م. عهونی خۆشناو
هەلو دەرفەتێكی زێرین بۆ كورد ڕەخساوە
تكایە لەدەستی مەدەن ..
لە ساتەوەختی داگیركردنی كوردستانو دەستپێكی ململانێیەكان، كوردستان بۆتە وێستگەو گۆرەپانی شەڕو پێكدادانەكان، لە پێناوی بەرژەوەندخوازی داگیركەرانو زڵهێزەكان، ئەمەش بووە بە هۆكارێك بۆ داگیركاریو كاولكاری كوردستان، وێرای خەباتو تێكۆشانی بێ وچانی كوردان، لە پێناوی دەستبەركردنی مافە ڕەواكان، بەڵام بە هۆكاری لاوازی دیبلۆماسی كوردانو جیۆپۆلیتیكو گۆڕینی نەخشەی جیهان، هێشتا نەبووین بە خاوەن وڵاتو كیانی سەربەخۆی خۆمان!!
بە گوێرەی ڕوپێوی ڕووداوە مێژووییەكان، چەند جارێك هەڵ ڕەخساوە بۆ كوردان، تاكو وەك گەلان بگەین بە ئاواتو ئامانجە نەتەوەییەكان، بەڵام لەبەر بێ بەرنامەییو یەك ئیڕادەییو گوتارێكی هاوبەش بۆ پێشهاتەكان، سەركەوتوو سوودمەند نەبووین لە ئاست خواستە نەتەوەییەكان، هەر لە سەردەمی پێكەوە لكاندنی هەرسێ ویلایەتی بەسرەو بەغداو موسل لە پێناوی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لەسەردەمی پاشایەتییەوە تاكو ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە دڵو بە گیان نەخشەی چەپەڵو گلاویان، لەناو بردنو كاوڵكاریو ڕاگواستنو بە عەرەبكردنو تەبعیسكردنی كوردستان بووە، دیمۆگرافی هەندێك ناوچەی كوردستانیان شێواندووەو پاكتاوی نەژادیان ئەنجامداوە.
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق كێشەی كورد، وێرای ئەوەی كەوتە چوارچێوەی دەستورو بنەما یاساییەكان، بەڵام بێ مۆڕاڵی سەركردە سیاسییەكانی عێراق، عەقلیەتی حوكمڕانی بە دەوری بازنەی شۆڤینیو عروبی دەخولایەوە، هەرچەندە سەركردایەتی سیاسی كورد كاراكتەری سەرەكی پێكهێنانی عێراقی نوێ بوون، بەڵام تاكو ئێستا خواستو ئامانجە نەتەوەییەكان لە بازنەیەكی خاڵی دەخوڵێتەوە!
ئێستا كاروانی خەبات لە وێستگەیەكی گرنگی كوردایەتی گوزەر دەكات، بۆیە ئەركی سەرشانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە لەخەمی ئەو ئەزموونەی كوردستاندا بن، نەكەونە ژێر ڕكێفی هیچ تەوژمێك كە زیان بە پرۆسەی سیاسیو دیموكراسی كوردستان بگەیێنێ، دەبێ تەواوی ووزەو تواناكانمان بۆ سەرخستنی ئەو ئەزموونە بخەینەكار، لە پێناوی ڕزگاری تەواوی خاكی كوردستان.
هزرو ئەندێشەی هەموو لایەكمان خولیای ئەوەیە كە كوردستان ببێتە سەكۆیەكی ئازادو وڵاتێكی سەربەخۆ، بەڵام بەر لە هەموو شتێك بۆ جۆشدانەوەی خەباتو بووژانەوەی هەستی نەتەوەییو هەبوونی وڵات، پێویست بە گوتارێكی هاوبەشی كوردانە دەكات. دوور لە هەموو دیدو بۆچوونێكی تەسكی حزبیانەو دەمارگیری نەتەوەییانە، ئەو دیدو تێروانینو گوتارە هاوبەشە ببێتە چەتری كۆكردنەوەی سەرجەم ئایدیۆلۆژیەكانو كۆكردنەوەی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان، تاكو لەو ڕەهەندەوە ئەو دەرفەتە زێرینە لەدەست نەدەین، وەرچەرخانیكی مێژوویی پڕشنگدار بۆ گەلو نیشتمان تۆمار بكەین، بە بیروباوەڕو ئیڕادەیەكی پۆڵایینەوە ئەو بڕیارە چارەنووسسازە بدەین، جاڕی سەربەخۆیی یەكجارەكی بدەین، بەم هەنگاوە مەزنو پیرۆزە، سەركردایەتی سیاسیو هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاجی سەروەریو شكۆمەندی لەسەر دەنێنو كوردستان ئازادو گەلیش سەرفراز دەبێت.
با ئەو دەرفەتەی لە كاتی پرۆسەی ئازادی عێراق لە دەستمان چوو، ئێستا قەرەبووی ئەو ڕۆژانە بكەینەوە، هەرچەندە هەموو هەوڵو كۆششێك دراو ڕێكارە یاساییو دیبلۆماسییەكان تاقی كرانەوە، بەڵام دەستور پێشێلكراو بەڵێنەكان پەراوێزو فەرامۆش كران، ئەوەی بە سیاسیو وتوێژو لێكتێگەیشتن نەهاتە ئاراوە، ئەمرۆ بە هێزو ئیرادەو وورە بەرزی پێشمەرگە ئەو پرسە نەتەوەییەو مافە زەوتكراوە بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف!
ئێستا كاتی هەنگاونانە بەرەو گەڕانەوەی ناوچە بەزۆر دابڕێنراوەكان، كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنووریەكانو داكۆكیكردن لە ئازادییەكانو بەرگریكردنو پارێزگاریكردن لە سەرو ماڵی هاووڵاتیان، بەو لۆژیكە كارێكی شەڕەفماندانەو پیرۆزە لە دیرۆكی بەرگریو بەرخودان بە ئەنجام دەگات، بەو میتۆدە دەتوانین بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوبنێینو وەرچەرخانی مێژوویی لە دیرۆكی بەرخودانی كوردان تۆمار دەكەین، لەو ڕەهەندەوە چەمكێكی نوێی خەبات لە ڕۆژەڤی سیاسی كورد دێتە ئاراوە، چونكە سەرجەم ڕژیمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە هەموو كاتو ساتەكانو بە كاربەدەستانی ئەمڕۆی عێراقی نوێ، جگە لە چەوسانەوەو ستەمو داگیركاریو بیركردنەوەیەكی شۆڤینیانە لەمەڕ كێشەی ڕەوای گەلەكەمان، هیچیان پەیامی ئاشتیو ئاوەدانیو خۆشگوزەرانیو برایەتیو تەباییو پێكەوە ژیان نەكردە ئامانجو چەمكێكی نوێی كارو خەبات، ئەو سیناریۆیەی ئەم دواییەی بە ناوی چەتەكانی داعش، جگە لە تیرۆرو ئاژاوەگێریو تێكدانی ئارامی و ئاسایشی كوردستان، هیج پەیامێكی تریان پێ نیە!
بۆیە پێویستە كوردستانیان بە لۆژیكێكی ژیرانەو ئیڕادەیەكی بەتینو پۆلایین بەرەنگاریان ببنەوە، بە گوێرەی قۆناغەكانی سەردەم سیاسەتو ڕۆژەڤی حكومڕانی لە كوردستان گۆڕانكاری تێدا بكرێتو لە نوێبوونەوەی بەردەوام دابێت، لە ئاستو بەهاو خواستو ئامانجە نەتەوەییەكان بێت، با ئەو هەلە زێڕینە بكەینە هەوێنی سەربەخۆیی یەكجارەكی لە باشووری كوردستان، دروشمی برایەتیو تەباییو پێكەوەژیان، ببێتە دانەری بەردی بناغەی وڵاتی كوردان، لە دیدگای یەك هەڵوێستیو یەك تیمیو یەك گوتاری دەبین بە قەڵغانێكی پتەو بۆ داكۆكیو بەرگریو پارێزگاری، لە تیرۆرو جەورو ستەمو كاوڵكاری، بەو شێوازە كوردستان دەبێتە وڵاتێكی نوێو لەسەر نەخشەی جیهان، بە هەوڵو كۆششی پێشمەرگەو سەرجەم چینو توێژەكان كوردستان دەگاتە كەناری ئارامیو ئۆقرەییو وڵاتێكی ئاوەدانو خۆشگوزەرانیش بۆ هەمووان، شكۆمەندی بۆ سەروەرانی گەلو نیشتمان..
23/06/2014