".
رافائیل ماوەی 8 مانگە وەكو پاسەوانی كۆمپانیایەك دامەزراوە، ئەو بۆی هەیە ساڵانە مانگێك پشوو بدات، ئەوەشی بە دەرفەت زانیوە بۆ ئەوەی بچێتە كۆبانی. ئەو دەڵێت مۆڵەتەكەی بەرەو كۆتایی دەچێت و دەبێت لە چەند رۆژێكی كەمی داهاتوودا بگەڕێتەوە سوێد.
رافائیل دەڵێت "كاتێك شەڕڤانان زانییان دەگەڕێمەوە سوێد، زۆریان پێناخۆشبوو، چونكە ئێستا ئێمە لێرە وەكو یەك خێزانمان لێهاتووە، بەڵام چی بكەم ناچارم بگەڕێمەوە بۆ نێو كەسوكارەكەم، مۆڵەتەكەشم خەریكە تەواو دەبێت".
ئێستا حكومەتی سوێد كار لەسەر دەركردنی یاسایەك دەكات بۆ سزادانی ئەو كەسانەی بۆ شەڕكردن دەچنە دەرەوەی سوێد، جا لە دژی داعش بێت یان لەگەڵ داعش. پرۆژە یاساكە هێشتا نەچووەتە پەرلەمان، بەڵام بەپێی زانیاری (رووداو) پەرلەمانتارە كوردەكانی فراكسیۆنی سۆسیال دیموكرات پشتگیری پرۆژەكەی حكومەت دەكەن.
لاوێن ئەترۆشی، كە پەرلەمانتارێكی كوردە لە فراكسیۆنی سۆسیال دیموكرات، پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو "ئێمە بۆیە پشتگیری لەو پرۆژە یاسایە دەكەین، چونكە پێمانوایە ئەوانەی دەچنە شەڕ لە دەرەوەی سوێد، توندوتیژی لەگەڵ خۆیان دەهێننەوە".
رافائیل بەبێ ئاگاداری و بڕیاری حكومەتی سوێد ئەو وڵاتەی جێهێشتووە و چووە بۆ شەڕ. ئایا لە كاتی گەڕانەوەی بۆ سوێد كێشەی بۆ دروست نابێت؟ ئەو لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت "باوەڕ ناكەم، ئەسڵەن دەبێت حكومەتی سوێد پێیخۆشبێت، كە من وەكو سوێدییەك و بە جلوبەرگی سەربازیی سوێدی شەڕ لە دژی تیرۆرستان دەكەم، كە گوتم لە سوێد هاتووم خەڵكەكە زۆر زۆریان پێخۆشبوو، ئەوەش شتێكی باشە بۆ سوێد".
5/12/2014