مه‌جید نیزامه‌دین گلی
وڵاته به‌هێزه‌كانی رۆژئاوا ده‌ترسێن ره‌وشی عێڕاق ببێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له ساڵی ٢٠٠٣، زۆربه‌ی وڵاته به‌هێزه‌كانی رۆژئاوا یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكایان دا كه عێڕاق داگیربكا و رژێمه دكتاتۆرییهكهی بڕوخێنێ، وا دیاره له دوای ساڵی ٢٠١١ه‌وه، وڵاتانی رۆژئاوا یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكا دەده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له‌وه بگرن كه ئاگری عێراق ناوچه‌ی كه‌نداوی فارسی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت بگرێته‌وه. هه‌رچه‌نده هه‌ریه‌ك له وڵاتانی رۆژئاوا، كه دیارترینیان ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئوسترالیا و فه‌ره‌نسان، سیاسه‌ت و ئه‌جێندای تایبه‌تی هه‌بێت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام وا دیاره هه‌موویان ئه‌م سێ ترسه‌ی خواره‌وه‌یان هه‌بێ له عێڕاق.
١- عێڕاق ببێته سۆماڵێكی دیکە
رۆژئاوا نایه‌وێ عێڕاق ببێته سۆماڵێكی دیکە له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست. راسته عێراق له سۆماڵ ده‌وڵه‌مه‌ندتره و نه‌وتێكی زۆر ده‌فرۆشێ، به‌ڵام پاره‌ی ئه‌و نه‌وته به هۆی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانیه‌وه عێراق به‌ره‌و ئاژاوه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری ده‌بات و دوور نییه، كه عێراق وه‌كو سۆماڵی لێبێ كه ده‌یان ساڵه توشی دیارده‌ی (ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو) Failed State بووه.
(ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو) بریتیه له ده‌وڵه‌تێك كه سه‌روه‌ری به‌سه‌ر زۆربه‌ی خاكه‌كه‌یدا نه‌بێت و شه‌رعیه‌تی سیاسی له ناوخۆ له ده‌ست دابێت و نه‌توانێت خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌كو ئاسایش، ته‌ندروستی و خواردن دابین بكا. وڵاتانی رۆژئاوا و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا، (كه عێراقیان له ٢٠٠٣ داگیركرد و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تیان له ریشه‌وه هه‌ڵكێشا)، به‌رپرسیار ده‌بن له ده‌رئه‌نجامه‌كانی په‌كکه‌وتنی یه‌كجاره‌كی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و دروستبوونی كاره‌ساتێكی مرۆیی سه‌رتاسه‌ری له عێراق. رای گشتی ناوخۆیی وڵاتانی رۆژئاوا قبووڵی ئه‌وه ناكا كه حكومه‌ته‌كانیان جارێكی دیکە بگه‌ڕێنه‌وه عێڕاق و پاره خه‌رج بكه‌ن. ته‌نها ئه‌مه‌ریكا زیاتر له ٣ ترلیۆن دۆلاری له شه‌ڕی عێڕاق سه‌رفكردووه به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی ئابووری ناسی به‌ناوبانگ، جۆزێف ستیگلیتس.
له میدیاكان زۆر لەبارەی ترسی دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی دیكتاتۆری زۆر به‌هێز له عێراق دەبیستین، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، له‌وانه‌یه هه‌ڕه‌شه راسته‌قینه‌كه له بێ هێزی زۆری ده‌وڵه‌تی عێراق بێ.
رووخاندنی ده‌وڵه‌ت و ئاژاوه‌ی سه‌رتاسه‌ری له عێراق ئه‌گه‌رێكی مه‌حاڵ نییه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای داتاكانی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بكه‌ین، كه بێگومان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا به هه‌ندیان وه‌رده‌گرن. عێراق یه‌كێكه له (فاشلترین) و شكست خواردووترین وڵاتانی جیهان به پێی تازه‌ترین راپۆرتی ساڵانه‌ی رێكخراوی FFP، كه ئۆفیسی سه‌ره‌كییان ده‌كه‌وێته واشنتن دی سی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
هه‌ر به پێی ئه‌و راپۆرته، كه به ریزبه‌ندی وڵاته شكستخواردووه‌كان Failed States Index ناسراوه، عێراق به ١٠ پله ده‌كه‌وێته دوای سووریای دراوسێی، كه به شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری ناوخۆ ده‌ناڵێنێت. واتا ده‌زگاكانی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له حكومه‌ته‌كه‌ی نووری مالكی كاراترن. دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له عێراق گه‌یشتووه‌ته راده‌یه‌كی كه‌م وێنه له جیهان، كه مه‌ترسی ئاژاوه‌ی سه‌رتاسه‌ری و هه‌روه‌ها رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراق زیاتر كردووه. ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی رۆژئاوا نییه، چونكه له هه‌ر سیناریۆیه‌كی كاره‌ساتێكی مرۆیی له عێراق، رۆژئاوا ده‌بێ بێته هاناوه بۆ ئه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی عێراق ئارامی ناوچه‌ی كه‌نداوی فارسی پڕ له نه‌وت تێك نه‌دا. به پێی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، نزیكه‌ی دوو ملیۆن حاڵه‌تی بەرتیلدان له ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی عێراق ته‌نها له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا تۆماركراوه، كه به رێژه‌ی له %29.3یه، ته‌نها له شاری به‌غدادی پایته‌خت، له كاتێكدا له هه‌رێمی كوردستان ته‌نها %3.7ـه. ئه‌م رێژه به‌رزه‌ی گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی نابه‌رپرسانه‌ی حكومه‌تی مالكی وایكردووه، كه داهاته‌كانی نه‌وت بچێته ده‌ستی میلیشیا و گرووپه چه‌كداره نایاساییه‌كان له جیاتی ئه‌وه‌ی له به‌هێزكردنی ده‌زگا یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌ت خهرجبكرێ.
گه‌نده‌ڵی و ده‌سه‌ڵاتی تاكره‌وی دوو شتن، كه عێڕاق به‌ره‌و دارووخان ده‌به‌ن و وڵاتانی رۆژئاوا له به‌رژه‌وه‌ندییانه، كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی كۆتایی مانگی نیسان حكومه‌تێكی لێ دروست بێت، كه عێراق له هه‌ره‌شه‌ی ئاژاوه‌ی سه‌رتاسه‌ری ده‌ربهێنێ.
٢- حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی شیعی
حكومه‌تی زۆرینه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆتایی مانگی نیسان، له‌وانه‌یه ببێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییەكانی رۆژئاوا و عێڕاق به‌ره‌و شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری سوننی- شیعی ببات، ئه‌مه‌ش ئاسایشی كه‌نداوی فارسی ده‌خاته ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی.
حكومه‌تی زۆرینه یه‌كێكه له سیناریۆیه به هێزه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنەکەی كۆتایی ئه‌م مانگه له عێڕاق.
ئه‌گه‌ر لیسی ده‌وڵه‌تی یاسا له سه‌رووی 100 كورسی به ده‌ستبهێنێ، (ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراوه له‌به‌ر په‌رتبوونی ركابه‌ره‌كانی مالیكی) ، ئه‌وه مالیكی له‌گه‌ڵ هێزه شیعییه‌كانی دیکە له‌وانه‌یه بتوانێ حكومه‌تی زۆرینه پێكبهێنێ و سوننه و كورد زیاتر له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دوورخاته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه سوننه‌ی عێڕاق هیوایان به پرۆسه‌ی سیاسی نه‌مێنێ و ده‌ست بۆ چه‌ك ببه‌ن وه‌كو براكانیان له ئه‌نباڕ و هه‌روه‌ها كورده‌كانیش زیاتر پاڵپێوه‌ده‌نێ بۆ جیابوونه‌وه له عێراق.
ئه‌نجامی حكومه‌تی زۆرینه‌ی شیعی له عێڕاق دروستبوونی سووریایه‌كی دیکەیه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. به‌ڵام عێڕاق سووریا نییه و شه‌ڕی ناوخۆ له عێڕاق هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا. له هه‌ر سیناریۆیه‌كی شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری ناوخۆیی له عێڕاق، وڵاتانی رۆژئاوا گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، چونكه ئه‌و شه‌ڕه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ئابووری جیهانی ده‌خاته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه. بێجگه له‌وه‌ی عێڕاق خۆی یه‌كێكه له وڵاتانی سه‌ر كه‌نداوی فارسی، دراوسێی كوه‌یت و سعودیه‌شه، كه دوو وڵاتی گرنگن بۆ به‌رده‌وامی رۆیشتنی نه‌وت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ بازاره‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا. به‌پێی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی وزه‌ی وڵاته یه‌كگرتووەكانی ئه‌مه‌ریكا، كه‌نداوی فارسی دوو له‌سه‌ر سێی نه‌وتی جیهان بهرههمدەهێنێ. هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ ئارامی ناوچه‌ی كه‌نداو هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته رۆژئاواییه پیشه‌سازییه‌كان، كه ئابووری ناوخۆییان رۆژانه پێویستی به نه‌وتی هه‌رزان هه‌یه. شه‌ڕ له عێڕاق شه‌رت نییه راسته‌وخۆ ببێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئه‌منی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر كه‌شتییه نه‌وتییه‌كان، كه به كه‌نداودا تێپه‌ڕ ده‌بن، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه هیچ نه‌بێ نرخی نه‌وت زیاد ده‌كات. ده‌رئه‌نجامه‌كانی دروستبوونی حكومه‌تی زۆرینه‌ی شیعی نه‌ك هه‌ر ئه‌گه‌ری تێكچوونی دۆخی عێڕاق زیاتر ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه سه‌قامگیری ناوچه‌ی كه‌نداوی فارسی زیاتر بشێوێنێ.
٣- ئهنبارستانێك بۆ ئه‌لقاعیده
راسته له عێڕاق كاره تیرۆریستییه‌كان شتێكی تازه نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئه‌نبار رووده‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی فه‌وزای به‌هاری عه‌ره‌بی بۆ ئوردن و سعودیه دوو هاوپه‌یمانی گرنگی رۆژئاوا زیاتر ده‌كات. ئه‌مه‌ش ترسێكی جدی رۆژئاوایه له عێڕاق. له ساڵی ٢٠٠٧ه‌وه گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئه‌لقاعیده نه‌یانتوانیوه ده‌ست به‌سه‌ر هیچ ناوچه‌یه‌ك بگرن هه‌تاكو رووداوه‌كانی دیسێمبه‌ری ٢٠١٣. له‌دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی عێڕاق له مانگی دیسێمبه‌ری ٢٠١٣ هێرشیان كرده سه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی سوننه‌كان له شاری روومادی، زۆربه‌ی ناوچه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار راپه‌ڕین له دژی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی. ناڕه‌زایی و هه‌ڵچوونی سوننه‌كان له ئه‌نباڕ، چانسێكی باشی بۆ رێكخراوه چه‌كداره‌كانی وه‌كو داعش ره‌خساندووه، كه له سووریاوه دزه بكه‌نه ناو عێڕاق و فه‌للوجه و روومادی بكه‌نه مۆڵگه‌ی ئارام بۆ خۆیان.
رێكخراوه رادیكالهكانی ئه‌لقاعیده و داعش زۆر به‌هێزه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه عێڕاق و دوای كۆنترۆڵكردنی به‌شێكی شاری فه‌للوجه له پێش چاوی سوپای عێڕاق، دروستبوونی ئهنبارستانێك له رۆژئاوای عێڕاق ئه‌گه‌رێكی مه‌حاڵ نییه. ئه‌مه‌ش زه‌نگێكی ترسناكه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاژاوه له عێڕاقه‌وه بۆ ناوچه‌ی كه‌نداوی فارسی و ئوردنی هاوسنوری ئیسرائیل. بۆیه‌ش رۆژئاوا تۆقیوه و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی هه‌رزوو ١٠٠ موشه‌كی هێڵفایه‌ری بۆ عێڕاق نارد و كۆنتراكتێكی ٢ ملیار دۆلاری تازه‌ی له‌گه‌ڵ عێڕاق واژۆكرد. به پێی گوته‌كانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، جێن ساكی، ئیداره‌ی ئۆباما له هه‌وڵدایه، كه ناردنی چه‌كانه‌ی، كه عێڕاق پێویستییه‌تی، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له رۆژئاوای عێڕاق، خێراتر بکات.
دروستبوونی مۆڵگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئه‌لقاعیده له ئه‌نبار، ئارامی ناوخۆیی ئوردن و سعودیه ده‌خاته مه‌ترسییه‌كی كه‌م وێنه‌وه. هه‌رچه‌نده سعودیه و ئه‌مه‌ریكا له‌م دواییه ساردبوونه‌وه‌یه‌ك له په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا دیاره، ئه‌ویش زیاتر به‌هۆی رای جیاواز له نێوان واشنتن و ریاز له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل به‌رنانه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانی، به‌ڵام ئارامی ناوخۆیی سعودیه هه‌رده‌م گرنگییه‌كی ستراتیژی هه‌یه بۆ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا. بێجگه له‌وه‌ی سعودیه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی وزه‌یه بۆ رۆژئاوا، هاوپه‌یمانێكی گرنگی سیاسیشه بۆ ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی له بابه‌تی شه‌ڕی دژه تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئەنفلهوهنزەی ئێرانی له سووریا، لوبنان و عێڕاق. هه‌روه‌ها سعودیه كڕیارێكی باشی چه‌كی كۆمپانیا رۆژئاواییه‌كانه، كه كۆنتراكتهكانیان ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتووه‌ته ٩٧ ملیار دۆلار. ئوردن كه به ١٨١ كیلۆمه‌تر هاوسنووری پارێزگای ئه‌نباری عێڕاقییه، له كاتی دامه‌زراندنیه‌وه وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ هاوپه‌یمانێكی نزیكی وڵاتانی رۆژئاوا بووه. هه‌ربۆیه‌ش وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پاراستنی ئارامی ناوخۆیی ئوردن هاوكاری ئابووری زۆری حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خێزانی هاشمی له‌و وڵاته زامن ده‌كا. ئوردن، كه هاوسنووری ئیسرائیله گرنگییه‌كی ئه‌منی و دبلۆماسی هه‌یه بۆ رۆژئاوا. بۆ نموونه له دوای لابردنی حوسنی موباره‌ك له میسر، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوردن تاكه كه‌ناڵی دبلۆماسی عه‌ره‌بین، كه راسته‌وخۆ كار له‌گه‌ڵ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و ئیسرائیل ده‌كه‌ن له پرۆسه‌ی ئاشتیدا.
ئوردن به‌رگه‌ی شه‌ڕێكی دیکە ناگرێ له‌سه‌ر سنووره‌كانی، له كاتێكدا به هۆی شه‌ڕی سووریا نزیكه‌ی ٦٠٠ هه‌زار په‌نابه‌ری سووری ئاودیوی سنووره‌كانیان بوون و قورساییه‌كی ئیداری و ئه‌منی زۆر گه‌وره‌یان كردوه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوردن.