فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

خه‌لیل عه‌بدوڵڵاxalilabdullah2372012ssss

سه‌ید محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌ید حه‌سه‌نی شه‌یخولئیسلامی موكری ناوی یه‌كێك له‌شاعیره‌ دیار‌و ناسراوه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌ به‌گشتی‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ به‌تایبه‌تی. ئه‌گه‌ر نازناوه‌كه‌ی نه‌خرێته‌ڕوو زۆركه‌س ئه‌و شاعیره‌ به‌و ناوه‌ دوورو درێژه‌وه‌ ناناسێته‌وه‌!. ئه‌و شاعیره‌ هێمن موكریانییه‌، هه‌رچه‌ند هێمن ناوی نهێنی ئه‌و بووه‌ له‌ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكافدا،به‌ڵام دواتر بوو به‌نازناوی ئه‌وشاعیره‌و به‌و ناوه‌وه‌ ناسراوه‌. هه‌روه‌ك خۆی له‌ پێشه‌كی دیوانی تاریك‌و رووندا باسی ئه‌كات، كه‌ شاعیری بێجگه‌ له‌ده‌رده‌سه‌ری هیچ سوودێكی بۆ ئه‌و نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ نه‌بێ‌ ئه‌و ناوه‌ دوورو درێژه‌ حه‌وت وشه‌ییه‌ی له‌كۆڵ كردۆته‌وه‌!.   هێمن له‌ساڵی 1921 له‌گوندی لاچینی نزیك شاری مه‌هاباد له‌دایك بووه‌. سه‌ره‌تا چۆته‌ به‌رخوێندنی ئاسایی‌و تاپۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی خوێندووه‌‌و دواتر باوكی له‌خوێندن ده‌ریهێناوه‌‌و بردویه‌تییه‌ خانه‌قای شێخ بورهان بۆئه‌وه‌ی ده‌رسه‌كانی خوێندنی ئایینی بخوێنێ‌، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌ربگرێ‌‌و ببێته‌ مه‌لا‌و شوێنی مه‌لا جامیی باپیره‌ گه‌وره‌ی بگرێته‌وه‌. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی باوكییه‌وه‌، هێمن حه‌ز‌و خولیای شیعرو ئه‌ده‌ب بووه‌‌و له‌ته‌مه‌نی 17ساڵییه‌وه‌ ده‌ستی به‌هۆنینه‌وه‌ی شیعر كردو له‌ئه‌نجامدا بوو به‌شاعیر نه‌ك مه‌لا. هێمن هه‌ستێكی به‌رزی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه‌‌و ئه‌و هه‌سته‌ له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌‌و له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكافدا په‌یوه‌ندی پێوه‌ كردووه‌‌و یه‌كێك له‌ئه‌ندامه‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ بووه‌. له‌پاش ئه‌وه‌شی كه‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان گۆڕا، هێمن له‌و حزبه‌دا درێژه‌ی به‌كاری سیاسی دا. هێمن بایه‌خێكی زۆری به‌شیعری نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی داوه‌‌و یه‌كێك له‌و شاعیره‌ دیارانه‌ بووه‌ كه‌له‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستاندا له‌مه‌هاباد شیعری خوێندۆته‌وه‌.

به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییه‌كانیه‌وه‌، هێمنی شاعیر تووشی كێشه‌و گرفت‌و چه‌رمه‌سه‌ری‌و ئاواره‌یی بووه‌. له‌دوای روخانی كۆماری مه‌هاباد ئاواره‌ی باشوری كوردستان بووه‌، تابارودۆخی رۆژهه‌ڵات ئاسایی بۆته‌وه‌، ئنجا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ گونده‌كه‌ی‌و دواتر شاری مه‌هاباد. هێمن خاوه‌نی بیری كوردستانی بووه‌‌و كوردستانی گه‌وره‌ی وه‌ك یه‌ك نیشتمان سه‌یر كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ش وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلولی باشوری كوردستانی كردووه‌. له‌دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ساڵی 1979دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و له‌وێ‌ گۆڤاری سروه‌ی ده‌ركردووه‌. له‌17ی نیسانی 1986دا له‌شاری ورمێ‌ كۆچی دوایی كردووه‌‌و له‌سه‌ر وه‌سێتی خۆی له‌گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مه‌هاباد به‌خاك سپێردراوه‌. مامۆستا هێمن خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه‌ له‌دیارترینیان ئه‌مانه‌ن(تاریك‌و روون، ناڵه‌ی جودایی، هه‌واری خاڵی، شازاده‌و گه‌دا)‌و چه‌ندانی تر.

هێمن شاعیرو نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی كوردستانه‌‌و خزمه‌تێكی به‌رچاوی به‌بواری ئه‌ده‌ب‌و فه‌رهه‌نگ‌و زمانی كوردی كردووه‌. بێجگه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی، مامۆستا هێمن یادگارییه‌كی تریشی له‌دوای خۆی به‌جێهێشتبوو ئه‌ویش خانووه‌ خنجیلانه‌كه‌ی شاری مه‌هاباده‌، ئه‌و خانووه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ژیانی تێدا به‌سه‌ربرد بوو. ئه‌و خانووه‌ شوێنی یادگاری ئه‌ده‌بی‌و فه‌رهه‌نگیی‌و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مامۆستا هێمنه‌، بۆیه‌ وه‌ك رێزلێنانێك بۆ ئه‌و شاعیره‌ گه‌وره‌یه‌ شاره‌وانی مه‌هاباد ئه‌و خانووه‌ی كڕیوه‌ته‌وه‌و له‌ساڵی 2013دا كردوویه‌تی به‌مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت‌و ناوی هێمنی لێناوه‌. له‌به‌رده‌م ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌شدا په‌یكه‌رێك بۆ مامۆستا هێمن دروستكراوه‌‌و له‌ناو مۆزه‌خانه‌كه‌شدا یادگارییه‌كانی مامۆستا هێمن له‌ ده‌ستنوس‌و به‌رهه‌مه‌كانی‌و جلوبه‌رگ‌و كه‌لوپه‌له‌ تایبه‌ته‌كانی خراوه‌ته‌ روو.

هه‌ر له‌و مۆزه‌خانه‌یه‌دا به‌رهه‌م‌و كه‌لوپه‌له‌ تایبه‌ته‌كانی هه‌ژاری موكریانی‌و محه‌مه‌دی ماملێ‌‌و محه‌مه‌دی قازیش نمایش كراوه‌. هه‌رله‌و مۆزه‌خانه‌یه‌دا كتێبخانه‌یه‌كی خنجیلانه‌ش دانراوه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی هێمن‌و شاعیرانی دیكه‌‌و چه‌ندین كتێبی تری له‌خۆگرتووه‌. كڕینه‌وه‌ی خانووه‌كه‌ی مامۆستا هێمن‌و كردنی به‌مۆزه‌خانه‌ رێزلێنانه‌ له‌خه‌بات‌و خزمه‌تی سیاسی‌و ئه‌ده‌بی‌و فه‌رهه‌نگی مامۆستا هێمن‌و یادگارییه‌كانی ئه‌و شاعیره‌ مه‌زنه‌ به‌زیندوویی ئه‌هێڵێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌باشوری كوردستان، كه‌ خاوه‌نی حكومه‌تی خۆماڵی خۆمانین، خانووی دێرینی چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌وئه‌دیب‌و نوسه‌ر روخێنران‌و یادگارییه‌كانیان به‌فه‌رهه‌نگی له‌بیرچوونه‌وه‌ سپێردران!. به‌ڵام تائێستا خانووی چه‌ند نوسه‌ر‌وشاعیرو كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك(پیره‌مێرد، حه‌مدی، محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی، كه‌ریمی عه‌له‌كه‌)‌و چه‌ندانی تر ماون، ده‌كرێ‌ شاره‌وانی بیانكڕێته‌وه‌‌و وه‌ك مه‌عالمێكی شارستانی‌و مێژوویی بیانهێڵێته‌وه‌.

10/09/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان