سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەو سنوورانەی دوای رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ داندراون، پیرۆزییان نەماوە و عێراق و سووریا بە کرداری دابەشکراون و داعش بە ئارەزووی خۆی سنوور دیاری دەکات.
هیچ شتێك لە گشتپرسی پاشگەزمان ناكاتەوە
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کاناڵی سکای نیوز، ئاماژەی بە ستراتیژی شەڕ لەگەڵ داعش کرد و رایگەیاند،" ستراتیژیەتی ئێمە دوورخستنەوەی داعشە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان. چاومان لە خاکی کەس نییە، بەڵام رێگە بە داعش نادەین بستێک لە خاکی کوردستان داگیر بکات".
بارزانی ئامانجی سەرەکی داعشی بە "لاوازکردنی دۆزی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان" ناو برد و گوتی،" داعش تەواوکەری رێکخراوە تووندڕەوەکانی دیکەیە و بەدەستهێنانی ئەو هەمووە چەکە و دەرکەوتنیان زۆر پرسیاری لامان دروستکردووە".
"دڵم پارچە بووە کاتێک دەبینم كۆبانێ گەمارۆدراوە"
سەبارەت بە رەوشی کۆبانێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،" کۆبانێ بەرگرییەکی زۆر دەنوێنێت و پەکەکە رۆڵێکی گەورەی هەیە لەو بەرگرییەدا". بارزانی دەربارەی یارمەتی گەیاندن بۆ کۆبانێ گوتی،" دڵم پارچە بووە کاتێک دەبینم شارێکی کوردی گەمارۆدراوە و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی ناتوانین هیچی بۆ بکەین. باوەڕ ناکەم تورکیا رێگە بدات هێز رەوانەی کۆبانێ بکەین. ئەوەی بۆ هەولێرمان کرد ئەوەشمان بۆ کۆبانێ کرد. کۆبانێ بۆمن زۆر گرنگە و بانگەوازم بۆ هەموو جیهان کردووە تا بەدەنگ کۆبانێیەوە بچن".
مەسعود بازرانی دەربارەی هەڵوێستەکانی تورکیا دەڵێت،" چاوەڕێی هەڵوێستی بەهێزترمان لە تورکیا دەکرد. نابێ تورکیا ببێتە بەربەست لە بەردەم مافەکانی گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت. پێویستە پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر بابەتێکی دیکە".
چاوەڕێی هەڵوێستی بەهێزترمان لە توركیا دەكرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە ئامادەی هەڤپەیڤینەکە ببوو، گوتی،" گەڕوامەتەوە سەر پیشەکەی خۆم کە پێشمەرگەم. پێشبینم نەدەکرد جارێکی دیکە بگەڕێمەوە سەر وردەکاری پێشمەرگایەتی، بەڵام بەردەوام لەڕووی دەروونییەوە ئامادەی بووم. شەڕەفێکی گەورەیە کە شەڕی سەربەخۆیی دەکەم. هیچ شتێك لە گشتپرسی پاشگەزمان ناکاتەوە و ئەوە مافێکی سادەی خۆمانە، لە هیچ کەس و لایەنێک قبووڵناکەین ئەو مافەمان لێ زەوت بکات، ئەوە من نیم کە بڕیاری سەربەخۆیی دەدەم ئەوە گەلی کوردە ئەو بڕیارە دەدات. کەرکووک بەشێکە لە گشتپرسییەکە و دانیشتووانی ئەو شارە خۆیان بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن".
نامانەوێت سنووری هەرێمی کوردستان بۆ پارچەکانی درێژ بکەینەوە
بارزانی بە ئاماژەکردن بە گۆڕانکارییەکان رایگەیاند،" گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە. ئێمە نامانەوێت سنووری هەرێمی کوردستان بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان درێژ بکەینەوە. دەبێ هەر پارچەیەکی کوردستان چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دیاری بکرێت، ئامادەشین لە داهاتوو هاوکاری کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان".
سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش بارزانی دەڵێت،" هەست بە نیەت و ئامادەیی جیددی دەکەین بۆ چارەسەركردنی کێشەکان، ئێستا کەسێکی نزیک لە ئێمە دۆسییەی نەوتی لە بەغدا گرتووەتە دەست و هاوکاریی دەکەین، ئەو کەسەش عادل عەبدلمەهدییە".
13/10/2014