ئاكۆ محەممەد
تەقینەوەی رۆژی چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2014 لە هەولێر، نرخی نەوتی برێنتی 66 سەنت بۆ بەرمیلێك لە بازاڕی جیهانیدا گرانكرد. ئەوە یەكەمجارە نرخی نەوت بەوشێوەیە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی رووداوێكی هەولێر. ئەوەش مانایەكی زۆری بۆ كورد و خەڵكی جیهانیش هەبوو . ژمارەكانی وزە لە كوردستاندا، زۆر كاریگەرن لەسەر گۆڕانی هاوكێشەكان و نەخشەی وزە و نەخشەكانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا. ئەو ژمارانەی كوردستان هێشتا لەلایەن جیهانەوە بەتەواوی نەبینراون یان هەموو جیهان هێشتا باوەڕی پێنەكردوون، ئەگەرنا زۆر زیاتر لەوەی ئێستا بایەخی باشووری كوردستان دەكەوتە بەرچاوی جیهان . پێش پێنج ساڵ ، راوێژكارێكی سەرۆكی پێشووی ئەڵمانیا پێیگوتم ، ئەگەر كوردستان بتوانێ ئەو ژمارانەی خۆی لەبارەی بوونی ئەو یەدەگە نەوتی و غازییەی خۆی ، بۆ جیهان بسەلمێنێ یان جیهان بگاتە ئەو باوەڕەی كە ئەو ژمارانە راستن ، زۆر شت دەگۆڕێت لەبارەی مامەڵەی جیهان لەگەڵ كوردستاندا.
ئێستا زۆر بیركردنەوەو مامەڵەكردن لەگەڵ كوردستاندا گۆڕان ، بەڵام ئەگەر كوردستان سەر بۆ بەغدا نەنوێنێت و سەربەخۆیی مامەڵەكردنی لەگەڵ سەرچاوە سرووشتییەكانیدا بپارێزێت ، نەك زۆر مامەڵەی دیكە ، بەڵكو زۆر نەخشەی سیاسی لە ناوچەكەدا دەگۆڕێن ، هەر گۆڕانێكیش لە نەخشەكانی سایكس بیكۆدا، لە بەرژەوەندی كوردن .
دۆزینەوەی نەوت لە وڵاتانی عەرەبیدا ، وایكرد رۆژئاوا نەخشەیەكی تازە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت و، ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەربێنێت و، بیخاتە ژێر دەسەڵاتی هەندێ دەوڵەتی دەستكردی خۆیەوە .
ئێستاش نەوت و غازی كوردستان بایی ئەوەیە نەخشەی ناوچەكە بگۆڕدرێتەوە ، بەتایبەتی كە كوردستان كێشەی لەگەڵ دیزاینە تازەكانی هێڵەكانی وزەدا نییە ، كە زۆر لێكۆلەر پێیانوایە ئەو شەڕەی ئێستا لە سووریا و ناوچەكەدا هەیە ، لەسەر ململانێی رووسیا و وڵاتانی هاوپەیمانی ناوچەكەیە لەگەڵ رۆژئاوادا، لەسەر نەخشە تازەكانی گواستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا . بەتایبەتی هێڵی غازی قەتەری ، كە دەویسترا بە سووریادا تێبپەڕێت ، بەڵام رووسیا رێگەی نەدایە سووریا لەگەڵ قەتەر رێكبكەوێت ، بۆ ئەوەی هێز و كاریگەریی رووسیا بەسەر وڵاتانی رۆژئاواییدا كەمنەبێتەوە ، هەربۆیەش ئێستا قەتەر بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا دەكات و دەیەوێت حوكمی بەشار ئەسەد لەنێوببات.
جگە لەوە بۆ هێڵی وڵاتانی عەرەبیی كەنداویش ، بەهەمان شێوە سووریا پێگەیەكی گرنگی هەیە ، لەبەرئەوەش هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیی كەنداو لە بەرامبەر دەسەڵاتدارێتی بەشار ئەسەددا سەیر نابینرێت.
ژمارە نەوتی و غازییەكانی كوردستان رۆژ دوای رۆژ زیاتر سەرنجی جیهان رادەكێشن ، ئەگەر كوردستان لەسەر سیاسەتی نەوتیی خۆی بە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ توركیا و ، باوەڕپێدانێكی زیاتر بە خەڵكی كوردستان بەردەوام بێت ، بینینی كوردستان بە سەربەخۆیی زیاترەوە دوور نابێت . چونكە جگە لەوەی ئێستا بەكردەوە ، سووریا و عێراق بەسەر سێ ناوچەی : كورد ، سوننە و شیعە (عەلەوی لە سووریا) دا ، دابەشبوونە . جگە لەوەش وەك پرۆفیسۆرێكی ئەمریكی پێیگوتم ، ناخۆشبوونی پەیوەندی رووسیا لەگەڵ رۆژئاوادا ، گەورەترین دیاری و چانسە بۆ كورد.