کاک عهتا قهرهداخی, به جیاواز له زۆربهی رۆشنبیر و خوێندهوارانی ئیمڕۆی باشووری کوردستان ساڵانێکه پهیتا پهیتا کتێبی نوێو دانسقه دهخاته نێو کتێبخانهی کوردییهوه. گرنگی کارهکانی کاک عهتا ههر له خودی نووسین و بهرههمه فره رهنگهکانیدا نییه، هێندهی له سهنگ و بهها و بایهخی خودی ئهو بابهتانهدایه که نووسهر ههڵیاندهبژێرێت. جیاوازی کایهی کارکردنی برای نووسهر لهگهڵ ئهوانی دیکهدا بۆ قوڵی و ههستیاری بابهتهکانی دهگهڕێتهوه. کاک عهتا بهخهستی و به شێوهیهکی بابهتییانه و لهسهر بنهمای بیرکردنهوه و لێکدانهوهیی خۆیی سهرگهرمی باسههایهکه، که هێشتا له نێو پانتایی رۆشنبیریی کوردیدا به ههزاران پلان و فروفێڵ گهمارۆدراوه و تۆمهتی نابهجێیان داوهته پاڵی و رۆشنبیرانیان پێ تۆقاندووه و لێ تۆراندووه. ئهمهش وای کردووه که ئاوڕی پێویست لهم کایه ههره گرنگهی کوردبوونمان نهدرێتهوه. ههر بۆیهکا قسهکردن لهسهر ئهم بابهتانه چهشنی ورووژاندنی باسه تابۆکان تهماشا دهکرێت و ئازایهتییهکی ئهدهبیش هاوشانێتی بۆ دڕینی پهردهی شهرمه نهزۆکهکان و بهرپهرچدانهوهی چهمۆڵهی ناحهزه سهرلێشێواوهکان.
لێکۆڵینهوه و راڤهکردن و لێدوان له پرسهکانی: گوتاری کوردی، کهسێتی نهتهوهیی کوردی، دهوڵهت، فاکتهکانی نێو کۆمهڵگهی کوردهواری، خهونی سهربهخۆیی، عهقڵێت و رۆشنبیریی کوردی بهشی ههره بنجی و سهرهکیی ووتار و باس و بهرههمهکانی کاک عهتا پێکدێنن.
نووسهر پێش ئهوهی پهنا بۆ تیۆریی و دهقه ئامادهکراو و قسه و بۆچوونهکانی نێو کتێبخانه جیهانییهکان بهرێت، دێت له ماڵه وێرانهکهی کورد خۆیهوه ههنگاو ههڵدهگرێت و به چاوی کامێرا واقعی کۆمهڵگاکهی خۆی سهیر دهکات. لێرهشهوه پله به پله لهگهڵ قۆناغهکانی سهرههڵدان و گهشهکردن و ئاستهنگهکانی بهردهمیان و کهماسییهکانیان دهکهوێته گفتوگۆ و
توێژینهوهیان و لێیانهوه بهرههم و ئاکامگیریی دهخاته بهردهست خوێنهری کورد.
کارهکانی قهرهداخی لهم ههلومهرجه قهیراناوییهی رۆشنبیر و رۆشنبیریی کوردی تیا خول دهخوات، شایستهی ئیستێکی پڕ بهخۆیهتی.
ههڵبهت قسه لێرهدا ئهوه نییه ئێمه کتومت هاوبیر و هاو رای بۆچوونهکانی کاک عهتا بین، بهڵکو مهبهست زیاتر له ئاماژهدانه به گرنگی و سهختی ئهو باسانهی نووسهر پێیانهوه سهرگهرمه. به درێژایی ئهو باسه ههمهجۆرانهی نووسهر تا ئێستا بهرههمی هێناوه کۆمهڵێ پرسیاری لهسهرهڕێ پرسه ههستیارهکاندا وورووژاندووه و خۆیشی سهراسۆیانه وێڵ و عهوداڵیانه.
کاک عهتا پێویستی به ناساندن نییه، ئامادهگی بهردهوامی له رێگای نووسین و چاوپێکهتنی تهلهفزیۆنی و بڵاوکردنهوهی بهرههمی به نرخ و ئهنجامدانی وهڕگێڕانی کتێب و بابهتی دانسقه به ههموو خوێنهرێکی ئاشنا کردووه.
دوا بهرههمی نووسهر به ناوی: گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی \ بهرگی یهکهم سلێمانی 2007 له چاپخانهی رهنج و له دووتوێی 520 لاپهرهدا سهرنجلێدانێکی شایانی پێویسته. ئهم کورته نووسینهی من ههم ناساندن و ههم خوێندنهوهیهکی رهخنهئامێزه و ههر شوێنی به پێی سهلیقهی خۆم پێویستی به تێبینی و رهخنهلێگرتن و بۆچوون لهسهردان بێت کردوومه و بهشێکی تریشی کاری شارهزا و پسپۆڕانی خهمخۆره. جگه لهوهی سهرجهم بابهت و ناونیشان و باسهکان زۆر زیاتر لهوه ههڵدهگرن، که من لهسهری کارم کردووه. هیوادارم کاک عهتا به سنگێکی فراوان و دۆستانهوه لێم وهرگرێت.
دهستپێکی بهرههمهکه به پێشهکییهکی چڕ و پڕ لهسهر گوتار و مێژووی گووتاری نهتهوهیی کورد دهستپێدهکات. لێرهدا باس لهو گووتارانه دهکات که ههڵگری هزر و زانیاریی و جیهانبینی نهتهوهیین و کۆمهڵێ توخم و رهگهز له بونیاتیاندا رۆڵ دهگێڕن.
له بهشی یهکهمدا... گوتاری کوردی و مێژووی دهرکهوتنی و پایهکانی گوتاری کوردی بهسهر دهکاتهوه. لێرهوه باس له رۆڵی رهگهزی زمان و بایهخی زمانی کوردی لهم هاوکێشهیهدا دهکات. بهلای نوسهرهوه راسته زمانی کوردی هێشتا ناوچهییه و نهبۆته زمانێکی ستاندارد، لهگهل ئهوهش بهرگهی ههزاران ههڕهشهی گرتووه و تایبهتمهندێتی خۆی ههر پاراستووه و به کزیش بێت بهشداری له بیناکردنی گوتاری لاوازی کوردیدا کردووه. نهبوونی زمانێکی یهکگرتووش که کاریگهرانهتر بهشداری له پرۆسهی گوتاری نهتهوهییدا بکات، دهگێڕێتهوه بۆ نهبوونی دهوڵهتی نهتهوهیی. کوردیش لهمێژووی نوێی خۆیدا ههتا ئێستا دهسهڵاتێکی یهکگرتوو و رههای نهبووه بڕیاری نهتهوهییانه لهسهر ئهو پرسه گرنگانهی وهک زمان بدات. ئیدی نووسهر ووتهنی دهرکهوتنی گووتاری نهتهوهیی دهبێت به زمانی کوردییهوه ببهستینهوه و ئینجا باس لهو زمانه بکهین که مانا و بیرکردنهوه و تێڕوانینی کوردانه ناوهڕۆکی گوتاری نهتهوهیی پێکدێنێت.
دوای گهشتێکی وورد به رووداوهکانی مێژووی کورددا، نوسهر دهگاته ئهو بڕوایهی کهوا گوتاری باڵادهست له رووبهرێکدا که رووبهری جوگرافی و ئهنتۆلۆژیای کورده گوتاری بێگانهیه. ئهم بۆچوونه دهشێ راستییهکی تێدا بێت بهڵام ههقیقهتی تهواوی نه پێکاوه. ئێمه له میانهی وڵات داگیرکراویماندا، بارستاییهکی زۆری مێژوومان فهوتاوه یان ئیمڕۆ دهسهڵاتداری دیکه بوونهته خاوهنی. ئهوهی ناوی شارستانێتی و ئاینیشه له ناوچهکهدا ئێمه وهکو کورد بهشداری گهورهمان تێیاندا ههیه. تهنها ئاماژهدان بهو راستییهی ئاڤێستا وهک دهقێک به زمانی کوردی نووسراوه و کۆمهڵێ بهرههمی دیکهش که خهریکی ساخکردنهوهین بهڵگهن لهسهر ئهوهی زمانی کوردی ئامادهگی ههبووه و ههیه، ماوهتهوه ئهرکی سهر شانی مێژوونووسان و رۆشنبیرانه ئهو لاپهڕه وونبووانهمان بۆ زیندوو بکهنهوه. کورد کاتێ خاوهنی ئهم دهقه نوسراوانه بووه دهشێ میللهتانی دیکهی ناوچهکه هێندهی کورد خاوهنی نووسین نهبووبن یان ههر نهبووبن. بهتایبهت کاتێ قسه لهسهر ئاڤێستای ئایینی زهردهشتی دهکرێت.
برای نووسهر باس له نهبوونی دوو پایه و فاکتی گرنگی گوتاری کوردی له رابردوودا دهکات. یهکهمیان فیکر و دووهمیشیان شارستانێتییه و فاکتی عهقڵ وا له پشت ئهم دوو کۆڵهکهیهوه و ههڵییان دهسوڕێنێ. دهرئهنجامی ئهم راستییانهش دهڵێ: گوتاری کوردی ههتیو و بێ رهگه. ئاخر لێرهشدا جاریکی دیکه برای نووسهر ئاماژه به دهردی بێدهسهڵاتی و نهبوونی دهوڵهت لای کورد ناکات. شاڵاوی داگیرکهران زۆر دڕندانه و کاریگهریی هێزه بێگانه و فاکته دهرهکییهکان لهسهر دهسهڵاتی کوردی هێجگار بههێزتر بووه. با تهماشای دهسهڵاتدارێتییهکانی بابلی و ئاشوری و شهپۆلی ئیسلامی و شاڵاوی هاتنی عوسمانی و قاجاری و سهفهوی و کهمالیزم و بهعسیزم بکهین و راستییهکانیان پێ بهراورد بکهین.
له کام عهقڵدا جێی ئهوه دهبێتهوه تا ئێستا که سهدهی 21 زانییه نهتهوهیهک زمانی قهدهغه بێت!؟ ههبوونی نکۆڵی لێ بکرێت و بوونی ههڕهشهی لهناوبردنی لهسهر بێت!!؟؟ لای ههر هاووڵاتییهکی ئهم دنیایه ئهم چیرۆکه باس بکه جگه له تورک و عهرهب و فارس سهریان لهو زوڵمه بێوێنهیهی لهسهر کورد ههیه دهسووڕمێت!!.
کاک عهتا سهرههڵدانی گوتاری کوردی به بازنهی داخراو و بهرتهسکی شیعرهوه دهبهستێتهوه. ئهمهش رێی تێدهچێت بهوهدا که سهرچاوه شیعرییهکان خێرا و به زۆری بڵاوبوونهتهوه و لهلایهن خهڵکهوه به زوویی لهبهرکراوه و داگیرکهر کهمتر دهستی پێیان گهشتووه له چاو سهرچاوهکانی دیکهدا. ههروهک خودی نووسهریش ئاماژهی پێداوه. ههموو قورسایی گوتاره بێگانهکان نهیانتوانیوه سروتهکانی کۆمهڵگای کوردهواری گهرچی ناکۆکیش بوون لهگهڵ خۆیاندا لهناو بهرن. بهمهشدا بۆمان دهردهکهوێت دیارده کهلتوورییهکان، که پێداویستی ژیانی رۆژانهی کوردبوون فشاری توانهوه دهرهقهتیان نههاتووه و کورد توانیویهتی بیانپارێزێت. پاشان نووسهر زیرهکانه له درێژهی نووسینهکهیدا دهگاته ئهو ههقیقهتهی که یهکێ له هۆیهکانی لاوازی گووتاری کوردی له کۆنهوه ههتا ههنووکه دهگێڕێتهوه بۆ ئهوهی که گوتاری کوردی لهژێر کاریگهرێتی سهرچاوه نا کوردییهکاندا بووه.
ههڵبهت واقعی داگیرکراوی و دابهشکراوی و دهستێوهردانی بێگانه له بارودۆخی ناوماڵی کورد و فهوتاندن و سڕینهوهی ههموو شتێکی کوردی و سهرکوتکردنی ههر جوڵه و بزاوتێکی کوردانه، دهرئهنجامهکهی ئهوهیه وهک کاکی نووسهر بۆی چووه، کورد هیچ کهرهسه و سهرچاوه و مهتریالێکی نهماوه، پهنای بۆ هی بێگانه بردووه تا ههر نهبێت خۆی لهسایهیدا پهنا بدات و بهرگهی شاڵاوی دڕندانهی ئێره و ئهوێ بگرێت و بتوانێ بهههر شێوهیهک بێت پارێزگاری له خۆی بکات و بمێنێت. ستاتووی داگیرکراوی و دابهشکراوی و گهمارۆدان و ههڵکهوتی تۆپۆگرافی کوردستان دهبێت به ههند وهربگێرێت و له رهههنده قورس و گران و سهختهکانی و کاریگهرییه نهرێتیییهکانی لهسهر ژیانی کۆمهڵایهتی و سیاسی و ئابووری و فهرههنگی حاڵی بین. مرۆڤێک دهست و قاچی ببڕن و کهوتبێته بهر پێلهقهی سێ چوارێکی دیکه، توانای ههڵسانهوه و مانهوهی دهچێته دنیای مهحاڵهوه.
کورد گهر خاوهنی بهڵگهنامه و ئهرشیفخانهیهک لهمهڕ رابردوویهوه نهبێت، جێی سهیر نابێت. وهک دهزانین ههتا ههنووکهش مۆزهخانهکانی کوردستان سنگ و کهللهی هاووڵاتییانی کوردستان و کونج و تاقه تاریک و گۆڕستانهکانه. ئهوهی پارێزراویشه ههر لێرهوه وهرگیراوه و به ئێمه گهشتووه. دهنا کوا دامودهستگای تایبهت و زانستگا و پهیمانگای سهربهخۆ و دهیان ئینیستیتووتی تهرخان لهم بوارهدا کار بکهن به لێکۆڵینهوه و پاراستنی کوردۆلۆگییهوه سهرگهرم بن. ههربۆیهکا گهلهک جاران قسه لهسهر موعجیزهی مانی کورد نابێته زیادڕهوی.
له بهشی پایهکانی گوتاری کوردی دا کاک عهتا پرسیارێکی گرنگ دهورووژێنێت و دهپرسێ: ئایا به گوێرهی کورد وهکو ئایین کام لهم دوانه دهبنه بنهما و پایهی گوتاری کوردی، ههمان مهنههجی فیکری و عهقڵی که ئیسلام هێناویهتی یان مهنههج و فکر و عهقڵێکی تر که ئایینی زهردهشتی هێناویهتی، یان مهنههج و عهقڵ و لێکدانهوهیهکی تر له پاڵ ئیسلامدا که تهسهوفی ئیسلامی له سهدهی نۆزدهدا هێناویهتی؟
دیاره ههروا بهسانایی وهڵامێکی ئهم پرسیارانهمان چنگ ناکهوێت. دهبێت له جوگرافیای رۆشنبیریی کوردیدا رووبهرێکی فراوان بۆ کارکردن لهسهر ئهم تێزانه تهرخان بکرێت، ئهوجا دهکرێت گهڵاڵهی وهڵامێکی گرد و کۆمان لا دروست بێت.
به درێژایی ئهو ماوهیهش له ساڵی 610 کۆچییهوه ههتا ههنووکه، زهردهشتێتی بهر گورزی هێزهکانی دهرهوهی خۆی به تایبهت ئیسلام دهکهوێت. بهم پێودانگه گهلێک له بنهماکانی فهوتاون و شێوێندراون. ئهوهشی تا ئێستا زانراوه ئاڤێستا چهند نوسخهیهک بووه و لهچهند پهرستگایهکی جیاوازدا لێره و لهوێ پارێزراوه و گهلێ له بهشهکانی پاش زهردهشت کۆکراوهتهوه.
ئهوهتا ئیبن بهلخی له فارسنامهکهیدا دهڵێ: کوردهکان لهشکری ئازای ساسانییهکان بوون له شهڕی ئیسلامدا ههموویان کوژران و ئاواره بوون. له نامه فرهنگ ئێران گرداوری فریدون جنبیدی بهڵگهیهک هاتووه که ئهم پارچه شیعرهیه بهزاراوهی ههورامی بهجێماوه دهڵێ:
زۆر کار ئهرهب کردنه خاپوور
گونا و پاڵه ههتا شارهزوور
ژن و کهنیکان وه دیل پشینان
مهرد ئازاتلی ژهروی هونیان
هورمزگان رمان ئهتیران کوژران
هویژشان شاهردهوه گهورهی گهورهکان
ئایین زهردهشت مانهوه بێکهس
بهزهیی کانا هورمزد و هیچ کهس **
د. جهمال رهشیدیش رایهکی ههیه بهوهی دهوڵهتی ساسانی کوردی لوڕی بهڕێوهی بردووه. فیردهوسیش دهڵێ: لهشکری سهرهکی ساسانی کورد بوون و کوژران و فهوتان.
لێرهدا نابێت ئهوه له بیر بکهین، دوای ئهو ههموو شێواندن و شاڵاوانهی کراوهته سهر ئهم ئایینه کهچی سێکوچکهی بیروباوهڕی زهردهشتێتی که له (بیری چاک، قسهی چاک و کرداری چاک) دا بهرجهسته بووه، ههر بهرز راگیراوه و وهک چرایهکی داگیرساو به رۆشنی ماوهتهوه. راستییهکی دیکهش که شایانی ئاماژهپێدانه، ئهوهیه نهک ههر زهردهشتێتی بگره گهلێ ئایین و ئاینزا و بگره نهتهوه و نیشتیمانی دیکه له ئاسیا و ئهفهریقا و تا رادهیهک له ئهوروپاش بهرگهی شاڵاوی ئیسلامیان نهگرت. ئهمهش ههژموون و کاریگهرێتی بههێزی ئیسلام به ههردوو باری ئهرێتی و نهرێتیدا به دیار دهخات.
کاک عهتا باڵادهستی ئیسلام دهگێرێتهوه بۆ ئهوهی <پهیامی ئیسلامی له رووی رۆحی و دنیاییهوه بهرنامهیهکی تهواو چڕ و دهوڵهمهندی پێ بووه، بهزوویی توانیوویهتی لای کورد و ههڵگرانی تری ئایینی زهردهشتی جێگای خۆی بگریت و ئهو بۆشاییه رۆحییهی که پێشتر پهیامی زهردهشتی داگیری کردبوو ئهم بیگرێتهوه و له ماوهیهکی مێژوویی کورتدا کورد بچێته سهر ئهو ئایینه نوێیه>.
مێژوو دهیگێڕێتهوه کهوا کورد ههم بهرگری کردووه و ههمیش ئارهزووی بووه پارێزگاری له ئایینهکهی بکات. ههڵبهت ههشبوون دوای شێواندن و بهخراب بهکارهێنان و لێکدانهوهی زهردهشتێتی و ههڵسوکهوتی نالهباری لایهنگرانی ئهم ئایینه، ئارهزووی ئاینێکی نوێیان کردووه و به پیر ئیسلامهوه چوون. له ههموو بارێکدا زۆر گران بووه کورد له ژێر باری ئیسلامدا راست بێتهوه و خۆی راگرێت. ئالێرهوه ئیسلام و زمانی عهرهبی و کولتوور و گوتارهکانی لهو پرۆسه داگیرکارییهدا گرانی خۆیان لهسهر رهههندهکانی کوردبوون به قورسی داناوه. ئیدی گهر کورد لهو میانهدا خاوهنی گوتارێکی گشتگیری تهوحیدی ئیسلامی و گوتارێکی شهرمن و شاراوهی نهتهوهیی کوردی بووبێت وهک ئهوهی که کاک عهتا دروست بۆی چووه، ئهوه بهڵگهنهویسته و کتومت حاڵهته بندهستییهکه بهرههمی هێناوه. من پێم وایه ئیسلام دهیویست دابونهریتهکانیشمان له کۆنهستدا بسڕیتهوه و نهیهێڵێ و به هی خۆی جێگهکهیان پڕ بکاتهوه، بهڵام کورد ملی نهداوه و زۆرانبازی لهسهر کردوون و سهرئهنجام ههر پاراستوونی. وهک له مێژوودا دیاره کێشهی کورد ههر لهدهمی ئیسلامدا له سهردهمی خهلیفه عومهر و دهوڵهتی ئهمهوی و عهباسیدا بهرشاڵاوی به ئیسلامکردن نهکهوتووه، ههردوو دهسهڵاتی نا عهرهبی پاش ئهمانیش سهفهوی و عوسمانلی ههر درێژهپێدهری یاسا و سیاسهتی ئیسلام بوون لهسهر کورد. بهواتایهکی دیکه کوردستان له مێژه ئهنفال دهکرێت و هیچ وڵاتێک نییه هێندهی کوردستان مهیدانی شهڕ و پێکداههڵپژانی هێزی دهرهکی بوو بێت. کوردستان جوگرافیایهکی بێ پهرژینی سیاسی و سنوور نادیار بووه. مێژوویهکی نێو تاریکستان و جهنگهڵستانی نهنووسراو و شێوێندراوی تێدا بهرههم هاتووه. ژیانی ماکی و مینۆکی کورد لهژێر باری بندهستی و زوڵمدا گۆڕانی گهورهی بهلادا براو و ئهتکبووی ئهوانی دیکهی بهخۆوه گرتووه.
بۆچی هێزێک یان سهرکردهیهکی بههێز ههڵنهکهوت بتوانێ ویست و خواستهکانی کورد له دروشمی سهربهخۆییدا فۆرمهله بکات تا خۆ لهو باره ناسروشتییه رزگار بکهن؟! ئهو پرسیاره بۆ ئێستاش رهواجی خۆی ههرماوه. بهمهشدا دهردهکهوێت کهوا له رووی سیاسی و هۆشیاریی نهتهوهییهوه ههمیشه شکستخواردووی دهستی ئهقڵێتی ساده و دهروونی کراوه بووین و بیرمان کهم بهلای خۆمان و بهرژهوهندییهکانمان دا لهکاردا بووه.
کاتێکیش کاک عهتا داوا دهکات: سهرچاوهی گووتاری نهتهوهیی و پایهکانی دهبێ بریتیبن له رهسهنایهتی و رهگ و ریشهی نهتهوه و بهرههمی فکری و عهقڵی نهتهوه و به زمانی نهتهوهش بێت... ههربۆیه دیسان دێینهوه سهر ههمان پرسگهلی نهبوونی دهسهڵات و ههڕهشه لهسهر بوون و زمانی قهدهغهکراو هیچی پێ بهرههم نایهت. حاڵی کورد وهک گۆی یاری نێوان ئهم دهسهڵاتانه بووه و ههر یهکه و له لایهکهوه و بهجۆرێک لێیداوه.
مامۆستا هێمن لهم رووهوه له شیعری دوارۆژی رووناک دا دهڵێ:
له مێژ بوو ههقی کورد دهخورا به فیڕۆ
له مێژ بوو کورد بوو دهیکرد شین و رۆڕۆ
له مهیدانی شـــــــــــــــهقێنی دوژمن دا
سهری سهرداری کوردی بوو وهکوو گۆ
ههرگیز له کوردستاندا ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی ئاسووده نهبووه. به دووری نابینم کهوا له ترس و لهرزی ئهم ههموو ههرهشانه بووبێت، وا کورد رووه و ناوچه شاخاوی و ئهشکهوتهکان و شوێنه سهختهکان ههڵاتووه و به ناچاری لێیان نیشتهجێ بووه. ئهمهش له ژیانی شارستانێتی دوور دهخاتهوه و دهرهتانی خۆسازی و بیناسازی و دروستکردن و تهنانهت بیرکردنهوهشی لێ تهنیوه. ئیبن خهلدون دهڵێ: له شارنشنینیدا عهقڵ له هێزی لهش به بڕستتره.
با سیاسهتی دڕندانه و نامرۆڤانه و شاڵاوی ئهنفالی ئهم چهند ساڵهی دوایی بهێنینهوه بهرچاوی خۆمان ... ئهنفالکراوهکان و ئهوانی دیکهش دهبێت توانای تۆماری چییان ههبوو بێت!؟ یان دهرفهتی کام بیرکردنهوهیان ههبوو بێت؟ بێگومان هیچ.
نهتهوهی داگیرکراو... دامودهستگای بهڕێوهبردنی خۆی نییه، سیستهمی خوێندن و پهروهردهی نییه، ههڕهشهی لهسهره و هێزی خۆپارێزی نییه و بهرهنگاریی و داکۆکی له زۆر شت پێ ناکرێت. بهم جۆرهش ناتوانێ گووتارێک بهرههم بێنێ و بهدهست نهوه له دوای نهوه بگات.
که ئهمهش حاڵوبارهکه بێت وا سهرچاوه و بهڵگهنامه و ئهرشیفخانه نابێت و گهر ههشبێت لاواز و سست و کرچوکاڵ دهبێت. ههر ئهم ههقیقهتهیه کاک عهتا کردووێته پرسیارێکی گرنک: ئایا لاوازی گوتاری کوردی پهیوهندییهکی گهوههری نییه به سهرچاوه و پایهکانییهوه؟
به دڵنیاییهوه ئهمه هۆکارێکی هێجگار سهرهکی سستی و بێهێزی گووتاری کوردییه. تاکی کورد کهرهسهی خۆماڵی تۆمارکراو و ئهرشیفی وهک سهکۆیهک نهبووه، تا لێیانهوه بهرهو دوندی هزر و مهعریفهیهکی باڵا سهرکهوێت.
له بهشی سێیهمدا... گوتاری کوردی لهسهردهمی میرنشینهکانیشدا، کاک عهتا پێی وایه مادام گوتاری ئهو سهردهمهمان ووتاری خێڵ و میرنشین بووه، وا کورد نهگهشتۆته قۆناغی دروستکردنی نهتهوه. برای نووسهر گهشتێکی درێژ به مێژووی میرنشینهکانی کورد دا دهکات و رهخنه لهوانه دهگرێت که ئهم دهسهڵاتانه به حکومهت و دهوڵهت ناوزهد دهکهن. لهو نێوهدا دهگاته لای سهلاحهدینی ئهیووبی و پێی وایه نابێت دهوڵهتی ئهیووبی به دهوڵهتێکی کوردی دابنرێت. بهڵگهی زۆر بۆ ئهم دیاردهیه دێنێتهوه. تا دواجار خۆی دهنووسێ کهوا: لهرووی راستیشهوه ناکرێ لهو قۆناغهدا داوا له ئهیووبی بکرێت که نهتهوهیی بێت یان ههڵگری بهرنامهیهکی ناسیونالیزمی کوردی بێت. پاساوی بۆ ئهمهش هێنانهوهی تێزێکی مارکسیزمه که دهڵێ: ناسیونالیزم بهرههمی قۆناغێکی تایبهتییه له پهرهسهندنی کۆمهڵایهتی ئهویش قۆناغی دهرکهوتنی چینی بۆرژوایه واته بهرههمی شۆڕشی پیشهسازییه.
بهداخهوه کاک عهتاش وهک زۆر له چهپ و مارکسستهکانی تری کوردستان دهیانهوێت ئهم قاڵبه تهنیا به سهر کورد دا ببڕن. ئاخر کهی فارس خاوهنی شۆڕشی پیشهسازی بوون لهو سهردهمهدا؟ ئهرێ عهرهب کوا لهسهردهمی خهلیفه عومهر و دهوڵهتی ئهمهویدا به قۆناغی پیشهسازی گهشتبوون؟ باشه کاک عهتا دهتوانێت بڵێ ئهوانه ههڵگری رهگهزی ناسیونالیزم نهبوون ؟!. ههر خودی کاک عهتا دهنووسێ له روانگهی بیرمهندانی کۆمهڵناسی مۆدێرنهوه ناسیۆنالیزم بهرههمی مۆدێرنێتهیه.
جارێ قسه لهسهر بۆچوونی مارکسیزم زۆر کراوه و لهزۆر شوێنی دیکه وهڵامدراوهتهوه و بهپهرچی هیپۆتیێزهکانی دراوهتهوه، لام سهیر بوو کاک قهراخی بهو تێزه سواوه بهڵگه بۆ شرۆڤه نوێکانی دێنێتهوه!!!. ئهوجا بۆچوونی مۆدێرنهش لهسهر پهیدابوونی ناسیونالیزم لهرووی مێژوویی پشتی پێ نابهسترێت چوونکه ناسیونالیزم لهپێش سهرههڵدانی شۆڕشی گهورهی فهرهنساشهوه ههبووه. بهدهیان لێکۆڵینهوه ههیه و ئهم راستییه دهسهلمێنێ. فهرهنسی و ئینگلیزی و سکۆتلهندی و پورتوگالی و هۆڵهندی پێش شۆڕشی ناوبراو و نهتهوه و خاوهن دهوڵهتیش بوون. ئهو شۆڕشه پتر پرسه بنچینهییهکانی ههبوون و بهرژهوهندی پارێزی لای نهتهوهکانی ئهوروپا تهقاندهوه و له چوارچێوهیهکی نوێدا باشتر بهرجهستهی کرد. ئهو شۆڕشه مامانی ناسیونالیزم نییه وهک گهلێ کهس پێیان وایه. خۆ له نێو خۆشماندا بهرههمهکانی خانی و شهرهفخان و دهیان دیارده و سهرچاوهی تر لای گهلانی رۆژههڵات به چهندین سهده پێش مۆدێرنه ناسیونالیزم ههبووه.
نووسهر ههر لهم بابهتهدا دوای شۆڕبوونهوه لهباسهکهدا دێته سهر خاڵێکی ههستیار و وورووژاندنی مهسهلهیهکی دیکهی مشتومڕ لهسهر کراو و دهڵێ: یهکێک له کێشه دیارهکانی ناسیۆنالیزمی کورد له سهرهتای دهرکهوتنییهوه تاکو ئێستا ئهوهیه که بهبێ زانینی ناسیۆنالیزم و بهبێ ناسینی خۆیی و بهبێ بوونی گووتارێکی کراوهی ناسیونالیزمی دواوه و بهردهوامیش له رهخنهگرتنێکی عاتیفانهدا بووه بهرانبهر به گهلی کورد و به بزووتنهوهکانی، بۆ نموونه (کاژیک) که خۆی به حیزبێکی ناسیۆنالیستی کورد زانیووه و بهدوای ئهویشدا (پاسۆک) که خۆی به ههڵگری ههمان بهرنامه زانیووه... خاوهنی گوتارێکی کراوهی زانستی ئهوتۆ نهبوون که گهوههری پرۆژهی نهتهوهیی کورد له خۆ بگرێت بهڵکو به پێچهوانهوه خاوهنی گوتارێکی عاتیفی داخراوی تاک رهههندی مهودا تهسک بوون و نهیانتوانیووه لهسهر جوگرافیای کوردستان کهسێتییهکی دیار و جهماوهری یان تهنانهت کهسێتییهکی نوخبهیان ههبێت.
گرێدانی ئهو رۆژگاره بهو پێوانانه به ئیمرۆوه و لێنۆرین له دوو پارتی (کاژیک و پاسۆک) بهو شێوهیه لام وایه لای کاک عهتا نهپێکانی راستییهکانی لێکهوتۆتهوه. ئهم بابهت و بۆچوونه دهکرێت بهسهربهخۆ به دهیان لێکۆڵینهوهی لهسهر بکرێت. من به دیدی خۆم و لهم گۆشهیهوه به کورتی لهم وێستگهیهدا ئیستێک دهکهم.
ناسیونالیزمی کوردی و به نموونه پاسۆک:
1ـ ناسیۆنالیزمی زانیوه ... گهر تهماشای پێڕهو پرۆگرامی پاسۆک بکرێت و بڵاوکراوه و بهیاننامهکانی بکهین له 33 ژمارهی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایهتی و چهندین ژمارهی رۆژنامهی سهربهخۆیی و گۆڤاری روانگهی ئازاد و دهیان بڵاوکراوهی تر و خهباتی رۆژانهی پاسۆک بکهین، هێڵهگشتی و بنهما سهرهکییهکانی ناسیونالیزمیمان به روونی بهرچاو دهکهوێت. گهر ئامانجی سهرهکی لای ناسیونالیزم داوای یهکێتی و تهبایی ریزهکانی نهتهوه بێت، وا پاسۆک قورسایی بیر و کاری بۆ ئهم ئامانجه بووه و گهلهك جاران دهستکهوتی گهورهی لهپێناوی ئهم راستییانهدا لهدهست داوه و رهتکردۆتهوه. شههید قاسملۆ لهم رووهوه دهیگووت بارهگاکانی پاسۆک بوونهته بارهگای نهتهوه یهکگرتووهکان بۆ چارهسهری کێشهی نێوان حیزبه بهیهکدا ههڵپژاوهکانی کورد. کاتێ پاسۆک ناسیونالیزمی زانیوه و داکۆکی لێ کردووه و پهیڕهوی کردووه، باری سیاسی و ئیدیۆلۆژی له کوردستاندا لهو پهڕی وێرانهییدا بووه. پاسۆک به کۆمهڵێ دروشمی نێوهندی نهتهوهییانه هاته مهیدانهوه، گهر پوازی ناوخۆ لێگهڕابا و ههندێک سهرانی پاسۆک له پیادهکردندا واقعیتر بوونایه، باری کورد دوور نهبوو به جۆرێکی تردا بشکایهتهوه. دروشمهکانی { کوردستانێکی ئازاد گهلێکی یهکسان، پێش ئهوهی ههر شتێ بین دهبێ کورد بین، کوردستان تهنها موڵکی کورده، تا ملکهچی پهکی نهخستووین با بۆ ئازادی یهکگرین و جهماوهر سهرچاوهی بوون و دهسهڵاته} دهشێت بهس بن بۆ سهلماندنی جهوههری ناسیۆنالیزمی پاسۆک و تێگهیشنی لهو چهمک و رێبازه. بهڵام کاتێ به ههموو دهستاوێژهکان تێکڕای رێگا سهرهکییهکانی خهباتی لێدهتهندرێت و خوێنی تاکه تاکهی هاوبیرانی حهڵاڵ دهکرێت و لهسهرۆک و سکرتێری بهشێکی حیزبهکانهوه تا ههندێ ئهندامی دیکهی خۆفرۆش سیخوڕی بهسهره دهکهن و به مهترسی لهقهڵهم دهدهن بۆ داگیرکهران پێش خۆیان!. بڕیاری مهکتهبی سیاسی لایهنی کوردستانی هاوپهیمان ههبوو گهر پاسۆک له ژماره و قهوارهیهکی تایبهت تێپهڕن دهبێ لیبدرێن. دهی ئیدی هیچ دهرفهتێکی بابهتی بۆ ههڵسوڕان دهمێنێتهوه.!؟ پاسۆک زۆر خۆی له کێشه و ململانێ و شهڕی کوردکوژی پاراست و دوور خستهوه، وهلێ به بڕیار و نهخشهی تایبهتییهوه تێیان گلاند. ئهم راستییانه شیاوی قسه و شرۆڤهی زۆر زیاترن و ئامانجیش لێرهدا گاسنهکردنهوهیان نییه. بهڵکو مهبهست بهسهرداچوونهوهی رووداوهکانه و نیشاندانیانه به کاک عهتا و ههموو ئهوانهی دهیانهوێ تیشکێکی رووناکی بخهنه سهر ئهو رۆژگاره سهخت و دژوارانه. ههرچهند پێم وایه برای نووسهر بهووردی ئاگاداری ئهم مێژووه بێت، بهس بۆ خۆی لێ نهبان کردووه، ئهمه پرسیاری سهرهکییه و وهڵامی لای کاک عهتا ئاساییهکانه؟ . راستییهکی دیکهش لێرهدا بێته قسه، ئهویش وهک کاک عهتاش باوهڕی پێیهتی، دهستهبژێری سیاسی ـ نهتهوهیی کوردی ـ به سانایی و بێ گرفت نابنه خاوهن هێزێکی تۆکمهی کاریگهر. پاسۆک و کهسانی نهتهوهیی تهنها بهر گورزی گرانی داگیرکهران نهکهوتوون، بهڵکو لهلایهن هێز و حیزب و کهسانی ناوخۆشه رووبهرووی دژوارترین سیاسهتی ناحهزانه بوونهتهوه.
2 ـ خاوهنی گوتارێکی کراوهی نهتهوهیش بووه. وهک لهسهرێ ئاماژهم پێدا، تهنها تهماشاکردنێکی ئۆرگان و بڵاوکراوهکانی پاسۆک بهڵگه و دیکۆمێنتی ههبوونی گووتارێکی نهتهوهیی رووگهشی کراوه بهرچاو دهکهون. دهشێ ئهو نموونه بهس بێت که بهدرێژایی ساڵانی خهبات تا ئیمڕۆش له باشترین پهیوهندیدا بووه لهگهڵ هێز و پارتێکی سیاسی وهک پارتی کۆمهنیستی کوردستان که دید و بنهما فیکرییهکانی له زۆر خاڵدا له پارتێکی نهتهوهیی وهک پاسۆکه دوورن. ئهمه ههم پهسهندکردنی رای بهرانبهر و ههم ههستکردنه به پێداویستی هێز و هزری تر و ههم کرانهوهی پراکتیکیشه بهرووی ئهوانی دیکهدا تا ئهو شوێنهی نهکهونه سهنگهری داگیرکهر و دوژمنانهوه. گرفتی پاسۆک کهم دهرامهتی و نهبوونی دهستگای راگهیاندنی پێویستی وهک رادیۆ بوو لهو سهردهمهدا، تا بتوانێت کاریگهرانه و راستهوخۆ دهنگی به جهماوهر بگات. کێ دهڵێ ئهوهشی ههبوایه له مهکتهبی سیاسی یهکێ لهو حیزبه کوردییانهوه ئامێرێکی هانیهانی نهدهخرایه سهر بۆ ئهوهی دهنگهکه به میللهت نهگات!؟. کاک عهتا بۆ ئهم کتێبهی بهتایبهت و زۆر له بهرههمهکانی دیکهی یان ئهوهتا هیچ سهرچاوه و بڵاوکراوهیهکی پاسۆکی نهخوێندۆتهوه و قسهی پروپاگهندهچییانی ناحهزی کوردایهتی کردۆته بنهمای نووسینهکهی یاخود مهبهستێک خۆی لهپاڵ ئهم کارهیدا حهشارداوه!!. دهنا وهک راستی دهیتوانی ئاماژه به سهرچاوهیهک له بڵاوکراوهکانی پاسۆک بدات یان کاژیک بۆ ئهوهی بۆمان دهرکهوێت برای نووسهر چاوی پێیان کهوتووه. من به دڵنییاییهوه دهڵێم کهوا کاک عهتا بهههر بیانوویهک بێت نایهوێت پێمان بڵێ چاوی به چ بڵاوکراوهیهکی پاسۆک یان کاژیک یان نووسهره دیارهکانیان کهوتووه و دێت لهخۆڕا قسهشیان لهسهر دهکات.
من لێرهدا دهتوانم ئاماژه بهدهیان ووتار لهژێر سهردێڕی: رازێکی کوردانه، قوتابخانهی پاسۆک و بانگێ لهسهنگهری پاسۆکهوه و لهههمووش چڕتر شادهماره سهرهتاییهکانمان، که له ژمارهکانی (ئاڵای سووری كوردایهتی) دا بڵاوکراونهتهوه به نموونه بهێنمهوه لهسهر ههبوونی گووتاری نهتهوهیی لای پاسۆک، گرفتی پاسۆک تهنها له میکانیزمی گهیاندنهکهیدابوو. بێ حاشالێکردن ئهمهش کهماسییه و ئێمه بهر له کاک عهتا پێی لێدهنێین. بهدهر لهمانهش بهدهیان بڵاوکراوهی وهک: پاسۆک له کڵاورۆژنهی دروشمهکانییهوه، پاسۆک له چهند دێڕێکدا، مهڵۆیهک له خهرمانی بیری پاسۆک، چهند سواڵهیهک له خهرمانی بیری پاسۆک و پرۆگرامی پاسۆک و حوکمی زاتی و مهسهلهی کورد و چهندانی دیکهی لهم سهرهرییهدا بڵاوکردۆتهوه. کاژیک ساڵی 1974 داوای پێکهێنانی بهرهی کوردستانی له کۆمهڵهی مارکسی ـ لینینی کوردستان و سهرکردایهتی ناوهندی ـ قیاده مرکزی ـ پارتی کۆمهنیست کرد و دهیان ههوڵ و کۆبوونهوه کرا ههرهس ههمووی راماڵی.
پاسۆک دوای ههرهسی شۆڕشی ئهیلول بهرنامهی ـ بهرهی کوردستانی هاوتا ـ ی پێشکهشی لایهنه سیاسییهکانی ئهو سهردهمه کرد و چهندین دیداری لهگهڵ شاسوار جهلال ـ شههید ئارام نوێنهری کۆمهڵه وهک بههێزترین باڵی ناو ی،ن، ک و سهرگۆرهپانی خهبات بۆ ئهم مهبهسته کرد. وهلێ کهس به دهنگ بانگهوازهکهیهوه نههات. لهبری ئهوه سهرگهرمی خهونی پارتی پێشڕهو و پاڵهوانی گۆڕهپان و زره خهونی ئیدۆلۆژی م.ل و شتههایهکی نهزۆکی تر بوون. بهڵێ لهو رۆژگاره سهختانهدا پاسۆک بهم بنهما هزری و روانگهی کوردانهوه رسکا و خهڵکانی دیکهش خهریکی وهرگێڕانی دوا نامهکانی لینین و چهپکێ له قسهکانی ماو و مامۆستا مهسعود ووتهنی باسی پرۆلیتاریایان له قڕناقه و پشتئاشان سهرهتا بۆ شۆڕشێکی عێراقی و دواتر بۆ نهخوێندهوار و ههژارانی کورد دهکرد.
با کاک عهتا سهرهتا سووژنێک بکات به لایهنهکانی دیکهدا ئهوجا دهرزییهکیش به پاسۆک دا.
کاتێ دهڵێین ئهم بڵاوکراوانه وهک پێویست بهردهستی کهس نهکهوتوون، بهو مانایا نییه تهنها بۆ خۆمان بوو بێت، چونکه له رێگای ریزهکانی رێکخستن و هێزی پێشمهرگهی پاسۆکهوه دهرفهتی بڵاوبوونهوهیان به رێژهیهکی باش ههبوو و بهتایبهت بۆ لایهنه سیاسییهکان نێردراوه و ئهوان و پهرۆشخۆرانی پرسی کوردایهتی لێی به ئاگا بوون.
گریمان بهرێز کاک عهتا بۆ بابهتێتی نووسینهکهی کاتی خۆیشی چاوی بهمانه نهکهوتبێت، وا دهیتوانی له ئێستادا بهسانایی بۆ لێکۆڵینهوه و شرۆڤهکانی پشتیان پێ ببهستێت.
3 ـ قاوی سیاسهتی کۆلۆنیالیستانهی داگیرکهرانی زیاتر داوه لهوهی به سۆزهوه رهخنهی له بزوتنهوهی کورد گرتبێت. بهراستی نامهوێت لهسهر ئهم باسه ئاوها پهڵپ له کاک عهتا بگرم و بهدوای بهڵگهدا بگهڕێم بۆ پوچهڵکردنهوهی ئهم بۆچوونه بێ بنهمایانه. پاسۆک بهوه ناسراوه له بهیاننامهی خۆشی و ناخۆشیدا و له بڵاوکراوهی مێژوویی و تهنانهت ئهدهبیشدا جێیهکی بۆ لهقاودانی سیاسهتی دڕندانه و نامرۆڤانهی داگیرکهران و نۆکهرانیان کردۆتهوه. یهكی له دیارترین پرنسیپهکانی پهروهردهیی لای پاسۆک کارکردنه له مێژوودا. لهم دیدهوه نیشتمانی داگیرکراو و دابهشکراو و ستهم و ماڵوێرانی و ژیانی پڕ له مهرگهساتی نهتهوه لهسهردهستی داگیرکهراندا ئامادهگی بهردهوامی نێو هزر و کارکردن و ههوێنی سیاسهتی پاسۆکه. پاسۆک ههر گلهیی و رهخنه و گازندهییهکی له لایهنهکانی تر ههبوو بێت و ههبێت، پهیوهندی بهم خاڵه جهوههرییه هزرییانه و پرسه ستراتیژییهکانهوه ههبووه و ههیه. بهڵێ پاسۆک ههردهم قاوی سیاسهتی ئۆتۆنۆمیخواز و داگیرکهرچێتی و ئایدۆلۆژیخوازانی ناواقعی و لادهران له رێبازی کوردایهتی و بهرژهوهندییه باڵاکانی نهتهوهی کوردی ههر حیزب و لایهنێکی کوردی لهچوارچێوهی لۆژیکێکی بهرژهوهندپارێز و دوور له بارگرژیی و شکانهوهی به قازانجی داگیرکهر و دوژمنانی کورد گرتووه و پیادهی بۆچوونهکانی کردووه. جێی سهیر نییه کهوا لهبهر رۆشنایی ئهم راستییانهدا ههتاکو ئیمڕۆش باشترین پهیوهندی لهگهڵ سهرجهم ئهو هێزه ئایینی و چهپه سهربهخۆییخوازهکاندا ههیه له سهرانسهری کوردستاندا و پاڵپشتییان لێ دهکات.
ههرچی دهربارهی ئهوهی لهبری کاژیک و پاسۆک ههڵگری گووتاری کوردی بن، بارزانی سهرکردایهتی بزوتنهوهی کردووه و ههڵگری گوتاری کوردییه، ئهو بهراورکردنه بۆ سهردهمی بوونی کاژیک راسته و هۆکاری خۆشی ههیه. ساڵی 1963 لهسهر بنهمای رێکهوتن و له پێناوی سهرخستنی بزوتنهوهی رزگاریخوازی کورد دا کاژیک پشتیوانی له بارزانی و شۆڕشهکهی کرد. دهی تۆ بڵێی کاک عهتا لهوه ئاگادار نهبێت که بارزانی و شۆڕشهکهی له ئازاری 1975 ههرهسیان هێنا. پاسۆک له ئهیلوولی 1975 دا رسکاوه، بارزانی ئهو کات بوونی لهسهر واقعی خهبات نهبوو. له راستیدا نکۆڵی له رۆڵی بارزانی ناکرێت و هاوبیرانی نهتهوهییش به ههموو توانایهکهوه پشتیوانی شۆڕش و بارزانییان دهکرد. ئهم ههڵوێست و بیرکردنهوهیه هیچ ئهلتهرناتیفێکی تری قبوڵ نهدهکرد. سهرباری ئهمهش کاژیک رهخنه و تێبینی لهسهر گهلێ پرسی گرنگ ههبووه و به دیکۆمێنتیش کراوه؟ له نێوان کاژیک و بارزانیدا ـ بڵاوکراوهی کاژیک. رۆڵی بارزانی وهک کهسایهتییهکی دیار و ههڵکهوتووی نێو مێژووی رووداوهکانی کوردستان و پایهی بنهماڵهیی و لێوهشاوهیی و کاریزمایی خۆیشی لهو میانهدا سهرباربوون بۆ ههڵگرتنی گووتاری کوردایهتی. کاریگهرییهکهش زیاتر لهرووی لهشکری ـ هێزی پێشمهرگهوه ـ بوو نهک لهرووی هزرهوه، بهواتایهکی دیکه هێز بڕیاردهر بووه نهک بیر. پارتی ههتا ههنووکهش بهجۆرێک پهیڕهوی له رێبازی مارکسی لینینی دهکات و کهم و زۆر قهوانی عێراقچێتی لێداوه و لێدهدات و مهحاڵه بۆن و بهرامهی سیاسهتی دامهزراندنی دهوڵهت وهک ستراتیژی نهتهوهیی لای پارتی ههست پێ بکرێت، له کاتێکدا ههڵگرانی بیری نهتهوهیی به کاژیک و پاسۆکیشهوه به قورسی کار لهسهر ئهم پرسه دهکهن و تابووی باسکردنییان له ئهدهبی سیاسی دوای جهنگی جیهانی دووهمهوه شکاند. پێم وایه ئهم چهند خاڵه بهس بن بۆ ئهوهی برای نووسهر بزانێ کێ ههڵگری بیر و بهرنامهی گووتاری کوردییه. پاسۆک کوردی به نهتهوه زانیوه بۆیه به کهماڵی ئیسراحهت قسهی لهسهر ناسیۆنالیزمی کوردی کردووه و دروشمی نێوهندی ،(کوردستانێکی ئازاد گهلێکی یهکسان)ه.
شایانی وهبیر هێنانهوهیه ساتێ پاسۆک پهیڕهوی لهم رێباز و بیروباوهڕه کردووه، بهشێکی باشی هێزه سیاسییهکانی کورد و دهسگا دههۆڵکوتهکانی ئهو ساتهیان بهسهدان ناووناتۆرهی عهرهبکوژ و دژه ئیسلام و شۆفێنی و تهنانهت نازێتییان دهدایه پاڵ ههڵگرانی بیری کوردایهتی و جهماوهری کوردیان به دهیان شێواز له دژی هاندهدا. پۆلیتبیرۆی لایهنی سیاسی ههبوو ههر بهیانێکی پاسۆک دهری کردایه، دههاتن دهکهوتنه ژماردنی ناوی کورد و کوردستان تا بزانن چهندجار بهکارهاتووه و ئهمهشیان بهگهورهیی به نهنگیی لهسهر کوردایهتی ئهژمارد دهکرد. خۆشیان تهنانهت له بهیاننامهی یادی جهژنی نهتهوایهتی نهورۆزدا پهلاماری ئیمپریالیزمیان دهدا و به شان و باڵی شوورهویدا ههڵیان دهدا و پهسنی حافز ئهسهد و خومهینی و ستالین و هتد یان دهکرد... سهرکردهمان ههیه نهک ههر خۆی و حیزب و بهناو شۆڕشهکهی بهقهرزاری داگیرکهران دهزانێ، بهڵکو ههموو کورد به قهرزار و سوپاسگوزاری حافز ئهلئهسهد دهزانێ ههر لهبهرئهوهی داڵدهی خۆیی و حیزبهکهیان لهشام داوه... بهکورتی وهک کاک عهتا پێمان دهڵێ و ههموان دهزانین دروشمی سهربهخۆیی و دهوڵهتی نهتهوهیی جهوههری ناسیونالیزمه. لهمهدا هیچ کهس و لایهک بهر له کاژیک و پاسۆک نایهنهوه، ئیدی تێگهیشتن و متمانه بۆ هیچ کهس و شتێ نامێنێتهوه ساتێ ئهم راستییانه بۆ مهبهستی دیکه دهشێوێندرێت.
له نێو ئهو گهشتهشدا که به میرنشینه کوردییهکان (ئهردهڵان، سۆران، بابان و بادینان) دا دهیان کات برای نووسهر ئاماژه بهوه دهکات کهوا ئهو دامهزراوانه بهرههمی ههلومهرجی لاوازبوونی دهسهڵاتهکانی ناوچهکهن واته فارس و تورک. سهرجهم ئهو گووتارانهشی لهلایهن ئهم میرنشینانهوه بهرههم هاتوون رهنگدانهوهی عهقڵێتی خێڵه. دواتر پاساو بۆ ئهوه دێنێتهوه که له رۆژههڵات و ههندێ شوێنی ئهوروپاشدا لهو دهمهدا ناسیونالیزم ئامادهگی نهبووه. ئهمهش چونکه کاک عهتا باوهڕی وایه ناسیونالیزم بهرههمی مۆدێرنێتهیه.
خاڵێکی دیکهی ورووژاو لهلایهن کاک عهتاوه بریتییه لهوهی سیستهمی ئابووری فیۆداڵی له کۆمهڵگای کوردیدا نهبۆته خاوهن ناسنامه و ئهم هۆکار و خاسێتهش وای کردووه لهبری دهوڵهتی فیوداڵ میرنشینی فیوداڵ دروستکراوه و ئهم میرنشینانهش له سهر جوگرافیا و نهسهبی خێڵ دروستبوون و توانای بهزاندنی سنووری خێڵ و جوگرافیاکهیان نهبووه و گهر بووبێتیش وا تهنیا له رێگای شهڕ و داگیرکردنهوه بووه نهک لهرێگای یهکگرتن و یهکبوون و یهکێتییهوه.
ئهم خوێندنهوانهی کاک عهتا گهر لهگهڵ بۆچوونهکانیشیدا نهبین وا ههر کۆمهڵێ راستی و فاکتی گرنگ له خۆدهگرن و شیاوی کار لهسهرکردنن.
بهر لهکۆتایی ئهم بهشه باسێکی ههستی نهتهوهیی و هۆشیاریی نهتهوهیی وجیاوازییهکانیان دهکات. ئهو باوهڕهی بهسهر نووسهردا زاڵه دهڵێ: دهرکهوتنی نهتهوه بهرههمی قۆناغێکی دیاری پهرهسهندنی کۆمهڵایهتییه و به گوێرهی کۆمهڵگای کوردی له قۆناغی دهسهڵاتی میرنشینهکاندا به چهمکی نوێ (نهتهوه) پێکنههاتووه. نووسهر پێی وایه نهتهوهی کورد نییه بۆیه مانایهک نامێنێت قسه لهسهر ههستی نهتهوهیی بکهین. پێم وایه ئهمه یهکێکه له دزێوترین بۆچوونهکانی کاک عهتا لهم بهرههمهیدا. پێناسهی نهتهوهبوون ئاشکرایه و دهمێکه کۆتایی به مشتومڕ لهسهری هاتووه. لهدوای نیوه سهدهیهک زیاتر له بگرهوبهردهی گهرم لهسهر کورد ئوممهیه یان نا لهگهڵ کۆمهنیست و مارکسییهکاندا تازه به تازه کاک عهتا دهمانباتهوه بۆ سهر ههمان باس. پهیوهندی ئالۆز و نیوه خێڵهکی و دواکهوتووانهی کورد له نێو یهکتردا، بهرههمی باری سیاسی کوردستان بووه وهک نیشتمانێکی زیاتر له 2000 ساڵه کۆلۆنیالکراوه، نهک پێناسهی نێو کتێبهکان و خهیاڵی تیۆریستهکان .
بهشی چوارهم گوتاری کوردی لهسهدهی نۆزدهیهمدا، راپهڕینی بهدرخانیهکان.
بهشی پێنجهم گوتاری کوردی و گوتاری تهسهوف لهسهردهمی میرنشینی باباندا.
نووسهر پێ لهسهر ئهوه دادهگرێت کهوا گوتاری کوردی له پرۆسهی گهشهکردنی خۆیدا نهیتوانیوه دهوڵهت دروست بکات. لهبری بهئهنجامگهیاندنی ئهم ئهرکه میرنشینی هێناوهته کایهوه. ئهم میرنشینانه خاوهنی گووتاری ناوچهگهرێتی و خێڵایهتی سنووردار بوون. پرسی تهسهوف بهگشتی جۆرێکه له ئۆپۆزیسیۆن بوون له شێوازێکی نێگهتیڤدا. نووسهر به چڕی لهسهر سیماکانی تهسهوف و پهیوهندی لهگهڵ گووتاری خێڵایهتیدا رادهوهستێ. پێی وایه گووتاری تهسهوفی کوردی ههڵگری هیچ سیمایهکی فیکری و مهعریفی نهبووه. به تایبهت کاتێ دهڵێ: سهرچاوهکانی ئهم گووتاره نا کوردی بوون و له ئیسلامهوه وهرگیراون. نووسهر لهمهدا گومانی لا دروست دهبێت کهوا فکرێکی کوردی ههبوو بێت یان ههڵگری پرۆژهی رێنیسانس و رابوونهوه بێت. کاتێ ههست دهکات ئهم 3 ئاڕاستهیه گووتاری خێڵایهتی، قادری و نهقشبهندی نهیانتوانیوه یهکبگرن و گووتارێکی نهتهوهیی پێکبهێنن. تهسهوفیش لهکوردستان دابهشی قادری و نهقشبهندی بووه. قادری گووتارێکی داخراوی تاک رهههندی توندوتیژه و نهقشبهندی خاوهنی گووتارێکی هێمنی دهست له دنیا شۆردووی به چاوی قوربانی سهیری خۆکردووه.
بهشی شهشهم گووتاری ئهدهبی لهسهردهمی باباندا.
نووسهر باسێکی کورتی سهرهتای دهرکهوتنی نووسینی کوردی دهکات به زاری گۆرانی لای باباتاهیری ههمهدانی، که خۆی له شیعر و شیعریش به کێشی پهنجهی فۆلکلوری لهسهر کێشی (گاتاکان) پهیامی ئایینی زهردهشتی بهرجهسته دهکات. لهسهردهمی باباندا و لهسهردهستی نالی و سالم و کوردی کودهتایهکی سپی بهسهر بارهدا دێت و دهگهڕێنهوه سهر کێشی عهرهبی و فارسی. بهمهش رهسهنایهتی کوردی دهرووخێندرێت و توخمێکی نا کوردی جێگاکهی پڕدهکاتهوه. لهم خوێندنهوه بهسهلیقهیهی کاک عهتا دا لهباسی گوتاری شاعیرانی بابان دا دهپرسێ: بۆچی ئهم گوتاره نهیتوانیوه سنووری دهسهڵاتی میرنشین ببهزێنێت و لهو جوگرافیا تهسکهدا نهمێنێتهوه و تا خاسێتی نهتهوهیی بوون وهربگرێت؟ زهقکردنهوهی ئهم پرسیاره و کۆمهڵێ تێبینی تر لهسهر ئهو قۆناغه کاک عهتا دهگهێنێته ئهو بڕوایهی شیعر به لاوازترین رهگهزی نووسین بۆ ههڵگرتنی فیکر دابنێت.
بهشی حهوتهم میرنشینی ئهردهڵان.
لێرهشدا ئاماژه بهوه دهدات کهوا ئهم میرنشینه دراوی خۆی لێداوه، فهرمانڕهواکانی خوتبهکانیان به ناوی خۆیانهوه خوێندۆتهوه، میرهکانیشیان هانی خوێندهوار و نووسهرانیان داوه مێژووی ههر رووداو و چالاکی و دیاردهیهکی بنهماڵهکهیان بنووسنهوه. له درێژهی باسهکهدا باس لهوه دهکات رهسهنایهتی گۆرانی کوردی لهو بهشهی کوردستان و ناوچهی ههورامان بهتایبهت پایهیهکی بههێزی گووتاری کوردییه. ئاینی زهردهشتێتیش کاریگهرییهکی باشی لهسهر گووتاری ئهم میرنشینه ههیه. کاکی نووسهر دهپرسێ بۆ ههستی دهسهڵاتخوازی لای هیچ میرێکی کورد دروست نهبووه خۆی بکاته فهرمانڕهوای ههموو ناوچهکه به کورد و ناکوردهوه وهک ئهوانی دیکه؟. ئهمهش شایانی قسه لهسهرکردنیکی جددیه. پێم وایه ساده و ساویلکهیی تاکی کورد هۆکاری یهکهمی ئهم گرفته مێژووییهیه. مامۆستا مهسعود محهمهد لهم رووهوه دهڵێ: ئهو رۆژهی ههخامهنشی به رابهرایهتی کۆرش گرهوی له (ماد) بردهوه گلۆرهمان کهوته لێژی. وهی کاشکی خوێنمژێکی ناپهسهندی مهلعوونی بێحهیا و بێشهرم مادهکانی زاڵ دهکرد بهسهر ههخامهنشییهکاندا ئینجا با قوڕی دنیامان بهسهر خۆماندا بکردایه بۆ ئهو رووداوه شهرمهێنهوهی به سفتوسۆیهی جهرگبڕهی شهیتانپهرستانهی که کوردی له شهق و لهقهی بێگانه ئازاد دهکرد. وهی ههزار ههزاران کاشکی و خۆزگه و دهستی شکاوم!!.
بهشی ههشتهم گوتاری میرنشینی سۆران.
پوختهی بۆچوونهکانی نووسهر سهبارهت بهم میرنشینه، محهمهد پاشا که به پاشای کۆره بهناوبانگه توانی رووبهری دهسهڵاتی میرنشینهکهی فراوان بکات و کاروبارهکانی رێکدهخات (...) هێزێکی باش پێکهوه دهنێت و کارگهی بارووت و چهکی دروستکرد. ئهم جموجوڵ و پهرهسهندنهی لهم دهڤهرهدا روودهدات مهترسی لای عوسمانییهکان زیاد دهکات بۆیه به یارمهتی والی بهغدا و والی موسڵ لهسهردهمی سوڵتان مهحموود دا پهلاماری دهدهن و میر بێ شهڕکردن خۆی بهدهستهوه دهدات و پاشان دهیکوژن. ئهم میره بهتوندوتیژی بهناوبانگ بووه و پهلاماری میرنشینی بادینانی داوه. کهواته ئهمیش ههڵگری ههمان ئهقڵێتی خێڵایهتی بووه و ههڵگری پرۆژهی ناسیونالیزم نهبووه. یهکێ لهو میرنشینهنانهی کهم تا کورت زۆر شتی لهسهر نووسراوه و بیروڕای جیاوازی دروست کردووه، میری سۆرانه. من لێرهدا خۆم له چهند بارهکردنهوهی باسهکان دهبوێرم.
9 گوتاری کوردی لهسهردهمی شێخ عوبێدوڵڵای نههریدا.
کاک عهتا دهنووسێ کهوا شێخ عوبێدوڵڵا خاسێتی فراوانی نهتهوهیی بوونی ههبووه و شێخێکه سهرکردایهتی داخوازییهکانی کوردی کردووه. له نامهیهکیدا بۆ باڵیۆزی بهریتانیا دهنووسێ: نهتهوهی کورد نهتهوهیهکی جیاوازه، ئاینیان له ئایینی ئهوانی تر جودایه، یاسا و نهریتیان جیاوازه(...) دیسان ئێمه نهتهوهیهکی جیاوازین، دهمانهوێ کاری خۆمان له دهستی خۆماندا بێت. لێرهدا پهیامی شێخی نههری بۆ جیاوازی نێوان کورد و ئهوانی دیکه نیشان دهدات. ئهم خۆ جیاکردنهوهیهش سهرههڵدانێکی ناسیونالیزمی پێوه دیاره.
10 حاجی قادری کۆیی و وههمی گوتاری کوردی.
نووسهر به کورتی ژیانی حاجی بهسهر دهکاتهوه و پێی وایه سهردهمی ههرزهکاریی حاجی هاوزهمانی چهند میرنشینێکی کوردی بووه و حاجی بۆ ئهم دهسهڵاته کوردییانه هیچی نهووتووه و پابهندییهکی خۆی بۆیان نیشان نهداوه. پاشان بهراوردێکی کارهکانی به هی نالی و سالم و کوردی پهیوهندییان له رێی دهقه شیعرییهکانیانهوه بۆ میرنشینهکان دهکات. ئهمهش بهڵگهی ئامادهنهبوونی حاجییه له پێکهێنانی گووتاری کوردیدا بهر له ئاوارهبوونی. پاشان باس له نهبوونی سیستهمی بهرههمهێنان و تهکنهلۆژیا و چینی بۆرژوازی و نهبوونی رۆشنگهریی دهکات لهو سهردهمهی حاجیدا و گهرهکێتی حاجی بکات به رۆڵهی ئهم ههلومهرجه و بۆیهشه ههستی نهتهوهیی لای حاجی به کز و له ئاستی نهبوودا دادهنێت. دوای ئاوهرهبوون و گیرسانهوهی له سایه و ههواری بنهماڵهی بهدرخانییهکاندا سهرهتای گووتاری کوردی لای حاجی به دیار دهکهوێت.
ئاوارهبوونی حاجی بینینی گۆرانه گهورهکان له پهنجهرهی شارێکی بهرفراوانی وهک ئهستهمبوڵی ئهو کاتهوه پتر هانی سهرههڵدانی ههستی نهتهوهیی حاجی دهدات. لێرهوه حاجی تهماشای بزوتنهوهی ناسیونالیزمی تورکی کردووه و کهوتۆته ژێر کاریگهرییهوه. کاک عهتا پێی وایه دهقه شیعرییهکانی حاجی که باسی گوتاری کوردی لهخۆگرتووه، لاواز و دروشمئاسان و کهمتر فیکر و مهعریفهیان لهخۆ گرتووه. له کاتێکدا بهدهیان زانا و لێکۆڵهرهوه و شارهزای کورد پایهی حاجی له شوێنگهی ناسیونالیزمی کوردیدا بهرز رادهگرن، وا ههوڵی کاک عهتا بۆ لێسهندنهوهی ناسنامهی ناسیونالیزم له حاجی دهشێ سهیرترین پرسیاری خوێنهر پێکنهێنێت؟؟؟.
11 رۆژنامهی کوردستان و گوتاری نهتهوهیی کوردی.
به گهشتێکی وورد و بابهتییانه باس لهدهرچوونی رۆژنامهی کوردستان دهکات و کۆمهڵێ پرسیاری ههستیاریش دهخاته دوو توێی لێکۆڵینهکهیهوه. به تێکڕا رووبهرووی پرسیارێکمان دهکاتهوه کهوا دهشێ بزوتنهوهی ناسیونالیزم بووبێته هێزێکی جهماوهریی و لهو نهتهوهیهدا هێشتا نووسین به زمانی نهتهوه ئامادهبوونی نهبێت؟ ههڵبهت زهحمهته بووترێت نوسین به کوردی لهدهرهوهی شیعردا نهبووه، ههروهک چۆن دژواره بڵێین کهوا رۆژنامهی کوردستان سهرهتای نووسینی بابهتی سیاسی و فیکری و مێژوویی و مهعریفییه گهر به کزیش بێت؟ برای نووسهر ئهوه لهبیر خۆی دهباتهوه که شاڵاوی داگیرکهران هێنده قورس و درندانه بووه، کورد نهیتوانیوه تهنانهت رۆژنامهیهکیش له نیشتمانهکهی خۆیدا دهربکات. کورد ههرجۆره جوڵه و سهربزێوییهکی کردبێت ئهم دهسهڵاتانه ههرجاره و به یارمهتی زلهێزێکی دیکهی وهک ئینگلیز و رووس سهرکوتیان کردووه. که ئهمه حاڵی کوردبێ و کوردستانیش پێخوستی ئهو ههموو داگیرکهر و دوژمنانه بێت، چ دهرفهتێ بۆ شتههایهکی دیکه دهمێنێتهوه؟؟!. نوسهر ئاماژه به نووسینێکی میقداد بهدرخان دهدات و مانا و هێماکانی پاڵنهری دهرکردنی رۆژنامهکهمان بۆ دهردهکهوێت و لێیهوه ئاستی تێگهیشتن و هۆشیاریی و زانایی ئهو کهڵه پیاوهی کورد بهدیاردهخات. گرنگی دهرکردنی رۆژنامهکه سهلماندنی ئامادهگی کورده بهناسنامهیهکی سهربهخۆی خۆیهوه له دهورانی ئیمپڕاتۆرێتی عوسمانلیدا. کاک عهتا ههر لهم میانهدا باس له گووتاری کوردی ئایینی و عهلمانی جیاوازی و هۆکارهکان و بهراوردکردنیان بهیهکتر دهکات و لێکۆڵینهوهیان لهسهر دهکات. سهرنجێکی پێویستی من لهم روانگهیهوه بریتییه لهوهی که گوتاری فارسی به گرنگترین رهگهزی ئایینی و مهزههبی شیعهگهرێتی ئاوێته بووه و گوتاری فارسیش له عهرهبیدا نهتواوهتهوه. دهمێنێتهوه بڵێین کارێکی ئهستهمه به ئێستاشهوه گوتارێک سهرههڵبدا له دژی ئاڕاستهی گشتی ئیسلام بووهستێتهوه!. هیج هێزێکیش نییه بتوانێ لهو دهڤهرهدا سهرهڕۆیی وا به نهتهوهکهیهوه بکات. بهر له کۆتایی کاک عهتا خاڵێکی ههستیار تێکهڵ به پرسی گوتاری کوردی دهکات و لای وایه پرسی هاوئایینی لهسهردهمی سوڵتان عهبدولحهمیدا وای کرد کورد بهشداری سوارهی حهمیدییه بێت و بهشداری له کوشتاری ئهرمهندا بکات. راستی ئهوهیه ئهوه بڕیاری دهسهڵاتی سیاسی سوڵتان بووه و ئهو کوردانهی بهشداری ئهو کارهساته بوون فهرمانی سوڵتانیان وهک سهربازێک جێبهجێ کردووه. ئا لهو ساتهوهختهدا که ئهرمهن رووبهرووی ئهو کوشتاره دهبێتهوه به سهدان ئهرمهن له نێو باوهشی ماڵه کوردی موسڵمان و بگره سهرهک خێڵ و کهسانی تردا داڵده دراون و پارێزراون. بهڵگهی مێژووییش لهم رووهوه گهلهکن و پێویست به ئاماژه پێدانیان ناکات.
12کورد تهعاون و تهرهقی جهمعیهتی و گوتاری کوردی.
دامهزرێنهرانی ئهم رێکخراوه و پهیوهندییان به ئیتحاد و تهرهقی تورکییهوه و کاریگهریی دووهم لهسهر یهکهمیان جێی باسی نووسهره. نوسهر له پوختهی بیروبۆچونهکانیدا جهخت لهسهر ئهوه دهکات که دامهزراندنی ئهم رێکخراوه و گوتارهکهی لاساییکردنهوه تورکهکانه. ههڵبهت هیچ نهنگییهک لهمهدا نییه چونکه پیاوێکی وهک رۆسۆ و چهندانی دیکهی تری فهرهنسیش لهژێر کاریگهرێتی لیبهڕالێتی ئینگلیزیدا کاریان کردووه و زهمینهیان بۆ شۆڕشی گهورهی فهرهنسا خۆشکردووه.
13 راپهڕینی ساڵی 1914 ی بهتلیس و گوتاری کوردی.
کاک عهتا دهنووسێ کهوا لهم راپهڕینهدا عهبدولرهزاق بهدرخان ههوڵی داوه به پشتیوانی رووس دژی بابی عالی بوهستێتهوه. دوای دهستگیرکردنی مهلا سهلیم راپهڕینهکه دامرکاوهتهوه. ئهم راپهڕینهش بهرههمی ناسیونالیزمی تاکه کهسییه و بوونی ناسیونالیزمێکی جهماوهری ئامادهگی نهبووه.
14گوتاری کوردی له ساڵانی جهنگی یهکهمی جیهانیدا.
کورتهیهکی رووداوهکانی ئهو سهردهمه و بارودۆخی تێوهگلانی کورد لهنێو شهڕی تورک و ئهڵمان و رووس و ئینگلیز و بێبهرنامهیی کورد لهو میانهدا دهخاته روو. سهرجهم هۆکارهکانیش بۆ لاوازیی کهسێتی نهتهوهیی کورد و نهبونی هۆشیاریی نهتهوهیی دهگێڕێتهوه.
15 گوتاری کوردی لهسهروبهندی کۆتایی هاتنی جهنگی یهکهمدا.
ههڵسهنگاندنی ئهم قۆناغه ناسکهی مێژووی کورد سانا نییه. کاک عهتا پێی وایه کورد لهبهردهم دوو بۆچووندا گیری خواردووه. له لایهک نوخبهی کوردی ههڵگری گوتاری ناسیونالیستی بوون و داوای سهربهخۆیی کوردستانیان بڵندکردۆتهوه. له لاکهی دیکهشهوه جهماوهر هێشتا له دنیای دواکهوتوویی و ئهقڵێتی خێڵایهتیدا تلاوتلیان بووه. ئهم دوو بهرهیه به خاڵی هاوبهش بۆ پێکهێنانی گوتاری ناسیونالیزمی نهگهشتوون. دواتر نوسهر دێته سهر چهندایهتی و چۆنایهتی ناسیونالیزم و رۆڵی ئینگلیز و پهیوهندیی و مامهڵهی شێخ مهحمود لهم بوارهدا. نوسهر کاتێ باس له نهبوونی بزوتنهوهیهکی ناسیونالیستی جهماوهری ههڵقوڵاوی نێو واقعی کۆمهڵایهتی کوردستان دهکات، کهوتۆته ههڵهیهکی زهقهوه دهڵێ: گهر بزوتنهوهیهکی ئهوتۆیی له کوردستاندا پهی پێ ببرایه، وا ئینگلیزهکان پهیوهندییان پێوه دهکرد و نهدهچوون بهلای ئاغا و سهرهک خێڵهکانهوه.
ههوڵی ئینگلیزهکان بۆ سنووردارکردنی بزووتنهوه ناسیونالیزمهکانی شێخ دیار و ئاشکران. وهک له شوێنی دیکهشدا ئاماژهمان پێداوه، ئینگلیز بهر له هاتنی بۆ ناوچهکه و له 1916 دا پهیماننامهی سایکس پیکۆی لهگهڵ فهرهنسادا مۆرکردبوو. ئهو جانتا دبلۆماسییهی ئینگلیز هیچی بۆ کورد له خۆ نهگرتبوو. به باوهڕی من تاکه گلهییهک لهسهرانی ئهو کاته بگیرێت و رهوا بێت ئهوهیه کهوا دهیانتوانی نهخشهکهی سایکس پیکۆ تێکبدهن و خهونهکهیان پوچهڵ بکهنهوه. ئهمهش بهو بۆچوونانهی کاک عهتاش باوهڕی پێیهتی. که بهداخهوه سهر له شێخیش شێوێندراو و نهتوانرا رۆڵی پێویست وازی بکرێت.
16 شهریف پاشا ناسیۆنالیستێک له دهرهوهی واقیع.
گهشتێکی به ژیان و تێکۆشانی جهنهڕاڵ شهریف پاشادا به تایبهت له بواره نێودهوڵهتی و دبلۆماسی و لهسهر ئاستی دهرهوهی کوردستاندا له پێناوی سهربهخۆیی کوردستاندا بهشێکی سهرهکی نوسینهکهی کاک عهتا پێکدێنێت. نوسهر پێی وایه گۆرانکارییهکانی نێو ههناوی ههردوو جهنگی جیهانی هۆکاری سهرهکی دهرکهوتنی شهریف پاشان وهک ناسیونالیستێک. شایانی ئاماژه پێدانه که ههوڵهکانی ئهم زاتهی کورد لهلایهن شێخ عهبدولقادری نههری و ئهمین عالی بهدرخان و کۆمهڵهی تهعالی کوردستان و شێخ مهحمودی نهمریشهوه به گهرمی و دڵسۆزانه پشتیوانی لێکراوه. ئهمهش هێمایهکی باشی نیشاندانی سهرههڵدانی یهک بهرژهوهندیی نهتهوهیی لای ئهم سهرکردانه و بهشانهی کوردستان دهسهلمێنێت. سهرنهکهوتنی ههوڵهکانی ئهم پاشایهی کورد به لای نوسهرهوه دهگهڕێتهوه بو دوو هۆکار:
1 ـ دواکهوتوویی کۆمهڵگای کوردی ئامادهنهبوونی ناسیونالیزم تێیدا.
2 ـ دووری شهریف پاشا له واقعی کوردستانهوه.
17 شوێنی شێخ عهبدولقادری نههری له گوتاری کوردیدا.
سهبارهت بهم کهسایهتییه گهورهی مێژووی کورد نوسهر به چهند باسێک لهسهر ژیان و پێگهی ئایینی و سیاسی و بنهماڵهیی و رۆڵی له رووداوه ههستیارهکانی سهدهی نۆزده و بیستدا دهست پێ دهکات.
دواتر باس له ههڵوێستگۆڕییهکی ئهم زاته دهکات چۆن بۆ پشتیوانی داوای سهربهخۆیی شهریف پاشا له کۆنگرهی ئاشتی پاریسدا پشتیوانی دهکات، دواتر پاش کۆتایی جهنگ دروشمی ئۆتۆنۆمی بڵند دهکاتهوه. ئهم ههڵوێسته وا له برای نووسهر دهکات بڵێ: بهشی ههره زۆری تاکه ناسیونالیستهکان نهیانتوانیووه به جێگیری لهسهر بیروباوهڕی خۆیان یان لهسهر ههڵوێستی خۆیان بمێننهوه. سهرئهنجام ئهم سهرکرده کلاسیکییهی کورد لهسهر بیروباوهڕی کوردایهتی، ساتێ بهشداری شۆڕشهکهی شێخ سهعیدی پیران دهکات و شکست دهخۆن لهتهک ههزارانی دیکهدا لهسێداره دهدرێت.
18 عهبدولرهزاق بهدرخان ناسیونالیستێک له وههمدا.
بنهماڵهی بهدرخانییهکان بهدهیان رۆڵه و سهرکردهی دڵسۆز و رۆشنبیر و هۆشیاریی نهتهوهییان تێدا ههڵکهوتووه که به گیان و ماڵی خۆیان فیداکارییان له پێناوی سهربهخۆیی کوردستان دا کردووه. ئهم سهرکرده هۆشیار و ههڵکهوتووهی کورد شاگردی بهردهستی حاجی قادری کۆیی بووه و لهسهردهستی ئهمدا شیرمژی کوردایهتی بووه. چهند زمانێکی بێگانهی زانیوه و کۆمهڵێ پۆستی گرنگی لهدهسهڵاتی عوسمانیدا ههبووه. باوهڕی به تورکه لاوهکان و ئینگلیز نهبووه و مهیلی زیاتری بهلای رووسهکاندا بۆ پشتیوانیکردن له کورد ههبووه. نوسهر پێی وایه ئهم سهرکردهیه زیاتر پشتی بهدهرهوه بهستووه لهوهی به هێزی میللهتهکهی. بێ ئهوهی بمهوێت لهسهر ئهم سهرکردهیه بکهمهوه پرسیارێک له کاک عهتا دهکهم کێ لهم دنیایهدا و به تایبهت لهو دهڤهرهی ئێمهدا بێ پشتیوانی دهرهکی سهرکهوتنی بهدهست هێناوه؟! کاتێ ع. بهدرخان لهئاستی هۆشیاری نهتهوهکهی به ئاگایه و دڕندهیی داگیرکهران دهبینێ، ئهوجا ناچاریی بیری بهلای هاوکاریی و پستیوانی دهرهکیدا دهبات. رووسیش داگیرکهری کوردستان نهبوون، بۆیه ههڵبژاردنی ئهم هێزه بههێزه ناوچهییهی ئهو کاتهی رووس که ئامادهیی لهسهر گۆرهپانهکه ههبووه، بهلای منهوه بۆ ژیرێتی و ووریایی و خوێندنهوهیهکی باشی واقعهکه دهگهڕێتهوه نهک متمانه بهخۆ نهکردن. جگه لهمهش چ ئهم سهرکرده و چ ئهوانی دیکهش گهر دهستی هاوکارییان بۆ ئهم جۆره هێزانه رانهکێشابایه، وا ههم کاک عهتا و ههم دهیانی تر به توندی رهخنهیان له وهتاقکهوتنهوه و دابڕانیان دهکرد . بۆیه ههقی خۆمانه بڵێن ئهم سهرکرده له وههم به دوور بووه و بهدوای میکانیزمێکی تردا بۆ گهیشتن به سهربهخۆیی وڵاتهکهی له گهڕدا بووه.
19 گوتاری بزوتنهوهی سمکۆی شکاک.
بهسهرکردنهوهی ههندێ وێستگهی ژیانی سمکۆی شکاک و جموجوڵه سیاسییهکانی و پهیوهندییه نهتهوهییهکانی لهگهڵ سهید تهها و عهبدولرهزاق بهدرخان و شێخی نهمر و چهندانی تردا دهرگای باس لای نوسهر بهرووی ئهم سهرکرده لێهاتووهی کورد دا دهکاتهوه.
ههموو ههوڵهکانی سمکۆ به سهرکرده کوردهکانی ترهوه له رێی ههستی نهتهوهیی و ئاڵوگۆری بیروباوهر و خوێندنهوهی بهرژهوهندی نهتهوهییهوه بووه. وهک پیاوێکی نهخوێندهوار بهڵام تا سهر ئێسک دڵسۆز و فیداکار بۆ دهوڵهتی سهربهخۆی کوردستان ئامادهگی له مێژووی نهتهوهدا سهلماندووه. وهک کاک عهتا دهنووسێ: سمکۆ ههم باوهڕی به یهکێتی نهتهوهیی کورد ههبووه و ههمیش به پشتگیریی و یارمهتی دهرهکی. سهرباری ههوڵ و تهقهڵای زۆری ئهم کهڵه سهرکردهیه نووسهر گوتارهکهی به گوتارێکی ههرێمیی دهداته قهڵهم.
20 گوتاری راپهڕینی شێخ سهعیدی پیران.
رهخنهی نووسهر لهم راپهڕینهش ئهوهیه که ئهمیش خاوهنی گوتار و بهرنامه و پرۆژهیهکی دیاریکراوی ناسیونالیستی نهبووه. ئایا پرسی سهربهخۆیی و دامهزراندنی دهوڵهت چهندی له جوگرافیای کوردستان مهبهست بووه دیار نییه.
21 راپهڕینی ئاگریداخ و گوتاری کوردی.
ئیحسان نوری پاشا به پشتیوانی رێکخراوی خۆیبوون سهرکردایهتی ئهم راپهڕینهی کردووه. نوسهر کورتهیهکی ئهم رێکخراوه و تێکۆشانی ئهم جهنهڕاڵهی کورد و شۆڕشهکهی دهکات و خوێندنهوهیهک بۆ گووتارهکهیان دهرئهنجام بهوه دهگات مهعریفه و جیهانبینی فیکری پێویستی بزوتنهوهیهکی ناسیونالیستییان تێدا بهدی ناکرێت و وهک ههرجارێکیش جهماوهر پێگهشتنی کۆمهڵایهتی ماوه بۆ ئاستی هۆشیاری و ئامادهگی راپهڕینی سهرتاسهری.
22 گوتاری شێخ عهبدولسهلامی بارزانی.
به قسهی کریس کۆچێرا ئهم سهرکردهیه یهکهم کهسه بهرنامهی بۆ بزوتنهوهی نیشتمانی کورد نووسیوه و داواکانی کورد به لیستێک رێکدهخات و داوای بهرهسمی ناساندنی زمانی کوردی و خوێندن و پهروهرده پێی دهکات. رێبازی نهقشبهندی و ههستی نهتهوایهتی لهم کهسایهتییهدا ئامادهگی ههبووه. نووسهر دهڵێ: ئهم سهرکردهیه بهرنامهی سهربهخۆیی کوردستانی نهبووه هێندهی داکۆکی له جۆره ئۆتۆنۆمییهک لهسایهی دهوڵهتی عوسمانیدا کردووه و سهرئهنجام تورک له سهر کوردایهتی لهسێدارهی دهدهن.
23 گوتاری راپهڕینهکهی سهید رهزای دێرسیم.
لهتهک کورتهیهک لهژیانی ئهم سهرکرده دیارهی کورد دا کاک عهتا باس لهو ئازایهتی و ههڵوێسته جوامێرانهیهی سهید رهزا دهکات که لهتهمهنی 72 ساڵیدا گیانی خۆی بۆ کورد و کوردستان بهخت دهکات و تورکه داگیرکهرهکان دوای شکانی راپهڕینهکهی له دهرسیم لهگهڵ دوو کوڕی و سهدانی تردا له سێدارهی دهدهن. لهم راپهڕینهشدا وهک کاک عهتا پێمان دهڵێ گوتارێکی ناوچهیی ههبووه و جهماوهورێکی ناسیونالیستی لهدهوری کۆنهبوونهتهوه و تهنانهت نوخبهش ئامادهگی نهبووه. دوای شههیدبوونی ئهم سهرکردهیه تا ساڵێ شۆڕشهکه بهردهوام بووه لهدواجاردا دهوڵهتی تورکی داگیرکهر زۆر دڕندانه و نامرۆڤانه دایمرکاندۆتهوه.
24 گوتاری سهردار رهشید ئهردهڵان.
کاک عهتا باسێکی بنهماڵه و خهون و فهنتازیای دهسهڵاتی ئهم بنهماڵهیه دهکات و پێمان دهڵێ که ئهم سهرکردهیهیه بهر له شتێ پاراستنی بهرژهوهندیی بنهماڵهیی کردۆته ئامانج. ئارهزووی دهسهڵاتێکی سنوورداریان لهسایهی قاجارییهکاندا کردووه. هۆکارهکهشی ئهوهیه لهرووی پهرهسهندنی کۆمهڵایهتییهوه ناسیۆنالیزم دهرنهکهوتووه. ئهم سهرکردهیه هیچ دیکۆمێنتێکی لهمهڕ پرۆژه و گوتاری ناسیونالیستییهوه لهدوا بهجێنهماوه.
25 گوتاری راپهڕینهکانی شێخ مهحمودی بهرزنجی.
26 سروشتی گوتاری شێخ مهحمود له روخانی حوکمداری یهکهمهوه.
27 گوتاری شێخ مهحمود له دهورهی سێیهمی حوکمدارییهکهیدا.
له نزیکهی 91 لاپهرهدا عهتا قهراخی باس له ژیان و قۆناغهکانی گوتاری شێخ مهحمودی نهمر له ههرسێ ساتهکانی حوکمداری و رهوشی شاری سلێمانی و راپهڕین و رهگهزی گووتاری ناسیونالیستی له شیعرهکانیدا دهکات. بۆ ئهم باسهش پشتی بهدهیان جۆری سهرچاوه بهستووه. بایهخی گرانی ئهم کاره بۆئهوه دهگهڕێتهوه که شێخ له رۆژگاری ههردوو جهنگی جیهانی و کێشانی نهخشهی سیاسی و دابهشکردنی سنوورهکانی پاش داڕمانی ئیمپڕاتۆرێتی عوسمانی راپهڕین و جموجوڵی سیاسی کردووه.
مێژووی ژیان و پاشخانه سهرهکییهکانی دروستبوونی کهسایهتی شێخ و رۆڵی رێبازی قادری و پێگهی بنهماڵهیی له شێخ مارف و شێخ سهعیدهوه به چڕ و پڕی بهسهر دهکاتهوه. نووسهر پێی وایه لهم سات و دهمهشدا هێشتا ناسیونالیزمی کوردی وهک ئایدۆلۆژییهکی جهماوهریی دهرنهکهوتووه. به پێی ئهم لێکۆڵینهوهیه تا دهرکهوتنی ئیتحاد و تهرهقی بنهماڵهی شێخ جێی متمانهی بابی عالی بوون. دواتریش لێیان نهترساون و جیی مهترسی عوسمانی نهبوون، هێندهی کهسایهتی مهولانا خالید که دهبێته جێی مهترسی تورکهکان له رێگای بانگهوازی رێبازه ئایینییهکهیهوه و سهرئهنجام ئاواره کرا.
خاڵێکی دیکهی نووسینهکه ئهوهمان پێ دهڵێت کهوا شێخی نهمر لهسهروبهندی جهنگی جیهانی یهکهمدا وهک سهرکردهیهک دهردهکهوێت. لهم قۆناغهشدا بۆ پشتیوانی تورک جارێک له شوعهیبه دژی ئینگلیز و جارێک له پێنجوێن دژی رووس دهجهنگێ. قهرهداخی لهم پێوهندییهدا پێی وایه شێخ هاوکاریی و دۆستایهتی ئهم هێزانهی بکردایه باشتر بوو له داگیرکهرانی کورستان. ئهمهش دروست راسته و هیچ دهمهتهقێیهکی ناوێت. وهلێ وهک پێشتریش ئاماژهمان پێدا ئینگلیز بۆ کورد بهرنامهی پارچهکردنی نیشتمانی هێنا و گهرهکیشی بوو ریشی کورد بداته دهست شهریف حسێنی حیجاز و وهک دواتریش مهلیک فهیسهڵیان بهسهر دهوڵهته زۆڵهکهکهی ناونرا عێراق قووتکردهوه و دیفاکتۆیهکی دژوار و سهختیان لهبهردهم شێخدا ههڵتۆقان. بهم جۆره شێخ ناچار بوو به چهند کارتێکی جیاواز و لهچهند بهرهیهکدا یان له دژی چهندان لایهن بکهوێته ململانێوه. شێخ باش له پلان و بهرنامهی ئینگلیز تێگهیشتبوو ههربۆیهکا نهبوونی متمانه به ئینگلیز بهشێکی ئهو راستییانهیه که بهدرێژایی بگره و بهردهی سهخت و خوێناوی لهگهڵ ئینگلیزدا تۆمار کراوه.
ئهو عێراقه دروستکراوه درایه دهست کهسانێک ـ بنهماڵهیهک شێخ به دهیان پله لهوان شایستهتر بوو.
لهم قۆناغهشدا وهک کاک عهتا پێمان دهڵێت، کاروباری بهڕێوهبردنی دهسهڵات لای شێخ ناتهواو و نارێکوپێک بووه، ناسیونالیزم به هۆشیاریی کۆمهڵایهتی جهماوهرهوه ئامادهگی نهبووه. دهستهبژێری رۆشنبیرانیش لهدهرهوهی بازنهی دهسهڵاتدا هێڵراونهتهوه و رێی بهشداریی حوکمیان نهدراوهتێ. ئاوهزی جوگرافی و سیاسی ههر بۆ ناوچهی سلێمانی و دهوروبهری بووه. ئهمانهش کورتهێنانه له بهرانبهر گوتارێکی سهرتاسهری ناسیونالیزمانهدا. دهرئهنجام به شیکردنهوهی پارچه شیعرێکی شێخی نهمر کۆتایی به باسهکهی دێنێ. شایانی گووتنه که گهلێ له بیروبۆچوونهکانی شیاوی قسه لهسهرکردنێکی جددین به تایبهت له لایهن شارهزا و پسپۆڕانهوه.
28 گوتاری کۆماری مههاباد.
چوونه نێو باسهکه به میژووی کۆمار و پاشخانه مێژووییهکهی بزوتنهوهی سیاسی لهو بهشهی کوردستاندا دهست پێدهکات. ئهو سهرنجهی پێویست بێت لێرهدا دهریبڕم ئهوهیه لهم سهروبهندهدا که کۆمهڵهی (ژ.ک) دروست دهکرێت، کهسایهتییهکی وهک میر حاج وهک نوێنهری حیزبی هیوا ئامادهگی ههبووه و رێنمایی دروستکهرانی رێکخراوی ناوبراوی کردووه. ئهمه له کاتێکدایه که نووسهر پێی وایه گوتاری ههموو پارت و راپهڕینهکان ناوچهیی و خێڵایهتی بووه و دابڕاو بووه له ناوچه و بهشهکانی دیکهی کوردستان.
کاک عهتا ئاماژه به چوار کۆڵهکهی سهرهکی سیاسهتی کۆمهڵه دهکات که خۆی له دروشمهکانی ئیسلامهتی، کوردایهتی، مهدهنییهت و ئاشتیخوازیدا رهنگ دهداتهوه. تۆزێ پاشتر نووسهر باس له پهیدابوونی لهشکری شورهوی دهکات له ناوچهکه و دامهزراندنی پارتی کۆمهنیستی ئازهربایجان دهکات و دهگاته ئهو ئهنجامهی که گووتاری کۆمهڵه کتومت رهنگدانهوهی گووتاری پارتی کۆمهنیستی ئازهربایجان، شوورهوی و تودهی ئێرانه. ئهم بۆچونهش لهگهڵ ئهو 4 بنهما سهرهکییهی لهسهرهوه پهنجهمان بۆ راکێشا جووت نایهتهوه! دواتر باس له کهسایهتی قازی محهمهد و رۆڵی لهو میانهدا دهکات. لێرهدا قسهیهکی جددی لهسهر پرسی ئۆتۆنۆمی وهک دروشمی نێوهندی حیزبی دیموکراتی ئێران دهکات و دهڵێ داوای ئۆتۆنۆمی مۆدێلێکه شێخ عهبدولقادری نههری هێنایه نێو ئاوهزی سیاسی کوردهوه جێی به داوای سهربهخۆیی لێژ کرد. دواتر دێته سهر شرۆڤهی چاکه و خراپهی پشتیوانی شوورهوی له کۆمار.
قورسترین دێڕهکانی ئهم باسه لهسهر مهسهلهی خۆبهدهستهوهدانی پێشهوا لهنگهر دهگرێت و برای نووسهر شیکارێکی جوانی رووداوهکان دهکات. دواجار پێمان دهڵێ لێرهشدا ناسیونالیزمی پێویست لهدایک نهبووه و ئاوهزهکهمان ناکامڵ بووه.
29 کورد: کۆمهڵگای داخراو و گوتاری خواستراو.
30 کورد: گوتاری توندوتیژی و کهلتوری داخراو و عهقڵی بهرههمهێنی تیرۆر.
لهم دووبهشهدا پێش ماڵئاوایی لهو بابهته ههستیارانه چڕو خهستی باس له چهمکی گوتار و کۆمهڵێ دیاردهی ناتهندروست و ترسینهر له ههناوی گوتاری کوردیدا دهکات. پاشان بهووردی ئهو ئاڕاسته و هۆکارانه دهخاته روو که کاریان به نهرێتی لهسهر کهلتووری کوردی کردووه. لای کاک عهتاش راستییهکی حاشا نهکراو ههست پێدهکرێت، ئهویش رهنگدانهوهی نهرێتی کهلتوور و ئهقڵێت و رهفتاری ناپهسهند و ناشارستانی داگیرکهرانه لهسهر کهسایهتی تاکی کورد و رهههنده دوور و نزیکهکانی بیرکردنهوه و رهفتاری ژیانێتی.
کارکردن لهم کایه گرنگ و ههستیارهدا لهنێو دهستهی رۆشنبیرانی ئێستادا شێوه تابوو و ترس و سڵهمینهوهیهکی لهخۆ گرتووه. لای ههندێکی دیکهش له پلهی گوناه و تاوانێکدا ریزبهند کراوه. ئا لهم دیدهوهیه رهنج و ماندووبوونی کاک عهتا لهم مهیدانهدا بهو تهنیا باڵییهوه شایانی رێزلێگرتنه.
وێڕای دهسخۆشی لهو برا هێژا و رۆشنبیره به پهرۆش و جددییهی نهتهوهکهمان هیوام وایه به بهرگی تر و بهرههمی دیکهی ناوازه بهردهوام بێت لهسهر دهوڵهمهندکردنی زیاتری فهرههنگ و کتێبخانهی کوردی.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سهرچاوهکان:
* تاریک و روون، هێمن.
** کوردستان و ستراتیژی دهوڵهتان ، بهرگی یهکهم .. حسێن مهدهنی.