ئاكۆ محەممەد
زۆرجار كە گوێ لە خەڵك و پسپۆڕانی بیانی دەگریت، دەزانی كە زۆر لە بەرپرسان و خەڵكی كوردستانیش هێشتا هەست بەو قورسایی و گرنگییە ناكەن كە هەرێمی كوردستان خەریكە لەسەر ئاستی جیهان وەریدەگرێت. بێگومان ئەو بۆچوونەش لەلای هەندێ كەسی بیانی ئاگاداری كوردستان هەیە لە رێگەی بڵاوكراوەكانەوە كە كوردستان هێشتا دەسەڵاتدارێتییەكی دیموكراسیانەی نییە. بەڵام ئەو بۆچوونەی یەكەم كە زیاتر لەلای دەسەڵاتداران، پسپۆڕان و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە دروستبووە، زیاتر جێگەی بایەخە، چونكە ئەو بۆچوونە زیاترە و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەو سەردان و ناسینی كوردستانە، نەك لەسەر بنچینەی خوێندنەوەی هەندێ بابەت. هەروەها ئەو بۆچوونەی یەكەم لەسەر بنچینەی هاوسەنگییەكی ستراتیژی قسە دەكات.
وڵاتانی عەرەبیی كەنداو، زۆر دژی داواكانی كورد بوون"
كاتی خۆی وڵاتانی عەرەبیی كەنداو، زۆر دژی داواكانی كورد بوون، بەتایبەتی بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ئێستا دەنگێكی بەهێز لەنێو ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە سعودیە و وڵاتانی دیكەی كەنداو دروستبووە كە "دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە باكووری عێراق، هاوسەنگی بۆ سوننە لە ناوچەكەدا دروستدەكاتەوە".
ئەوەش دوای پەراوێزكەوتنی رۆڵی سوننە لە عێراقی زۆرینە شیعەدا و هاوسنووربوونی عێراقی دەسەڵات شیعە لەگەڵ ئێران و سووریا و حیزبوڵڵا لە لوبنان، بۆیەش ئەو چارەسەرەی پێشتر بە لكاندنی باشووری كوردستان بە عێراقەوە ئەنجامدرا بۆ دابینكردنی حوكمی سوننە لە عێراقدا، بە كردەوە كاریگەرییەكەی كۆتایی هات، دوای ئەوەی شیعە دەسەڵاتیان گرتە دەست و دوای پەیوەندی ئاڵۆزی بەردەوامی بەغدا لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی دیكەی كەنداو. بۆیەش بە بۆچوونی ئەوان، ئێستا دەوڵەتی كوردستان دەتوانێت ئەو پارسەنگە هێزە بێت لە ناوچەكەدا كە دەوڵەتێكی شیعە نییە و دەتوانێ خاوەن پەیوەندییەكی بەهێز بێت لەگەڵ سوننە و رێڕەوێكی بەهێزیش بێت لەگەڵ توركیا و ئەوروپا.
هەر لەو ماوەیەشدا سەنتەری جیهانیی لێكۆڵینەوەكانی گەشەسەندن كە بنكەكەی لە لەندەنە، لە راپۆرتێكدا ئەوەی شیكردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان دوای دوو ساڵی دیكە دەتوانێ ژێرخانی ئابووریی نەوتیی خۆی بنیاتبنێت بۆ ئەوەی ئامادەبێت لە عێراق جیاببێتەوەو سەربەخۆیی رابگەیێنێت، بۆ ئەوەش توركیای لەگەڵە بەهۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی، هەروەها ئێران دەیەوێ نەوتی زیاتر بفرۆشێت و پشكی عێراق بەوهۆیەوە لە ئۆپێكدا كەم ببێتەوە، سووریاش لە دۆخێكدا دەژیت ناتوانێت دژی ئەو هەنگاوە بێت، ئەمریكا و ئەوروپاش بەهۆی ئەوەی زۆر لە كۆمپانیا نەوتییەكانیان بەرژەوەندییان كەوتووەتە هەرێمی كوردستان و لە شێوەی گرێبەستە نەوتییەكانیان رازین لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دژی ئەو هەنگاوە نابن، وەك ئەو سەنتەرە شرۆڤەی كردووە.
بەڵام دەردەكە هێشتا لەنێوخۆدایە، چونكە تێگەیشتنێكی تەواوی نێوخۆیی نییە بۆ رەوشی كوردستان، ئەوەش لەوانەیە دەرفەتێكی دیكە لەدەست كورد بدات، هەروەك ساڵانی بیستەكانی سەتەی رابردوو. بۆیەش تێگەیشتن لە دەرفەتەكانی ئێستا زۆر گرنگن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا بەرەو سەربەخۆیی بەشێكی كوردستان. لە بەهاری گەلان و دروستبوونەوەی دەسەڵاتدارێتی گەلان بەسەر بڕیار و دەوڵەتەكاندا، دەرفەتێكی زێڕین دروستبووە بۆ ئەوەی كورد بگاتە ئامانجی خۆی لە بەشێكی كوردستاندا.
بەڕای من گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی هەنگاوێكی گرنگیان هەڵێنا بۆ بەشداریكردن لەو قۆناخە مێژوویی و یەكلاییكەرەوەیەدا بەنیسبەت رەوشی كوردستان، هەر لەو روانگەیەشەوە، پێداگیریی یەكگرتوو لەسەر گۆڕینی وەزارەتێك بە وەزارەتێكی دیكە، نابێ رێگر و ئاستەنگ بێت. لە هەمووانیش گرنگتر، جگە لە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی یەكێتی لە هەموو سەركەوتن و شكستەكانی رابردووی هەرێمی كوردستاندا، ئەمڕۆ یەكێتی هەڵەیەكی زۆر گەورە دەكات، یەكەمجار بەرامبەر خۆی كە لەبەشداریكردن لە كاركردن و بڕیاردان لەو قۆناخەدا بكشێتەوە و لەپێناو هەندێ سیاسەتی بنیاتنراو لەسەر كاردانەوە، بڕیاری خۆی بچووك بكاتەوە.
یەكێتی ناتوانێ بە تانەدان لە رێككەوتنی گۆڕان و پارتی شتێكی ئەوتۆ بەدەستبێنێ
دەبێ یەكێتی ئەو بۆچوونە بەسەر خۆیدا نەچەسێنێ كە دوای دووركەوتنەوەی مام جەلال لە بڕیاری سیاسی لەنێو یەكێتیدا، یەكێتی خەریكە بەخۆی رۆڵی خۆی بچووك دەكاتەوەو، لە خاوەنەوە خۆی دەكات بە ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی سیاسەتی كاردانەوە، نەك سیاسەتی بڕیاردان و بەشداریكردن لە بڕیاردان لە هەرێمی كوردستاندا. بۆیەش باسكردنی گۆڕینی پۆستێكی لە پەرلەمان، یان لە حكومەتدا ئەوەندە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە بتوانێ خۆی كۆبكاتەوەو كەسانی باش و كاریگەر و بەجووڵە بخاتە ئەو پۆستانەوە كە لە حكومەت و هەرێمی كوردستاندا بەدەست یەكێتیەوەن.
یەكێتی ناتوانێ بە تانەدان لە رێككەوتنی گۆڕان و پارتی شتێكی ئەوتۆ بەدەستبێنێ، ئەوە سیاسەتێكی ستراتیژیش نییە، گرنگ ئەوەیە یەكێتی بەشداری نیوەیی خۆی لە رابردوودا لە پرۆسەی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستاندا، بە لێكدانەوەی هەڵە لە ئایندەی زۆر زیاتر لە 23 ساڵی رابردوو نەكوژێت.