رەزا شوان
رۆژی پێنج شەممە ( ٢٠ ی / نۆڤەمبەر / ٢٠١٤) یادی پەنجا و پێنجەمین ساڵڕۆژی راگەیاندنی مافەکانی منداڵانە ..ئەوەبوو لە رۆژی (٢٠ ی / نۆڤەمبەری /١٩٥٩)دا،لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان راگەیاندرا ..پێشتریش، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ( ١٩٥٤) دا، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد کە رۆژێک دیاری بکەنبە ناوی(رۆژی جیهانی منداڵان ) لەم رۆژەدا ئاهەنگ بگێڕن و .. ببێتە رۆژی برایەتی و لەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵان لە هەموو جیهاندا .. هاوکات لەگەڵ رۆژی راگەیاندنی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، لە رۆژی ( ٢٠ ی / نۆڤەمبەری / ١٩٨٩) دا، ( ١٩١) وڵاتی جیهان واژوویان لەسەر رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵان کرد، ئەم جاڕنامەیە، لە رۆژی (٢ی /سێپتەمبەری / ١٩٩٠ ) دا، چووە بواری جێبەجێکردنەوە .. ئەو دەوڵەتانەی واژووی رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵانیان کردبوو، دووبارەبەڵێنیان دا،کە پاپەندی رێکەوتننامەکە دەبن و،دەقی هەموو مادە و بڕگەکانی
منداڵان لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن .. هەر منداڵن .. لە هەر شوێنێکی جیهاندا بژین .. بەبێ هیچ جیاوازییەکی رەگەزی و نەتەوەیی، هەر هەموویان هەمان مافیان هەیە .
لە ئەمڕۆدا، لە سایەی رژێمە رەگەزپەرست و دڕندەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا، منداڵانی کوردمان، لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوای کوردستاندا، نەک هەر سادەترین مافیان لێ زەوتکردوون .. بەڵکۆ بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانەش لە لایەن چەقاوەسووەکانی ئەم رژێمانەوە، دەچەوسێنرێنەوە، تا ئێستا بە سەدان منداڵ و مێردمنداڵی کوردمان، بەدەستی دڕندەکانی داگیرکەران، بە ناڕەوا و بەبێ تاوان لە سێدارە دران، یا بە کوشتنی بە ئەنقەست شەهید کران .. تا ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆری مێردمنداڵی کوردمان، بە تاوانی کوردبوون، لە بەندیخانە سامناکەکانی تورکیا و ئێران و سوریادا، بەبێ تاوان رۆژانە پیسترین ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونیان دەدەن ..لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و ناهەموار و ترسناک دان .. داگیرکەران رێش بە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان و رێکخراوی (هیومان رایتش ۆچ ) نادەن کە سەردانی گرتووخانەکانیان بکەن و، تاوانەکانی ئەم رژێمە داگیرکەرانە، کە بەرانبەر بە منداڵانی کورد دەیکەن، بۆ جیهان ئاشکرایان بکەن .
منداڵانی کورد، تامەزرۆی ئازادی و ئاشتی و ژیانن .. حەزیان لە خوێندنە بە زمانی شیرینی کوردیمان .. حەزیان لە خۆشی و پێکەنینە .. حەزیان لە یاری و هەڵپەڕینە .. بەڵام بە داخەوە، تا ئەمڕۆش بێ بەشن لە مافەکانیان و، لە ترس و دڵڕاوکێدا دەژین .. تا ئەمڕۆش لە سایەی هەژاری و نەبوونیدا، بەشێکی زۆری منداڵانی کوردمان، بە ناچاری کاری قورس و گران دەکەن، کە لە گەڵ تەمەن و لەگەڵ چەستەی ناسکیاندا ناگونجێن ،بەشێکی زۆری منداڵانمان، لە چێژی خۆشی و شادی ژیان بێ بەشن و، بە کوێرەوەری و هەناسەساردی سەردەنێنەوە .. ئاگایان لە رۆژی جیهانی منداڵان نییە .. خواخوایانە پارەی بژێوی ئەو رۆژەی خێزانەکانیان دابین بکەن .
منداڵانی کورد دەپرسن : بۆ ئێمەش وەکو زۆربەی منداڵانی جیهان مافمان نییە .. ؟! بۆ لە خوێندن و لە یاری و لە خۆشی و شادی بێ بەشین .. ؟! بۆ ئێمەش وەکو منداڵانی هەبوو و خاوەن پلە و دەسەڵاتدارەکان تێر و پۆشتە نین .. ؟! ئەوانە کێن کە ئازادی و ئاشتی و یاری و پێکەنینیان لێ زەوتکردووین .. ؟! داگیکەرکەران تاکەی وازمان لێناهێنن و، دەست لە نیشتمانی هەزاران ساڵەی باو و باپیرانمان هەڵناگرن .. ؟! تاکەی لە خاکی خۆماندا دەربەدەر و ئاوارەبین ..؟!تا کەی برسێ و توینی وپێ خاوس و رووت و رەجاڵ بین .. ؟! تاکەی لە تاوی گەرما و سەرما ئۆقرەمان نەبێت ..؟! ئەو دەوڵەتانەی کە بە سامانی کورد وڵاتەکانی خۆیان کردوون بە بەهەشت .. بەزەییان پێمان دێتەوە و خێرمان پێدەکەن .. ؟! لە کاتێکدا کەکوردستان لەسەر دەریایەکی نەوت و گازدایە .. ؟! ئەی بۆ تاوانە ئەگەر ئێمەی منداڵانی کورد، وەکو منداڵانی تورک و فارس و عەرەب، بە زمانی شیرینی کوردیمان بخوێنین و بنووسین و بخوێنینەوە .. ؟! بۆ بانێکە و دوو هەوایە ..؟!
ئەی بۆ چەتە بێڕەوشتەکانی داعش، شەمشەمەکوێرە تاریک پەرستەکان .. بەبەر چاوی جیهانەوە .. وەکو کۆیلەو کاڵایەکی بازرگانی خۆشک و براکانمان، منداڵە رفێنراوەکانی شەنگال و زەممار دەفرۆشن ..؟! .. تاوانی ئێمە هەر ئەوە نییە کە کوردین ..؟!تاوانی ئێمە هەر ئەوە نییە کە ژیانخواز و ئازادی و ئاشتی خوازین و، حەز لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی و یەکسانی و دیموکراتی دادپەروەری دەکەین ..؟!
ئەی منداڵانی جیهان،هاوڕێ ئازیزەکانم: ئەمساڵ خوشک و براکانتان، هاوڕێکانتان، منداڵانی کورد لە کوردستاندا .. لە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دا .. ئاهەنگی خۆشی و شادی سازناکەین .. تا منداڵانی ئاوارەبووەکانی شاری كۆبانی پاڵەوان و بەرخودانی، تا منداڵە دزراوەکانی شەنگالی بریندار و، منداڵانی جەلولا و، موسڵ، تا هەموو منداڵە ئاوارەبووەکانمان .. نەگەڕێنەوە بەگوند و شارەکانیان وشاد نەبنەوە و نەچنەوە بۆ ناو ماڵی خۆیان .. تا زەدەخەنە و پێکەنین نەگەرێنەوە بۆ سەر لێوە وشکەکانیان .. تادەموچاویان هەڵقرچاوەکانیان،نەگەشێنەوە و،خۆشی و شادی نەگەڕێنەوە بۆ دڵە ناسک و قنجەکانیان .. ببوورن ، کە ئێمە لە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دا، ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە سازناکەین .. بۆیە کۆمەڵەکەمان ( کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج ) بڕیارمان دا، کە ئەمساڵ لە بۆنەی( رۆژیجیهانیمنداڵان) دا، ئاهەنگ سازنەکەین، وەکو گوزارشتێک لە هاوخەمی و هاوسۆزی هاوڕێزیمان،بۆ خوشک و براکانمان، بۆ منداڵە ئاوارەبووەکانی هەموو کوردستان ..بەڵام ئێمە زۆر گەشبینین،کە لە سایەی بەرگری و خۆڕاگری خوشک و برا گەریلا و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، کە بوونەتە سومبولی قارەمانێتی و بەرخودانی لە هەموو جیهاندا .. کە پيش مەرگ کەوتوون و گیان لەسەردەستانە، بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن .. رۆژ لە دوای رۆژیش گورزی گورچکبڕ لە چەتەکانی داعش دەدەن .. هەموو خەڵکی دنیاش ئەوە دەزانن، کە چەتەکانی داعش لە لووتکەی بێڕەوشتیو دڕندەییدان ..تاوانێکی زۆریان بەرانبەر بە منداڵان بە گشتی و، منداڵانی کورد بە تایبەتی کردوون .. تاوانە قێزەوەنەکانیان .. بە تاوانی نێودەوڵەتی دادەنرێن .. تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین .. داوا لە ( رێکخراوی یۆنیسیڤ ) و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین .. چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاستی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە کوشتن و، بە فرۆشتنی منداڵانو خوشک و ژنانی برا ئێزیدییەکانمان .. بە جدی هەوڵبدەن بۆ رزگارکردنیان لە دەستی ئەم دڕندە بێڕەوشتانە .. کە نە سۆزیان هەیە و، نە بەزەیی و نە ویژدان و نە رەوشت ..ئێمە دڵنیاین، کە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کوردە و، بەزین و سەرشۆڕیو رووڕەشیش بۆ داعش و بۆ داگیرکەرانی کوردستانە .. هیوادارین و گەشبینین، کە لە ساڵی داهاتوودا.. پەیمای سەرکەوتنی تەواتان بۆ بنێرین ..لە ساڵێ داهاتوودا ئێمەی منداڵانی کوردیش لە یادیرۆژی جیهانی مندااڵاندا،بە دڵخۆشی و رووخۆشیییەوە، لە کوردستاندا، لەم رۆژە مەزندا،بەشداری دەکەین و، خۆشترین ئاهەنگی شادیش سازدەکەین .
بژی کورد .. بژی کوردستان
رسوایی و سسەرشۆڕی و مردن بۆ داگیرکەران و .. بۆ چەتە بێڕەوشتەکانی داعش
رەزا شوان : سەرۆکی کۆمـەڵەی منـداڵانی کورد / لە نەرویـج
نەرویـج : ١٨ / ١١ / ٢٠١٤