دەیڤید رۆمانۆ
هەموومان ئەم حاڵەتەمان بینیوە، کاتێک پیاوێک تەنیا حەزی دەچێتە ئەو ژنانەی کە هیچ حەزیان لەو نییە، یان ئەو ژنانەی کە وا دەزانن پیاوی قۆز هەر بۆ ئەوان دەمێنێتەوە و بێئاگان لەوەی خۆیان تووشی چ چەرمەسەرییەک کردووە. خۆ رەنگە ئەو جۆرە ژن و پیاوانە هیچ متمانەیەکیان بە خۆیان نەبێت و دواجار تەنانەت خۆشیان بە کەم بزانن، هەر بۆیەشە ناتوانن بە ڕێزەوە سەیری هیچ کەسێک بکەن کە بە ڕاستی دڵسۆز بێت لەگەڵیاندا. دیارە هەر هۆکارێک لە پشتەوەی حاڵەتی ئەم جۆرە کەسانەوە بێت یەک شت زۆر روونە: ئەمانە مامەڵەیەکی زۆر خراپتر لەگەڵ دۆستدا دەکەن تا لەگەڵ دوژمن. ئێستا ئەگەر باسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بکەین دەبێ بڵێین واشنتن کێشەی پێوەندیی هەیە. کێشەکەش لە کۆنگرێس و سێناتدا نییە، چونکە لەم شوێنانەدا دۆست و دوژمن بەڕوونی لە یەک جیادەکرێنەوە. بەڵکو کێشەکە لە ئیدارەی سەرۆک و تەنانەت چەند فەرمانبەرێک لە وەزارەتی دەرەوە و حکومەتدایە. وا پێدەچێت ئەم فەرمانبەرانە بیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت سۆزی نەیارانی ئەمەریکا بۆ خۆیان رابکێشن و زۆریان گوێ لە دۆستە راستگۆ و متمانەپێکراوەکان نییە.
لە چەند ساڵی رابردوودا شاهیدی چەند جۆرە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بووین لە سیاسەتی دەرەوەدا. ئیدارەی ئەمەریکا خێرا پشتی کردە حوسنی موبارک کە یارێکی دێرینی بوو، دەستی بە پەسندانی محەممەد مورسی کرد کە ئیسلامی بوو. رەنگە واشنتن وای دانابێت کە ئەوەی یەکەمیان دیکتاتۆرێک بووە و ئەوەی دووەمیان هەڵبژێردراوی خەڵک.
هەموو سەرکردە هەڵبژێردراوەکان بە یەک چاو لەلایەن ئەمەریکاوە سەیر ناکرێن. ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا جار نا جارێک دێتە دەنگ و باسی ئەو پیلانگێڕییانە دەکات کە لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بەو بەڕێوەدەچن و هەر لێی هەڵکەوێت دەست دەکات بە بچووککردنەوەی ئەمەریکا. ئەردۆغان هەر بەوە ناوەستێ و رێگە لە ئەمەریکا دەگرێت کە بنکە سەربازییە هاوبەشەکەیان لە ئەنچەرلیک بەکاربهێنن و ئامادەی شەڕی هاوبەشی داعشیش نابێت. کاتێکیش جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەی درکاند کە تورکیا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ چوونی جیهادییەکان بۆ ناو سووریا نەکردووە، ئەردۆغان خێرا داوای کرد کە داوای لێبووردنی لێبکرێت و هەر زۆر خێرایش لێی کرا.
بە پێچەوانەوە لەو رۆژانەدا ئێمە دیتمان چۆن بە "ترسنۆک و جیقنەی مریشک" باس لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بینیامین نەتانیاهۆ کرا. ئەم بێڕێزیکردنە لەلایەن کەسانێکەوە هات کە هەر لە بنەڕەتدا لە پشت مێزەکانیان نەهاتوونەتە دەرەوە و هیچ ئەزموونێکیان لە شەڕ و بەرخۆدان نییە، بەرامبەر بە ناتانیاهۆیەک کە ئەفسەری دێرینی نوخبەییترین یەکینەی سەربازیی ئیسرائیل بووە واتە "سەیرەت مەتکەل". نەتانیاهۆ لە کۆمەڵێک جەنگدا بەشداریی کردووە و چەند جارێکیش بریندار بووە. رەنگە یەک رۆژ سەرکردایەتیکردنی "سەیرەت مەتکەل" زیاتر لە یەک تەمەن کاری ئەم بیرۆکراتانەی واشنتن بوێریی بوێت. بەڵام ئێمە بۆ نموونە گوێمان لەو فەرمانبەرانە نابێت بە بێڕێزییەوە ناوی سەرکردەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە بهێنن کە نە هەڵبژێردراوی خەڵکن و نە لە جەنگی راستینەدا بەشدارییان کردووە و لە راستیدا هیچ موجازەفەیەکیشیان نەکردووە. ئەگەر لەبەر سینات و کۆنگرێس نەبووایە، من پێموایە ئەم کاربەدەستە حکومییانە هەر زۆر بە ئاسانی ئیسرائیلیان دەدایە دەستی گورگ.
ئێستا با بێینە سەر سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە کورد. بزووتنەوەی کوردی لە هەر چوار پارچە و لە هەر فۆرمێکدا بێت، خوازیاری پێوەندیی باشن لەگەڵ ئەمەریکادا. لەو هەمووە شۆڕشانەی کورد کردوونی یەک جاریش ئەمەریکاییەک بەرنەکەوتووە. سەرباری ئەوەی کە لە ناوچەکەدا تووشی گرفت دەبنەوە، بەڵام دیسانیش کورد بە ئاشکرا داوای دۆستایەتی لەگەڵ ئەمەریکادا دەکەن و خوازیارن ئەمەریکا بنکە و بازرگانی لە کوردستان دابمەزرێنێ. لەکاتی داگیرکردنی عێراقدا نزیکەی 5000 سەربازی ئەمەریکا کوژران، یەک دانە لەو سەربازانە لە کوردستانی عێراقدا گیانی بەخت نەکردووە.
کەچی لە 10 ساڵی رابردوودا کاربەدەستانی ئەمەریکا لە بەغداوە نزیکتر بوون تا لە کورد. واشنتن نزیکەی 20 ملیار دۆلاری بۆ حکومەتی عێراق تەرخان کرد کە لە چەک و راهێنان سەرف کرا. هیچ لەو پارە و چەکە نەدرا بە کورد، بەڵام بەشێکی زۆری کەوتە دەست جیهادییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی کاتێک کە لە مانگی حوزەیراندا سوپای عێراق تێکشکا. تەنیا جارێک، ئەویش کاتێک کە جیهادییەکان خەریک بوو تاکە شوێنی عێراق تێکبدەن، ئەمەریکا بە فریای کوردستان هات، لەڕێگەی هێرشی ئاسمانی و کەرەستەی سەربازییەوە.
تەنانەت لە کاتێکیشدا کە دواجار بڕیاریان دا یارمەتی کورد وەک تاکە هێزی کاریگەر بەرامبەر بە داعش بدەن، ئەمەریکا هێشتاش هاوکارییەکانی لەڕێگەی بەغداوە نارد. بە پێچەوانەوە کاتێک لە 2005 تا 2008 سەحوەی سوننەیان چەکدار دەکرد، ئەمەریکا نەیدەویست لەڕێگەی بەغداوە ئەو کارە بکات. لە کاتێکدا کە کۆنگرێس و سینات بە ئاشکرا داوای پاڵپشتیکردنی کورد دەکەن دژ بە داعش، هێشتاش پێناچێت کورد ئەو چەکە قورسەی کە پێویستی پێیە بەدەستی بگات، تەنیا بەشێکی بچووک نەبێت. بیرۆکراتەکانی واشنتن پێدەچێت لەوە بترسێن کە دۆستەکانیان لەڕێگەی ئەو هاوکارییانەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، گەورەتر لە سەرکەوتنی نەیارانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
30/11/2014