میت رۆمنی
لە چواری نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم)ی ساڵی 1979دا شۆڕشگێڕانی ئێران چەند دیپلۆماتكارێكی ئەمریكییان بۆ ماوەی 444 رۆژ بە بارمتە گرت، لەكاتێكدا سەرۆكە بێ هێزەكەی ئەمریكا، جیمی كارتەر، لە كۆشكی سپی هەستی بە بێزاری و ناڕەحەتی دەكرد. رۆناڵد ریگن، كە ساڵی دواتر بۆ كێبركێ لەگەڵ كارتەر كاندیدكرا، رایگەیاند كە ئێرانییەكان باجێكی قورسی رەفتاری تاوانكارانەی خۆیان دەدەن. لە 20ی یەنایەر (كانوونی دووەم)ی ساڵی 1981دا، لە هەمان ئەو ساتەی كە ریگن بە فەرمی بووە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكان، ئێران بارمتە ئەمریكاییەكانی ئازادكرد. ئێرانییەكان دركیان بەوەكرد كە هەڕەشەكانی ریگن رێك پێچەوانەی كارتەر هەڕەشەی جدی و راستەقینەن. ئەمڕۆش ئەمریكا و جیهان لەگەڵ هەڵوێستێكی تاڕادەی سەرسوڕمان هاوشێوەدا رووبەڕوو بوونەتەوە، سەرباری ئەوەی زۆر مەسەلەی دیكەش لەسەر مەحەكن. هەمان ئەو تووندڕەوە ئیسلامیانەی دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەمڕۆ خەریكی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمین. باراك ئۆباما، بێ هێزترین سەرۆكی ئەمریكا لەسەردەمی كارتەرەوە تائێستا، رایگەیاند كە ئەو كارە مایەی قبووڵكردن نییە، بەڵام بە سیاسەتێكی كارا پشتیوانی لە وتارەكەی خۆی نەكرد. لەكاتێكدا ئۆباما لە كۆشكی سپی هەست بە نیگەرانی دەكات، ئێرانییەكان پێشكەوتنی خێرا بەدەستدێنن بە ئاراستەی دروستكردنی وێرانكەرترین چەك لە مێژووی جیهاندا.
ناكرێ زێدەڕۆیی لە مەترسی ئەم پەرەسەندنەدا بكەین، بەدرێژایی 30 ساڵ ئایەتوڵڵاكانی ئێران لە سەرانسەری جیهان پشتیوانییان لە تیرۆر كرد. ئەو وانەیەی پێویستە لە هێرشەكانی 11ی سیپتەمبەر (ئەیلول)ـەوە فێربووبین، ئەوەیە كە تیرۆر لەسەردەمی ئەتۆمدا ئەگەری وێرانكاریەكی ترسناك لە ئاستێكی بەربڵاودا دەگرێتەخۆ. لەوەش سەیرتر، بە ئاشكرا بانگەشەكردنی سەركردەكانی ئێرانە بۆ سڕینەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر نەخشە، جا ئەگەر بتوانن ئەو ئامرازە بەدەستبێنن كە ئەو ئامانجە نامرۆییەیان بۆ بەدیبێنێ، ئەوا ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شەو و رۆژێكدا دەبێتە ناوچەیەكی تەقینەوەی ئەتۆمی، ئەو زیانانەی بە ئیسرائیل و هاوپەیمانانی دیكەمان و هێزەكانمان لە ناوچەكەدا دەكەون، لە سەرووی خەیاڵەوەیە. ناكرێ ویلایەتە یەكگرتووەكان دەرئەنجامەكانی رێگەدان بە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم بگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەمەیە ئەو رێگایەی لەسەردەمی ئۆبامادا پێیدا دەڕۆین.
ئەگەر بوومە سەرۆك ئەوا ئاراستەی ئەمریكا دەگۆڕم. ناونیشانی سیاسەتی دەرەوەم بەشێویەكی گشتی وەك ناونیشانی سیاسەتی دەرەوەی رۆناڵد ریگن دەبێ كە "ئاشتی لە رێی هێزەوە"یە. بەهەمان شێوەی ریگن، پلانێكی سەرتاپاگیرم داناوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێزی ئەمریكی و دابینكردنی ئەو چەكە بۆ سەربازانمان كە بۆ سەركەوتن لە هەر شەڕێكدا پێویستیان پێیە. بە نیازیشم دۆخی خۆمان وەك هێزێكی دەریایی لە دەریاكانی باكووردا بەدەست بێنینەوە، ئەویش لە رێی زیادكردنی رێژەی دروستكردنی كەشتی جەنگی ساڵانە لە 9وە بۆ 15 كەشتی. وەك چۆن ریگن هەوڵیدا لە رێی دەستپێشخەری بەرگری ستراتیژییەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەچەكی سۆڤیەت بپارێزێت، ئاوا كار بە ئاراستەی دامەزراندنی سیستەمی بەرگری دژە مووشەكی بالیستی دەكەم بۆ پاراستنی خۆمان و هاوپەیمانانمان لە هەر مووشەكێكی ئێران یان كۆریای باكوور.
ئەوەی تایبەت بێت بە رەوشی ئێران، ئەوا هەموو رێكارێكی پێویست دەگرمەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی رژێمی خراپەكاری ئاخوندەكان. هەرچەندی بكرێت، بەردەوام كار بەو ئاراستەیە دەكەم كە سزاكان تووندتر بكرێن و لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەشدا هاوكاری بكەین، ئەگەر ناچاریش بووین ئەوا رێكاری تاكلایەنە دەگرینەبەر تاوەكو ئەوكاتەی ئێران پرۆگرامی ئەتۆمی خۆی رادەگرێت. بە ئاشكرا باسی پرسی دیموكراسی لە ئێران دەكەم و پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش دەكەم كە خەبات لەپێناو ئازادیدا دەكەن. هەروەها پەیوەستبوونی ئەمریكا سەبارەت بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپاتدەكەمەوە، ئەو پابەندیەی خۆم لەبەردەم جیهاندا رادەگەیێنم بەوەی لە یەكەمین سەردانی دەرەوەمدا وەك سەرۆك، دەچمە قودس.
لەوەش گرنگتر، دیپلۆماسیەتی خۆم بە ئەگەری سەربازی بەهێز دەكەم كە ئایەتوڵڵاكانی ئێران دەهێنێتە سەر رێ، تاوەكو دەست لە خواستی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی هەڵدەگرن. تەنیا ئەو كاتەی ئەوان تێدەگەن ئەو رێیەی گرتوویانەتە بەر كۆتاییەكەی وێرانی و خاپوورییە نەك چەكی ئەتۆم، ئەوكات دەرفەتێكی راستەقینە دێتە پێش بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە. پلانەكەم ئەوەشی تێدا دەبێ كە بگەڕێینەوە سەر ئامادەیی بەردەوامی كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكانمان لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی نێوەڕاست و ناوچەی كەنداوی عەرەب لەیەك كاتدا. هەروەها زیادكردنی كۆمەكی سەربازی بۆ ئیسرائیلیش دەگرێتەخۆ، هەروەها پتەوكردنی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانمان لە ناوچەكەدا. ناكرێ لەوەش زیاتر چاوەڕوان بین، بە دڵنیاییەوە ناتوانین چاوەڕوانی تێپەڕبوونی ماوەیەكی دیكەی سەرۆكایەتی ئۆباما بكەین كە چوار ساڵە و ئیدی لەو ماوەیەدا كار لە كار بترازێ.
ئەگەر رێگە بە ئێرانییەكان بدرێ بۆمبی ئەتۆمی دروستبكەن، ئەوا ئاكامەكان مەترسیدار و لە دەرەوەی كۆنترۆڵدا دەبێت. سیاسەتی دەرەوەی من كە دەخوازێ ئەم كارەساتە دووربخاتەوە لەسەر بناخەیەكی روون چڕبووەتەوە: یان ئەوەتا ئایەتوڵڵاكان لە پەیامەكە دەگەن، یانیش وانەیەكی ئازاربەخشیان لەبارەی واتای بڕیار و سووربوونی ئەمریكاوە پێدەدرێت.
* كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا و حاكمی پێشووی ویلایەتی ماساچوستس.
سەرچاوە: رۆژنامەی واشنتن پۆست