فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 هاوڕێ مەنسوور بەگ پسپۆڕی بواری وزەHAWRE MANSOR
 
چەند ساڵێك لەمەوبەر، كۆمپانیای زەبەلاحی بواری نەوت و گاز Shell، یەكێك لە گەورە بەرپرسەكانی كۆمپانیاكەی لەسەركار لابرد. هۆكاری لابردنەكەش ئەوە بوو كە ئەو بەرپرسە باڵایە نازانێت جیاوازی بكات لە نێوان یەدەگ (Reserve) و سامان (Resource).كێشمەكێشی نێوخۆیی كۆمپانیای شێڵ لەمەڕ پێناسەی "یەدەگ" و "سامان"، ئابووریناسان و پسپۆڕانی بواری نەوت و گازی لە سەرتاسەری جیهان سەرقاڵ كرد. بە كورتی، ئەوكاتە بە نەوت و گاز دەگوترێت یەدەگ كە زانیارییەكی زۆری زەویناسی لە بەردەست بێت، نەوتی نێو كانەكان بە تەكنەلۆجیای ئێستا بتوانرێت بەرهەم بهێنرێت و بازاڕی ئابووریش گونجاو بێت، بە شێوەیەك كە خەرجی كۆمپانیاكان كەمتر بێت لە داهات.

ئەگەر یەكێك لەو فاكتەرانەی ئاماژەمان پێكرد بەرجەستە نەبێت، نابێت زاراوەی یەدەگ بەكار بێت و نەوت و گازی نێو كانەكان وەك سامان ئاماژەی پێدەكرێت.

لە هەندێك شوێنی زەوی، بوون و نەبوونی نەوت وەكو یەكە، چونكە لە سەردەمی ئێستادا ئەو تەكنەلۆجیایە لە ئارادا نییە كە بتوانێت نەوتەكە بەرهەم بهێنێت و تێچووەكانی هێندە زۆرە، بە لەبەرچاوگرتنی نرخی نەوت و بازاڕی جیهانی، ئەم نەوتە هیچ سوودێكی ئابووری نابێت، كەسیش خۆی لە قەرەی پڕۆژەی دەرهێنانی نادات. بۆنموونە لە هەندێك لە كێڵگەكانی نەوتی بن زەریاكان، ئەوانەی كە دوورن لە كەنارەكانی بەرازیل، خەرجییەكی زۆر سەرسوڕهێنەریان دەوێت بۆ ئەوەی نەوت بەرهەم بهێنرێت.

لە هەندێك شوێن، قووڵیی دەریاكان دەگەنە دوو كیلۆمەتر، دوای ئەو دوو كیلۆمەترە، پێنج تا شەش كیلۆمەتر بیر هەڵكەندن پێویستە، كە ئەمەش تەكنەلۆجیایەكی لە راددەبەدەر پێشكەوتووی دەوێت و هێزێكی مرۆیی زەبەلاحی پێویستە. هەندێك لەو پلاتفۆرمانەی كە بەزمانی پیشەسازیی نەوت بە Oil Rig ناسراوە، خەرجییان دەگاتە یەك ملیۆن دۆلار، تەنها لە یەك رۆژدا!. ئەو پلاتفۆرمانە چەندین ساڵ دەمێننەوە تاكو كێڵگەیەكی نەوت دەكەوێتە كارو بیرە نەوتەكان بە تەواوی لێدەدرێن، تێچووی گەشەپێدانی كێڵگەكانی نەوت و گاز تا بەكارخستنیان و بەرهەمهێنان، دەیان و سەدان بلیۆن دۆلار سەرمایەیان دەوێت.

هەركاتێك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دادەبەزێت، بەرهەمهێنانی نەوت لەم شوێنە دژوارانەی سەر زەوی دووچاری مەترسی و زیانی گەورە دەبێتەوە، چونكە ئەم جۆرە كێڵگانە تەنها لەكاتی تەندروستبوونی باری ئابووریی جیهان دەبنە سەرچاوەی گەشەی وڵات و قازانج بۆ كۆمپانیاكان مسۆگەردەكەن. بۆی هەیە نەوت و گازی وڵاتێك لە سەردەمێكی ئابووریی دیاریكراو "سامان" بێت و لە سەردەمێكی دیكە "یەدەگ" بێت و پێچەوانەكەشی راستە، ئەوەی ئەوڕۆ یەدەگە، رەنگبێت سبەینێ پاشەكشە بكات و ببێتەوە بە سامان.

وڵاتان و كۆمپانیاكان هەمیشە لە پێشبڕكێدان بۆ زیادكردنی یەدەگی خۆیان و گۆڕینی "ستەیتەس"ی نەوت و گازی وڵات لە سامانەوە بۆ یەدەگ. هەڵبەتە ئەم گەمە تێكهەڵكێشە ئابووری و تەكنەلۆجیە لەسەر خام و كاڵاكانی دیكەش جێبەجێ دەبێت. بڕێكی زۆری نەوت و گازی كوردستان، لەسەردەمی ئێستادا، بە یەدەگ هەژمار دەكرێت، چونكە لەڕووی زەویناسی، تا راددەیەكی باش دەزانین نەوت و گازی كوردی چۆن دروستبوون و چۆن لە كانەكان پارێزراون. هەروەها كێڵگەكانی نەوت و گازی كوردستان لەسەر وشكانی دۆزراونەتەوە، بە پێچەوانەی بەرازیل و دەریای باكووری نەرویج و بەریتانیا، خەرجی دەرهێنانی كەمترەو نەوت و گازی كوردستان بەرگەی گۆڕانكاری و قەیرانەكانی ئابووریی جیهانی تا ئاستێكی باش دەگرێت.

هەندێك ناوچەی كوردستان هەن كە لەڕووی زەویناسییەوە، ناوچەی زۆر ئاڵۆزن و شیكردنەوەی زۆریان پێویستە، بۆ ئەوەی نەوت و گازی ژێر خاكەكەیان لە باری سامانەوە بگۆڕین بۆ باری یەدەگ.

پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیاسەت بە شێوەیەك دابڕێژێت كە خۆشمان هاوشانی كۆمپانیا نەوتییەكان توێژینەوەی ورد لەسەر یەدەگ و سامانی نەوت و گازی كوردستان بكەین. سەنتەرەكانی توێژینەوەی نەوت و بەشە زانستییەكانی زانكۆكانمان هان بدەین كە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زەویناسی و وزە بن و بە هاوكاری سەنتەرەكانی توێژینەوەی وزەی جیهانی داتاو پلان و بەرنامەی ستراتیجی تۆكمە بخەنە بەردەست حكومەت و سەركردایەتی كورد و پێشنیاز و راسپاردەكانیان پیشەگەرانە بخەنەڕوو. نابێت وڵات تەنها پشت بە داتاو ئامارەكانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ببەستێت. رەنگبێت هەندێك جار، دید و تێڕوانینی ئایندەو پلانی ستراتیجیمان وەك نەتەوە، جیاواز بێت لەگەڵ دیدی كۆمپانیا جیهانییە سەرمایەگوزارییەكان.

لەكاتی تەنگژەی كۆمپانیای شێل كە لە سەرەتادا ئاماژەمان پێكرد، چەندین راپۆرتی ئابووری بڵاوبوونەوە كە هەندێك لە بەرپرسانی كۆمپانیای ناوبراو ژمارەیەك چەواشەكارییان دەربارەی یەدەگی نەوت و گازی كۆمپانیای ناوبراو خستووەتەڕوو، هەروەها لە راپۆرتەكان جیاوازی نەكراوە لە نێوان یەدەگ و سامان.

ئەم جۆرە زانیاریانە، زیانی گەورە بە پشكدارە ئابوورییەكان دەگەیەنێت و هەموو لایەك، بەو وڵاتانەی كە بەرهەمهێنانیشی لێ دەكرێت، لە تاریكیدا دەمێننەوەو دووچاری مەترسی گەورە دەبن.

23/05/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان