سامڕەند
(بەشی یەكەم)
مامۆستا حسن زادە لە وتووێژ لە گەڵ بەرنامەی تایبەت بۆ 10 ی خاكەلێوە، لە جوابی موجری بەرنامە دا كە باسی مەلای خەتێ ی كرد فەرمووی: " ... مەلای خەتێ دەبێ دیفاعی لێ بكرێ". ئەوە ئەووەڵ كەڕەتە من دەبیستم سەبارەت بە مەلای خەتێ كەسێك پێچەوانەی عادەتی باو، نەزەرێك بدا. لە موحیتی ڕۆشنفكریی ئێمە دا، ئەگەر بۆچوونێك جێی گرت دەبێتە دوگم و مەگەر بە پیاوی زانا و بوێر، دەنا چی لە گەڵ ناكرێ.مامۆستا مەلا محمدی خەتێ یەكێك لە مەلاكانی وڵاتی خۆمانە وەك ھەموو ئەو كەسایەتییانەی بە بێ دادگا و حاكم و قانوون و وەكیل و مەلەف دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەكوژرێن جا چ كوشتنی بە فیشەك یان بە بوختان و شكاندنی كەڕامەت. لازمە بۆ كوردان ڕوون بكرێتەوە و مەلەفی ھەڵدرێتەوە كە مەلای خەتێ كێ بووە و خەتای چ بووە. ئەوە چۆن لە عەقڵ دا دەگۆنجێ كە شۆڕشێك بە فتوای مەلایەك بشكێ؟ عەقڵی سەردەمی ئێستا لەوە دا تەوزیح دەخوازێ. ئایا كوردستان فەقەت یەك مەلای ھەبوو لە وەختی شەڕی میر محمد لە گەڵ عوسمانی دا؟ مەلای دیكە فەتوایان چ بوو لەو دەمی دا؟ خەڵك ڕایان چ بوو؟ ئەوانە حەقە بە شێوەیەكی شەففاف بۆ خەڵك و مێژوو باس بكرێن.
ئەوەی ئێمە سەبارەت بە مەلای خەتێ دەیبیستین وەك نمایشێكی شوعبەدەبازی دەچێ. شوعبەدەباز دێ و بە تەڕدەستی كڵاوەكەی نیشانی خەڵك دەدا كە خاڵییە. دوایە بە دارێكی قوڵە لێی دەدا كەروێشكێك دێتە دەرێ. لەو باسەش دا مەلایەك فەتوای دا جا شۆڕشێك شكا!!! جیا لەوەی كە شتی ئاوا كن فیكن مومكین نیە، ئەوە لە خۆی دا نیشانەی ئەوەیە كە مەلایەك ئوتوریتەی لە سەر میللەتێك ھەیە و لە ناحیەی دێموكڕاسییەوە كە مەبنای لە سەر ڕای زۆرینەیە حەقەكە دەدا بەو كەسەی زۆرینەی لە گەڵە، جا سیاسەتەكەی ھەر شتێك بێ.
لە قەزیەی مەلای خەتێ دا زاھیرەن خەڵك لە نێوانی دوو ڕێگا دان: فتوای مامۆستا مەلا محمد كە خەڵكی ئاوایی خەتێ یە، و ئەمری میر محمد كە حاكمی ڕەواندزە. مەلا محمد و میر محمد چلۆن میكانیسمی حكومەت لە نێوان خەلیفەی عوسمانی و میر ـ یان تەعریف كردووە حەقە پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوەیەكی عیلمی بۆ بكرێ.
لە موساحەبەی كورد كاناڵ لە گەڵ مامۆستا حسن زادە دا، ناوبراو بە پێچەوانەی جەوی غاڵب بە سەر ڕووناكبیریی كوردستان دا، دیفاعی لە شەخسێك كرد كە بە شێوەی باو كراوە بە ئامانجی تیر و توانج. زەروورە مامۆستا عبداللە حسن زادە وەك سەرچاوەیەك شتی لێ وەربگیرێ، بە بێ تەعەسسوبی تەڕەف و تاقم.
چ شتێك عەداڵەتی ئیفلیج كردووە؟
لە فەزای سیاسی و حیزب لێدراوی كوردەواری دا ئەفڕاد مەزەندەی ئەوە دەكەن كێ و چ شتێك لە گەڵ دروشمە حیزبییەكەی ئەوان دێتەوە حەقی دەدەنێ. ئەگەر وا نەبوو مەحكوومی دەكەن، بەدناوی دەكەن و ھەڵدەكوتنە سەری. بە قەولی ھەژار:
عەدڵی لاوازی شەل و نەقوستان
ناگاتە چیای ڕژدی كوردستان
لەوەتا حیزبایەتی پەیدا بووە، تەكیە كەلامی "ماڵم قەبرە" و ’ خودا ھەڵناگرێ’ لە نێو خەڵك دا نەماوە. قەدیم ئەگەر كابرایەكی بێكەس و بێدەستەڵات كەوتبا بەر قەزاوەت، خەڵك دەیانگوت: ماڵم قەبرە ئەو شتە ئاوایە و ئاوا نیە! ئەو لێرە نیە خودای وی لێرەیە! یان دەیانگوت ئەوڕۆ دنیایە سبەی قیامەتە! یەعنی دەبێ ئینسافمان ھەبێ چونكە ماڵی دواڕۆژمان قەبرە، ئەگەر ئەمڕۆ ناحەقی لەو ھەژارە بكەین تووشی چەرمەسەری و تەنگ وچەڵەمە دێین. جاران بەو ڕووحیەوە باڵانسێكیان بۆ لێقەوماوان ساز دەكرد و ڕوحمیان پێ دەكردن. بە خسووس ژنان: ئەیڕۆ حەكك كوێر بم، ئەی ڕۆ غەریبە، ھاوارێكی بەماڵم، دایكت بمرێ...! خەڵك لە بەرە خۆیانەوە پێیان وابوو با كابرا بێكەس و لێقەوماو بێ و عەشیرەتی لە دوو نەیەن و تایفەی بە دەورەوە نەبن، بەڵام دواڕۆژ قەبر ڕێكیان دەكوشێ، یان دەیانگوت قەبر وەخۆمان ناكا ئەگەر زوڵمێ بكەین لەم دونیایەی دا. یان دەیانگوت ئاھی منداڵە سەغیرەكانی دەمانگرێ. فۆلكلۆر دەڵێ:
خەڵكی ئەو شارە كافرن
قەدری غەریبان ناگرن
پێیان وایە قەت نامرن
ئێستا عیددەیەك ڕەوشەنفكر پەیدا بوون دەڵێن قەبر كۆنەپەرستییە و لە عازابی قەبرێ ترسان دوواكەوتەییە! لە عەینی حاڵ دا سیستمێكی پێشكەوتوویان نیە كە زەمانەتی ئەوە بكا لاشەی مەزلووم پێشێل نەكرێ و حەقی نەخورێ، مەسەلەن دادگا نیە بۆ موتتەھەم بە خەیانەت، قازیی عادڵ لە بەین دا نیە، قانوونی تەدوین كراو و دەزگای قەزایی سەربەخۆ دانەندراوە بۆ ئەوەی بزاندرێ كێ خائینە و ئەگەر ئیسبات بوو غەیانە سزای چەندە. خەڵك بە جارێك ماڵی وێرانە ئەویشی چوو، ئەمیشی چوو!
لە تەعەسسوبی سیاسی و گرووھی دا لە زەمانی شەڕی ساردی نێوان شەڕق و غەرب، من لە بیرمە ڕوحم و بەزەیی و لێبووردەیی بە خەسڵەتی كەسیفی خوردە بورژوازی دەناسرا و بە سازشكاری حیسێب دەكرا!!! فیلمێكی فیدل كاسترۆیان نیشان دەدا كە خائینێكی گرتبوو، خائینەكە ڕاوەستابوو و فیدل یش سیغار بەرگێكی ئەستووری بە ددانی دە زاری دا دەسووڕاند و دێنا و دەبرد، لە پڕ ڕا دەستڕێژێكیان لە كابرای دەكرد و بە سزای ئەعمالی خۆیانیان دەگەیاند. بەوەیان دەگوت: قاتیعیەتی ئینقیلابی!!! و ئەوانەی كۆڵە پشتی خەباتی چینایەتییان لە كۆڵ دەنا دەبوو لە گەڵ خائینین بە تەبەقەی كرێكار بە قەھری ئینقیلابی بجووڵێنەوە.
ئینقیلابییونی كوردەواری لاسای ئەو مەنزەرەیان دەكردەوە و ئەوەی بە دەڵی خۆیان پێیان خائین بووایە بە تەقەی تفەنگ بێ دادگا و وەكیل دە خوێنیان دەگەوزاند. لە وەھا وەزعێك دا سیستمی مۆدێڕنی حكوومەتی كە سێ قووەی مقننە، مجریە، قضاییە لێك جودا دەكاتەوە لە گۆڕێ نیە. سەركردە خۆی ھەم قانوون دانەرە، ھەم قازییە، ھەم ئیجرای حوكم بە ئەمری وی دەكرێ!!! لە بار و زرووفێكی ئاوا دا نە ویژدانی فەردی ھەیە كە بڵێ: " ماڵم قەبرە"، و نە ستروكتوری كۆمەڵایەتی سیاسی كە بە شێوەی مۆدێڕن سەڵاحییەتی سێ قووە لێك جودا كاتەوە. نەتیجە ئەوەیە كە كێ زۆر و قودڕەتی ھەبێ زاڵ دەبێ. لێرە دا زۆران زەعیف كوژ دەكرێن.
كەسایەتییەك بە ناوی مەلا محمد، خەڵكی ئاوایی خەتێ ھەتا ڕووخانی سەددام كرابوو بە سیمبۆل بۆ خیانەت. دوای گۆڕانی ڕێژیم خزمەكانی وە دەست ھاتن دیفاعیان لە سومعەی خۆیان كرد و دەلیل و بەڵگەكانیان خستە ڕوو. من لە ڕۆژنامەی " كوردستانی نوێ" ی یەكێتی نیشتمانی دا 19 ساڵ پێش بابەتێكم دیت بە دیفاع لەو كەسایەتییە. دیارە ئەو دەم لە بەر تەمبەڵی نەمخوێندەوە بەڵان وا دیارە دەلیلەكان بۆ دیفاع لەو مرۆڤە وەرگیراون و قووەی ئیقناعیان لە كۆمەڵ دا ھەبووە.
ڕەنگە ئێستا یەكێك ڕاست بێتەوە بڵێ چما دیفاع لە مەلای خەتێ دەكەی كە خائینە؟ من لە جواب دا دەڵێم تۆی ڕۆشنبیری ئەم زەمانە كێت پێ خائین نیە، بە غەیری لایەنگری خۆت؟!! بەداخەوە لە وەزعی حیزب حیزبێنەی بێ نیزام و دەوڵەت دا، ئەوەڵین بایخی كۆمەڵایەتی كە قوربانی دەبێ، ئەسڵی عەداڵەتی قەزاییە. لە حاڵەتی ئانارشی و ھەرج و مەرج دا و لە غیابی یاسا دا، مافی تاكەكان بۆ دیفاع لە خۆیان دەفەوتێ و فیدا دەبن. فەرموو با چەند نموونەت بۆ بێنمەوە بۆ بێ عەداڵەتیی ژێر تەعەسسوبی سیاسەت:
قاضی محمد پێشەوایەكە كە ھەموومان خۆمان پێ ئەوە، چونكە لە پای سێدارە فەرمووی: دوای من ھەر كوردێك قاضی محمدێكە و ئێمەش قبووڵمان كرد. لە بیرمە كوڕی ئەو قاضی محمد ە بە ناوی علی، ڕاو ڕاوێنێكیان پێ دەكرد لەو كوردستانە وەرە سەیرێ. قاضی ھەر ئەو تاقە كوڕەی ھەبوو، ئەحزاب عەزمیان جەزم كردبوو كە ئەوە سەر بە ئیمپریالیسمە، لەو زیندان بۆ ئەو زیندان ڕاپێچەكیان دەدا. نووسەری ئەم دێڕانە لە مزگەوتی سوێناس ی دانیشتبوو یەك نەفەر توودەیی چۆ پشت میكڕۆفۆن كوتی: ئێمە داوا دەكەین كوڕی ڕەش ئیعدام بكرێ! چوار سەت ئەندامی حیزب خەڵكی مھاباد، كە ئەوە بە خێر ھەر كامەی قاضی محمدێكە، لەوێ دانیشتبوون متەقیان نەكرد!!! لە خزمەكانی كوڕی ڕەش یەكێك نەیگوت كاكی توودەیی ئیجازە بدە با وەكیلی مودافیعی بۆ بگرین، بەشكەم قسەیەكی ھەبێ پێش ئیعدام!!! من ویژدانەن لێتان دەپرسم كامتان ئەگەر تاقانە كوڕێكتان ھەبێ و لە كۆڕێك دا یەكێك داوا بكا ئیعدام بكرێ ھەر وا بێ دەنگ و بێ غەم بۆی دادەنیشن؟ مەگەر ئێمە ھەر كامەمان قاضی محمدێك نەبووین؟!
ئەگەر ئەو دەم چووبای لە نێو خەڵك گوتبات ئەرێ ئەوە چۆن دەگونجێ كوڕی قازی تەنیا بە زەننی ئەوە كە تەمایولی بۆ غەڕب ھەیە داوای ئیعدامی بۆ بكەی، مرۆڤی بە ئیستیلاح "پێگەیشتوو و تێگەیشتوو و آگاە" كە عادەتەن خۆی پێ قەییومی 20 میلوێن كوردەكەی ئەو زەمانیش بوو، دەیگوت: گەل تەسمیم دەگرێ!، ئەوڕۆ بە خۆشیەوە خەڵك آگاھن و لە ئاستی ئینترناسیۆناڵی پڕۆلیتاری دا ئێمە دەمانناسن و كورد قەت ئەوەندە وەزعی باش نەبووە و خەباتی خۆی ھیچوەخت ئەوەندە لە جووڵانەوەی سەرانسەریی ایرانی گرێ نەداوە!!!
نموونەی دووەم، بڕیاری ئیعدامی مەلایەكی شاری مھاباد، بە ھۆی ھیچ! سازمانێك بە دەلیلی ئەوە كە خۆی دەزانێ و بە كەس ناڵێ، لە شوێنی كار و عیبادەتی دا مەلا كریم شاریكندی وەبەر گوللە دەدا!!! ئەگەر ئەمڕۆ بڵێی كاكی سەرۆك حیزب كە ئەو كارەت كردووە فەرموو تەشریف بێنە مەحكەمەیەكی ئورووپایی بێ لایەن با بزانین تاوانی كوشتنی ئینسانێك چیە، دیار نیە. لێرە دا ئەوە مەدەنیەت و قانوون و قەزا نیە كە حوكم دەكا، بەڵكوو حیزبایەتی و تاقم میحوەرییە كە گیان و سومعەی ئینسانان دەكوژێ و چونكە كوردستان مەرجەعی قەزایی بێ تەڕەفی لێ نیە و قانوونی نیە قیمەتی گیان و كەڕامەتی ئینسان بایی فیشەكێكە!!! ئەگەر پێنج تەمەنت ھەبوو بیدەی بە فیشەك، ئەوە گیانی كوڕی پێشەواش دەستێنی و ڕووحی مەلا كریم شاریكندی قەبز دەكەی و دەتوانی تفەنگ لە مەلا عەوڵای حسن زادەش بكێشی!
نموونەی سێیەم، قەدەری احمد توفیق ـە. مادام حیزب دەڵێ ناوم " دێموكڕات" ـە، لە سەری واجیبە دەبێ قبووڵی ڕەنگاوڕەنگی و ئیختیلاف بكا. ئەوە 47 ساڵە بە ھەر دوو لایەنی حیزبەوە ناتوانن بڵێن توفیق لە ڕەدیفی ڕێبەرانی حیزب بووە. زەعف لە توفیق دا نیە، ئیشكال لە تاقم و دەستە دەستێن دایە. لە ھەر سێك حاڵەت دا، كوڕی ڕەش، شاریكندی، توفیق، ھەڵمەتی خرابكردنی ناو لە گۆڕێ دایە، بێ ئەوەی بە ڕەسمی لایەن یان ھێزێك ھەستێ دیفاعیان لێ بكا. مەسەلەی ھەر سێكیشیان بوعدی حقووقیی ھەیە.
جا ماشەڵڵا ئی وایە ئەوەندە حەق بە جانیبە دەلیلی لێ نابڕێ و گرم دەڵێ كاكە ئەوانەی باست كردن قسەیان لە سەرە، تا نباشد چیزكی مردم نگویند چیزھا. من دەڵێم وا نیە. لە ڕووی غەرەزەوە دەست درێژی دەكرێتە سەر حەقی خەڵك و كەسی بێ پشت و پەنا قوربانیی ئەم حاڵەتەن.
لە مێژوو دا ڕەش كردنی كەسایەتیی بێ كەس كەم نەبووە. ماوەیەك بەربینگیان بە مەلیكی كوردستان، شێخ محمودی حفید، گرتبوو كە بە دەلیلی دینی تەوقەی لە گەڵ نوێنەری ئینگلیس نەكردووە، بۆیە كورد حاڵی وایە. ئەگەر شێخ ئەمڕۆ حیزبێكی ھەبووایە دیفاعی لێ بكا بەو بوختانچییانەی دەگوت شێخ محمود وەزیری مەسیحی لە كابینەی دابووە چۆن ئەنگۆ قسەی وا دەكەن؟ لە شەڕی ئاوباریك دا دژ بە لەشكری عێڕاق و ئینگلیس (5 ی نیسانی 1931) شێخ لە مزگەوتی ئاوایی دابوو و لە دەرەوە جوبڕەئیل كە مەسیحی بووە یەكێك لە چەكدارانی شێخ بووە كە لە سەنگەر دابووە لەو شەڕە دا. ماوەیەكی خەریكی ڕەش كردن و بیانوو دیتنەوە لە پێشەوا بوون، ھەر یەكە زەڕڕەبینی تێ گرتبوو و بۆ زەعفێكی دەگەڕا. بڕێكیان مەبەستەكە وەسەر دەخست لێیان بەردەبۆوە. زەمانێك خەریك بوون مامۆستا مەلا عەوڵای حسن زادە بە ئەنواعی قسەی ناجوور بەدنێو كەن ئەویش چەند سەد كەسێكی خۆی لە پشت بوون، جوابی تەقەیان بە تەقە دەداوە و لەو بەری ڕا زەفەریان پێ نەدەبرد.
بەشی دواتر تەرخان دەكرێ بۆ باسی ئاڵا و سروودی ئەی ڕەقیب لە موساحەبەكەی بەڕێز مامۆستا حسن زادە دا!
درێژەی ھەیە ...