هادی سۆفی زادە
ڕەوتی ڕوداوەکانی دنیا دوای کارەساتی ١١ی سێپتامبێری ٢٠٠١یان ناڕاستی خوێندنەوەی بیرو ئەندیشەی فرانسیس فۆکۆیامای دەرخست کە لە کتێبی کۆتایی مێژوو ( پایان تاریخ ) ڕوخانی بلوکی سوسیالیستی بە مانای یەک جەمسەری بونی سیستەمی سیاسی دنیا پێناسە کردبو. لە هەمبەردا ڕوانگەی ساموئێل هانتیگنتۆن بە ڕاست گەڕا کە لە کتێبی لێکدانی کولتورەکان ( برخورد تمدنها ) دنیای ئیسلامی بە جەمسەری نوێی جیهانی لە هەمبەر دنیای ڕۆژئاوا تەفسیر کردبو. کارەساتی ١١ سیپتامبێر بوە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی خوێندنەوەیەکی نوێان بۆ جیهانی ئیسلام هەبێت و دنیای ئیسلام بە جیددی بگرن. لە ڕاستیدا بە دوای ١١ی سیپتامبردا وڵاتانی ڕۆژئاوایی تێگەیشتن کە لە ئەوان پێویستە تەعاموڵ لە گەڵ ئیسلامی نەرم بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش ٣ جۆر ئیسلامی تاقیکراوەی بەر دەستی خۆیان واتە ئیسلامی هێندی ( لە بریتانیا ) ، ئیسلامی ئەفریقایی ( لە فەڕانسە ) و ئیسلامی تورکی ( لە ئاڵمان ) لە هەمبەر ئیسلامی توندڕەو یان هەڵبژارد و لە نێوان ئەو سێ بژاردەش دا بە زۆر هۆی جوغڕافی و ئابوری و ئەمنییەتی، ئیسلامی تورکیان پێش خست. کاتێک ئۆباما بو بە سەرکۆماری ئەمریکا، یەکەم وڵات کە سەردانی کرد، وڵاتی تورکیە بو، لەوەش گرنگتر لە جیاتی سەفەری دیپلوماتیک تەنیا سەردانی شوێنە ئایینی و مێژوییەکانی ئەو وڵاتەی کرد. ئەمە ئاماژەیەکە بۆ گرنگی پێدانی ئیسلامی تورکی لە ئاستی دنیادا.
لە ئاستی ناوچەییدا، لە سەرەتای دەسپێکی سەرهەڵدانی وڵاتانی عەرەبی کە بە بەهاری عەرەبی ناسێندرا، ئەو وڵاتانە بە پێی باکگراوندی مێژووی و هەنوکەیی کە بەشێک لە ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی بون و هێژمونی سیستمی تورکی لە ناویاندا هەرمابو، بە ئیزافەی زۆر هۆکاری دیکە، سیستەمی حوکمڕانی لە چەشنی تورکیەی ئەمڕۆییان وەک ئولگوی سیاسی دواڕۆژی خۆیان بەناو ئەکرد. هەر لە سەردەمی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی داد و گەشەپێدان و ئاوڕدانەوەی ئەو پارتە بەرەو ڕۆژهەڵات ( رویکرد شرقی )، توانی جگە لە بە دەست هێنانی بازاڕی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ( وڵاتانی عەرەبی، ئاسیای ناڤین و قەفقاز )، لە ڕێگای بازاڕەوە سیمایەکی نوێ ( بە کولتووری ئیسلامییەوە ) لە خۆی نیشان دا کە هەم جێگای پەسەندی وڵاتانی خانەخۆی بون هەم جێگای پەسەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بو. هەر وەک ئەردۆغان بۆ خەڵکی وڵاتەکەی دەڵێت کە دەبێ هەر تورکێک لە هەر شوێنێکی دنیا ئەبێ سەفیری وڵاتەکەی خۆی بێت. لە بیر نەکەین وڵاتانی ناوچەکە لە هەمبەر شیعەی ئێرانی سەمپاتیێکی زیاتریان بە سوننی تورکی هەیە . حەساسییەتی وڵاتانی عەرەب بە ئێران لە ئاستێکدایە کە خاڵی هاوبەشی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دژایەتی ئێرانە. هەرچەند بەحس لە سەر وڵاتانی عەرەبی نیە، بەڵام ئەو هۆکارانە و زۆر هۆکاری دیکە بونەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی سوننی تورکیە ببێتە ئۆلگو بۆ وڵاتانی عەرەبی.
لە مێژووی نوێی تورکیەدا، شارەزایانی بواری مێژوو لە سەر ئەو باوەڕەن ئاتاتورک لە سەر بنەمای دین بناخەی تورکی نوێی هەڵچنی. ئاتاتۆرک هەر موسوڵمانێکی وەک تورک پێناسە کرد و تەنیا مەسیحییەکانی نەتوانی بکا بە تورک. لە ڕاستیدا دەوڵەتە لائیکەکانی پێشو لە دین دانەبڕان و دین بنەمای نەتەوە چییەتی بوە و کودتای نیزامییەکانیش کە بە بیانووی پاراستنی سیستمی لائیکی ئەو وڵاتە کراون لە بنەڕەتدا لە خزمەت ئیسلام چییەتیدا بوە. بە پێی ئامارێک کە لە کتێبی تورکەکانی ئەمڕۆ لە نوسیتنی ێندرە مانگو کارمەندی پێشوی سەفارەتی بریتانیا لە ئانکارا نوسراوە، لە ماوەی ٢ ساڵ دەسەڵاتداری کودتاچییەکانی ساڵی ١٩٨٠ ڕێژەی دروست کردنی مزگەوت لەو وڵاتەدا لە سەدا بیست زیادی کرد و لەو ساڵێنەدا مەدەرەسە ئیسلامییەکان کرانەوەو خوێندنی کتێبی دینی لە مەدرەسە ئیجباری کرا. ژنڕالەکانی تورکیە بۆ تێکشکاندنی هزری چەپ لە تورکیە هەمیشە مەزهەبیان پێش خستوە. ئاتاتورک نەتەوەی تورکی بە سەرچاوەی تەمەدون پێناسە ئەکرد، لە کاتێکدا زۆربەی بابەتە دەرسییەکانی ئەو وڵاتە لە کتێبی فەڕانسی وەرگیراوە!. وڵاتێک کە بودجەی نیزامی ٦٠% بەڵام بودجەی پەروەردەی ٢،٢ لە سەدە.
لە ناو تورکەکاندا مێژووی پێش ئیسلام هیچ بایەخێکی لایان نیە و دین هەوێنی ناسنامەی نەتەوەییەتی یانە. بە واتایەکی دیکە دینی ئیسلام بۆ تورک هەمان گرنگی هەیە کە دینی یەهود بۆ جولەکەکانی هەیە. تاناوەڕاستەکانی سەردەمی دەسەڵاتداری عوسمانی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی تورکیە یونانی، مەسیحی ( ارتدوکس ) تورکی کۆچەری و خێوەت نشین، کورد و بوسنیایی بوون و تاکە ڕێگا بۆ وڵاتێک کە تورک تیای باڵادەست بێت، ئیسلام بو. هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئیسلام وەک کەرەستە توانیان تەواوی ئەو نەتەوانە لە بەین ببەن یا سەرکوتیان بکەن. ئەمڕۆ لە ڕوانگەی ئیسلام چییەکانی ئەو وڵاتەوە دەنگدان بە حیزبێکی ئیسلامی بە مانی دەنگدان بە پێناسەی نەتەوەیی بە حساب دێت.
پارتی داد و گەشەپێدان کە ئەمڕۆ دەسەڵاتداری تورکیە، ئاوێنەی تەواوعەیاری کۆمەڵگای تورکیەیە. ئەردۆغان لە کۆبونەوەیەکی ئەندامانی پارتەکەی دەڵێ کاتێک سڵاوتان لە خەڵک کرد، ئەگەر وتتان سەلام وعەلیکم و وڵێمی نەدایەوە بڵێێن مەرحەبا، ئەگەر هەر جوابی نەبو، تێ بگەن کە ئەوە تورک نیە. واتە لە سڵاوو عەلەیک کە ئیسلامی بێت، نیشانەی تورک بونیشە. سناریوی ئەردۆغان چەند ساڵ پێش لە کۆنفڕانسی داووس وە یا ناردنی یارمەتی بۆ کەرتی غەزە دەسکەوتی ناوخۆیی هەبو وە سەرکەوتنی خۆی تیا ئەبینێتەوە.
شارەزایان سیاسەتی ئیستای تورکیە بە نئوعوسمانی و پاوانخوازی کۆن دەشوبهێنن، ئەگەرچی ئەوە تا ڕاددەیەک ڕێستە، بەڵام لە ڕاستیدا هاتنە سەرکاری ئاکەپە وەک ڕوسیای دوای هەڵوەشانی سۆڤیەت وایە. حکومەتی بلشویکی لە سۆڤیەت لە ماوەی دەیان ساڵ دەسەڵاتدارتی خۆیدا درگای کلیساکانی داخستبو، بە ڕوخانی سیستەمی سوسیالیستی کلیساکان بوژانەوەو مەسیحییەت لەو وڵاتە زیاتر لە هەر وڵاتێکی مەسیحی گرنگی پێ ئەدرێت و زیاتر لە جاران گرێدراوی مەزهەبن، لە تورکیەش دوای دەیان ساڵ تەزاهور بە سکیولاریسم، خەڵک بە هەڵبژاردنی مزگەوتەکان پێناسەی خۆیان بە دەست هێنایەوە. زولفو لیوانلی نامزەد و ڕەقیبی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ لە ساڵی ١٩٩٤ کە لە ئەردۆغان شکستی خوارد، لە گەڕانەوەی کۆمەڵگای تورکیە بۆ ئیسلام گەرایی دەڵێ، نەنکی من کە لە سەردەمی عوسمانی دا ژیاوە لەچکی بە سەرەوە نەبو بەڵێم کچە یانزە ساڵەکەی من لەچک لە سەر ئەکات.
تورکەکان هەمیشە لە هەمبەر ئێران تەزاهور بە سکیولاریسمەوە ئەکەن و لە هەمبەر ئوروپا تەزاهور بە ئیسلام ئەکەن. بە هەمو ئەو تەناقوزاتە مێژوییانەوە کە لە مێژووی تورکیەدا دەبیندرێ، تورکیە مەودایەکی زۆری بۆ گەیشتن بە دیموکڕاسیێکی ڕاستەقینە لە پێشە. بەڕێز ئۆجەلان قسەیەکی هەیە کە دەڵێ: هەر حکومەتێک کە بناخەیەکی مەحکەمی فەلسفی لە پشت دیموکڕاسیەکەی نەبێت، ئەو دیموکڕاسیە بەرەو گەندەڵی ئەڕوات و سەرکەوتو نابێت. دەنگی نوێ خوازی لە تورکیە لە لایەن کوردەکانەوە بوەو یەکەم جار لوتفی فکری نوێنەری ئامەد ( دیاربەکر ) پاڕڵمانی سەردەمی عوسمانی لە لە ساڵی ١٩١٢ داوای جیایی دین لە سیاسەتی کرد، داوای بە لاتینی کردنی ئەلفوبێی تورکی کرد، داوای یەکسانی مافی ژنو پیاوی کرد و ٢٥ ساڵ دوای ئەو ئاتاتورک ئەو پلانە بە ناوی خۆیەوە سەبت کرد. لە بیر نەکەین لە ئێرانیش بۆ یەکەم جار قازی موحەممەد پێشنیاری بە لاتینی کردنی ڕێنوسی زمانی کوردی کرد.
24/10/2014