ئا: بارام سوبحی
توێژه‌رو به‌رپرسێكی پێشوی سوپای ئیسرائیل، له‌وتارێكدا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تی كوردیی رابگه‌یه‌نرێت‌و كۆتایی به‌ده‌وڵه‌تی عێراق‌و سوریا بهێنرێت. داواش له‌ئیسرائیل‌و وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كات به‌كرداریی پشتیوانیی له‌دروستبونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بكه‌ن. وانه‌بێژی پێشكه‌وتو له‌به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له‌زانكۆی بارئیلان له‌ئیسرائیل مۆرده‌خای كیدار، كه ماوه‌ی (25) ساڵ له‌به‌شی هه‌واڵگری سوپای ئیسرائیل كاریكردوه، له‌وتارێكدا به‌ناونیشانی "عه‌داله‌تی مێژویی: ده‌وڵه‌تی كوردیی ئێستا"، باس له‌وه‌ده‌كات كورد مافی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ رابگه‌یه‌نێت‌و ده‌ڵێت "نه‌بونی ده‌وڵه‌ت تائێستا سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌و كاره‌ساتێكی مێژویی نادادپه‌روه‌رانه‌یه". ناوبراو، له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا باس له‌قۆناغی دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌كات، كه چۆن وڵاتانی زلهێزی ئه‌وكات "به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا" به‌رمه‌بنای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ده‌وڵه‌تیان بۆ جوله‌كه له‌ئیسرائیل‌و له‌لوبنانیش بۆ مه‌سیحیه‌كان دروستكرد، به‌ڵام كوردیان به‌بێ ده‌وڵه‌ت به‌جێهێشت‌و به‌سه‌ر وڵاتانی عێراق‌و ئێران‌و سوریا‌و توركیادا دابه‌شیانكرد.
به‌بڕوای كیدار، هۆكاری سه‌ره‌كی دروستنه‌بونی ده‌وڵه‌تی كوردیی نه‌بونی رێكخراوێكی سیاسی كوردیی به‌هێزبوه، كه نوێنه‌رایه‌تی كورد له‌كۆڕو كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی‌و ئه‌وروپی به‌تایبه‌تدا بكات، هه‌روه‌ها "ده‌وڵه‌تێك نه‌بو پشتیوانیان بكات‌و داوای مافه‌كانیان بكات، بۆیه كورد بونه قۆچی قوربانی رێكه‌وتنی سایكس‌و بیكۆی ساڵی (1916)".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، ئه‌و نوسه‌ره باس له‌و سته‌م‌و كۆمه‌ڵكوژییانه ده‌كات كه له‌لایه‌ن ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌وه له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ی رابردودا به‌رانبه‌ر به كورد ئه‌نجامدراون، رونیده‌كاته‌وه ئه‌و سته‌مانه بوه‌ته هۆی به‌هێزكردنی بڕوا‌و هۆشیاری كورد به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌و دۆزه‌كه‌یان‌و فه‌رامۆشكردنی دابه‌شبونی هۆزایه‌تی نێوانیان.
مۆرده‌خای، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌لایه‌ن ژنانی كورده‌وه خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان كورد‌و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌یه، چونكه "لای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ژنان ته‌نها ئه‌ركیان په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ‌و بایه‌خدانه به‌ماڵ، نه‌وه‌كو چه‌ك هه‌ڵگرتن".
دوای باسكردن له‌دابه‌شكردنی كورد‌و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتوه، نوسه‌ر دێته سه‌ر باسكردنی دۆخی ئێستای ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی دوای ده‌ركه‌وتنی چه‌كدارانی داعش‌و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سوریا‌و عێراقدا. مۆرده‌خای ده‌ڵێت "هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی كوردان موسڵمان‌و سوننه مه‌زه‌بن، به‌ڵام ره‌تیانكرده‌وه به‌یعه‌ت به‌داعش بده‌ن، بۆیه شه‌ڕیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه، تاوه‌كو كۆمه‌ڵكوژ نه‌كرێن".
له‌ئێستادا شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، بۆته ره‌مزی به‌رخۆدانی كوردان به‌رانبه‌ر چه‌كدارانی داعش‌و له‌جیهاندا باس ده‌كرێت. كاتێك ئه‌م نوسه‌ره باس له‌كۆبانێ ده‌كات ره‌خنه له‌توركیاو سوریا‌و وڵاتانی جیهان ده‌گرێت. له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "ئه‌سه‌د چێژ له‌بینینی ئاواره‌بونی كوردان بۆ توركیا ده‌بینێ، توركه‌كان رقیان له‌كورده‌و هیچ یارمه‌تیه‌كیان ناكه‌ن، رۆژئاوا سه‌رقاله‌به ڤایرۆسی ئیبۆلاو پاراستن‌و نه‌كه‌وتنی به‌غدا، ته‌نها كورده‌كانی عێراق‌و توركیا ده‌یانه‌وێت پشتیوانیان بكه‌ن".
ئه‌م نوسه‌ره، بڕوای وایه ته‌نها هێزی سه‌ربازی كوردیی‌و پێكه‌وه‌بونی لایه‌نه‌كان‌و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كورد گه‌ره‌نتیه بۆ ئه‌وه‌ی كوردان ژیانێكی ئازادانه له‌سه‌ر خاكی خۆیان بژین، كه هه‌زاران ساله‌تیایدا ده‌ژین‌و "نه داگیریانكردوه‌و نه به‌ئاواره‌یی بۆی هاتون، له‌به‌رئه‌وه له‌خاكی خۆیان ده‌بن‌و بۆ شوێنی تر ناچن".
له‌باره‌ی كوردانی سوریاوه، مۆرده‌خای هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات ده‌یانه‌وێت وه‌كو كوردانی عێراق ببنه خاوه‌نی حوكمێكی فیدراڵی شێوه سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام له‌مه‌دا دوچاری به‌ربه‌ستی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا ده‌بنه‌وه، چونكه "توركیا دژی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی كوردییه، به‌تایبه‌تی له‌و خاكه‌ی به‌شێكه له‌سوریا". پاشان ده‌ڵێت "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه توركیا بڕێكی باشی به‌رپرسیارێـتی ئه‌خلاقی خۆی هه‌ڵگرێت‌و دان به‌مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورددا بنێت".
هه‌ر له‌وتاره‌كه‌یدا، مۆرده‌خای داوا له‌رۆژئاواو به‌تایبه‌ت ئیسرائیل ده‌كات، له‌به‌رانبه‌ر مافه قانونیه‌كانی كورد له‌وانه‌ش ده‌وڵه‌تی كوردیی سه‌ربه‌خۆ، هه‌ڵوێستی ئه‌خلاقی‌و كرداریان هه‌بێت نه‌وه‌كو ته‌نها قسه‌و ئه‌وه‌ش به‌ته‌نها رێگه ده‌زانێت بۆ ده‌ربازبون له‌و سته‌مه‌ی سه‌رده‌مانێكی زۆره به‌سه‌ریاندا سه‌پێنراوه. راشكاوانه ده‌نوسێت "ده‌وڵه‌تی كوردیی روداوی داهاتوی ناوچه‌كه ده‌بێت، سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی به‌هاری نه‌ته‌وه‌كانیش ده‌بێت، دوای (166) ساڵ له‌و به‌هاره‌ی له‌ئه‌وروپا رویدا".
له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، ئه‌و نوسه‌ره ده‌نوسێت: پێویسته جیهان بزانن كه: ئێستا كاتی راگه‌یاندنی مردنی ده‌وڵه‌ته دروستكراوه‌كانی وه‌كو عێراق‌و سوریایه، كه به‌پێی رێككه‌وتنی سایكس بیكۆ دروستكران. ئێستا كاتی دوباره نه‌خشه‌كێشانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌یه، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌كانیان نه‌وه‌كو به‌رژه‌وه‌ندیی سایكس بیكۆ، ئیستیعمار حه‌فتا ساڵه نه‌ماوه‌و ئێستا كاتی سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانێتی ئه‌ویش سنوری عێراق‌و سوریایه.
31/10/2014