قەرەنی قادری
لەوانەیە بە زەبری هێزی نیزامی داعش لاواز و پارچە پارچە ببێت، بەڵام هزری داعشی بە شێوازی جۆراوجۆر هەر بە دۆڵپای کۆمەڵگە دەمێنێتەوە. داعش لە ژینگەی دواکەوتووی ئیسلامیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری هەڵداوە و مێژووی ئەو دەڤەرەش پڕە لە داعش. داعش بە ئاڵای رەش و بانگی "الله اکبر"ەوە، روو لە هەر شوێنێک دەکات، تۆوی مەرگی لێ دەچێنێ. مێژووی زیاتر لە هەزار ساڵەی ئیسلام پڕە لە خوێندنەوە و هێڵی جۆراوجۆر. هەر کامەش لەوان، خۆی بە نوێنەری "ئیسلامی راستەقینە" دەزانێت. لە خەلیفەکانی راشیدینەوە بگرە تا دەگاتە ئەمەوی، عەبباسی، مێژووی پێنج سەد ساڵەی ئیسلامیی عوسمانییەکان، سەفەوییەکان، ئیخوان، کۆماری ئیسلامی، تالیبان، ئەلقاعیدە، زەرقاوی، بۆکۆ حەرام، ئەنساری ئیسلام، حیزبوڵڵا، حەماس و داعش، دەیان و سەدان خوێندنەوەی دیکەی ئیسلامی کە هەر یەکێک لەوان بەپێی خوێندنەوەیان بۆ سەرچاوە دینییەکە دەگەڕێنەوە و بە هزری ئیسلامییەوە گرێدراون.
داعشی ئیسلامی کە نوێنەرایەتی هزرێکی کەڕواوی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی وشترەوانان و رەشماڵچییەکانی عەرەبستان دەکات، ئیسلامییەکانی کوردستانیشی تووشی قەیران کردووە. کێ نوێنەرایەتیی "ئیسلامی راستەقینە" دەکات، ئەوە کێشەی سەردەم نییە، بەڵکو سنوور لەگەڵ ئیسلامییەکان (بە داعش و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکەوە) رێک لێرەوە دەستپێدەکات، کە کێ لایەنگری لە مافی مرۆڤ، دیموکراسی، ئازادیی نووسین و دەربڕین، پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیان بە گشت جیاوازییەکانەوە دەکات.
ئەو وڵاتانەی کە بە جیهانی عەرەبی یان بە جیهانی ئیسلامی ناویان دەرکردووە، تەنانەت بە گرووپە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکانیشیانەوە کە سەر بە جەمسەری فکری ئیسلامین، لە بواری مافی مرۆڤ، پێشکەوتنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، لەوپەڕی دواکەوتووییدا دەژین. خورافات، دەمارگرژی، دژە ئاوەز، سانسۆر، سەرکوتکردنی نەیارانیان، بەکۆیلەکردنی ژنان و برەودان بە توندوتیژی، پێناسەی ئەو جیهانە دواکەوتووەیە.
لەو دەڤەرە چەقبەستووەدا، کاریان تەنیا دروستکردنی بە لێشاوی مزگەوت، سەفەر بۆ حەج، سەرقاڵکردنی ئەو هاووڵاتیانەی کە تا ئێستا شارەزاییان سەبارەت بە مافی خۆیان (مافی مرۆڤ) نییە، بە جەژنی رەمەزان و قوربانەوە، هەروەها هاندانی خەڵک بۆ گوێگرتن لە خوتبەخوێنەکان لە رۆژی هەینیدا، بووەتە کارێکی رۆژانە لەم دەڤەرە بەبەردبووەدا.
(نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی 1469-1527) زیاتر لە 500 ساڵ بەر لە ئێستا سەبارەت بە مەسیحییەت نووسی: "مەسیحییەت وا لەو خەڵکە دەکات، پشت لەم جیهانە بکەن و لە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هاووڵاتێتیی دووربکەونەوە". ئەم بۆچوونەی مەکیاڤێللی نە تەنیا مەسیحییەت، بەڵکو دینەکانی دیکە، لەوانە ئیسلامیش دەگرێتەوە. ئاخنینی مێشکی هاووڵاتیان بە مسوڵمان، کافر، زەکات، سەرفیترە، حەڵال، حەرام، تاشینی مووی بەرسمێڵ و ... نە تەنیا هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هاووڵاتیان چارەسەر ناکات، بەڵکو دووریان دەخاتەوە لە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و نەشارەزابوون سەبارەت بە مافی هاووڵاتی و مەدەنیی خۆیان. لە کۆمەڵگەی داعشیدا، پیاو خاوەنی مافە، بەڵام ژن تەنیا جەستە و کەرەسەیە. ئەو دەڤەرە، زیاتر لە هەزار ساڵە لە قەیراندا دەژیت. لەو دەڤەرە ئیسلامییەدا، تەنانەت هاووڵاتیانی ئاسایی کۆمەڵگەش دژ بە مافی مرۆڤن.
ئەوە کۆمەڵگە نییە کە دەبێ خۆی لەگەڵ دەقەکان و شەریعەتدا بگونجێنێ، بەڵکو ئەوە شەریعەتە کە دەبێ لەگەڵ ژیانی سەردەمدا هاوکوف بێت. ناکرێت لە کۆمەڵگەیەکدا گشت دامەزراوە، حیزب و لایەنە سیاسییەکان رەوتی چاکسازی و بەخۆداچوونەوە وەگەڕ بخەن، بەڵام هزری ئیسلامی خۆی لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییەدا نەبینێتەوە. ئەو هەموو دەوڵەت، گرووپ و رێکخراوە ئیسلامییانە کە هەر یەکەی بەپێی بۆچوونی خۆی باس لە ئیسلام و بنەماکانی ئیسلام دەکات، ئەوە نیشان دەدات کە دینی ئیسلام و بنەماکانی لە قەیراندا دەژین. ململانێی لەسەر ئەوە کە کێ "راستەقینە" و کێ "ناڕاستەقینە"یە، تەنیا لەو کۆڵانەوە دەتوانێت دەرباز بێت کە چۆن سەیری مافی مرۆڤ، دیموکراسی، ئازادیی تاک، ئازادیی ژن، مافە مەدەنییەکان، ئازادیی رادەربڕین و نووسین دەکرێت.
بۆ کەمکردنەوەی گیروگرفت و ناکۆکی لەم مەیدانەدا، دین، مەزهەب و تێڕوانینی ئاینی و وتەبێژانی ئاینیش دەبێ روو لە رەوتی بەدیموکراتیکردن و چاکسازی لە بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆیاندا بکەن، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەهەڵکردن بڕەخسێت، تا رەنگەکان پێکەوە و بەپێی بنەمایەکی عەقڵانی کۆمەڵگەی کوردستان بەهێز بکەن.
20/11/2014