لەلایەن ئەحمەد تەڵعەت
لەكاتێكدا عێراقییەكان و هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان رۆژی چوارشەممە بەرەو سندووقەكانی دەنگدان چوون، هێشتا لە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەندێك كێشە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و ئاسۆیەكی روونیش بەدی ناكرێت بۆ چارەسەربوونیان. لە گرنگترین ئەو كێشەو پرسانەش، كە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، كێشەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، پەسەندكردنی بودجە، ئاڵۆزییەكانی ئەنبار و چەند ناوچەیەكی دیكەن. شارەزایان لەبارەی عێراقی دوای هەڵبژاردن و چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان هەردوولا، بۆچوونی جیاواز دەردەبڕن و چەند سیناریۆیەكیش هەن بۆ ئەگەری رێككەوتنی یان یەكلاییبوونەوەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق.
بەگوتەی بەرپرسانی توركیا زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جیهانە، چاوەڕێش دەكرێت بە هەمان شێوەی پێش بانگەشەو كاتی هەڵبژاردنەكان، كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و چوونەوە سەر مێزی گفتوگۆكان بابەتی پاش هەڵبژاردنی عێراق بێت. لەدوا دیداری خۆی لە راگەیاندنەكان و لە هەڤپەیڤینێكی رووداودا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، كە لە 2ـی ئایارەوە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بازارەكانی جیهان دەفرۆشرێت، هەربۆیە باوەڕ وایە، كە بەتەوابوونی هەڵبژاردن كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش لە هێلی كۆتایی نزیكدەبێتەوە، ئەگەرە بەهێزەكانیش دوو بژاردە دەخەنە پێش هەردوولا، یان رێككەتن یان سەربەخۆیی ئابووری و كارنەكردنی لەگەڵ بەغدا.
لەو لاشەوە توركیا هەرچەند چاوەڕێی رێككەوتن دەكات، بەڵام لە ئەگەری رێكنەكەوتنیش پێشبینی دەكرێت، بە قسەی كورد بكات و نەوتەكەی هەرێمی كوردستان بەئاگاداری هەموو لایەك لە بازاڕەكانی جیهان بفرۆشێت.
دەیڤید رۆمانۆ، گۆشەنووسی تۆڕی میدیایی رووداو لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، كە هەركێ ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، پێویستیی بە كورد دەبێت و بوونی كوردیش لە حكومەتی داهاتووی عێراق پێویستە. رۆمانۆ دەشڵێت، دوای هەڵبژاردن رێككەوتنێك دروست دەبێت لە نێوان كورد و بەغدا و ئەو رێككەوتنەش بە قازانجی كورد دەبێت.
یەكێك لە سیناریۆكان رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە، چونكە بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە، كە پێداگری مالیكی لەسەر رەتكردنەوەی داواكانی كورد و رازینەبوون لە سەر ئەو داوایانە، بانگەشەی هەڵبژاردن بوو. سیناریۆیەكی دیكە باس لەوە دەكات، كە توركیا بەڕێككەوتن لەگەڵ باشووری كوردستان نەوتەكە بفرۆشرێت، ئەم سیناریۆیەش بەهێزە، بەڵام پێشبینی كاردانەوەی بەغداش دەكرێت.
شارەزایەكی سیاسەتی عێراق بەناوی مارینا ئۆتاوای پێیوایە، كە دەبێت هەر رێككەوتن هەبێت، چونكە ئەگەر هەرێمی كوردستان بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوتەكەی بفرۆشێت، ناوچەكانی دیكەی عێراقیش چاو لە ئەو دەكەن و عێراقیش دواجار پارچەپارچە دەبێت. هاوكات پێشبینیش دەكرێت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەشێكی دراماكەی نێوان بەغدا و هەولێر كۆتایی بێت.
بە تێروانین لە ئەنجامی هەڵبژاردن و رووی ئێستا كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، كەمێك ئاسۆی رێككەوتن دوور دەكەوێتەوە، بەڵام بە چارەسەركردنیشی قۆناخێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسی دەردەكەوێت، قۆناخێك كە پێدەچێت كورد پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی لەگەڵ بەغدا بکات.
توركیاش خوازیاری رێككەوتنە، بەڵام بێ رێككەوتنیش لە نێوان هەولێر و بەغدا، پێشبینی دەكرێ توركیا بەلای كورد بێت و پشت لە هاوپەیمانیەتی خۆی و هەرێمی كوردستان نەكات، چونكە پەیوەندی توركیا و هەرێمی كوردستان وەك خۆیان باسی دەكەن بەهێز و درێژخایە. ئەمانە لەكاتێكدایە، كە هێشتا بودجەی عێراق پەسەندنەكراوە و ئاڵۆزییەكانیش لە فەلووجە و ئەنبار بەردەوامە.
1/5/2014