خۆشەویستان!
بەمجۆرە ویستمان ئاگادارتان کەینەوە کە ماڵپەڕی "تریبونی فێمینیستانی کورد. www.kurdishfeminists.com
. دەست بەوەشان دەکات. ئەم ماڵپەڕە هەر وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، خۆی بۆ پرسی فێمینیستی تەرخان دەکات و هەول دەدات، سەکۆ و تریبوونێک بێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە کێشەی نایەکسانی جنسی و لاسەنگی جێندەری بە کێشەی خۆیان دەزانن. ئێمە بوونی تریبوونێکی فێمینیستی بە پێویست دەزانین، چونکو پێمان وایە ئەم پرسە، یەکێکە لەم ئەجێندایانە کە دەبوایە زۆر بەرفرەوانتر و چڕتر سەرنجی بدرێتێ و بێتە بەر باس و یەکێک بێ لە ڕەهەندە گرینگەکانی جووڵانەوەی نەتەوەیی. بەداخەوە ئەم پرسە هەنوکە، یان ون و نادیارە یانیش بەگشتی کەوتۆتە ژێر سێبەری پرسەکانی دیکەوە. ئێمە لەم بڕوایە داین کە بەئامێتەکردنی ڕوانگەیەکی جێندەری و بەرجەستەکردنەوەی پرسی یەکسانی جنسی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی، پێشمەرجێکە بۆ ئەوەی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد ڕوخسار و ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانە، دادپەروەرانە و سەردەمیانەی هەبێت. بۆیەش پێمان وایە مەرج و ئەجێنداکانی ژنان دەبێ بکەوێتە سەرووی رۆژەڤی سیاسیی کورد. ئێمە ڕادەی وەفاداری بە بیرۆکەی یەکسانی مافی ژن و پیاو بە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییانە دەزانین کە سیاسەتێکی دادپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانە پێناسەدەکات.
تریبونی فێمینیستانی کورد تەنیا تریبوونی ئێمە چەند کەسێک نییە. ئەمە تەنیا تریبوونی ژنانی کوردیش نییە، بەڵکو ئەم تریبونە دەیەوێ سەکۆیەک بێت بۆ فێمینیستانی کورد و هەموو ئەوانەی لە دژی نایەکسانی جنسی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی هەڵاواردنی جنسی و لە پێناو مافی یەکسانی جنسیدا خەبات دەکەن. دیارە ئەم ماڵپەڕە بە یارمەتی و دەستپێشخەری ڕێکخراوی مافی ژنی کورد (کۆمیتەی ستۆکهۆلم) دامەزراوە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە ئەم ڕێکخراوە مەبەستی سەرەکی، کردنەوەی دەرفەت و بوارێکی دیکەیە بۆ کاری فکری و چالاکییەکی گشتگرتر، نەک دەست بەسەرداگرتن بەسەر ئەم ماڵپەرە. هەر بۆیەش ئێستا ئەم ماڵپەرە لە لایەن دەستەیەکی کاتییەوە بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا، بە پێکهێنانی سیمینارێکی بەرفرەوان، هەم شێوەکاری ماڵپەرەکە بخرێتە بەر باس و هەمیش، دەستەیەکی نوێی بۆ هەڵبژێردرێت.
ئەم تریبونە هی هەموو ئەو فێمینیستە کوردانەیە کە لە ڕێگەی ڕزگاری نەتەوەیی و سەروەری کورددا خەبات و چالاکی دەکەن، بەڵام پێیان وایە ئەم جووڵانەوەیە دەبێ ناوەرۆکی یەکسانیخوازانەی تۆختر و بەرجەستەتر بێت. دیارە خەباتی ئێمە راستایەکی یەکسانیخوازانەی هەیە و بەم مانایە، ئێمە تەنیا نایەکسانی جنسی وەک تاکە گرفت نابینین، بەڵکو پێمان وایە ئەم ستەم و لاسەنگییە جێندەرییە خۆی لە خۆیدا پەیوەستە بە کۆمەڵی ستەمی دیکە کە بە یەکەوە ئەم لاسەنگییە پێکدێنن کە ئێمڕۆ ئێمە بەڕەوڕووین. لە هەمان کاتدا، ئەوەش بە ڕاشکاوی دەڵێین کە ئیمە لەم تریبوونەدا کار و چالاکی ناوەندی و سەرەکی خۆمان بۆ ئەو پرسانە تەرخان دەکەین کە لە چوارچیوەی جووڵانەوەی نەتەوەییدا ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە لاسەنگی هاوکێشە جێندەرییەوە هەیە. هۆی ئەم بژاردەشمان ئاشکرایە. ئێمڕۆ ڕۆژ نییە هەواڵی کوشتن و سوتانی ژنە کوردێک نەیەت. ڕۆژ نییە ئێمە شایەدی زەبروزەنگی ئاشکرا دژی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان نەبین. سەڕەڕای ئەم راستییەش و وێڕای ئەوەی کە پرسی یەکسانی جنسی لە بەرنامەی زۆربەی لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بەڵام ئەم پرسە لە کردەوەدا بە هیچ چەشنێ وەک پرسێکی سەرەکی سەیری نەکراوە، سەرنجێ نەدراوەتێ و نەکەوتۆتە سەرەوەی خشتەی رۆژەڤی سیاسی کورد. پرسی یەکسانی تا ئێستاش بەداخەوە وەک پرسی "ژنان" سەیری دەکرێت و بە پرسێکی کۆمەڵایەتی دەزاندرێ تا پرسێکی گرینگی سیاسی و، وەک کێشەی هەموو کۆمەڵگا.
ئەرکە دیاریکراوەکانی تریبون
ئێمە بە کردنەوەی ئەم ماڵپەرە دوو ئەرکی سەرەکیمان بۆ خۆمان داناوە. یەکەمیان، دەمانەوێ لە سەر هەندێ پرس و کێشە سەرەکییانی جووڵانەوەی ژنان بنووسین، بابەت کۆ بکەینەوە و ببینە دەنگ و تریبوونێک بۆ ئەزموونی ژنانی کورد و سەکۆیەک بۆ فێمینیستەکانی کورد. جووڵانەوەی فێمینیستی کورد تەمەنێکی درێژی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، خاوەنی کۆمەڵی ئەزموون و تاقیکردنەوەیە کە بەداخەوە لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا، ون و بێسەرشوێنە. هۆکارێکی سەرەکی ئەم بێدەنگییە لە ئاست ئەزموونی ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ دەرک و تێگەیشتنێکی تایبەتی ئێمە لە سیاسەت و لە خەباتی سیاسی کە مۆرکێکی بەرچاوی پیاوانەی پێوە دیارە. بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ ئەم تێگەیشتنە و بۆ بەرجەستەکردنەوەی تاقیکردنەوە و ئەزموونی ژنانی کورد و بەهێزترکردنی جووڵانەوەی ژنان و خەباتی فێمینیستی، ئێمە ئێمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی و نیازمان بە کاری فکری هەیە. هەر بۆیەش، بە گوێرەی توانامان، وزەی خۆمان لە پێناوی پەرەپێدان و گەشەپێدان بەم بوارە تەرخان دەکەین. ئێمە پێمان وایە کە جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد بە ئامادەیی چالاکانەتر و سەربەخۆتری جووڵانەوەیەکی فێمینیستی تەنیا بەهێزتر و پێشکەوتنخوازتر دەبێت.
ئەرک و ئامانجی دووهەممان سەبر و پشوودرێژی زیاتری گەرەکە و ئەویش بریتییە لە کۆکردنەوەی بەرهەم و بابەتی ژنان و فێمینیستانی کورد سەبارەت بەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە جووڵانەوەی ژنان و بە پرس و کێشەی یەکسانی جنسیییەوە هەیە. واتە بە پێی توانامان هەوڵمان ئەوە دەبێت کە بەرەبەرە داتابەیسێک database ساز بکەین بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی ئەو بابەت و شوێنەوارانەی کە بەرهەمی ژنانی کورد و بەتایبەت فێمینیستانی کوردن. لەوانەیە لەم داتابەیسەدا ئاوڕی سەرەکی لە کتێب و نووسراوەکان بدرێتەوە، بەڵام هەوڵی جددیمان ئەوە دەبێت کە بەرهەمەکانی دیکە پشتگوێ نەخەین. هاوکات، هەم هەوڵی ناساندنی ئەو کەسانە بدەین کە خۆیان بە خەباتی فێمینیستی تەرخان کردووە و لەم پێناوەدا، ئەزموون و دەستکەوتێکیان هەبووە. هەمیش ئەو نموونانە زەق بکەینەوە کە بە کار و چالاکی و بە سەرکەوتووییان لە بواری جیاوازدا دەتوانن نموونەیەک بین بۆ کەسانی دیکە، بەبێ ئەوەی ئەوان خۆیان بە فێمینیست بزانن یان چالاکی ئەم جووڵانەوەیە بن.
کاتێک ئێمە باسی ئەو ئەرک و ئامانجانە دەکەین، باش دەزانین کە بەجێگەیاندی ئەم ئەرکانە و گەیشتن بەم ئامانجانە بە کاری چەند کەس و چەند دەست و مێشک دەستەبەر نابێت. ئەم ئەرک و داخوازییانە تەنیا کاتێک دەتوانن بە شێوەیەکی شیاو بەدی بێن، کە ئێمە، چالاکانی ژن و فێمینیست، پشتی یەک بگرین و بە یەکەوە کار و چالاکی بکەین و توانست و وزەمان یەک بخەین. ئێمە دەزانین کە بەتەنیا لە ئۆدەی ئەم کارە نایەین، بەڵام بۆ هاسانکاری هەولمان داوە، بنەماکانی ئەم پلاتفۆرمە دابمەزرێنین تا بەمجۆرە لە سەر ئەساسی سەکۆیەکی تا ڕادەیەک ئامادە، هێز و وزە بۆ کار هاوبەش کۆ بکەینەوە.
ئەم تریبونە ماڵی هیچ حیزب و رێکخراوێک نییە. هەموو کەسێکیش کە بڕوای بە یەکسانی و مافی یەکسانی ژن و پیاو هەبێ، دەتوانێ خۆی تێدا ببینێتەوە. هەر بۆیەش هەر لە ئێستاوە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە لە ڕاپەڕاندن و بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکانە لەگەڵمان بن، یارمەتیمان بدەن، دەستمان بگرن، بابەت بنووسن و بنێرن. خەڵکمان پێ بناسێنن؛ بە خەڵکمان بناسێنن؛ پێشنیارمان بۆ بنێرن و رەخنەمان لێ بگرن.
دەستەی بەڕێوەبەری کاتی تریبونی فێمینیستانی کورد
١٧ مارسی ٢٠١٢