قادر خەندەرەش
ماوەی نزیک بە چارەگە سەدەیەکە حیزبەکانی رۆژهەڵات جا چی بە دڵخوازی خۆیان بێت یان بە زۆری؛ وازیان لە خەباتی چەکداری هێناوە و لە چەند کامپێک و لە قوڵایی کوردستانی باشوور دانیشتون و سەرقاڵی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خۆیانن، دیارە بێجگە لە هەندێک کاروباری سیاسی و سەردانی کردنی یەکتر؛ جارو بارەش دابڕان و دوبەش و سێبەش بوون بۆتە بە بەشێک لە ژیان و خەباتی ئەو حیزبانەی رۆژهەڵات و جار جاریش مۆڕ بونەوە و تانەو تەشەر لە یەکتر دان و یەکتر بوغزاندن بەشێکی دیکەیە لە ژیانی نێو ئەو کامپانە.
هەر دوا بە دوای هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان یەکێتی و پارتی لە لایەک و تیرۆریستەکانی داعش لە لاکەی دیکەوە، حیزبەکانی رۆژهەڵات هەر یەکە و لە لای خۆیەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەرگری کردن لە کوردستانی باشوور، دیارە هەر یەک لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەکان تەنانەت هێزەکانیشیان رەوانەی مەیدانەکانی شەڕ کرد و یەک دوو رۆژیش لە مەیدانی شەر مانەوە، بەڵام دیار بوو دراوسێ و دۆست و هاوپەیمانەکانی حیزبەکانی باشوور واتە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ڕازی بەو بەشداریپێکردنەی حیزبەکانی رۆژهەڵات نەبوو لە پارێزگاری کردن لە کوردستانی باشور، هەر بۆیە داوایان لە هێزەکانی حدکا و کۆمەڵەکان کرد کە بچنەوە کامپەکانیان و پێویستیان بە هاوکاری ئەمان نییە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کوردستانی رۆژهەڵات لە ژێر دژوارترین بارودۆخی سیاسی و نیزامی توندی ئەمنیەتی ڕێژیمی داگیرکەر دا دەناڵێنێت و خەڵکی کورد لە رۆژهەڵات لە ژیر توندترین دا دەناڵێنن و رۆژ نییە دەیان و بگرە سەدان کەس لە خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمان پەروەر بە بەهانەی جۆربەجۆر نەکوژرێن یان نەگیرێن و نەخرێنە بەندیخانەکانەوە، حیزبەکانی رۆژهەڵات بەبێ بیرکردنەوە لەوەی کە ئایە ئەوە ڕەوایە کە خەڵکی خۆت و بنەماڵە و کەسوکار و خوشک و برا و دایک و باوکی خۆت لە ماڵی خۆیدا بکوژن و یان بیگرن و زیندانی بکەن، کەچی تۆ بە نێوی بەرپرسیارێتی و هەستی نیشتمان پەروەری و نەتەوایەتی؛ کە هیچ شك و گومانێک لەوە دانییە و ڕاست نەبوە و راست نییە؛ هێزەکانی خۆت بنێری بۆ بەرەی شەڕ و پارێزگاری کردن لە باشوور، لە کاتێکدا خەڵکەکەی خۆت زۆر لە باشوور زیاتر پێویستی بە تۆیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە باشور ئازادە و هەرکام لە هێزە سیاسیەکان دەیان و بگرە هەزاران پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگریان هەیە و هیچ پێویستیان بە چەند سەد پێشمەرگەیەکی حیزبەکانی رۆژهەڵات نییە، هەموو لایەک باش دەزانن کە ڕەنگە بچوکترین حیزبی باشوری لە باری چەندایەتییەوە دوو ئەوەندەی هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی پێشمەرگە هەبێت، دیارە یەکێتی و پارتیش ئەوە هەر بۆیە نابێت هێزەکانیان لەگەڵ هێزی حیزبەکانی رۆژهەڵات بەراورد بکرێت، بەڵام بەداخەوە حیزبەکانی رۆژهەڵات تەنیا لەبەر چەند هۆکارێکی ئابوری ناچیز و لەژێر نێوی هەستی نەتەوایەتی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەبێ ئەوەی گوێ بە ناڵە و داد و هاواری خەڵکی خۆیان بدەن، بەبێ ئەوەی چاوێک بە بارودۆخی ژنان و پیاوانی کوردی بەند کراو لە زیندانە گەورەکەی ڕێژیمی تاراندا بخشێنن، بێ ئەوەی گوێ بدەنە گریە و زاری دایک و باوکانی جەرگ سوتاو، بەبێ ئەوەی گوێیان لە گریەو زاری منداڵە بێ باوک و هاواری ژنان و پیاوانی کوردی بەنداکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی داگیرکەر بێت و هیچ ڕێزێک بۆ خوێنی ئەو شەهیدانە دابنێن کە لە پێناو پاراستنی خاک و وڵاتەکەیان دا خۆیان فیدا کرد و منداڵەکانیان بێ سەرپەرشت و کەسوکار مانەوە، دەچن بۆ پارێزگاری کردن لە باشور و بە قەولی خۆیان ئەرکی نیشتمانی و بەرپرسیارێتی نەتەوەییان بەجێ دەگەیەنن!
لێرە دا بە رەوای دەزانم کە پرسیارێک ئاڕاستەی دێمۆکراتەکان و کۆمەڵەکان بکەم و بڵێم ئەگەر بەڕاستی ئێوە دەتانهەوێت ئەرکی سەرشانی خۆتان بەجێبگەیەنن و ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و مێژویی و یاسایی و شەرعیەی کەوتۆتە سەر شانتان بەجێ بگەیەنن، بۆ ناچن لە وڵاتی خۆتان و لە نێو خەڵکی خۆتان و خاکی خۆتان پارێزگاری لە خۆتان و کەسوکاری خۆتان بکەن؟ ئێوە کە لە باشور پێتان دەڵێن ئاوارە و کوردی ئێران، کەوایە کام ئەرکی نەتەوەیی و کام بەرپرسیارێتی نیشتمانییە ئێوە دەگرێتەوە؟! منێک یان تۆیەکی وەک کوردەکانی عراق دەڵێن کوردی ئێرانی ئەرکی چی لەسەر شانە؟ ئەرکی پارێزگاری کردن لە خاک و کەسوکاری خۆت یان خاکی کەسێکی دیکە کە تۆ بە بێگانە و میوانی نەخوازرا دەزانێت؟!
رەنگە خراپ نەبێت ئەگەر لێرەوە هەموو باشوریەکان دڵنیا بکەم لەوەی کە من و هەموو خەڵکی رۆژهەڵاتیش وەک چۆن خاک و وڵاتی خۆمان "رۆژهەڵات" مان خۆش دەوێت، هەر بەوجۆرەش باشوور و باکوور و رۆژاوامان خۆشدەوێت و پێمانخۆشە سەربەخۆ بن و چیدیکە ژێردەستەی عەرەب تورکەکان نەبن، بەڵام دڵنیاشاتان دەکەمەوە درۆیە گەر من یان رۆژهەڵاتیەکی دیکە بڵێت باشوور یان باکوور و رۆژاوام بە ئەندازەی رۆژهەڵات خۆش دەوێت و وەک چۆن دڵم بۆ رۆژهەڵات دەسوتێت، ئاواش بۆ پارچەکانی دیکە، دیارە خەڵکی پارچەکانی دیکە ش هەر بەوجۆرەن و ئەوەندی دڵیان بۆ پارچەکەی خۆیان لێدەدات ئەوەندە بۆ رۆژهەڵات لێنادات و بەو ئەندازەیەش هەست بە برپرسیارێتی نەکەن لە ئاستیدا.
جا بۆیە جارێکی دیکە ڕوو دەکەمەوە هێز ولایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵات و دەڵێم، بە باوەری ئێوە دەکرێت ئێمە ببین بە قوربانی و خۆمان بکەین بە پردە بازی ڕێگای ڕزگاری باشوور، باکوور یان رۆژاوا و بۆخۆشمان تێدابچین و بیر لە خۆمان نەکەینەوە، لە کوێ و لە کام وڵات و لە کام گۆشە و قوژبنی دونیادا هەمچون شتێک رویداوە کە دە دوازدە میلیۆن مرۆڤ ببێت بە قوربانی لە پێناو ڕزگاری یان خۆشبەختی چوار پێنج میلیۆن کەس دا؟ ئەگەریش پێتان وایە و بەو ئاواتەن کە هاوکاری و پاڵپشتی کردنی باشوور لەمرۆدا دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە داهاتوو دا باشوریەکان هاوکاریتان بکەن و پشتیوانیتان بکەن، ئەوە زۆر بە هەڵدا چونە و دەتوانم بڵیم چەوتتان خوێندۆتەوە! چونکە کۆبانی کە ئێستا لە خراپترین و دژوارترین بارودۆخ دایە و خەریکە تراژیدیایەکی مرۆیی تێیدا ڕوو دەدات، باشوریەکان چەندە لایان لێکردەوە و چەندەیان یارمەتی دا و چەندە بە هاواریانەوە چوون؛ هەر ئەوەندەش بە دەنگ ئێوەوە دێن و هەر ئەوەندەش هاوکاریتان دەکەن، خەڵکی کۆبانی بە بەر چاوی باشوریەکان و هەموو دنیاوە هاوار دەکەن و دڵێن هاوکاریمان بکەن، چەکمان بۆ بنێرن، تەنانەت ئامادەن ئەگەر بە پوڵ و پارەش بێت چەک و تەقەمەنی بکڕن، بەڵام حیزبەکانی باشوور وەک ئەوەی نە گوێیان هەبێت و نە چاویان ببینێت، نە باسی دەکەن و نە خەمیشی پێوە دەخۆن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دۆستایەتیان گەرمتر دەکەن دەکەڵ پشت و پشتیوانانی ئەو گروپەی کە سات بە سات هێرشەکانی توندتر دەکات بۆ سەر کۆبانی و سات و سەودای بەنزین و نەفتیان دەگەڵ دەکەن، ئێستا کە ئێوەش وەک هەموو خەڵک ئەو هەڵوێستانەی باشوریەکان دەبینن بەرانبەر بە کۆبانی، ئەی باشە دڵتان بە چی خۆش کردووە و هیوا و هومێدتان بە کام پەیمان وبەڵێن هەیە کە ئەگەر باشوریەکان پێتانیان دابێت؟! دڵنیا بن ئەو پەیمان و بەڵێنەی کە بە رۆژاوایان دەداو لە کۆبونەوەکانیان و لە نێو چەپڵەڕێزانی رۆژاواییەکاندا خۆیان هەڵدەکێشاو دەیانگوت دەتانپارێزین؛ چەندیان بەجێگەیاند، هەر ئەو پەیمانەش بە رۆژهەڵات دەدەن و هەر ئەوەندەشی بەجێدەگەیەنن، ئیدی کەوایە بۆچی و هەتا کەنگێ خۆتان و خەڵکەکەتان بە نێوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کورد و خاکی کوردستانی باشوور فریو دەدەن؟! بۆچی و هەتا کەنگێ خۆتان و خەڵکی خۆتان دەکەن بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی باشوور؟ ئەوە نزیک بە چارەگە سەدەیەکە ئێوە وەک میوانێکی نەخوازراو و بونەتە سەربار بەسەر شان و ملی باشوور و ئەمانیش هەر جار نا جارێ ئەوەتان بەچاو دادەدەنەوە کە شوێن وجێگەو ڕێگەیان داون و بەخێوتان دەکەن و ئاگایان لێتانە، ئێوەش بە بەهانەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی باشوور و هەستی نەتەوایەتی؛ خۆتان لەو ڕاستیە گێل کردووە کە خەڵکێک چاوی لە ئێوەیەو میلەتێک کە ئەو هەموو لاوە خوێن گەرمەی دایە دەستتان و ئێوەش بەڕێتانکردنە مەیدانی شەڕی وەدەست هێنانی ئازادی و لەو پێناوەشدا هەزاران کەس گیانی خۆیان فیدا کرد و خوێنی خۆیان بەخشی، بۆ ئەوە نەبوو کە ئەوڕۆ بێ پشت و پەنا بەجێیان بێڵن و خۆتان لە ئاستیان دا بە بەرپرس نەزانن، ئێوە دێمۆکرات و کۆمەڵەکان بەرپرسن لە ئاست ئەو هەموو زوڵم و زۆریەی کە لە نەتەوەکەمان دەکرێت و رۆژانە ژنان و پیاوانمان بە دەستی جەلادەکانی ڕێژیمی داگیرکەری تاران دەگیرێن، ڕاودەنرێن، لێیان دەدرێت و دەکوژرێن، ئێوە کە خۆتان بە خاوەنی هەموو کوردستانی رۆژهەڵات دەزانن و عاشاش لەو ڕاستییە ناکرێت، کەوایە بۆچی ئاوا نابەرپرسانە گوێتان لە ئاست هاوار و داد و فغانیاندا ئاخنیوە و چاوتان بەرانبەر بە داواکاریەکانیان قوچاندوە؟! ئێوە کە خۆتان بە خاوەنی رۆژهەڵات دەزانن، کەوایە دەبێ ئەو راستیەش قەبوڵ بکەن کە هەموو ئەو گوشار و نەهامەتیانەی کە کەوتۆتە سەر ئەو میلەتە مەزڵومە، راستە کە ڕێژیمی داگیرکەری تاران بکەریەتی، بەڵام ئێوەش لێی بەرپرسن و دەبێ کار بکەن بۆ ئەوەی ڕێژیم چیدیکە نەتوانێت ئاوا بێ بەزەییانە گوشارەکانی بخاتە سەر نەتەوەکەمان.
کەوایە بەسە و چیدیکە بە نێوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و هەستی نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و کوردستانی بوونەوە ئەو ئەرکە مێژویەی کە کەوتۆتە سەر شانتان لە بیری مەکەن و رۆژهەڵات مەکەن بە قوربانی لە پێناو باشوور دا، چونکە بە قوربانی کردنی رۆژهەڵات گەورەترین هەڵەی مێژووییە کە دەکەوێتە سەر شانی ئێوە، ئێوەش دەبێ باش ئەوە بزانن کە باشوور وێڕای ئەوەی کە کوردستانە، بەڵام هەرگیز ئامادە نییە تەنانەت قازانج و بەرژەوەندیە مادییەکانیشی بخاتە مەترسییەوە لەبەر رۆژهەڵات یان باکور و رۆژاوا، کەوایە ئێوەش نابێ نەتەوەکەتان و خاکەکەتان بکەن بە قوربانی قازانجە ئابوریەکانی باشوور.
رەنگە بارودۆخی فەلەستینییەکان و ئەو ٢٢ دەوڵەتە عەرەبی و ٣٠٠ میلیۆن عەرەبە نمونەیەکی باش بێت بۆ کوردستان و ئێمەی کورد بۆ ئەوەی پارچەیەک نەکرێت بە قوربانی لە پێناو پارچەکەی دیکەدا.
4ـ سیاسهتی كاری له ویبسایتی كۆماریخوازان، سیاسهتی رهسمی بزووتنهوهی كۆماریخوازی نیه، ههموو ئهو بابهتانهی بلاو دهبنهوه تهعبیر لهسیاسهتی بزووتنهوهی كۆماریخوازی ناكەنو به تهنیا نوسهران بۆخۆیان بهرپرسن له ناوهرۆكی وتارهكانیان.
19/10/2014