مەهدی محەممەد رواندزی
شەماڵ دەستبەرداری زۆربەی ئەو خۆشیانە بووە كە زۆربەی مرۆڤەكان خۆزگەی بۆ دەخوازن، ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سروشت و دوا ساتەكانی ژیانی بەبڵاوكردنەوەی پەیامی سپی بە جیهاندا بەسەربەرێت. روو لە هەر وڵاتێك بكات، باڵندەیەكی سپی بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوە و لە دوای خۆشی پەیامی ئاشتی بەجێدێڵێت. لەكاتێكدا جیهان سەرقاڵی شەڕی دژی تیرۆرە، شەماڵ قادر دەیەوێت بە دەستێك چەپڵە لێبدات و بە هێزی چاكە رووبەڕووی هێزی خراپە ببێتەوە. شەماڵ قادر، 40 بەهار تەمەنیەتی، بەڵام پاییزی تەمەن لە رووخساریدا بە تەواوی دەركەوتووە و سەرو ریشی سپی هەڵگەڕاوە. شەماڵ زۆربەی كات قژە درێژەكەی بەردەداتەوە و تێكەڵ بە ریشە درێژەكەی دەبێت، بەردەوامیش دارێكی درێژ بە دەستەوە دەگرێت و لە كێو و دۆڵان دەگەڕێت. شوێنی مانەوەشی ژێر كەپرێكە لە دەرەوەی شارێكی ئەڵمانیا. شەماڵ خەڵكی شارۆچكەی دووكانی پارێزگای سلێمانی و دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانییە.
ساڵی 1995 كوردستان جێدەهێڵێت و روو لە ئەڵمانیا دەكات، لەوێ 6 ساڵ ئەكادیمیای هونەر دەخوێنێ، دواتریش دەست بە خوێندنی ماستەر دەكات، بەڵام لە نیوەی رێگا وازدێنێت و روو لە كارێكی مرۆڤدۆستانە دەكات، ئەویش بڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتییە لە جیهاندا.
ئەو پیاوە كە لە ئاوەدانی یاخی بووە و زۆربەی كات لە دۆڵ و دەشتودەر دەبینرێت، تاوەكو ئێستا ژیانی هاوسەری پێكنەهێناوە. ئەو جگە لە زمانی كوردی، زمانەكانی ئەڵمانی، ئینگلیزی، توركی، عەرەبی و فارسی دەزانێ.
ئێستا سەرقاڵی پرۆژەیەكە بە ناوی "باڵندەی ئاشتی". ئەو دەڵێت "دەمەوێت باڵندەی ئاشتی بكەمە مەسیجێك بۆ خۆم، تاوەكو لە ئاسمانەوە نامەیەك بە مرۆڤایەتی و نەتەوەكەم بگەیەنم".
شەماڵ باس لەو پرۆژەیە دەكات كە هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخانكردووە "هەموو ژیان و خولیا و تەمەن و هێزی خۆم بەخشی بۆ پرۆژەیەك، هەستدەكەم كارەكانی ئەو پرۆژەیەم دەبێتە جێی سەرنجی زۆربەی زۆری مرۆڤایەتی و لەهەموو شوێنێكی دونیا دەنگ دەداتەوە".
شەماڵ جگە لەوەی لە زۆربەی شارەكانی ئەڵمانیا گەڕاوە و پەیامی ئاشتی بڵاودەكاتەوە بەقسەی خۆی تاوەكو ئێستا سەردانی 25 وڵاتی كردووە و باڵندەی ئاشتی لە ئاسمانی ئەو وڵاتانەدا هەڵفڕاندووە.
پەیكەرەكانی باڵندەی ئاشتی لە چەند مۆزەخانەیەك جێیان بۆ كراوەتەوە و ئاسمانی چەند وڵاتێكیش باڵندەكانی شەماڵیان لەئامێز گرتووە، ئەو پەیكەرانە لە ئەلەمنیۆم و پلاستیك و دار و تەختە و ئاسن دروستكراون.
شەماڵ كوردستانیشی لەبیر نەكردووە، ئەوەتا بۆ ئەوەی ئاسمانی نیشتمانەكەی بەردەوام لەئاشتیدا بێت، خۆی و باڵندەكانی گەڕاونەتەوە، بەڵام دەڵێ هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووە.
ئەو پێناسەی خۆی بەو جۆرە دەكات "شەماڵ مرۆڤێكە بە شوێن راستی و سەرچاوەكانی بووندا دەگەڕێت، دەستبەرداری هەموو درۆ و دەلەسەیەكی دونیا بووە و سروشت و خودا بەهرە و توانای زۆریان پێبەخشیوە، لە دونیایەك لەدایكبووە كە شوێنی مرۆڤە پاك و راستگۆكانی تێدا نابێتەوە، ئەوانەی وێڵن بە دوای راستییەكانی ژیاندا".
شەماڵ پێیوایە ئەو تەنیا مرۆڤە كە شەیتان نەیتوانیوە زەفەری پێ ببات و بیكاتە مرۆڤێكی دڵڕەق و دڕندە و مرۆڤكوژ.
زۆر لە هاوڕێیەكانی پێیانوایە كە شەماڵ لە رووی پۆشینی جلوبەرگ و گەڕان بە نێو سروشت و دوورەپەرێزبوون لەمرۆڤەكان، جۆرێك لە لاساییكردنەوەی پێغەمبەرەكانی پێوە دیارە، بەڵام شەماڵ ئەوە بەهەموو شێوەیەك رەتدەكاتەوە، گەرچی ئەوەش ناشارێتەوە كە فریشتەی بینیون.
سەبارەت بە پێشوازی خەڵك لە پرۆژەكەی دەڵێت "كاتێك لە شارەكانی ئەڵمانیا دەگەڕێم، خەڵك بەشێوەیەكی زۆرباش و جوان پێشوازیم لێدەكەن و لەكاتی قسەكانیشم زۆر بە هەستیارییەوە گوێم لێ دەگرن". بەڵام دەڵێت بەردوام لەلایەن خێزانەكەی و برادەرەكانی رووبەڕووی توندوتیژی و سووكایەتی بووەتەوە".
شەماڵ لە ئەكاونتی خۆی لەسەر تۆڕی فەیسبووك وێنەیەكی بڵاوكردووەتەوە كە لەگەڵ دوو كچی شۆخ و شەنگ دەردەكەوێت و جەستەی دەشێلن، لەبارەی وێنەكەوە دەڵێت "دەمارێك لەپشتم ئازاری هەبوو، ئەوانیش هاتن بەو شێوازە هەوڵیان دەدا ئازاری پشتم كەم بكەنەوە و چارەسەرم بكەن، كچێكی هاوڕێم هەیە خەڵكی نەمسایە، تەنیا بە تیشكی خۆر و ئاو دەژیت، منیش خۆرم هەیە و جاری وا هەیە ماوەی دوو رۆژ هیچ شتێك ناخۆم".
23/10/2014