فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 جۆناسان ماركوس- په‌یامنێری دیپلۆماسیی بی بی سیiraq-ethnic-map-2007-new-add

زۆربه‌ی سنوره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی مۆدێرن، میراتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌و پاش تێكشكان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیستیمعارییه‌كانه‌وه‌ دانراون.   له‌ئێستادا ئه‌و سنورانه‌ له‌به‌ر دوو هۆكاری سه‌ره‌كی له‌مه‌ترسیدان كه‌ ئه‌وانیش به‌رده‌وامیی شه‌ڕوشۆڕه‌كانی سوریاو هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام (داعش)ن له‌عیراق. ئه‌گه‌ر ده‌سكه‌وته‌ سه‌ربازییه‌كانی داعش بێچه‌وانه‌ نه‌بنه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی عیراق به‌شێوه‌یه‌كی بێوێنه‌ له‌مه‌ترسدایه‌. ئه‌م دوو قه‌یرانه‌ له‌سوریاو عیراق پێكه‌وه‌، ئه‌گه‌ری دروستبونی ده‌وڵه‌تێك له‌ده‌وروبه‌ری خۆرهه‌ڵاتی سوریاو خۆرئاوای عیراق كه‌ تێیدا جیهادییه‌كانی داعش ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌رداگرتووه‌ دروستده‌كات. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌و ده‌وروبه‌ری ده‌بێت و عیراق ده‌بێته‌ مه‌ودایه‌كی فراوان بۆ كه‌وتنه‌ناو قه‌یران له‌دوای قه‌یران، هۆكاری ئه‌مانه‌ چیه‌؟

1.       "هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌"

هه‌ندێك پێیان وایه‌ كێشه‌كانی عیراق له‌كاتی دروستبونی خودی ده‌وڵه‌تی عیراقی مۆدێرنه‌وه‌، ده‌ستیانپێكردووه‌. به‌ریتانیا وه‌ك هێزێكی ئیستیعماری شانشینی هاشمی دروستكردو حسابێكی كه‌می بۆ كۆمه‌ڵگه‌كانی تری وه‌ك شیعه‌و كورد كرد، ئه‌مه‌ش به‌درێژایی مێژوی ناجێگیری عیراق، رویداوه‌.

دواجار ئه‌و شانشینه‌ له‌لایه‌ن كوده‌تایه‌كی سه‌ربازیی هاوشێوه‌ی ئه‌و هێزه‌ عه‌لمانی و نه‌ته‌وه‌په‌رست و مۆدێرنه‌ی رژێمه‌كه‌ی جه‌مال عه‌بدولناسری هێنایه‌ سه‌ر حوكم له‌ میسر، روخێنراو دواتریش سه‌دام حسێن بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ رژێمه‌ سونییه‌كه‌ی به‌توندی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ شیعه‌و كورددا كرد.

ئاشكرایه‌ كه‌ یارمه‌تیدانی سه‌دام حسێن له‌لایه‌ن رۆژئاواوه‌ له‌كاتی جه‌نگی عیراق ئێران، رژێمه‌ دڕنده‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر جێگیركرد.

2.پرۆسه‌ی ئازادكردنی عیراق

له‌ساڵی 2003 ده‌وڵه‌تی به‌عس به‌هۆی په‌لاماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاوه‌ بۆ سه‌ر عیراق، له‌ناوبرا. سه‌دام حسێن له‌سه‌ر كارلادراو دواتریش له‌لایه‌ن حكومه‌تی نوێیب عیراقه‌وه‌ دادگاییكرداو له‌سێداره‌درا. سوپای عیراق به‌شێوه‌یه‌كی فراوان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌و هێزێكی ئه‌منی نوێ پێكهێنرا.

ئه‌و جه‌نگه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌سیاسه‌تمه‌داره‌ كۆنه‌پارێزه‌ نوێكان وه‌ك هه‌وڵێكی ئاشكرا بۆ هێنانی دیموكراسی بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌یانبینی، چه‌ند ره‌وشێكی سیاسی نوێی هێنایه‌ كایه‌وه‌ كه‌ سه‌رباری هه‌وڵدان بۆ یه‌كخستنی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان، ده‌وڵه‌تێكی بنیاتنا كه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی شیعه‌وه‌ كۆنتڕۆڵده‌كرێت.

له‌ڕاستیدا زۆرێك پرسیاری ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ داخۆ عیراق ده‌توانێت وه‌ك وڵاتێكی یه‌كگرتوو بمێنێته‌وه‌؟ هۆكاری ئه‌م پرسیاره‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ چونكه‌ كورده‌كان له‌باكور، پێشتر توانیبویان ئۆتۆنۆمییه‌كی تاڕاده‌یه‌ك به‌هێز بۆ خۆیان بنیات بنێن.

3.كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

سه‌رباری پلانی سه‌ره‌تایی بۆ هێشتنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ناو عیراق بۆ یارمه‌تیدانی سوپای ناوخۆ، به‌ڵام هیچ رێككه‌وتنێك بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌نێوان به‌غداو واشنتن ئه‌نجامنه‌دراو به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ كۆتا سه‌ربازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌دیسه‌مبه‌ری 2011 له‌م وڵاته‌ كشانه‌وه‌و ئاسایشیان به‌ سوپای لاوازی عیراق، سپارد.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توانی چه‌ند سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ له‌ڕاكێشانی گروپه‌ سوننه‌كان بۆ جه‌نگان دژی تیرۆری گروپه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنێت به‌ڵام به‌نه‌مانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئه‌م راكێشانه‌ش نه‌ما.

سوننه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خۆیان به‌قوربانیی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی عیراق ده‌زانن كه‌ له‌لایه‌ن شیعه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌.

له‌ڕاستیدا چنگه‌ قورسه‌كانی هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌په‌یوه‌ندیكردنی هه‌ندێك به‌ ریزه‌كانی داعشه‌وه‌.

4.تایه‌فه‌گه‌ری له‌عیراقی نوێدا

دژیه‌كییه‌كی گه‌وره‌ به‌ روخاندنی سه‌دام حسێن له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ناوبردنی عیراق وه‌ك یاریزانێكی ناوچه‌كه‌، بووه‌ هۆكارێك بۆ زیادبونی ده‌سه‌ڵاتی ئێران و تاران شیعه‌ی عیراقی وه‌ك هاوپه‌یمانێك له‌خه‌باتی ناوچه‌ییدا، بینی.

ره‌نگه‌ پشتگیریی ئێران وای له‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران كردبێت كه‌ هه‌ست به‌و سه‌ركه‌وتنه‌ شیعه‌گه‌راییه‌ بكات كه‌ بووه‌ته‌هۆی وروژاندنی سوننه‌و ئه‌مه‌ش ره‌وشی ئه‌منی له‌وڵات خراپترده‌كات.

5.شكستی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی

تایه‌فه‌گه‌ری و دابه‌شبونی سوننه‌و شیعه‌ له‌لایه‌ن زۆرێك له‌پسپۆڕانه‌وه‌ وه‌ك مه‌ته‌ڵی هێلكه‌و مریشكه‌كه‌ سه‌یرده‌كرێت.

ئایا خودی جیاوازییه‌ تایه‌فه‌گه‌رییه‌كان كێشه‌كه‌ن یان شكستی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی زه‌قتر كردووه‌ته‌وه‌؟

سه‌رباری ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌ نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی عیراقییه‌كان هه‌ژارن و ئاستی گه‌نده‌ڵی له‌وڵاتدا ئێجگار به‌رزه‌.

6.پێكهاته‌ی هه‌رێمی

هیچ شتێك له‌وانه‌ی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روده‌ده‌ن بێكاریگه‌ر نین بۆ ده‌وروبه‌ر. عیراقییه‌كان هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ كێشه‌كانی خۆیان، روداوه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌وانه‌ش گۆڕانی ره‌وشی سیاسیی میسرو راپه‌ڕینه‌كانی سوریای دراوسێ، ده‌بینن. بێگومان ده‌ركه‌وتنی جیهادییه‌كان له‌وێ، كاریگه‌ری بۆسه‌ر سنوره‌كانی عیراق هه‌بووه‌.

پشتگیریكردنی چه‌كداره‌ سوننه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداویشه‌وه‌ ئاسانكارییان بۆ ده‌ركه‌وتن و به‌هێزكردنی گروپه‌كانی وه‌ك داعش كردووه‌ كه‌ ئه‌جێندایه‌كی فراوانی هه‌یه‌.

له‌كاتێكدا سه‌لماندنی په‌یوه‌ندیی نێوان رژێمی سوریای ئه‌سه‌دو جیهادییه‌كان كارێكی قورسه‌، چه‌ندین راپۆرت هه‌ن كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سوپای حكومه‌تی دیمه‌شق گرنگییه‌كی كه‌متر ده‌دات به‌و جۆره‌ گروپانه‌و زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر لێدانی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ مۆدێرنانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خۆرئاواوه‌ پشتگیرییان ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش هه‌لێكی داوه‌ به‌ رێكخراوی داعش بۆ جێگیركردنی پێكهاته‌ ئیدارییه‌كان له‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵیدان.

له‌ئینگلیزییه‌وه‌/ والی شێخ عه‌لی

سه‌رچاوه‌/ bbc.com

 15/6/2014



دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان