جەیمس جێفری و
فیلیپ سۆلۆندز
پێدەچێ سەردەمی مالیکی لە عێراقدا بەسەرچووبێت. من دەڵێم “پێدەچێت”، چونکە هەرچەندە دەگوترێت سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هێزە چەکدارە زۆر بڕواپێکراوەکانی خۆی گوتووە دانیشن و ئەنجامەکانی پرۆسەی دەستووری قبوڵ بکەن، بەڵام جێگرەوەکەی، واتە حەیدەر عەبادی، تەنیا سی رۆژی لەپێشە بۆئەوەی حکومەتە گشتگیرەکەی پێکبهێنێت و بتوانێت لە کۆی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان متمانەی زۆرینەیان بەدەستبهێنێت. کەواتە یارییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە. مالیکیش لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە تاوەکو عەبادی یان کاندیدێکی دیکە متمانەی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت. بەڵام تەنانەت ئەگەر عەبادیش متمانەی پەرلەمان بەدەستنەهێنێت، کەم لایەن ماون داوا لە مالیکی بکەن حکومەت پێکبهێنێت. لەماوەی هەشت ساڵی حوکمڕانیی مالیکیدا زۆر هەڵە کراون. ئەو خەڵکێکی یەکجار زۆری بەهۆی سیاسەتە تاکتیکییە تاکلایەنانەکانی و بێتوانایی خۆی (بەتایبەتی لە بواری سەربازیدا)، هەروەها واسیتەکاری و گەندەڵییەوە پەراوێزخست.
ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات خاڵی وەرچەرخانە بۆ سەرکردەیەک کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئاداری ٢٠١٤ لە هەموو کاتێک رەوشی باشتربوو، چونکە حەوتسەد هەزار دەنگی هێنابوو. هیچ رکابەرێکی مالیکی نەیتوانیوە ئەم ئەنجامە بەدەستبهێنێت. چی روویدا؟ وەڵامی کورت بریتییە لە (مووسڵ). واتە لەدەستدانی دووەمین گەورەترین شاری عێراق و یەک لەسەرسێی خاکی عێراق، هەروەها لەدەستدانی پشتیوانیی کەمینەی عەرەبی سووننەی عێراق لەبەرژەوەندیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش). ئەویش بەهۆی توانەوەی دەیان هەزار سەربازی عێراقی بەرامبەر چەند هەزار چەکدارێکی مەشقپێکراوی داعش. چیرۆکە قووڵەکەش ئەوەیە کە مالیکی وایکرد پاشماوەکانی رێکخراوی ئەلقاعیدە لە عێراق داعش پێکبهێنن و لە شەڕی نێوخۆیی سووریادا بەشداری بکەن.
بەڵام ئەو کارەساتەی نیشتمانییەی بەسەر عێراق هاتووە ناکرێ تەنیا هۆکارەکەی ئەوە بێت کە هێزێکی دەرەکی هاتووەتە ئەو وڵاتەوە. چونکە ئەو عەرەبە سووننانەی چوونە پاڵ داعش-ی “گەشەکردوو”، ئەم کارەیان بۆیە کرد چونکە مالیکی ئەوانی پەراوێزخستبوو. ئەو سوپایەی لە موسڵ شکا، ژەنەڕاڵەکانی ئەو کەسانە بوون کە بەهۆی دڵسۆزییان بۆ مالیکی کرابوونە فەرماندە، نەک لەبەرئەوەی لێهاتوو بوون. ئەو تەدەخولە بچووکانەی مالیکی لەترسی کودەتا لەنێو سوپادا دەیکرد، ئەو چاوپۆشییەی بەرامبەر گەندەڵی کردی و ئەو بێموبالاتییەی لە هێشتنەوەی سوپای ئەمریکادا بۆ مەشقپێکردن و هاریکاریکردنی سوپای عێراق کردی، هەموو ئەو شتانە بەشدارییان کرد لە دروستبوونی ئەو شکستە دراماتیکییەی ئەمڕۆ دەیبینین. بەڵام هۆکاری سەرەکیی شکستەکە بێتوانایی مالیکی بوو لە متمانەکردن بە ئەوانی دیکە، بێتوانایی ئەو بوو لە گەیشتن بە گرووپە جیاوازەکان و تەنانەت لە دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ خودی شیعەکانی عێراقیش. جیاواز لە دژیەکییەکانی لەنێو پارتی ئایینیی دەعوە، کە بزووتنەوەیەکی نهێنی بووە، مالیکی قەت نەیتوانی واز لە ترسان لە بیرۆکەی پیلانگێڕی بهێنێت، نەیتوانی لە گرووپەکانی دیکە تێبگات و سوپاسگوزار بێت بۆ ئەو بەها رۆژئاواییانەی ئەمریکا دەیەویست لە عێراقدا جێگەیان بۆ بکاتەوە. رەنگە ئەمەش تەنیا خەتای ئەو نەبێت، بەڵکو هەموو سیستمی سیاسیی عێراق، کە ئەو سەرکردایەتیی دەکرد، گیرۆدەی ئەو دەردە بن.
بۆ وەڵامدانەوەی قووڵی ئەم پرسیارە، پێویستە چاو بە ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بخشێنینەوە. لە دووەمین مەراسیمی سوێندخواردنیدا لە مانگی یەکی ٢٠٠٥، سەرۆک جۆرج دەبلیوو بووش، بەڕوونی ئەوەیگوت کە ئامانجی مەعنەویی ئەمریکا و ئاسایشی وڵاتەکەی لەدوای یازدەی سێپتەمبەرەوە، بریتییە لە گەیاندنی دیموکراسی بە هەموو جیهان، سەرەتای ئەو پرۆسەیەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەستپێدەکات. لەوێش وڵاتی عێراق بەو پێگە جوگرافییەی کە هەیەتی و دەوڵەمەندیی بە نەوت، ئەو باجە بوو کە ئەمریکا بۆ بڵاوکردنەوەی دیموکراسی دای.
بەڵام عێراق، لەدوای سەرکەوتنە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ لەو وڵاتە، پابەندنەبوو بە جێبەجێکردنی پلانی دیموکراسییانەی ئەمریکا وەکو خۆی. سەرەڕای ئەوەی کە بە سەدان سەربازی ئەمریکایی بە شەقامە پڕ لە زبڵەکانی عێراقدا دەسووڕانەوە. سەرەڕای ئەوەش کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە فەللووجە سەرکەوتنی گەورەی بەسەر ئەلقاعیدەدا بەدەستهێنا و لە نەجەفیش بەسەر سوپای شیعیی مەهدیدا سەرکەوت. واشیکرد هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ سەرکەوتوو بێت و دەستوورێکی ئیلهاموەرگرتوو لە رۆژئاواش لە نێوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٦ پەسندبکرێت. پڕۆژەی ئەمریکی لە عێراقدا ئەوکاتە لەمپەری بۆ دروست بوو کە هێزە مەرگهێنە شیعە و سووننەکان وڵاتیان بەرەو لێواری شەڕی نێوخۆیی برد.
لەو رەوشە ئاڵۆزەدا، هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ وڵاتی گەیاندبووە بنبەست. ئەوەی حکومەتی ئەمریکا و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق لەوکاتدا لەسەری کۆک بوون ئەوەبوو کە ئیبراهیم جەعفەری، کە ئەوکات سەرۆک وەزیران بوو، دەبووایە لەسەرکار لابدرێت. دوای ئەوەی چەندین مانگ تێپەڕین و کاندیدێکی بەهێز دەرنەکەوت، هەم ئەمریکایی و هەم عێراقییەکانیش روویان لە مالیکی کرد، کە ئەوکات ئەندامێکی پارتی دەعوە و پەرلەمانتار بوو. ئەوکات کەمکەس مالیکی دەناسی، بەڵام وا دەردەکەوت کە پیاوی بڕیار و پێداگیرییە و دەتوانێت دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. لەنێوڕاستی ساڵی ٢٠٠٦ مالیکی بە سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا.
مالیکی سەرەتایەکی کارەساتاویی نەبوو و کردەوەکانی تێکەڵەیەک بوون لە چاک و خراپ. ئەو لای کەس زۆر خۆشەویست نەبوو و هەموولا زۆر بێمتمانە بوون پێی، تەنیا کەسە نزیکەکانی و خانەوادەی خۆی نەبێت. لەسەرووی لیستی ئەوانە کە دوژمنی بوون بریتی بوون لە عەرەبە سووننەکان و کوردەکان، کە هەردوو گرووپ بە چاوی رەخنەوە سەیری سیستمی فیدراڵیی عێراقیان دەکرد. هەرواش مالیکی پشتیوانیی لە بیرۆکەی چەکدارکردن و دامەزراندنی سەد هەزار چەکداری هۆزەکانی عەرەبی سووننە کرد کە بە ئەندامانی “هێزی سەحوە” ناسرابوون. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٨ مەلای تووندئاژۆی شیعە، موقتەدا سەدر و سوپاکەی (سوپای مەهدی)ی سەرکوتکرد کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی لەو سوپایە دەکرا. بەدواشیدا رازی بوو کە هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو مانگی دێسەمبەری ٢٠١١ لە عێراقدا بمێننەوە. لە کاری رۆژانەیدا لەگەڵ من و کاربەدەستانی دیکەی ئەمریکا لە عێراق، زۆر قورس بوو گوشاری لەسەر دروست بکەین، بەڵام دەکرا قەناعەتی پێبهێنین کە لەبەرژەوەندیی خۆیدایە کارمان لەگەڵ بکات. کاتێکیش بەڵێنی پێدەداین، قەت قسەی خۆی نەدەشکاند، ئەمەش لە ئیشی دیپلۆماسیدا گرنگە.
بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا، روخسارە دیکتاتۆرییانەکەی مالیکی دەرکەوت، ئەویش دوای ئەوەی لیستی عێراقییە، کە گەورەترین حیزبی عەرەبە سووننەکان بوو و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پێشوو ئەیاد عەللاوییەوە رێبەرایەتی دەکرا، توانیی لیستی دەوڵەتی یاساکەی مالیکی ببەزێنێت. زۆر کەس ئیدارەی ئۆباما بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەموو پشتیوانییەکی لە مالیکی کرد. ئەمە راست نییە. پارتە شیعەکان، کە لەلایەن دامودەزگا ئایینییەکان و ئێرانیشەوە، پێداگیرییان دەکرد کە دەبێ یەکێک لەوان ببێتە سەرۆکوەزیران. شیعەکان نیوەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستەوەبوو، کوردەکانیشیان لەگەڵ بوون کە بیست لەسەدی کورسییەکانیان هەبوون، بۆیە مالیکی ئەو بژارەیە بوو کە دەبووایە ببێت.
لە خولی دووەمی حوکمڕانییەکەیدا، مالیکی لەڕووی سیاسییەوە رووی لە هەڵخلیسکان کرد. هەردوو رکابەرەکەی مالیکی، واتە عەللاوی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردەکان، هەلەکەیان قۆستەوە. بارزانی بە پێداگیریکردن لەسەر یاریکردن بە بژارەی سەربەخۆیی و عەللاویش بە پەشیمانبوونەوە لە بەڵێنەکانی، بیانووی ئەوەیان دایە مالیکی کە درێژە بە سیاسەتە تائیفییەکانی بدات. ئەوکات ئەلقاعیدە لە عێراق لەسەر لێواری لەناوچوون بوو، عێراق سەد ملیارد دۆلار داهاتی نەوتی هەبوو، هەروەها ببووە دوورگەیەکی ئارام و سەقامگیر لە رۆژانی دەستپێکردنی “بەهاری عەرەبی”. لەدوای ساڵی ٢٠١١ەشەوە مالیکی چیدیکە هەبوونی هێزە ئەمریکییەکانی لە عێراقدا بە پێویست نەدەزانی، بۆیەش بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگی پەرلەمان پێداگیریی دەکرد لەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی (سۆفا) لەنێوان عێراق و ئەمریکادا. دوای ئەوەی سوپای ئەمریکاش لە ساڵی ٢٠١١ عێراقی بەجێهێشت، دەستیکرد بە سەرکوتکردنی سەرکردە سووننەکانی وەکو تاریق هاشمی، جێگری سەرۆککۆمار و رافیع ئەلعیساوی، وەزیری دارایی. هەروەها بەهۆی سیاسەتی نەوتیی کوردستانەوە گورزی لە هاوپەیمانێتییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ کوردەکان دا، کە ئەو سیاسەتی نەوتییەش بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی کوردەکان بوو.
پێشتر باسی دەرئەنجامەکەمان کرد: سەرکردەیەکی گۆشەگیرکراوی خۆویست هەموو هاوپەیمانەکانی بەجێدەهێڵێت و چاوی لەوەیە دەسەڵاتی زۆرتر وەدەستبهێنێت. ئەو کەسە سەرکەوتوو دەبێت لە وەدیهێنانی خواستەکانی، تاوەکو هێزێکی دەرەکی دێت و هەموو ئەو شتانەی دروستیکردووە دەیسڕێتەوە. ئەمە رەوشی مالیکییە. بەڵام ئایا تەنیا مالیکی گوناهبارە لەوەی کە ئەو رەوشە دروستبووە، یان ئەمریکاش گوناهبارە کە پێدەچێت هەمیشە پشتیوانیی لە “پیاوی خراپ” بکات؟ چی دەبێت ئەگەر هەندێک “پیاوی باش” و “ژنی باش” لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی مەزندا هەبن؟ تۆبڵێی خاکی عێراق یان ئەفغانستان یان میسر یان غەزە هێندە دۆستانە نەبێت بۆ سیاسەتەکانی رۆژئاوا؟
رەنگە وابێت، بەڵام سەرەڕای ئەو رەوشەی ئێستا عێراق تێیدا دەژیت و یەک لەسەر سێی وڵاتەکە لەژێر دەستی دێوەزمەکاندایە، دروست وەکو سەردەمی جەنگی نێوخۆیی ئەمریکا، هێشتا هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەوڵدەدەن وابکەن کار بەو دەستوورەیان بکرێت کە بناخەیەکی لیبرالییانەی رۆژئاوایی هەیە. تاوەکو ئەوکاتەی ئەوان ئەو هەوڵەش بدەن، ئەرکی سەرشانی ئەمریکایە و لە بەرژەوەندیشیدایە کە پشتیوانی لە عێراقییەکان بکات. دوایین ئەرکی سەرشانی مالیکیش، ئەگەر بەشێوەی ئاشتییانە بکشێتەوە، ئەوەیە کە وێنە ناشیرینەکە پیشانبداتەوە: دیمەنی سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دوای ئەوەی سەرکەوتوو نەبووە هاواردەکات بۆ دەسەڵات.
* جەیمس جێفری باڵیۆزی پێشووی ئەمریکایە لە عێراق، فیلیپ سۆڵۆندز بۆ ئەنیستیتیوتی واشنتن بۆ سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاردەکات.
روداۆ
15/8/2014