فازڵ جاف
کە باس لە ئەتیکێتی ئاخاوتن دەکەین، یەکسەر بیر لەوە دەکەینەوە چۆن بدوێین، بە چ شێوەیەک قسە بکەین کە رێز و شکۆ لەدەست نەدەین، کە بەرانبەرەکەمان بە چاوێکی بەرز تەماشامان بکات. ئەویش هەست بەوە بکات کە بایەخی پێ دەدرێت و رێزی لێ دەگیرێت.
شارەزایانی ئەتیکێت لەمبارەیەوە وا رێنماییمان دەکەن، کە باشتر وایە تا ئەوەندەی پێمان دەکرێت کەم بدوێین، زۆرتر بوار بە کەسانی دیکە بدەین گوزارەی لە خۆیان بکەن، تاکو ئەوانیش هەست بە پردەکانی لێکگەیشتن و پێوەندی بکەن.
پسپۆڕانی ئەتیکێت سەبارەت بە ئاخاوتن و گوێگرتن، هەمیشە جەخت لەسەر هاوسەنگی و هارمۆنیا دەکەن. هاوسەنگییەک لەنێوان تۆ و ئەوانی تردا گرینگە. واتە چەند کات و بوار بە خۆت دەدەیت کە خەڵک گوێت لێ بگرن، باشتر وایە هەمان قەوارە، کات و بوار بە کەسانی دیکەش بدەیت کە بئاخڤن، تۆش گوێیان لێ بگریت، خۆ ئەگەر مۆڵەت و بواری قسەکردن بە کەسانی دیکە بدەیت و خۆت بە شێوەیەکی کارا گوێ بگریت، ئەوە هەر زۆر باشترە.
گوێگرتن، ئەم وشە ئەفساوناییە کلیلی کاریزما و هاوسۆزییە، چەندەی زیاتر گوێ بگریت، ئەوەندە شیرینتر و خۆشەویستتر دەبیت. گەلێک سەرکردەی کاریزمایی هەن، بەوە ناسراوان کە باش گۆی لە خەڵک دەگرن، هەر ئەم گوێگرتنەیش بووە بە سەرچاوەی کاریزمایان.
بەڵام گوێگرتن بۆ زۆرینەمان ئەوەندە ئاسان نییە.
بۆ هەندێک کەس قسەکردن، هەندێک جار تا رادەی زۆربڵێیی، زۆر لە گوێگرتن ئاسانترە.
باشە بۆ دەبێ گوێگرتن بۆ زۆرینەی خەڵک لە ئاخاوتن سەختتر بێت؟
ئەوی راستی بێت ئەوەیە کە گوێگرتنی راستەقینە لە دۆخی ئاگاییەکی چڕدا دێتە کایەوە. هەر بۆیە ئەوەندە سەختە. کە کەسێک قسەت بۆ دەکات، ئاسانە بیر لە رابووردوو بکەیتەوە، یان بیر لە داهاتوو بکەیتەوە، بەڵام سەختە بەردەوام و سەت لە سەت لە ئێستا و ئێرەدا بیت.
ئادەمی تاکو لە ئاگایی و هۆشی تەواودا نەبێت، ناتوانێ باش گۆێ بگرێت. زۆرینەی خەڵک لە دۆخی ئاساییدا پێیانوایە کە گوێ دەگرن، یان وای پیشان دەدەن کە گوێ دەگرن، بەڵام لە راستیدا نازانن کە ئێمە هەستی پێدەکەین، کە گوێمان لێ ناگرن. چونکە گوێگرتنی راستەقینە هەیە و گوێگرتنی ساختە هەیە.
گوێگرتنی ساختە ئەوەیە کە وای پیشان دەدەین کە گوێ دەگرین، بەڵام دڵ و مێشکمان لە جێگەیەکی دیکەدایە.
هەر بۆیە لە کوردەواریدا دەڵێن: دڵم لە لاتە.
- ئەرێ گوێت لێمە چی دەڵێم، تێدەگەیت باسی چی دەکەم؟
بەڵێ دەڵم لە لاتە.
یەکێک لە بنەماکانی ئەتیکێت ئەوەیە کە بەدڵ و بە گیان گوێ بگرین.
چۆن گوێ بگرین؟
کوێ بگرە، نەک تەنیا گوێت لێ بێت. گوێگرتنی راستەقینە ئەوە دەخوازێت کە هەموو جەمسەرەکانی جەستە و ئاگایی و دەروون، هاوکات بەشداریی پرۆسەی گوێگرتن بن، هەموو ئامادەیی خۆیان هەبێت. واتە لە ئێستا و لێرە بن. ئەمەش بۆ کەسێک رانەهاتبێت و شارەزای تەکنیکی گوێگرتن نەبێت ئاسان نییە. بەڵام فیربوونیشی مەحاڵ نییە. بە مەشق و راهێنان دەکرێت دەرئەنجامی باش لە بواری تەکنیک و هونەری گوێگرتن بەدەست بێنین.
کە باس لە ئەکتیڤبوونی ناخ و دەروون و ئاگایی و مێشک دەکەین، کە جەخت لەسەر بەشدارییان لە پرۆسەی گوێگرتنی راستەقینەدا دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە کە راستە ئەم رەهاندانە لە بەرچاودا نین و نابینرێن، بەڵام لەمیانەی جەستەوە هەستیان پێ دەکرێت و دەبینرێن. هەر بۆیە سەرمەشق و راهێنانەکانی ئەتیکێت، بایەخێکی زۆر بە پێگەی جەستە دەدات. جەستە دەری دەخات ئەو کەسە بەڕاستی گوێت لێ دەگرێت یان نە، ئەو کەسە بەڕاستی دڵی لە لاتە یان نە!
لە خولەکانی رێگاکانی وانەوتنەوە بۆ مامۆستایانی زانکۆ، کە تێیدا باس لە ئەتیکێتی گوێگرتن دەکەین، ئاماژە بە خاڵێک دەکەم، کە پێموایە بۆ مامۆستایان زۆر گرینگن. ئەوەیش ئەوەیە کە بە خوێندنەوەی زمانی جەستەی قوتابی، مامۆستا دەزانێت کە ئەو قوتابییە چەند گوێ دەگرێت یان نە! چەندە ئەکیتڤ و کارایە لە گوێگرتندا، یان چەندە پاسیڤ و خامۆشە و جەستەی لە پۆلدایە، بەڵام مێشکی لە جێگەیەکی تردایە.
بەداخەوە مامۆستایان و هەروەها زۆرینەی خەڵکیش، لەسەر ئەوە رادەهێنرێن کە فێر بن قسە بکەن، راهێنان لەسەر هونەری ئاخافتن و گوتاربێژی و وانەوتنەوە و سیمینار و هەڤپەیڤین، گفتوگۆ بکەن. بەڵام هیچ قوتابخانەیەک شک نابەم کە وانەی گوێگرتنی تێدا بگوترێتەوە. ئێمە هەر لە منداڵییەوە فێری خوێندنەوە و نووسین دەکرێین، بەڵام فێری گوێگرتن ناکرێین. راستە خێزانەکانمان منداڵ فێری بیدەنگبوون و بێدەنگی دەکەن. بە منداڵ دەڵێین: کە گەورە قسە دەکات تۆ بێدەنگ بە، وسکت بە! وسکتیش لە سکوتی عەرەبییەوە هاتووە. بەڵام بێدەنگبوون ناکاتە گوێگرتن. بیدەنگی رەنگە بەشداری نەکردن بگەیەنێت، بەڵام گوێگرتن ئەوپەڕی بەشدارییە، بەشدارییە بە هۆش و ئاگایی، بە عەقڵ و بە مێشک، بە هەست و سۆز.
یەکێک لە ئامارەکانی گوێگرتن پێمان دەڵێت کە تەنیا سەتا چلی خەڵک باش گوێ دەگرن، ئەوانی دیکەیان زیاتر قسە دەکەن و کەمتر گوێ دەگرن. ئەمجا تۆ لە کامیانیت؟ ئەگەر دەزانیت کە زۆرتر قسە دەکەیت و کەمتر گوێ دەگریت، ئەوا بزانە کە بەو رەفتارە زۆر شتی گرینگت لەدەست داوە.
02/08/2014