ڕێبوار سیوهیلی
هەڵوێست، یان هەڵوێستە، یان هەڵوەستە لە زمانی ئێمەدا و بەپێی ئەو تێگەیشتنەی من بۆ ئەم وشەیە هەمە و لە پێشچاوی دەگرم، بریتییە لە ڕاوەستانێکی هۆشیارانەی تاکەکەس لە ئاست تێپەڕینی کاتدا. تاکەکەس بەم ڕاوەستانەی بە کات دەڵێت: من هۆشیارم، تۆ ناتوانیت لەگەڵ خۆت بمبەیت. بەم جۆرەش لە هەڵوێستدا، (خود) لە (من)دا دێتە قسە و ڕووبەڕووی کات دەبێتەوە. تاکەکەس لە هەڵوێستدا نایەوێت بڕوات، نایەوێت بەو هەلومەرجەدا تێپەڕێت، کە یاسا، سرووشت، دەسەڵات، یان خودا و بارودۆخ بەسەریدا دەیسەپێنن تەنیا لەبەرئەوەی (دەبێت وابێت)، یان (هەمووان وا دەکەن)، یاخود (ئەوە ڕاستییەکەیە).. خود لە هەڵوێستدا ڕاستیی خۆی، بارودۆخی خۆی، خودای خۆی ڕادەگەیەنێت. هەڵوێست ساتەوەختی پابەندێتیی خودی مرۆڤە بە خۆیەوە. سیاسەتی خودی لەگەڵ خۆی، هونەری بەرجەستەبوونە لەناو واقیعێکدا کە توێنەرەوەیە و خود بەژێر پەیوەندییەکانی خۆیەوە دەکات و دەیهاڕێ..
لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێست سیاسەت نییە. سیاسەتیش لە هەڵوێستدا کورت ناکرێتەوە. کورتکردنەوەی سیاسەت لە (هەڵوێست)دا دژی ستراتیژی سیاسی و بە هەڵوێستکردنی سیاسەتیش باڵادەستکردنی تاکتیکە بەسەر ستراتیژدا. هەمیشە وا چاکە تاکتیک، یان پلانی کورت مەودا بە ئاراستەی ستراتیژدا بێت و خزمەت بە دوا ئامانج بکات، هەمیشەش وا چاکە ستراتیژ، یان دوا ئامانج، بواری ئەنجامدانی ئەو تاکتیکانە بهێڵێتەوە کە بۆ گەیشتن بە ستراتیژێکی تایبەت پێویستن.
سیاسییە باشەکان ئەوانەن بەو جۆرە هەڵوێست دەردەبڕن کە خزمەت بە ستراتیژیان بکات، نەک بە پێچەوانەوە. سیاسییە خراپەکانیش ئەوانەن کە هەمیشە ئەم دوانە تێکەڵ دەکەن و جیاوازیی نێوانیان نازانن. ئەو کەسەی هیچ پێشینەیەکی سیاسیی بە مانا زانستییەکەی نییە، ناتوانێت هەڵوێستوەرگرتن لە شتێک، بۆ نموونە بەرپەرچدانەوەیەک، وەشاندنی بۆکسێک، یاخود وتنەوەی سروودێک، یان هەڵنەستانەوەیەک، یان تەوقەنەکردنێک، یاخود، هێلکە و تەماتە کێشانێک بە چڕوچاوی ئەویتردا، بخاتە چوارچێوەی سیاسییەوە. هەڵوێست ساتەوەختێکە لە ژیان و هۆشیاریی مرۆیی کە تیایدا تاکەکەس ئەو شتە ناکات کە هەمووان چاوەڕوانیان هەیە بیکات، بەڵکو ئەو شتە دەکات تەعبیرە لە خودی خۆیی و ئەو کاتەش کە ئەو شتەی دەیکات تەعبیرە لە خۆی وەکئەوەی ئەو خودە نوێنەرایەتیی شتێک لە خۆی گەورەتر دەکات و شیاوی گشتاندنە، ئەوە بۆی دەبێتە هەڵوێست. هەڵوێست نە هەمیشە بەتەواوی عەقڵانی و ژیرانەیە، نە هەردەمیش ناعەقڵانی و سۆزگەرایانە.
لە ڕووی تیۆرییەوە، مەرج نییە هەمیشە ئەو پێگەیەی تیایداین و لێیەوە هەڵوێست وەردەگرین، ڕێگەمان پێبدات هەموو شتێک بڵێین، مەرجیش نییە لەو شوێنەی دەتوانین هەموو شتێک بڵێین، هیچ نەگوتن باش بێت. بەهۆی لەبەرچاوگرتنی پێگەی قسەکەرەوە تێدەگەین کە نەک هەر تەنیا گرنگیی دەدرێ بەوەی کە (چی دەگوترێ))، بەڵکو بەوەش کە لە پێگەی جیاوازدا دەتوانرێ چییش بگوترێ. واتە ئەو پێگە و کایەیەی بکەر یان تاکی کۆمەڵایەتی تیایدا قسە دەکات، دەستنیشانی جۆری قسەکردنەکەی دەکات و دەتوانین بڵێین: نەک هەر لە هەموو شوێنێکدا هەرچی بمانەوێ ناگوترێ، بەڵکو ئەوەی دەمانەوێ بیڵێن ئەگەر لە شوێنی خۆیدا نەگوترا، هیچ بایەخێکی نابێت. چونکە ئەگەر لە هەموو شوێنیکدا هەموو شتێکمان گوت، ئاژاوە هەڵدەگیرسێ و ئەگەر لەو شوێنەشدا کە پێویستە قسە بکەین، هیچمان نەگوت، ستەمکاری و سەرکوتانەوە سەرهەڵدەدات کە ئێمەش بەرپرسیارین لە سەرهەڵدانی بە هۆی بێدەنگییەکەمانەوە. هەڵوێست وەکئەوەی لەبەردەم پاشادا بە پاشا بڵێین: (ڕقمان لێتە)، کارێکی ژیرانە نییە و زیاتر کارێکی پەرچەکرداریانە و خرۆشێنەرانە و سۆزداریانەیە. هەروەکچۆن بێدەنگبوونیش لەوەی بە ناوی، یان لە سایەی پاشادا دەکرێت، یاخود پاشا ڕێگەی پێدەدات، لەبەر ئەوەی پاشامان خۆشدەوێت، کارێکی سۆزداریانە نییە بۆ پاشا و خۆگەوجاندنە. خۆشەویستی بۆ خودی پاشا، ڕێگر نییە لە ئاست هەڵوێست نواندن لە ئاست ئەو زۆردارییەی قەڵەمڕەوەکەی پاشای گرتۆتەوە.
سیاسەت پرۆسەیەکە لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات و لە خاڵەکانی تردا خۆی تەواو دەکات. هەموو ئەوانەی سیاسەت دەکەن هەمیشە هەڵوێست وەرناگرن، چونکە سیاسەت زانستی پەیوەندی و بەردەوامییە. بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوانەی هەڵوێست وەربگرن سیاسەت بکەن، چونکە هەڵوێست تەعبیر نییە لە پەیوەندیی هێندەی ئەوەی گوزارشکردنە لە دابڕان.
زۆر لە کەسایەتیە کوردەکان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە، بە ئەکادیمی و ئاماتۆرەکانەوە، لە ئەندام پەرلەمانەوە بۆ سەرۆکی حزب، لە ئێستای عێراقی هەڵوەشاوەدا شتێک دەکەن لە کایەی سیاسیدا کە لە هەڵوێست دەچێت، زۆر هەڵوێستیش دەنوێنن کە بۆنی سیاسەتی لێدێت. خەڵکەکەش هەڵوێستەکانیان وەک سیاسەت بۆ حساب دەکات و دەیانکاتە قارەمان و چاوپۆشی لەو سیاسەتە دەکەن کە دەبوو بیکەن و بەمەش پۆپۆلیزمی سیاسی جێگەی سیاسەتی ڕاستەقینە دەگرێتەوە. هەشیانە لەجیاتی ئەوەی هەڵوێست وەربگرێت، سیاسەت دەکات. ئەمەشی بە گوناه و تاوان و بێهەڵویستی بۆ حسێب دەکرێت. ئەوەندەی من دەیبینم دۆخەکە بەمجۆرەی لێهاتووە: سیاسەت شوێنی خۆی بۆ هەڵوێست چۆڵ کردووە. بۆیە زۆر کەس بە هەڵوێست ئەرکی سیاسی لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە و لەلای خەڵک و جەماوەر خۆشەویستی بەدەست دەهێنن، زۆر کەس و لایەنیش لەترسی ئەوەی نەبنە (مراویە ڕەشە)ی بەردەم خەڵک، دەیانەوێ سیاسەت بەلاوە بنێن و بکەونە هەڵوێستنواندن.
دۆخی ئێستای کورد و بەغدا پێویستی بە سیاسەتە نەک هەڵوێست، چونکە کورد و بەغدا کێشەی سیاسییان هەیە نەک شتێکی تر. بۆیە پێویستە هەموو سیاسی و پەرلەمانتار و دیپلۆماتە کوردستانیەکان سیاسەت بکەنە خاڵی پەیوەندی و دەست لە هەڵوێستنواندن هەڵبگرن. ئەگەر هەڵوێستێکیش بنوێنرێت پێویستە سیاسییانە بێت نەک عاتفیانە و سایکۆلۆژیانە و خرۆشێنەرانە. تێکەڵکردنی سیاسەت و هەڵوێست، پێشئەوەی دەلالەت بێت لە جیاوازیی بیروڕا، بەڵگەیە لەسەر نەبوونی ئامانجی هاوبەش و ستراتیژی هاوبەش. ئەگەر ئەمە هەبوایە ئەوە نەدەبوو ئەم سیاسییە کوردانە لەم کاتەدا کە هەڕەشە لەسەر کوردستانە، کە پێشمەرگە لە شەڕدایە و ورە و ئومێدی خەڵک بە مژدەی سەربەخۆیی بەرزە، نەدەبوو ڕێگە بە بازرگانە چاوچنۆک و ئەو مەسئولە هەلپەرستانە بدەن لەم کاتەدا قەیرانی سووتەمەنی و گرانیی بەنزین بخوڵقێنن. نەدەبوو لەبەر کێشە ناوخۆییەکان و بەدگومانیە ئەزەلییەکەی کوردیش لەیەکتر، ئەوەندە لەبەردەم بەغدایا کە بۆخۆی لەوپەڕی لاوازیدایە، ئەو هەڵوێستە ناسیاسییانە بنوێنن..
هەموو ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کوردەکان سیاسەتێکی هاوبەشی خاوەن ستراتژیان بۆ داهاتووی خۆیان نییە و ئەمەش سەرەتای دۆڕانی کێشەکەیە، هەرچەندە هەلومەرجە مێژووییەکانیش بۆ سەربەخۆیی لەئارادا بن، چونکە هەلومەرجە مێژووییەکان پێویستیان بە هۆشیارییەک هەیە بۆ ئەوەی بە دروستی بخوێندرێنەوە..
هیوادارم ئەمەی من بیری لێدەکەمەوە سەراپا هەڵە بێت و لە ئەنجامی گەمژەییەکی ڕۆشنبیرانەی فیکرییەوە بێت، چونکە کێشەی نەتەوەکەم ئەوەندە گەورەیە، کە شایانی ئەوەیە سەدانی وەکو من لەپێناوێدا لەسەر بیرکردنەوە هەڵەکانیان تەریق ببنەوە، هەروەکچۆن داهاتوو دادگایی ئەوانەش دەکات کە لەسەر هەڵەکانیان وەک تاوانبار حسابیان بۆ دەکرێت. بۆیە ساتەوەختی ئێستا پتر لە هەر ساتێک، ساتی بەخۆداچوونەوەیە.. تەنیا ئەوانەش کە خاوەنی خودێکن دەتوانن بە خۆیاندا بچنەوە. بە خۆدا چوونەوە هەم سیاسەت و هەم هەڵوێستیشە.
11/07/2014