دەیڤد رۆمانۆ
هەر لە كاتی داگیركردنی موسڵەوە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە مانگی حوزەیرانەوە، زۆر لە چاودێران ئیدارەی ئۆبامایان رەخنەباران كرد. هەندێك چاودێر رەخنەیان لەوە دەگرت كە ئۆباما بە تەواوەتی سەربازەكانی لە كۆتایی 2011 لە عێراق كشاندەوە. من بۆ خۆم رەخنەم لە ئۆباما گرت لەسەرئەوەی كە هەر لەساڵی 2010ەوە خۆی لە خراپبوونی بارودۆخی عێراق بەدوور گرت. بەتایبەتیش كە چاوپۆشی لە تاكڕەویی مالیكی دەكرد. دوای ئەوەی كە داعش هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان، زۆربەمان پێمانوابوو كە ئۆباما ئەو پشتگوێخستنەی خراپبوونی بارودۆخی عێراق درێژە پێدەدات. پاش پێنج رۆژ لە داگیركردنی شنگال و چەند ناوچەیەكی دەشتی نەینەوا، ئۆباما رایگەیاند كە وڵاتەكەی هێرشی ئاسمانیی سنووردار دەكاتە سەر داعش. وەڵامەكەی ئۆباما زۆر سنووردار دەهاتە پێش چاو. وەك وەڵامدانەوەیەكی پڕ لە دوودڵی دەردەكەوت. لەسەرەتای مانگی ئابدا و لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆماس فریدمان، ئۆباما گوتی كە ئەو نایەوێت ببێتە هێزی ئاسمانیی عێراقی. گوتی هۆكارەكەشی ئەوەیە كە "ئێمە لەسەرەتای هاتنی داعشدا هێرشی ئاسمانیمان لە سەرتاسەری عێراقدا ئەنجام نەدا، چونكە ئەگەر وامان كردبایە ئەوا فشار لەسەر مالیكی نەدەما"، ئەمەش وای لە مالیكی و شیعەكانی دیكە دەكرد كە پێیانوابێت پێویست ناكات تەنازول بكەن. ناچار نین بڕیار بدەن. پێویست ناكات سەیری رابردوویان بكەن و بزانن چییان كردووە بەهەڵە. تەنها پێویستە چاوەڕێ بكەن تا ئەمریكا رزگاریان بكات لەو دۆخە. دوای ئەوە شتەكان وەكو خۆیان لێدێتەوە و كارەكانی ئەوانیش وەكو جاران دەكەوێتەوە سەر سكە.
لە 9ی ئاب ئەمەم بۆ هاوڕێكانم نووسی: "هێرشە ئاسمانییەكانی ئۆباما هەر لە ئێستاوە لەوە گەورەتر بووە كە ئۆباما لە وتەكەیدا باسی كرد. ئەو زیرەكە، پێموایە مامەڵەیەكی باش لەگەڵ ئەم كێشەیە دەكات. ئێستا زۆر لەو كەسانەی كە شارەزاییان لەسەر عێراق و كورد هەیە دەستیان بە ئۆباما دەگات، لەبەرئەوە هاوكاری دەكەن تا باشتر لە دۆخەكە تێبگات. با بزانین چەندێكی دیكەی پێدەچێت، (هیوادارم زۆر نەبێت تا خەڵكانی مەدەنی زۆر نەكوژرێن) بۆ ئەوەی ئۆباما خاڵێكی سیاسی دەربارەی تەنازولات و لێكگەیشتن بگەیەنێت، لە وڵاتێكی رووخاو و دەستكردی كۆڵۆنیالدا. چەك بدە بە كورد، بودجەكەیان بۆ وەربگرەوە یان رێگەیان بدە نەوتەكەیان بفرۆشن. شتەكە هەر ئاوا ئاسانە، ئەمە لە هەموو شتێكی دیكە گرنگترە و كەمتر پەیوەستە بە كاتەوە".
بە بەرفراوانبوونی هێرشەكانی سەر داعش، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە لەم هەفتەیەدا هێرش كرایە سەر مۆڵگەكانی داعش لە سووریا، وا دیارە كە ئۆباما هاتووەتە سەر هێڵ. هەرچەندە ئۆباما رەنگە كاتێكی زۆر بكوژێت بە بیركردنەوە لە كێشەكان و بڕیاردان (كەم لە سەرۆكەكانی ئەمریكا پێش ئۆباما، بەو جۆرە بوون). بەڵام گومانی تێدا نییە كە ئێستا ئۆباما لە قورسایی دۆخی عێراق و سووریا تێدەگات. ئەو سیاسەتێكی ورد و ئاڵۆزی داڕشتووە بۆ راگرتنی داعش. ئەمەش وا دەكات رێگە لە داعش بگرێت و نەتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن و مۆڵگەی ئارامیان لە سووریا نەمێنێت. هەروەكو چۆن هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لە عێراق جووڵەی داعشی راگرت. ئەمانە تەواوكەری ستراتیژەكەی ئۆبامان.
چەند بەشێكی دیكەی گرنگ هەیە كە دەبێت كاری لەسەر بكرێت. پێویستە كاری زیاتر لەسەر بڕینی سەرچاوەی دارایی داعش، بازرگانیی بازاڕی رەش و راكێشانی چەكداری نێودەوڵەتی بكرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت كە دەبێت فشار بخرێتە سەر توركیا، چونكە هیچ یەك لەوانەی سەرەوە بەبێ تێپەڕبوون بە توركیادا ئەنجام نادرێت. دروستكردنی هاوپەیمانیەكی نێودەوڵەتی بە بەشداریی وڵاتانی عەرەبی سوننی شتێكی باش بوو. هەرچەندە رەنگە نرخی ئەو بەشدارییە بەڵێنی هاوكاری سەربازی زۆر بێت بە چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن كە شەڕ لە دژی ئەسەد دەكەن. بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە مرۆییەی كە لە كۆبانی دروست بووە، پێویستە كوردی سووریاش لەم پرۆگرامەدا بەشدار بكرێت.
هەرچەندە گومانی تێدا نییە توركیا بە هەنگاوێكی لەوجۆرە ناڕازی دەبێت، بەڵام ئەمریكاش لە زۆر شت كە حكومەتی توركیا دەیكات ناڕازیە. بە تایبەتی لەكاتی ئێستادا كە پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) لە پارتەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتیمانی سووری نزیك دەبێتەوە، ئیتر هۆكارێكی قایلكەر هەیە كە ئەو هاوكاریانە ناوچە كوردیەكانیش بگرێتەوە. لە عێراق هاوكاری سەربازی بە كورد و حكومەتی عێراقیش دەدرێت، كاری زیاتر پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە كورد بەشی خۆی وەردەگرێت. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە دۆخی عێراق پێویست دەكات كە حكومەتەكەی عەبادی بە جددی كار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات و لامەركەزیەت بكات بۆ ئەوەی سوننە و كورد جارێكی دیكە بگەڕێنێتەوە نێو پرۆسەی سیاسی.
ئەنجامدانی هیچ یەك لەم سیاسەتانە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام هەموویان پێكەوە كاریگەریەكی بەرچاویان دەبێت. چەكدارانی داعش دیواری پۆڵایین نین، ئەوەتا ئێستا لە دۆخی بەرگریدان لە عێراق.
6/10/2014