فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ali bapir amiri komali islami

 

ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان، ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌یكه‌ن له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری، داگیركاریه‌ چونكه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌زۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ناسه‌پێنرێت، پێویسته‌ سه‌ره‌تا پرس به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بكرێت. ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی داعش به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات حه‌قه‌ وه‌ڵامی ده‌ستدرێژیه‌كه‌ی بدێرته‌وه‌". له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان باسی له‌ ره‌وشی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی كورد له‌گه‌ڵ چه‌دارانی داعش كرد.  له‌و دیداره‌ی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵ ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی: "ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌یكه‌ن له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری، داگیركاریه‌، چونكه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌زۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ناسه‌پێنرێت، پێویسته‌ سه‌ره‌تا پرس به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بكرێت، ئه‌وه‌ی داعشیش به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات حه‌قه‌ وه‌ڵامی ده‌ستدرێژیه‌كه‌ی بدرێته‌وه‌".

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا عه‌لی باپیر وتی: "هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان، به‌ به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان كرد. له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق هه‌موومان كۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتگیری له‌ هه‌ڵوێستی سه‌ركۆمار بكه‌ین بۆ كاندیدكردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی راسپێردراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، بڕیاریشماندا قسه‌ی خۆمان هه‌ڵبگرین بۆ ئه‌وكاته‌ی كه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، وه‌ك كورد مه‌رجی خۆمان ده‌بێ بۆ پشتگیریكردن له‌ عه‌بادی، مه‌رجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ كێشه‌كانی رابردووی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن ئه‌گه‌رنا پشتگیری له‌ سه‌رۆك وه‌زیران ناكه‌ین".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت عه‌بادی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌؟

عه‌لی باپیر وتی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان وتم گرنگ گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ عه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد بگۆڕدرێت، به‌باشی نازانم هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی تۆمه‌تبار بكه‌ین. پێویسته‌ كاتێك له‌ ‌نزیكه‌وه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ كرد و مه‌هام و به‌رنامه‌كانیمان زانی ئه‌وكاته‌ ده‌كرێ بڕیار بده‌ین داخۆ باشه‌ یان خراپه‌، بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین. پێویسته‌ عه‌بادی یان هه‌ركه‌سێك ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، وانه‌ی له‌ نوری مالیكی وه‌رگرتبێت كه‌ عیراقی به‌ره‌و دۆخێكی خراپ بردووه‌ و جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی دروستكرد".

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پێت باشه‌ كورد جارێكی دیكه‌ رۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت. له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق؟
عه‌لی باپیر وتی: "پێموانیه‌ ئه‌وه‌ رووبدات، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت پێویسته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو به‌ یه‌ك چاو و دادپه‌روه‌رانه‌ سه‌یری هاوڵاتییانی عیراق بكات، جیاوازی له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب و مه‌سیحی و موسڵمان و.. هتد، نه‌كات. ئه‌گه‌ر كوردیش ده‌ستی له‌كردنه‌وه‌ی گرێیه‌ك هه‌بێت، ئه‌مه‌ خاڵی به‌هێزه‌. پێویسته‌ ئه‌م رۆڵه‌ی كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی كورد بقۆزرێته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا ده‌ستمان نه‌كه‌وتووه‌".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كورد له‌ عیراق تاچه‌ند خۆش به‌خت بووه‌؟ ئه‌گه‌ر خۆش به‌خت نییه‌، بۆ جیانابنه‌وه‌؟

عه‌لی باپیر وتی: "سه‌ربه‌خۆبوون، مافێكی ره‌وایه‌ ده‌بێت كورد ئه‌و كارته‌ی هه‌میشه‌ به‌ده‌سته‌وه‌بێت و نابێت ته‌نازولی لێ بكه‌ین. بۆ مانه‌وه‌شمان له‌ عیراقدا ده‌بێت رۆڵی باشمان هه‌بێ تا ئه‌وكاته‌ی جیا ده‌بینه‌وه‌. سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵومه‌رجی ده‌وێ، بێگومان ده‌وڵه‌تی كوردی ژێرخانی ئابووری و سیاسی و دبلۆماسی و سه‌ربازی ده‌وێت. هه‌روه‌ها زه‌مینه‌ سازی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وێت، به‌داخه‌وه‌ له‌رۆژانی رابردوو كه‌ داعش شه‌ڕی به‌هه‌رێمی كوردستان فرۆشت زۆر شت ئاشكرا بوو كه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌چاوخشانه‌وه‌ به‌ سیسته‌می سیاسی و سه‌ربازی هه‌یه‌".

له‌باره‌ی بۆچوونی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری توركیا؟ 

عه‌لی باپیر: "توركیا له‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌نگاوی باشی ناوه‌. پیرۆزبایی له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌كه‌م بۆ سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری توركیا، پێموایه‌ ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵا گویل و ئاكپارتی هه‌نگاوی باشیان ناوه‌. له‌بواری چه‌سپاندنی دادوه‌ری و ئابووری رۆڵی باشیان بینیوه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ كورد له‌ توركیا كه‌ ده‌یان ساڵه‌ كورد له‌ توركیا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ تورك هه‌بووه‌. ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت كه‌ ئاكه‌په‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش باش بووه‌. به‌تایبه‌تی ئه‌رمه‌ن و قوبرس و گه‌لانی دیكه‌. هه‌روه‌ها پشتگیری باشی هه‌بووه‌ بۆ گه‌لانی چه‌وساوه‌ به‌تایبه‌ت گه‌لی فه‌له‌ستین و میسر. ئومێده‌وارم ئه‌ردۆغان رۆڵی زیاتر بگێڕێ له‌ بواری ئاشته‌وایی نێوان تورك و كورد چونكه‌ كورد میله‌تێكی مه‌زڵومه‌ و حه‌قی خوراوه‌. بۆچی كورد و تورك وه‌ك دووگه‌لی موسڵمان خوێنی یه‌ك بڕێژن؟‌ كاتی خۆی كه‌مالیزم و عه‌لمانیه‌ت ئه‌و خوێن رشتنه‌ی دروستكرد".


له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی خوێنده‌نه‌وه‌ی بۆ چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش چیه‌؟

عه‌لی باپیر: "ئه‌وان پێشتر له‌ سوریا بوون، دواتر به‌هۆی ئه‌و شێوه‌ حوكمڕانیه‌ی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سونی له‌ عێراق په‌یدابوو ‌و به‌ هۆی سیاسه‌تی تاكڕه‌وی نوری مالكی بۆشایه‌ك په‌یدا بوو، ئه‌وه‌ش وایكرد داعش بێت ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكاته‌وه‌. ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو سوپای عیراق شكا و هه‌ڵهات و داعش هاته‌ عیراق. سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌كانیان، داعش كۆمه‌ڵێك بانگه‌شه‌ و ئیدیعایان هه‌یه‌ به‌ڕاستی پشت ئه‌ستوور نییه‌ به‌ ئیسلامه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ناوی ئیسلام قسه‌ ده‌كه‌ن وناشڵین نا موسڵمانن، به‌ڵام ئیدیعاكانیان پشت ئه‌ستوورنییه‌ به‌ شه‌رع".
وتیشی: "ئه‌وان باسی ده‌وڵه‌تداری ده‌كه‌ن، ئێ باشه‌ ئیسلام ئاوا ده‌وڵه‌ت بونیات ده‌نێ؟ كۆمه‌ڵێك كه‌س به‌بێ پرس و ویستی خه‌ڵك هه‌ڵ بكوتێته‌ سه‌ر خه‌ڵك كه‌ ئێستا داعش ئه‌مه‌ ده‌كات ئه‌مه‌ ئیسلامه‌تیه‌؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ) چۆن ده‌وڵه‌تی دامه‌زراند؟ 13 ساڵ خۆڕاگربوو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئێش و ئازاره‌ی رووبه‌ڕووی بویه‌وه‌، دواتر خه‌ڵكی یه‌سرب كه‌ پاشان ناونرا مه‌دینه‌، هاتن جارێكیان 12 كه‌س په‌یمانی یه‌كه‌می عه‌قه‌به‌یان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر به‌ست پاشان 75 كه‌س كه‌ دوانیان ئافره‌ت بوون، په‌یمانی دووه‌می عه‌قه‌به‌یان به‌ست، له‌سه‌ر ئه‌و دوو په‌یمانه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ) موڵه‌تیدا به‌ یاوه‌رانی كۆچ بكه‌ن بۆ مه‌دینه‌ و خۆیشی كۆچیكرد، كه‌واته‌ ده‌بێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌مای ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بێ و خه‌ڵك رازی بێت، نه‌ك به‌زۆر خۆت بسه‌پێنی به‌سه‌ر میله‌تان. خۆ سه‌پاندن شه‌رعی نییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ داعش ورد ببینه‌وه‌، هاتووه‌ خه‌لیفه‌ی داناوه‌ بێ ئه‌وه‌ی موسڵمانان بیناسن، هیچ به‌رنامه‌ و ته‌قه‌وایه‌كی دیارنییه‌. ئه‌وان موسڵیان داگیركردوه‌، كه‌چی خه‌لیفه‌یان بۆ هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه‌ داناوه‌، ئه‌مه‌ زۆر نامه‌نتقییه‌، نه‌ خه‌لیفه‌ی موسڵمان وا ده‌بێ و نه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌و شێوه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، عه‌لی باپیر ده‌ڵێت: "باشه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا داعش ده‌یكات، شه‌ریعه‌ت وا جێبه‌جێ ده‌كرێت؟

شه‌ریعه‌ت بۆ به‌خته‌وه‌ری و دادوه‌ری و په‌روه‌رده‌ و په‌یوه‌ستكردنه‌ به‌ خوای گه‌وره‌. جارێ ده‌بێت هه‌موولایه‌ك بزانن شه‌ریعه‌ت له‌ خزمه‌تگوزاری و په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك له‌ سزادان، به‌ڵام ئه‌وان دێن حوكمی ئیسلام له‌ سزاداندا ده‌بیننه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی شه‌رعه‌، سزادان له‌ كۆتایی حوكمی شه‌ریعه‌ت ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ین، سزای كوشتنه‌وه‌ و داوێن پیسی و زۆر شتی دیكه‌ پاش ئه‌وه‌ جێبه‌جێكراوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌كراوه‌، خزمه‌تگوزاری بۆ دابینكراوه‌ و حوكمی ئیسلام وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بێیت خه‌ڵك سزا بده‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانی حوكمی ئیسلامیان ده‌وێ، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌رعه‌".

وتیشی: "ئه‌وه‌ی داعش ده‌یكات جۆرێكه‌ له‌ داگیركاری، چونكه‌ ئه‌وان به‌زۆر هاتوونه‌ته‌ سنووره‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ پێی ناوترێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت و خه‌لافه‌ت. جا خۆ ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا داعش ده‌یكات مه‌سیحی و ئێزدی ده‌ر ده‌كات، پێشتر هه‌بوایه‌ ده‌مێك بوو له‌ ماوه‌ی 13 سه‌ده‌ له‌ وڵاتانی ئیسلامی شوێن كه‌وتوانی ئایینه‌كانی دیكه‌ جێگایان نه‌ده‌بۆوه‌".

له‌باره‌ی بئه‌وه‌ی بەشێك له‌ مامۆستایانی ئایینی شه‌ڕ دژی داعش به‌ جیهاد ده‌زانن و به‌م هۆیه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی كوردستان چوونه‌ شه‌ڕی دژی داعش و به‌تیرۆرستیان ناوده‌به‌ن، تۆش هه‌مان تێڕوانینت هه‌یه‌؟

عه‌لی باپیر ده‌ڵێت: "قه‌ناعه‌تم وایه‌ هه‌ركه‌سێك زوڵم له‌ كه‌سێكی تر بكا پێویسته‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ و خوای په‌روه‌ردگار به‌پێویستی زانیوه‌ زوڵملێكراو به‌رگری له‌خۆی بكات. به‌ ‌به‌ڵگه‌ی چی؟ خوای گه‌روه‌ ده‌فه‌رمێ هه‌ركه‌سێك ده‌ست درێژی كردنه‌ سه‌ر، ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌وه‌ سه‌ر واته‌ وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌،‌ ئێستاش ئه‌وه‌ی داعش به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، حه‌قی خۆیه‌تی به‌ر‌په‌رچی بده‌یته‌وه‌ و وه‌ڵامی ده‌ستدرێژیه‌كه‌ی بده‌ینه‌وه‌".

عه‌لی باپیر وتیشی: "ده‌بێت داعش وه‌ڵامی كورد بده‌نه‌وه‌ چیان ده‌وێت، پێموایه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌گه‌ر پابه‌ندبونایه‌ به‌ بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام و له‌شه‌ریعه‌ت بگه‌شتبانایه‌، جارێ نه‌ده‌بوو هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر خه‌ڵك به‌وشێوه‌ی ئێستا. پاشان ئه‌وان ده‌ڵێن بۆ به‌رگری له‌ خه‌ڵكی سوننه‌ هاتووینه‌ته‌ عیراق، ئی خۆ نیوه‌ی سونه‌كان هه‌رێمی كوردستان هاوكاری كردوون و په‌نای داون، ده‌بوایه‌ سوپاس و ده‌ستخۆشی هه‌رێمیان بكردایه‌ نه‌ك شه‌ڕمان پێ بفرۆشن. ئێستا ئه‌وان له‌ موسڵ ئه‌وه‌ی من بزانم خه‌ڵكیان بێزار كردوه‌. مه‌زارگه‌ی ئایینیان ته‌قاندوه‌ته‌وه‌،‌ ئه‌مه‌ كه‌ی دینی ئیسلام وای وتووه‌. ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌رعه‌".

راشیگه‌یاند: "وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی هێزی چه‌كدارمان نییه‌، كاتی خۆی كه‌ ئه‌مریكا عیراقی داگیركرد، باره‌گاكانمان موشه‌ك باران كران. خۆم ده‌ستگیركرام و مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ریمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ حزبه‌ حوكمڕانه‌كانی ئه‌وسا كه‌ ئێستاش حوكمڕانن، ئه‌وانیش هاوكاری ئێمه‌یان نه‌كرد به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كادری زۆری ئێمه‌یان ده‌ستگیركرد‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ بێ به‌شكراو ده‌رگا به‌ڕووماندا داخرا. ئێستا هێزی سه‌ربازیمان نییه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌وه‌ی پێی ده‌كرێ دیفاع له‌ كوردستان ده‌كات. له‌خوا به‌زیاد بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ی زۆرمان هه‌یه‌ له‌ كوردستان ئه‌گه‌ر باش ئاماده‌ بكرێن. هه‌ركاتێكیش پێویست به‌ ئێمه‌ بوو ئاماده‌ین دیفاع له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ر پێشهاتێك روویدا. ئێوه‌ ئاماده‌ن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش بكه‌ن؟

عه‌لی باپیر وتی: "گفتوگۆ بۆچی؟ ئه‌گه‌ر گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌بێت رۆژێك ئه‌وان ئه‌م شه‌ڕه‌ی خۆیان له‌ كۆڵی ئێمه‌ بكه‌نه‌وه‌. گفتوگۆ شتێكی باشه‌ شه‌ڕ به‌گفتوگۆ له‌ خۆمان دوور بخه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان گوێ له‌كه‌س ناگرن ده‌یان زانای ئایینی باوه‌ڕپێكراو رێنمایی داعشیان كردوه‌. به‌ڵام ئه‌وان گوێ له‌كه‌س ناگرن".

له‌باره‌ی بێده‌نگی ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر پرسی داعش وایه‌؟

عه‌لی باپیر ده‌ڵێت: "نه‌خێر بێده‌نگ نین، راگه‌یاندن كاریگه‌ری هه‌یه‌ بۆ گه‌یاندنی ده‌نگمان پێشتریش له‌سه‌ر داعش قسه‌م بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و سكای نیوز كردووه‌، پێموایه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی و خه‌ڵكی تریش قسه‌یان كردوه‌".

له‌باره‌ی بۆچوونی له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی ژنانی مه‌سیحی و ئێزدی كه‌ وه‌ك ده‌وترێ وه‌ك سه‌بایه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ؟

عه‌لی باپیر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "ئه‌سڵی ده‌ركردن و ده‌ست به‌سه‌ركردنی خه‌ڵك به‌ هه‌ڵه‌ ده‌زانین. ئه‌گه‌ر داعش ئه‌مه‌ به‌كاری ده‌وڵه‌تداری ده‌زانێت، ئه‌وان پرسیان به‌كێ كردوه‌؟ خۆ داعش خه‌ڵك هه‌ڵی نه‌بژرادوون. به‌دیلگرتنی ئافره‌تان و كوشتنی هاوڵاتی بێ گوناح له‌ به‌رنامه‌ و پڕۆگرامی شه‌رعدا جێی نابێته‌وه‌.

عه‌لی باپیر ده‌شڵێت: "به‌هاناوه‌ هاتنی ئه‌مریكا كارێكی باشه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ده‌بوایه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش كارێكی وایبكردایه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئه‌مریكا هه‌بێت، ئه‌وه‌ چ ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامییه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشی له‌ هه‌رێم بكات خه‌ڵكی سونه‌ی داڵده‌داوه‌. كه‌چی كارێكی وایانكرد پێویستیمان به‌ ئه‌مریكا هه‌بێت و داوا له‌ ئه‌مریكا بكه‌ین بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌مان هاوكاریمان بكات".

عه‌لی باپیر ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو: "نازانین پلانی نێوده‌وڵه‌تی چ هێزێك له‌ پشت داعشه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ باشوور یان باكوور و رۆژئاواو و رۆژهه‌ڵات، مافێكی ئینسانی و شه‌رعی خۆمانه‌ ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی خۆمان هه‌بێت. به‌ڵام كه‌ی ئه‌و مافه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ زه‌مینه‌سازی ده‌وێت، راسته‌ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستاش كه‌ به‌بۆنه‌ی داعشه‌وه‌ دروستبووه‌، باسكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی كاڵ كردوه‌ته‌وه‌".

18/8/2014

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان