وێڕای رەتکردنەوەی لە لایەن وڵاتانی جیهان لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا و رووسیا، جگە لەوەش وڵاتانی دیکەی ناتۆ ئەم بیرۆکەیە رەتدەکەنەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی تورکیا هێندە پێداگری لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام دەکات، کە بەشی زۆری دەکەوێتە نێو رۆژئاوای کوردستان.
ناوچەی ئارام یاخوود ناوچەی جیاکەرەوە ، برتییە لە دروستکردنی ناوچەیەک کە هەردوو لایەنی پێکدادانەکان لەیەکدی جیادەکاتەوە، ئامانج لە دروستکردنی ناوچەکە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنییە و هەروەها کەمکردنەوەی فشاری زۆری پەنابەرانە. لەگەڵ ناوچەی ئارام هەندێکجار ناوچەی دژەفڕینیش دروستدەکرێت:
جۆرەکانی ناوچەی ئارام لە جیهان : بۆ یەکەمجار لە ساڵ ١٩٥٣ لە جەنگی نێوان هەردوو کۆریادا ناوچەیەکی ئارام بە پانیی چوار کیلۆمەتر و بە درێژایی ٢٤١ کیلۆمەتر دروستکرا. لە ساڵی ١٩٧٤ بەبڕیاری ژمارەی ٣٥٠ ی ئەنجوومەنی ئاسایش ناوچەی ئارام لە بەرزاییەکانی جۆلان لە نێوان سووریا و ئیسرائیل دروستکرا. هێزی ئاشتی پارێزی تێدا بڵاوکراوەتەوە و هیچ پێکدادانێک لە نێوان سوپای ئیسرائیل و سوپای سووریا دروستنەبووە. تاوەکو ساڵی ٢٠١٢ دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی کە گرووپە چەکدارەکان چەند جارێک تەقەیان لە لایەنی ئیسرائیلی کردووە.
لە ساڵی ١٩٧٤ لە نێوان هەردوو قوبرس ناوچەیەکی ئارام دروستکرا کە بە ناوچەی سەوز ناودەبرێت و درێژییەكەی ١٨٠ کیلۆمەتر دەبێت.
ساڵی ٢٠٠٠ بە بڕیاری ژمارە ١٣٢١ ى ئەنجوومەنی ئاسایش لە نێوان ئەسیوبیا و ئەریتیریا ناوچەی ئارام دروستکرا و هەزار و667 سەربازی هێزی ئاشتیپارێز لەنێوان هەردوو وڵات بڵاوەیان پێکرا.
لە ساڵی ٢٠٠٦ ناوچەیەکی ئارام لە نێوان باشووری لوبنان و ئیسرائیل دروستکراوە، هەندێکجار پێیدەگوترێت پشتێنەی ئەمنی و بۆیەکەمجار ساڵی ١٩٧٨ بڕیاری لەسەردرا، بەڵام دوای شەڕی ٢٠٠٦ جارێکی دیکە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا ئەو ناوچەیە ئەکتیڤ بکرێتەوە، تاوەکو رێگری لە پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بكات.
ناوچەی ئارام یاخوود ناوچەی جیاکردنەوە لە رۆژئاوا و سووریا
تورکیا لەساڵی ٢٠١١ پێداگری لە سەر دروستکردنی ناوچەی ئارام دەکات. رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا. تورکیا دەخوازێت بە لایەنی کەم ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لە قووڵای باکووری سووریا و رۆژئاوای کودستان بێت، چونکە گۆڕی سلیمان شاه، باوکی دامەزرێنەری عوسمانییەکان نزیکەی ٣٥ کیلۆمەتر لە قوڵای خاکی سووریایە.
بە لایەنی کەم دەبێت بە درێژایی ٢٠٠ کلۆمەتر بێت.
جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە کارێکی زۆر گرانە و بە لایەنی کەم پێویستی بە بڵاوەپێکردنی 10 هەزار سەربازی هێزی ئاشتی پارێز هەیە. ئەمەش تێچوویەکی زۆری دەوێت و ئەو پرسیارەی گرنگیشە کێ لە ئەستۆی دەگرێت؟ ئایا تورکیا دەتوانێت، چەندجارێک بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە کە ناتوانن بە تەنیا ئەو ئەرکە جێبەجێبکەن، بەڵکو بەلایەنی کەم پێویستیان بە ناتۆ هەیە.
لە ئاستی نێو دەوڵەتی
دروستکردنی ئەم ناوچەیە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە. بڕیارەکە دەبێت لە ژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، چونکە ئەم ناوچەیە مافی سەروەری لە حکومەتی دیمەشق وەردەگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هەر رووسیا و چین کە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشیان ڤیتۆکردووە رازیبن بە دروستکردنی ناوچەی ئارام.
کاریگەرییەکانی لەسەر رۆژئاوای کوردستان
گەڕانەوەی ئاوارەکان و جێنشینکردنیان لە رۆژئاوای کوردستان کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لە سەر دیمۆگرافیای رۆژئاوای کوردستان دەبێت، زیادەڕەویی نییە بڵێین شێوازێکی دیکەی تەعریبکردنە بە تایبەتی ئەگەر هاتوو بە تەنیا تورکیا سەرپەرشتی ئەو پرۆژەیە بکات.
خاڵێکی دیکە بریتییە لە داماڵینی چەک لە هەموو لایەنەکان لەوانە کوردیش. بەڵام دەکرێت لە نێو سووریایەکی پڕ فەوزاو شەڕدا بێچەک بیت ؟ بە تایبەتی هێشتا سیستمی سیاسی شکڵی نەگرتووە و وڵات لە قۆناخێکی ئینتیقالییە کە نازاندرێت بەرەو چ ئایندەیەک دەڕوات .
9/10/2014