نەریمان مەحەمەدی
کارەساتی هۆلۆکاست لەگەڵ ئەوەی بۆ جوولەکەکان کارەساتێکی مێژوویی دڵتەزێن بوو، بەڵام توانی ببێتە ئوبژەیەکی هاوبەش کە زۆربەی جوولەکەکانی ئەوکات و تەنانەت نەوەکانی دوای ئەو کارەساتەشی پێکەوە گرێ دا. سەرگەردانی، سەرلێ شێواوی و بێ دەوڵەتی بۆ خودی جوولەکەکانیش وەکوو چارەنووسی دیاریکراوی جوولەکە قەبووڵ کرابوو. جوولەکە توانای ئەوەی نەبوو خودی خۆی وەکوو خودێکی سەربەخۆ و جیاواز لە ئەوانیتر بناسێنێت و بە کورتی هیچ ئوبژەیەکی هاوبەشی ئێتنیکی یان نەتەوەیی لە زێنی مێژوویی خۆیدا پێکنەهێنابوو و سەرگەردانی مێژوویی وەکوو چارەنووسێکی دیاریکراو لە بەرانبەر گوناحێکی نەبەخشراوی قەبووڵ کردبوو. تەنانەت زۆر جاریش تێکۆشان بۆ ڕووخانی ئەو هەلوومەرجە وەکوو پێشێل کردنی هێڵێکی سوور دادەنرا. بەڵام کارەساتی هۆلۆکاست تەواوی ئەم باروودۆخەی تێکدا. ژنۆسایدی جوولەکەکان بوو بەهۆی تەواوبوونی پرۆسەی دابڕانی سووژەی جوو و گێڕانەوەی سەرگەردانی ئەوانی بە ئەنجام گەیاند. وێرانی گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و دوای سووتانی سووژەی سەرگەردان و سەرلێ شێواوی جوو، سووژەیەکی نوێ هاتەدی کە بە تەواوی جیاواز بوو لەوەی پێشی خۆی. سووژەی پێش کارەساتی هۆلۆکاستی جوو، هیچ ئوبژەیەکی هاوبەشی مێژوویی پۆزیتیڤی نەبوو و هەرچی هەبوو هاوبەشی لە سەرگەردانی و بێ بێ دەوڵەتی بوو. بەڵام کارەساتی هۆلۆکاست خۆی بوو بە ئەو ئوبژەیەی کە جوولەکەکانی پێکەوە گرێ داوە. کارەسات بوو بە ئوبژەیەکی هاوبەش کە تەنانەت ئەو نەوەیانەش کە ئەو کارەساتەیان ئەزموون نەکردبوو، وەکوو ئوبژەیەکی هاوبەش و دەروونی خۆیان دەزانی. ئێستا هەر ئەم فۆرمەی پێکهێنانی بیرەوەری لە کۆمەڵگای کوردی چاو لێ بکەین.
کوردیش وەکوو جوولەکە مێژوویەکی تاڵی سەرگەردانی و بێ بێ دەوڵەتی ئەزموون کردووە. سەرگەردانی لە دوو کۆمەڵگادا، وەکوو بەراتی پێشکەوتنی ژیاری ئەوان لە مێژوویەکی دووردا پێکهاتووە. هەر دوو کۆمەڵگا کارەساتێکی دڵتەزێن و بە گشتی ژنۆسایدیان تێپەڕاندوە. بەڵام بە پێچەوانەی جوولەکەکان، کورد نەیتوانیوە کارەسات بکاتە ئامرازی پێکهێنانی ئوبژەیەکی هاوبەش و دەروونی خۆی، ئوبژەیەک کە نەوەکانی کارەسات نەدیویش وەکوو هیمایەکی شۆناسی خۆیان قەبووڵی بکەن. ئەنفال وەکوو کارەساتێکی ژنۆسایدی نەیتوانیوە ببێتە ئامرازی شکاندنی سەرگەردانی مێژوویی نەتەوەی کورد و بێ گومان ئەگەریش لە داهاتوودا گێژاوی بێ دەوڵەتی کورد کۆتایی پێ بێت، کارەساتی ئەنفال هۆکاری ئەم کارە نەبووە. هێشتا ئەنفال لە کۆمەڵگای کوردیشدا بە تەواوی نەناسرێندراوە چ بگەتە ئەو کاتەی بتوانێت ببێتە ئوبژەیەکی هاوبەش و دەروونی کە نەوەکانی داهاتووش وەکوو هیمای تێکۆشان بۆ دابڕانی پرۆسەی بەئوبژەبوونی سووژەی کوردی قەبووڵی بکه¬ن. کارەسات زۆر جار دەتوانێت ببێتە خاڵی تێپەڕینی کۆمەڵگا لە حاڵەتی نەخۆشی خۆیدا. بۆ جوولەکەکان هۆلۆکاست ئەم ڕۆڵەی گێڕا، بەڵام بۆ کورد نە تەنیا ئەنفال نەیتوانی ئەم ڕۆڵەی بگێڕێت، تەنانەت سەرگەردانی سووژه¬ی کوردیشی بردە ئاستێکی ناخۆشتر. کورد نەیتوانی بیرەوەریێکی مێژوویی وەکوو ئوبژەیەکی دەروونی بۆ نەوەکانی داهاتوو پێکبهێنێت، بەڵام هۆلۆکاست توانی ئەم کارە بکات. بێ گومان، زێنی تاکەکانی کورد بە تایبەت لە باشوور، هێشتا پڕە لە بیرەوەری کارەساتی ئەنفال، بەڵام ئەوەندە ئەم بیرەوەریانە بە تاکەوە بەستراون کە توانای گۆڕدرانیان بۆ حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی نییە. گرینگترین شت بۆ ئەم گٶڕانە، وەبیرهێنانی کارەساتە و گرینترین شتیش بۆ وەبیرهێنانەوەی کارەسات، ناساندنی کارەساتە. کورد لە بواری ناساندنی کارەساتی ئەنفاڵ زۆر لاواز کاری کردووە، بە پێچەوانەی جوولەکەکان کە زۆر کاریان لەم بوارەدا کردووە.
31/07/2014