فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-12-15-08-33 زیانی یەکجار زۆری پێکەتووە و دەبێت چاوەڕوان بکات لە یەمەن و عێراقیش هەمان زیان و خراپتریشی پێ بکرێت. لەهەمان کاتدا نایشارنەوە "ئەوان دژی گفتوگۆ لەگەڵ...
2025-04-04-11-24-39قۆڵی لەنێوان (ئێران و تورکیاو رووسیا)، بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆ لەسوریا سازدرا. کە ڕۆژێک پێشتر لە (١٢/٦ )هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، شاری (حەمایان ) کۆنترۆڵ کردبوو. بەمانایەکی...
2025-04-04-11-19-41هەڵبژاردوە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم هەموو کتێبەکە تەرجومە بکەمەوە .خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەر مرۆڤێکی ڕادیکاڵ و عەدالەتخواز پێویستە. ئێمە تورک نین، ئێمە کوردین! جواهیر لال نەیهرۆ*...
2025-03-31-05-08-32حکومەتی دیفاکتۆ و خۆماڵی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات چێ بکات و دەگەل گەلانی دیکەی مووسلمانی ئێران بە هاوژینی بەئاشتی و باش بژیویی‌ گشت ڕەهەندی بژێت، و...
2025-03-30-02-45-13 زەفەریان پێ نەبات و هەموو کات پێکەوە بن تا بتوانن سەرکەوتوو بن "" ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە مافە نەتەوەیەکان پاشگەز بکەنەوە خەیاڵیان خاوە، ئەوانەش...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

kemal.rudaw 294918274

لە ئەنقەرەی پایتەخت و ناوەندی سیاسەتی توركیا، لە ژوورێكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا دانیشتووم، ئەوەی لەبەرامبەریشم دانیشتووە، لەلای رای گشتی توركیا بە "كڕی بنبڕ" ناودەنرێت. زۆر بە وردی گوێ بۆ پرسیارەكانمان شل دەكات و وەڵام دەداتەوە. ئەو كەسە كەمال كلیچدار ئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری CHP یە. سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەكی زۆر سیاسەتمەداری بە ئەزموون لەنێو ئەو پارتەدا، بەڵام كلیچدار ئۆغلۆی دێرسمی توانی لە كۆنگرەی 26ی مانگی رابردوودا جارێكی دیكە كورسی سەرۆكی گشتی CHP وەربگرێتەوە. كلیچدار ئۆغڵو توانی لەو كۆنگرە نائاساییەی پارتەكەیدا، كۆتایی بە مناوەرەی باڵی نەتەوەپەرست و كەمالیستی نێو پارتەكەی بێنێت، ئیتر ئەو لەئەمڕۆوە سەرۆكی بێ ركابەری CHP یە. هەرچەندە میدیای توركی ئەو سیاسەتمەدارە بە بنەچە كوردە عەلەوییە بە (كڕی بنبڕ) وەسفدەكات، بەڵام كلیچدار ئۆغڵو بێ ئەوەی بەرامبەرەكەی هەستی پێبكات دەتەقێتەوە. ئەو لەدایكبووی دێرسمی باكووری كوردستانە، بەڵام لەهەمووان زیاتر بەهۆی كۆمەڵكوژی دێرسم بووە ئامانجی رەخنەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیا. بەپێچەوانەی رابردووی ئیتر كەمال كلیچدارئۆغڵو ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی خۆی ناشارێتەوە، لەگەڵ ئەوە نایەوێ لە سیاسەتكردندا كوردبوون و عەلەویبوونی خۆی زەقبكاتەوە، بەڵام لەبەرامبەر نكۆڵیكردن لێیان بێدەنگ و بێ هەڵوێست ناوەستێت. كەمال كلیچدارئۆغڵو زمانی كوردی تێدەگات، بەڵام ناتوانێ بە رەوانی قسەی پێبكات. بۆیە (رووداو) پرسیارەكانی بە كوردی ئاراستەكردن و ئەویش بە توركی وەڵامیدایەوە.

 

هەڤپەیڤین: هێمن خۆشناو

رووداو) بەكوردی پرسیارەكانی لێكردن و ئەو بە توركی وەڵامی دانەوە

رووداو: لە 22 ی مایسی داهاتوو دوو ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونت وەك سەرۆكی گشتی CHP تێدەپەڕێ. لەو ماوەیەدا چ گۆڕانێكتان بەسەر CHPدا هێنا؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: پارتی گەلی كۆماری CHP گۆڕانكاری گرنگی بەسەرداهات. لەم ماوەیەدا 4 كۆنگرەمان ئەنجامدا، دووانیان ئاساییبوون و دووەكەی دیكەش بۆ گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ بوون. پەیڕەوی ناوخۆمان گۆڕی و پێكهاتەیەكی دیموكراتیترمان دروستكرد. بۆ ئەوەی ژن زیاتر لەنێو سیاسەتدا جێبگرن رێژەی 33% وەك كۆتا بۆ ژنان پەسەندكرا. لەنێو هەموو ئۆرگانەكان و پەرلەمانتارانماندا رێژەی 33% تایبەت دەبێ بە ژنان. هەروەها بۆ گەنجانیش رێژەی كۆتای 10%مان جیاكردەوە بۆ ئەوەی گەنجان رۆڵی خۆیان ببینن لە سیاسەتدا. جگە لەمە بۆ خاوەنداریكردن لە بەها گەردوونییەكان دەستمان بە گۆڕینی بەرنامەی CHP كردووە، هەوڵدەدەین بەرنامەی پارتێكی سۆسیال دیموكراتی تەندروست بێنینە ئاراوە. لەوبارەوە هاوڕێیەكانم دەستیان بەكار كردووە، بەم كۆنگرەیەی بەردەممان راناگات، بەڵام لە كۆنگرەی داهاتوودا بەرنامەی CHP دەگۆڕین. لەم قۆناغەدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی تازە لەنێو ئۆرگانەكانی خوارەوە هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، لە هەندێك شوێن لەم هەڵبژاردنانە ژنان بەڕێژەیەكی بەرز كە چاوەڕواننەكراو بوو دەنگیان هێناوە.

رووداو: دوو خولی لەسەر یەكە CHPدەبێتە حیزبی گەورەی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی توركیادا، بەڵام چاودێران دەڵێنCHP بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی نەیتوانیوە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی تەواو بگێڕێ. ئایا وەك پێویست رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنتان گێڕاوە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: ماوەیەك لەنێو CHP دەنگی جیاواز دەركەوتن، ئەمە وایكرد كە لێكدانەوەیەك دروستبێ كەوا CHP ناتوانێ رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی بگێڕێ، بەڵام ئەمڕۆ بەتایبەتی لەدوای دوایین كۆنگرەوە ئەو حوكمە نەما، پێكەوە دەنگ هەڵدەبڕین و بەیەكەوەش خەبات دەكەین. لەنێو پەرلەمان ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێزین. سەیركەن سەبارەت بە پەروەردە، 4 پەرلەمانتاری CHP لە كۆمیسیۆنی پەروەردەدا بەرەنگاری 150 پەرلەمانتار بوونەوە، بەبەكارهێنانی هێزی زۆرینە ویستیان ئەو 4 پەرلەمانتارە بێدەنگ بكەن، بەڵام ئێمە بەپێی دەسەڵاتەكانی پەیڕەوی ناوخۆمان هەموو هەوڵەكانمان بۆ نیشاندانی ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز دەخەینەگەڕ.

كێشەی كورد لەوە تێپەڕیوە تەنیا بە حیزبێك چارەسەر بكرێت

رووداو: واتە بڕیاری پیادەكردنی سیاسەتێكی ئۆپۆزیسیۆنیی تووند لەلایەن CHP لە كۆنگرەی 26 ی شوبات بڕیاری لەسەردراوە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: بەڵێ شێوازی ئۆپۆزیسیۆنمان تووندتر دەبێت. خەڵك ئەمەمان لێ چاوەڕێدەكات.

رووداو: CHP پارتێكی سۆسیال دیموكراتە، بەڵام بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا سیاسەتی نەتەوەپەرستی بەسەردا زاڵبوو. ئایا لەمەودوا CHPی دیموكراتی دەبینین. یان وەك رابردوو بە رواڵەت بانگەشەی دیموكراتی دەكات و لەناوەوەش نەتەوەپەرستی پیادە دەكات؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: CHPی لەجاران زیاتر سۆسیال دیموكراتتر دەبینن، سەیركەن لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی پارتە سۆسیال دیموكراتەكانی ئەم ناوچەیە لە ئیستەنبوڵ دەكەین. لە مانگی نیسانی داهاتووش كۆبوونەوەی هەموو ئەو پارتە سۆسیال دیموكراتانە دەكەین كە بە "بەهاری عەرەبی" كاریگەربوونە. واتە ئێمە پێمانوایە تەنیا وڵاتەكەمان نا، هەموو ناوچەكە و ئەفریقیا و گەلانی چەوساوە پێویستیان بە سۆسیال دیموكراتێكی جەوهەرییە. بۆچوونەكانیشمان لەوبارەوە بە دەنگی بەرز دەخەینەڕوو.

رووداو: لە هەڤپەیڤینێكدا لەو دواییەدا گوتت لەساڵی 2014دا پاڵێوراوتان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری دەبێت، ئایا ئەو پاڵێوراوە خۆت دەبێ یان كەسێكی دیكە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: نەخێر، ئێمە ئەگەر بتوانین كەسێك بپاڵێوین دەنگی ناوەندی راستڕەویش بەدەستبێنێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كاندید بكەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێمانوایە ئەو كەسەی ئێمە كاندیدی دەكەین سەردەكەوێت. هەوڵدەدەین كاندیدێكی رۆشەنبیر و سەردەمیانە، كە بتوانێ پەیوەندی باشتر لەگەڵ جیهان ببەستێ، پەیوەستبێ بە دەستوور، باوەڕی بەسەروەری یاسا هەبێ بكەینە سەرۆك كۆمار. بۆ ئەمە لە ئێستاوە كاردەكەین.

رووداو: لە خەیاڵی ئێوە ناوێكی دیاریكراو بۆ ئەو پۆستە هەیە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: تائێستا ناوێكی دیاریكراو نییە.

هەڵوێستی ئێمە بۆ گفتوگۆ رەوایی دەوڵەت دەپارێزێ و كێشەی كورد چارەسەر دەكات

رووداو: لەهەمان هەڤپەیڤیندا لەگەڵ رۆژنامەی AKŞAMدا دەڵێی ئامادەم بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، پۆستی خۆم بكەمە قوربانی. دەتانەوێ چی بكەن بۆ چارەسەری كێشەی كورد؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: تەنیا ئێمە دەتوانین كێشەی كورد چارەسەر بكەین. وەك پارتێكی سۆسیال دیموكرات تەنیا ئێمەین كە دەتوانین كێشەی كورد چارەسەر بكەین. چونكە ئێمە دەمانەوێت لە روانگەی دیموكراتی، ئازادی و مافی مرۆڤەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین. ئێمە پێمانوایە ئەو كێشەیە تەنها بە چەك چارەسەر نابێ. لەوبارەوە پێشنیازی چارەسەریمان خستنەڕوو، بەڵام AKP هیچ گوێی بەو پێشنیازانە نەدا. داوامانكرد لە پەرلەمان كۆمسیۆنی سازش دروستبكرێت و هەموو پارتە سیاسییەكان بە نوێنەرایەتیەكی یەكسان تێیدا بەشداربن. جگە لەوە پێشنیازمانكرد لە دەرەوەی پەرلەمان كۆمسیۆنی (پیاوانی عاقلمەند) دروستبكرێت. گفتوگۆكان لە رێگەی(پیاوانی عاقلمەند)ەوە ئەنجامبدرێن. پێمانوایە ئەگەر گفتوگۆ لە رێگەی ئەو كۆمیتەیە بكرێت، كێشەكە چارەسەر دەبێت. بەڵام بەڕێز سەرۆك وەزیر دەڵێ نەخێر من بەڕووی ئەو پێشنیازانەدا داخراوم و پێشنیازەكانتان كێشەكە چارەسەر ناكەن. ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی كێشەی كورد كە گرنگترین كێشەی توركیایە بە پڕۆژە و بڕیار و خوێندنەوەی CHP بۆ دیموكراتی، ئازادی و مافی مرۆڤ دێتەئاراوە.

رووداو: دوای ئەوەی بووی بە سەرۆكی CHP كرانەوەیەك لەلایەن حیزبەكەتانەوە بەڕووی كێشەی كورددا دەبینرێت. بۆ ئەم مەبەستە پێش هەڵبژاردنەكانی 12ی حوزەیرانی رابردوو كۆنفرانسی گەڕان بەدوای چارەسەری كێشەی كوردتان لەشاری وان بەست، بەڵام تاوەكو ئێستا جێ پەنجەی CHP لەوبارەوە دیار نییە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: لەوبارەوە هەڵوێستمان روون و ئاشكرایە. ئەو كێشەیە لەوە تێپەڕیوە تەنیا بە حیزبێك چارەسەر بكرێت. بۆیە لە وان لەساڵی رابردوو كۆنفرانسی گەڕان بەدوای چارەسەری كێشەی كوردمان سازكرد. گوتمان وەرن با لە پەرلەمان كۆمسیۆنی سازشكردن دابمەزرێنین و هەموو پارتەكانی نێو پەرلەمان بە رێژەیەكی یەكسان تێیدا بەشداربن و بۆ چارەسەری كێشەی كورد عەقڵی هاوبەش پێكبێنین. داوامانكرد نوێنەرانی پارتەكانی پەرلەمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لەگەڵ یەكتر لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ دابنیشن، نەك بۆ چارەسەر نەكردن. دیسان گوتمان با لە دەرەوەی پەرلەمان كۆمسیۆنی پیاوانی عاقلمەند دروستبكەین و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی سازشكردن ئەو كەسانە هەڵبژێرن كە لەو كۆمسیۆنە جێدەگرن، تاوەكو بچن گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و بچنە نێو خەڵك و بزانن لەوبارەوە داوای چی دەكەن. دواتریش لەوبارەوە كۆمسیۆنی سازشكردنی ئەگەر پێویستبێ یاساكانی بۆ هەموار بكات و یان ئەگەر پێویستی پێبێ بڕیاری ئیداری بۆ دەربكات. پێمانوایە هەڵوێست و خوێندنەوەی ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و بارودۆخی توركیا گونجاوە. سەیركەن لەبارەی مەسەلەیەكی ئاڵۆزی وەك دەستوور لە پەرلەمان دانیشتین و كۆمسیۆنی دەستوورمان دروستكرد.

رووداو: لەوبارەوە بەڕاشكاوانە پێشنیازی چی دەكەن؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: ئەگەر حكومەت ئامادەبێ، زۆر بەئاسانی دەتوانین لە پەرلەمان كۆمسیۆنی چارەسەری كێشەی كورد بە بەشداری MHP، BDP، CHP و AKP و ئەگەر پێویستیش بێ پارتەكانی دەرەوەی پەرلەمانیش بەشداری تێدا بكەن و گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی چارەسەری كێشەی كورد بكەن و بۆ چارەسەری لەسەر یەك مێز دابنیشن.

بە AKP دەڵێم ئێوە پێشنیازی چارەسەری كێشەی كورد بكەن و ئێمەش پشتگیریتان دەكەین

رووداو: لە 1/5/2012 پرۆسەی نووسینی دەستووری تازەی توركیا لە پەرلەمان دەستپێدەكات. ئەوەی دیارە AKP ئامادەنییە مافی خوێندن بە زمانی دایك پەسەند بكات، ئەگەر AKP سووربێ لەسەر ئەو هەڵوێستەی CHP چی دەكات؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: هەر پارتێكی نێو كۆمسیۆنی دەستوور ئەگەر لەسەر مادەیەكی دیاریكراو ناڕازیی نیشانبدات یان بیەوێ بۆچوونی خۆی بسەپێنێ، ئەوا پرۆسەكە دەوەستێت. تەنیا ئەو مادانە بۆ دەنگدان پێشكەشی پەرلەمان دەكرێن كە 100% رێككەوتنیان لەبارەوە كراوە. بۆیە پێویستە ئەندامانی كۆمسیۆن لەسەر هەر ماددەیەك بە كۆی دەنگ تەوافوق بكەن و رێككەون.

رووداو: AKP زیاتر لە 9 ساڵە دەسەڵاتدارە و بانگەشەی چارەسەركردنی كێشەی كورد دەكات، بەڵام بەڕای زۆرینەی كورد لە توركیا ئەو پارتە هەنگاوێكی بەرچاوی لەوبارەوە نەناوە. ئێوە وەك CHP پێتانوایە AKP لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد راستگۆیە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: نەخێر AKP راستگۆ نییە. AKP زیاتر لە 9 ساڵ لەژێر دروشمی "ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەم" ملی رێگای گرتووە، بەڵام كێشەكە چارەسەر نەبوو.

رووداو: ئێوە وەك CHP چاوەڕێی AKPدەكەن لەبارەی چارەسەری كێشەی كوردەوە هەنگاو بنێ، ئەویش هەنگاو نانێت، ئایا بیرتان لەوە نەكردووەتەوە ئێوە دەستپێشخەری چارەسەری كێشەی كورد بگرنە دەست؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: من دەڵێم لەوانەیە پێشنیازەكانی ئێمە كەموكوڕییان تێدابێت، یان ئەوەتا لەوانەیە هەڵەش بن. بۆیە دەڵێین ئێوە پێشنیاز بێنن با ئێمە پشتیوانیتان بكەین! بەڵام هیچ پێشنیازێكیان نییە. داوا دەكەین بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، پێشنیازی زۆر راشكاوانەمان هەیە، لەوانەیە بەدڵی حكومەت نەبێ، ئەوكات با حكومەت پێشنیاز بكات، ئێمە چەكی كراوەیان دەدەینێ و پشتگیرییان لێدەكەین.

رووداو: باس لە كرانەوەی CHP بەرەوڕووی جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەندا دەكرێت. ئەوە بۆ لاوازكردنی AKPیە، یان دەتانەوێ لەگەڵ جەماعەتی گولەن كێشەكانی توركیا و كێشەی كورد چارەسەر بكەن؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: لەگەڵ هیچ جەماعەتێك كرانەوەیەكی تایبەت ناگرینەبەر، بەڵام بەمەرجی بەسیاسی نەكردنی ئایین رێز لەهەموو جەماعەتێك دەگرین. هەر مرۆڤێك دەتوانێ سرووت (طقوس)ەكانی پەیڕەو بكات، ئێمە رێز لەوە دەگرین، بەڵام بە سیاسەتكردنی ئایین بە راست نازانین. دەربارەی جەماعەتی گولەن كە جەماعەتێكی ئایینییە تاوەكو ئەوكاتەی سیاسەت ناكەن هیچ كێشەیەكمان لەگەڵیان نییە. واتە ئێمە لە پەنجەرەی باوەڕەوە سەیری مەسەلەكە دەكەین، نەوەك لە پەنجەرەی باوەڕی جەماعەتەوە.

رووداو: تۆ كوردێكی عەولەوی دێرسمی. لەو دواییانەدا گفتوگۆیەكی فراوان لەبارەی كۆمەڵكوژی دێرسم (1937) ئەنجامدرا، كە كۆمەڵكوژییەكە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی CHP ئەنجامدراوە. چۆن دەتوانی هاوسەنگی رابگری، بەتایبەتی كە ئەردۆغان ویستی ئەو مەسەلەیە لەدژی تۆ بوروژێنێ و CHP تاوانبار بكات؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: CHP هیچ كاتێك نەیگوتووە با لێكۆڵینەوە لەوبارەوە نەكرێت. بەپێچەوانەوە دەڵێ بۆچی ئەرشیفەكان هەڵنادەنەوە. پێویستە ئەرشیفەكان هەڵبدرێنەوە. بەشێكی ئەرشیفەكانیان هەڵدایەوە، بانگەشەی هەڵدانەوەی بەشەكەی دیكەش دەكەن. CHP دەیەوێ ئەو مەسەلەیە نەكرێتە مەسەلەی سیاسەتێكی رۆژانە، بەڵكو سوورە لەسەر ئاشكراكردنی راستییەكان، ئەویش بە گرتنەبەری لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی. بۆئەوەی بزانین راستی رووداوەكە چییە، چی قەوماوە، پێویستە پسپۆڕانی مێژوو لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانە بكەن. لایەنێكی دیكەی ئەو مەسەلەیە سەرۆك وەزیر بەهەستی ئەوەی لە دێرسم مرۆڤەكان كوژراون، ئەو مەسەلەیە ناورووژێنێ، بەڵكو سەرۆك وەزیر دەیەوێ بزانێ ئەگەر مەسەلەی دێرسم بوروژێنێ چۆن دەتوانێ CHP تەنگاو بكات. هەموو چاوەڕوانی سەرۆك وەزیر ئەوەیە. ئەگەر سەرۆك وەزیر بە رووداوەكانی دێرسم و ئەو مرۆڤانەی كە لەوێ كوژراون نیگەران بێت، پێویستە بۆ كوژرانی ئەو 34 كەسەش لە رۆبۆسكێ گیانیان لەدەستدا نیگەران بێت! ئایا سەرۆك وەزیر دەربارەی رۆبۆسكێ هیچی گوت؟ نەخێر هیچی باس نەكرد. بۆ ئەمە كەسێك لە بەرامبەرمان هەیە هەوڵدەدات مەینەتەكانی رابردوو بەكاربێنێ و بۆ ئێستا بیانكاتە مەسەلەیەكی سیاسی. ناوی ئەو كەسەش رەجەب تەیب ئەردۆغانە. سەرۆك وەزیرێك هەیە هەوڵدەدات مەینەتییەكان بەكاربێنێ و بۆ بەرژەوەندی خۆی برینەكان بكوڵێنێتەوە. با راستییەكان ئاشكرا بكات، لەوبارەوە هیچ گومانمان نییە. باسی لایەنێكی دیكەی ئەم مەسەلەیەم كرد، بەڵام سەرۆك وەزیر هیچی لەبارەوە ناڵێت. ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی دێرسم راگواستراون بۆ ناوچەكانی دیكە و زەویان پێدراوە، بەڵام دواتر زەویەكانیان لێ وەرگیراوەتەوە، پێشنیازمكرد جارێكی دیكە زەویەكانیان پێبدەنەوە. ئایا زەویەكانیان پێدانەوە؟ ئایا سەرۆك وەزیر لەوبارەوە قسەیەكی كرد؟ نەخێر. خۆی لە قەرەی ئەو مەسەلەیە نادات، بەڵكو تەنیا دەیەوێ ئازار و مەینەتییەكان بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەكاربێنێت.

سەردانی بەغدا و باكووری عێراق دەكەم

رووداو: راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئازار و تراژیدیای دێرسمت چێشتووە، نەتدەتوانی بەر لەوەی سەرۆك وەزیر ئەو مەسەلەیە بوروژێنێ، دەستپێشخەری بكەی و مەسەلەكە بوروژێنی. بۆچی واتنەكرد؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: پێموایە راست نییە سیاسەتمەدارێك خۆی بخاتە نێو ئەو مەسەلەیەوە. ئەو مەسەلەیە تایبەتە بە پسپۆڕانی مێژوو. بۆ نموونە خۆم دەخەمە نێو رووداوی رۆبۆسكێ، چونكە مەسەلەیەكی گەرمەو لەسەردەمی مندا روویداوە، بەڵام دێرسم زۆر بەر لە سەردەمی ئێمە روویداوەو بەتایبەتی كە هێشتا هەموو ئەرشیفەكانی هەڵنەدراونەتەوە. لەگەڵ هەڵدانەوەی ئەرشیفەكان رووداوە تاریكەكە روون دەبێتەوە، هەموومان ئاشنای راستییەكان دەبین، هەستی تۆڵەكردنەوە لەلای ئێمە نییە، ئەگەر وەك مرۆڤ جەرگتان دێشێ، راستییەكان ئاشكرا بكەن و بڵێن خۆزگە رووینەدابا، بەڵام وەك ئاماژەم پێكرد، پێویستە هەموو وردەكارییەكانی ئەو مەسەلەیە ئاشكرابكرێن. راست نابێ مێژووی دێرسم تێكەڵی سیاسەتی ئەمڕۆ بكرێت. ئەمە تەنیا بۆ دێرسم ناڵێم بەڵكو بۆ رووداوەكانی 1915یش هەمان شت دەڵێم، مەسەلەیەك نییە تاوەكو سیاسەتمەداران بڕیاری لێبدەن. پێویستە پسپۆڕانی مێژووی بڕیاری لەبارەوە بدەن. سەیركەن لە فەرەنسا دادگای دەستووری بڕیاری لەوبارەوەدا، كەواتە مەسەلەكە پەیوەستە بە مێژوونووسان نەوەك سیاسەتمەداران.

رووداو: لە دێرسم لەدایكبووی و لەسەر دێرسم حیسابدەكرێی، ئایا دێرسمییەكان بۆ ئەوەی مافەكانیان بۆ بگەڕێنەوە گوشارت ناخەنە سەر؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: نەخێر، هیچ گوشارێكم لەسەر نییە، چونكە دێرسمییەكان زۆر باش لێم تێدەگەن، منیش زۆر باش لەوان تێدەگەم. ئەوەی سەرۆك وەزیر دەیكات بۆ رووناككردنەوەی رووداوێكی تاریك نییە، بەڵكو بۆ قۆستنەوەو بەكارهێنانی رووداوێكە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی. لەبەرئەوەی هەر كەسێك كە هۆشی هەبێ دەزانێ چ لەپشت هەڵوێستی سەرۆك وەزیرەوەیە. سەیركەن، لە بەتاڵكردنەوەی رووداوی سیواس كە تێیدا 35 كەس گیانی لەدەستدا سەرۆك وەزیر چی دەڵێ؟ دەڵێ: "خێری تێدابێ". بۆ بەتاڵكردنەوەی دۆسیەیەك بەهۆی تێپەڕبوونی كاتی یاسایی، سەرۆك وەزیر دەڵێ خێری تێدایە. هەمان ئەو كەسە بۆ رووداوی دێرسم دەڵێ خەمبارم، بۆیە مومكین نییە دێرسمی پێی باوەڕ بكەن. ئەگەر هەموو دێرسم ئاگری تێبەربێ، لە خۆشیان شاگەشكە دەبێت!

رووداو: ئاشكرابوو كە دەزگای MIT لەگەڵ PKK چەند ساڵ گفتوگۆی كردووە. پێتوایە پێویستە دەزگای MIT گفتوگۆ لەگەڵ PKK بكات یان دەزگایەكی دیكەی دەوڵەت؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: لەهەموو جیهان دەزگاكانی ئیستیخبارات گفتوگۆی لەو جۆرە دەكەن، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە تاوەكو دوایی بە نهێنی دەمێننەوە، كاتێك ئاشكرابوون پێویستە ئەو كەسانەی گفتوگۆیان كردووە لە كارەكانیان دووربخرێنەوە. لەبەرئەوەی ئەخلاق و رەوشت نییە و پێویستە لە ئەركەكانیان دووربخرێنەوە. بەڵام لە توركیا شتێكی لەم شێوەیە رووینەدا، بەپێچەوانەوە ئەوانیش خرانە سەر سەرۆك وەزیر، چونكە رێنوێی ئەم كارەیان راستەوخۆ لە سەرۆك وەزیر وەرگرتبوو. بەرپرسی یەكەمی ئەو كارە سەرۆك وەزیربوو، بەڵام سەرۆك وەزیر نەیویست ئەو بەرپرسیارێتییە بخاتە ئەستۆی خۆی. چونكە ئەگەر لە دادگا بەرگری لە راوێژكاری گشتیی MIT بكات ، مانای وایە بەرگری لە خۆی كردووە.

پێویستە پەیوەندی توركیا و باكووری عێراق بەهێزتر بكرێت

رووداو: پرسیارەكەم لێرەدایە پێتباشە گفتوگۆ لەگەڵ PKK بە رێگەی MITەوە بكرێ، یان بە رێگەی دەزگایەكی دیكە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: نەخێر، راست نییە. دەسەڵاتی مەدەنی. من بەر لە ئێستا چیم گوت؟ گوتم دەبێ لە پەرلەمان لیژنەیەكی لێكتێگەیشتن هەبێ. تەریب لەگەڵ ئەوە دەستەیەك لە پیاوانی عاقلمەند هەبێت. ئەو پیاوە ژیرانە دەچن ئەو كارە دەكەن. دەوڵەت تەدەخول لەوەدا ناكات. دەوڵەت نابێ لەگەڵ لایەنی نایاسایی گفتوگۆ بكات. چونكە ئەوكاتە مەشروعییەتی دەوڵەت دەچێتە ژێر پرسیارەوە. دەستەی پیاوانی عاقلمەند دەتوانن لەگەڵ هەموو كەسدا گفتوگۆ بكەن. دواتر دێن هەموو جۆرە زانیارییەك دەدەنە دەسەڵاتی فەرمی و لیژنەی پەرلەمانی و...هتد. باسی گفتوگۆكان و چییان چۆن كردووە و دەتوانن باسی هەموو ئەو شتانە بكەن. پێشنیازی ئێمە ئەوەیە كە هەم مەشروعیەتی دەوڵەت بپارێزرێت و هەمیش بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكە كاربكرێت.

رووداو: پێتباشە جارێكی دیكە گفتوگۆ لەگەڵ PKK دەستپێبكرێتەوە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: تاوەكو ئەو ئاستەی دەیزانم، گفتوگۆ لەگەڵ PKK دەكرێت.

رووداو: پشتگیری لێدەكەن؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: مەسەلەیەك كە زانیاریم لەبارەوە نەبێ، چۆن پشتگیری لێبكەم.

رووداو: پەیوەندی هەرێمی كوردستان و توركیا چۆن دەبینی، ئایا ئەو پەیوەندییانە هاوسەنگن و لە خزمەتی هەردوولادان؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: ژمارەیەكی زۆر لە بیزنسمانەكانی ئێمە لەوێ كاردەكەن. دیسان پەیوەندییەكان لەڕووی بازرگانییەوە پێشكەوتوون. ئەمەش رێگە بۆ پەیوەندی تەندروستتر دەكاتەوە. دیسان لەنێوان هاووڵاتیانی توركیا و خەڵكی باكووری عێراق پەیوەندی خزمایەتی هەیە، هاتووچۆ هەیە. بۆیە پێویستە هەڵوێستی هەموو لایەك لە خزمەت پێشكەوتن و پتەوكردنی ئەو پەیوەندییانەدابێت. دیسان بیزنسمانەكانی باكووری عێراق دێنە توركیا و وەبەرهێنان دەكەن. بۆیە پێموایە دەبێ ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بكرێن.

رووداو: هیچ پێشنیازێكی دیاریكراوتان هەیە بۆئەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولا پتەوتر ببن؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: دەكرێ زۆر شت بكرێت: بزنسمانەكانمان دەچنە ئەوێ، پەیوەندی كولتووری دروستبكرێت. پێویستە پەیوەندییەكان بگەنە ئاستێك كە بتوانن پێداویستی هەردوولا دابین بكەن.

رووداو: ئەگەر ئێوە بێنە سەر دەسەڵات بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییانە چ دەكەن؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: بۆنموونە ئەوكاتە ئێمە دەخوازین كە بزنسمانی زیاترمان بچنە ئەو ناوچەیە و لەوێ سەرمایەگوزاری زیاتر بكەن.

دەوڵەت نابێ گفتوگۆ لەگەڵ PKKبكات و دەبێ دەستەی عاقلمەندان بیكات

رووداو: كوردی سووریا نیگەرانن لە رۆڵی توركیا لەبارەی سووریای داهاتوو و مافەكانی كورد. لەوبارەوە چی دەڵێن؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: ئێمە وەك CHP لەگەڵ دەستتێوەردان لە كاروباری هیچ وڵاتێكدا نین. ئەوە هەڵوێستی راشكاوانەمانە. بەڵام لەهەمانكاتدا پێمانباشە لەگەڵ هەموو دراسێیەكانمان پەیوەندی باشمان هەبێ و ئازادی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ لەو وڵاتانە بەبنەما بگیرێت. بەڵام ناچین دەست بخەینە نێو كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە. چونكە ئەگەر دەستمان خستە نێو كاروباری وڵاتێك، ناتوانین بەرگری لەخۆمان بكەین، كە وڵاتێكی دیكە دەیەوێ دەست بخاتە نێو كاروباری توركیا. بۆیە لەوبارەوە هەڵوێستمان روونە.

رووداو: لە كۆنفرانسی وان بڕیارتاندا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق لەپاریس داوای لێكردی سەردانی بەغدا و كوردستان بكەن، تائێستا ئەو سەردانەتان ئەنجامنەداوە بۆچی؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: بە دڵخۆشییەوە لە كاتێكی گونجاودا سەردانەكە ئەنجامدەدەم. داواتنامەیەكم لە بەڕێز تاڵەبانی بۆهاتووە بۆ سەردانی بەغدا، لەوانەیە سەردانی بەغداو باكووری عێراق بكەم.

رووداو: CHP بیر لەوە دەكاتەوە نووسینگەی نوێنەرایەتی لە هەولێر بكاتەوە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: ئێستا كردنەوەی نووسینگە لە دەرەوەی توركیا كارێكی پڕ مەسرەفە. تاوەكو ئێستا تەنیا لە برۆكسل لەلای یەكێتی ئەوروپا نوێنەرایەتیمان هەیە. بەڵام ئەگەر بارودۆخ لەباربێ دەمانەوێ لەهەموو شوێنێك پەیوەندی دروستبكەین و نوێنەرایەتی بكەینەوە.

رووداو: ئەمڕۆ نەورۆزە، پەیامی ئێوە لەم رۆژەدا چییە؟

كەمال كلیچدارئۆغڵو: زۆر خەمبارم بەهۆی ئەو رووداوانەی بەو بۆنەوە لە توركیا روویانداوە. نەورۆز رۆژێكە هەموو كۆمەڵگەكان قبولیانە و وەك جەژنێك لە قەڵەمی دەدەین. ئەگەر بە جەژن ناوی ئەو رۆژە ببەین، پێویستە لەنێو خۆشی و شادیدا پیرۆزبایی لەیەكتر بكەین. سەردانی یەكتر بكەین و بە قسە و میتینگ پیرۆزی بكەین. پێویستە شەرم لەوە نەكەین، ئیتر توركیا پێویستە پێوانە دیموكراتییەكانی بەرزتر بكاتەوە، پێویستە لە رای جیاواز نەترسێ، ئەمڕۆ چەمكی قەدەخەكردن چەندین رووداوی گەورەی هێناوەتە ئاراوەو رێگەی بۆ هێرشكردنە سەر بەڕێز ئەحمەد تورك خۆشكرد. خۆزگە ئەم رووداوانە روویاننەدابا.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان