بابهكردرهیی
گومانی لەوە نییە کە دۆخی سیاسی کوردستان بە تەبایی سەجەم هیزە سیاسیەکانییەوە جوانەو لەو تەباییە هێز وەرئەگرێت و توانایی بەردەوامبونی هەیە... بەڵام "تەبایی" حزب و هێزە سیاسیەکان مەرج و پێشمەرجی خۆی هەیەو هەر وەک چۆن ئەو کەسەی ئەیەوێت ببێت بە "حاجی" ناتوانێ بە دوبارەکردنەوەی ناوی " اللە" ئەو پلەیە بەدەست بهێنێ و لە سەری فەرزە سەردانی کەعبەو ماڵی خودا بکات و سەرجەم مەرسیمەکە بەدی بهێنێ، بە هەمان شێوە، تەبایی حزب و گروپە سیاسیەکانیش لە گرەوی ئەوەدایە هەمیشە ڕاستگۆبن بۆ کۆمەڵێک پرەنسیپ و بنەمای ئەخلاقی و سیاسی تا بتوانن لە سەر کۆڵەکەی ئەو بنەما ئەخلاقی و سیاسیانە هەنگاوی زەرور بۆ ریفۆرمی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی بهاوێن. حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان ( یەکگرتو کۆمەڵ هەردو) لەو حزبانەن کە زۆر زیاتر لە حزبە سیکولار و نائاینیەکان باس لە ئەخلاقی سیاسی ئەکەن و وا خۆیان دەرئەخەن کە ئەوان لە بنەچەوە کار بۆ گێڕانەوەی بنەما ئەخلاقییەکان ئەکەن و پابەندن بە سەرجەم ئەو بەها ئاینی و سیاسیانەوە کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە قورئان
و وتەکانی پەیامبەری مەزن دا بە توخمی بەشەری گەیاندوون ....
ئەم حزبانە خۆیان بە میراتگری ئەو مۆراڵ و بەها بەرزانە ئەزانن کە ئاینی ئیسلام لەسەری بنیاتنراوە و هەمیشە لەو سەنگەرەوە تەبلیغ و وتاریان داوە کە ئەوان( تەنها ئەوان) دەتوانن دەستێکی ئەمین بن بۆ دیموکراسی و ماف و ئازادییە گشتییەکانی کۆمەڵگا و یاساسەروەری... بەڵام لەگەڵ ڕێزی زۆرمان بۆ کەسە دڵسۆزو ماندونەناسەکانی ئەم حزبانە، لەگەڵ ئیعجابی بێسنورمان بۆ خۆڕاگری ئەندام و کادری ئەم دو حزبە ئیسلامیە کوردستانییە لە "چاخی ئۆپۆزیسۆن" یدا ، لەگەڵ دانانی حورمەتێکی زۆر بۆ خەباتی لایەنگر و ئەندام و کادر و بەشێک لە سەرکردایەتی ئەم حزبانە کە لە خەبات بۆ ئازادی سیاسی و دژایەتی گەندەڵی و بەسیستەمکردنی وڵاتەکەمان هیچ درێغیەکیان نەنواند: ئەبێ ئەو هەواڵە ناخۆشە بە سەرجەم خەڵکی کوردستان و لایەنگرانی ئەو دو حزبە بگەیەنین کە: بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە سەرکردایەتی دەسترۆیشتوی ئەم حزبانە لە دوایین تاقیکردنەوەی قورسی ئەم خولەماندا بۆ چەسپاندنی حوکمی قانون لە ناوچەی سلیمانی سەرکەوتو نەبون و، لەباریدا هەیە ئەم هەڵوێستەیان زیانێکی زۆر بە کۆی پرۆسەی دیموکراسی بگەیەنێ لەم زۆنەدا.
نزیکەی پێنج مانگە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لە چاوەروانی ئەوەدان نوخبەی هوشیاری سەرجەم حزبەکان، بەو شێوەیەی هەق و ڕەوایەو بەو لۆجیکەی لێێان چاوەروان ئەکرێ، لە پرۆسەیەکی دیموکراسیانەدا، بێ لە ئارادابونی هیچ فشار و ڕاوەدونانیکی پۆلیسی لەسەر هیچ کام لە حزبەکان و بە تایبەت لەسەر ئەو دو حزبە ئیسلامیە بەریزە، دەنگی خۆیان بخەنە سندوقێكەوە کە لەوسەرەوە، پارسەنگی دەنگ و کورسیەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەلادا ئەخات: لەم ئەنجومەنەدا دەنگەکان بەم جۆرەن: بزوتنەوەی گۆڕان: ١٢ کورسی یەکێتی نیشتیمانی: ١١ کورسی یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامی: ٤ کورسی پارتی دیموکرات: ٣ کورسی مەسیحیەکان: ١ کورسی سۆسیال دیموکرات: ١ کورسی بێگومان دوای ئەو ماوە زۆرەی بەسەر پێکنەهاتنی ئەنجومەن و لەوێشەوە هەڵنەبژاردنی پارێزگاردا تێپەڕیوە، بە ناچاری جۆرێک لە سازش و پێکهاتن لە نیوان حزبەکاندا دروستبوە...
ئەم دواکەوتنە بە جۆرێک شکاوەتەوە کە پێویستە حزبە ئیسلامییەکان خۆیان بەلایەکدا بخەن: یان لەگەڵ هاوپەیمانەکەی دوێنێیان ( واتە بزوتنەوەی گۆڕان) یاخود لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.. چونکە بە حوکمی زۆری کورسیەکانی هەرکام لە گۆڕان و یەکێتی، هاوپەیمانی ناو ئەنجومەنەکە و ڕێژەی پیویست ( ١٧ دەنگ) لە گشت حاڵێکدا لەگەڵ یەکێک لەوان دروست ئەبێ.. ئێستا داوای ئێمە لە برایانی دەسەڵاتداری کۆمەڵ و یەکگرتو بە ڕاشکاوی ئەمەیە: خۆتان ساغ بکەنەوە !! ساڵەهایە ئێوەی بەڕیز باس لە هەق و عەدالەت ئەکەن.. ئێستە بۆ کەس جوان نییە باسی هەق و عەدالەت بۆ ئیوە بکات ! ساڵەهایە ئیوە باس لە مۆراڵی سیاسی بەرز و " حجەالحق"ی سەردەمی زێڕینی خەلیفە دادپەروەرەکان ئەکەن...
نابێتە عورفێکی پەسەنکراو ئیمە وەبیرتان بهێنینەوە ! داواتان لیئەکەین ڕێزی دەنگدەرانی شاری سلیمانی بگرن و خۆتان بە لایەکدا بخەن ! چونکە بێدەنگی ئێوە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی پەکخستوە! داواتان لێئەکەین لەبەر خاتری ئەو مۆراڵە جوان و بەرزانەی ساڵەهایە بانگیان بۆ ئەدەن، بێدەنگییەکەتان بشکینن! مەگەر ئێوە خۆتان دەرسەکانی فیقهی ئیسلامیتان فێری خەڵک نەئەکرد کە لە ڕێسایەکی بەناوبانگیا ئەیفەرمو: " لا ینسب الی ساکت قول ولکن السکوت فی معرچ الحاجە بیان".. ئایا ئەم بێدەنگییەی ئیوە "بەیان"ی ئەوە ناکات کە حزبەکانتان ئەم دۆخەیان پێخۆشەو بە ڕیشی خەڵکی ئەم شارە پێئەکەنن کاتێ بۆ دەنگدان دڵسۆزانە و نیشتمانپەروەرانە هاتنە سەر جادەو، ماڵ و حاڵیان بەجیهێشت و ماندوییان چەشت؟ مەگەر لە ڕێسا یاسایی و فیفهیەکاندا نەتان بیستوە: " ما لا یتم الواجب الا بە فهو واجب" .. ئایا لەم ئان و ساتەدا دەنگدانی ئیوە " واجب" نییە؟ دەنگدانێک کە بێ ئەو نە ئەنجومەنی شاری سلێمانی پێکدێت و نە پارێزگار هەڵئەبژیردرێت؟ بە خواتان ئەسپێرین و بە دادگای ویژدانیی خۆتان....
07/09/2014