نەریمان مەحـمەدی
١ - رێگەی گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە چیدا دەبینن؟
کورد لەم بارەیەدا چەند ڕێگای هەیە. یەکەم ئەوەیە کە بە پێی یاسای عێراق بچێتە بەرەوە و بیهەوێت کێشەکەی یاسایی چارەسەر بکات. بەڵام ئەم ڕێگایە چەند کێشەی گرینگی هەیە. پێش هەموو شتێک یاسای عێراق ئەو ئیمکانەی تەرخان نەکردووە و ئەگەریش تەرخانی بکات دیسانیش یاسا ئەو دەسەڵاتەی نییە کە بتوانێت کێشەکەی چارەسەر بکات. ئەگەر یاسایەکی پڕهێز بووایا کە پشتوانەیەکی پراکتیکی هەبوایا، ئەوا دەمانتوانی دڵ بەو یاسایەی خۆش بکەین. بەڵام لە ڕاستیدا یاسایەکی وا ئێستا لە عێراق بوونی نییە. ڕێگای دووهەم ئەوەیە کە کورد بە هێزی نیزامی بیهەوێت ناوچە دابڕێنراوەکان بگەڕێنێتەوە سەر خاکی کوردستان. ئەمەش زۆر ئەستەمەو و دەتوانێت هەزینەیەکی زۆری سیاسی، نزامی و کۆمەڵایەتی بۆ کورد هەبێت. کورد هێزی نزامی ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت بە ڕاحەتی ئەم کارە بکات. چوونکە دەبێت لەگەڵ ئەرتەشی ئێراق شەڕ بکات. لەمەش زیاتر هاوپەیمانەکانی ئێراق بەم کارە ڕازی نابن و بۆی هەیە مەشرووعیەتی دەسەڵاتی هەرێم بچێتە ژێر پرسیار و لە ئاستی جیهانیشدا کێشەی بۆ ساز ببێت. ڕێگای سێهەم کە بە بڕوای من باشترین ڕێگایە، ئەوەیە کە دەسەڵاتی هەرێم هاوکات کە هەر هەڕەشەی کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی بکات، کاری کەڵتووری لە ناوخۆی ئەو ناوچانە و کاری سیاسی لە ئاستی ناوخۆی عێراق، ئاستی مەنتەقەیی و جیهانی بکات. بە بڕوای من کورد دەتوانێت بە گرتنە بەری سیاسەتێکی ژێرانە دەتوانێت بە بێ کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە سەر خاکی کوردستان. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە پێش هەموو شتێک نەهێڵێت شۆناسی کوردی ئەو ناوچانە بە قازانجی شۆناسی عەرەبی لاواز ببێت. ئەمەش بە کاری کەڵتووری دەکرێت. چوونکە ئەگەر ئەو ناوچانە بێ شۆناس ببن، ئیدی بە هێزی نیزامیش هیچ کارێک ناکرێت.
٢ - بۆ هەر هەڕەشەی ئیعلانی دەوڵەتی کوردی دەکرێ بەڵام رانەگەیەنرێت ئایا باشوور لە وەها دۆخێکدا هەیە کە بتوانێ ئیعلانی حکوومەتی کوردی بکات؟
بە بڕوای من دەولەتێکی کوردی لە عێراق دێر یا زوو ڕادەگەیەنرێت. هەڕەشەی ئیعلانی دەوڵەتی کوردی قەدەمی یەکەمی ئیعلانی دەوڵەتی کوردییە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئایا کێشەی کورد بەم کارە چارەسەر دەبێت؟ بە بڕوای من بەشێکی زۆر لە کێشەکە لانی کەم لە باشور چارەسەر دەبێت. بارودۆخی ئێستا هەم لە ئاستی جیهانی و هەمیش لە ئاستی مەنتەقەیی دژایەتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نییە. بە بڕوای من، کورد زۆرتر لە هەر کەسێکی دیکە کێشەی لەگەڵ دەوڵەتی کوردی هەیە! سیاسەتمەدارانی کورد لە باشور هێشتا نازانن چییان دەوێت؟ هەر ڕۆژ فۆرمێکی سیاسی باس دەکەن؟ یەکێک فدرالیزمی پێ باشە، یەکێک سەربەخۆیی و یەکیش کۆنفدراڵی! دۆخێکی زۆر سەیرە. تا کورد لەم بارەدا کە چی دەوێت یەک نەگرێت ئیعلامی دەوڵەتی کوردی هەر وەک هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە. بە کورتی کورد خۆی زۆرتر لە وەڵآتانی دیکە کێشە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی درووست دەکات.
٣ - لە رۆژئاوا کانتۆن بۆ خۆبەڕێوەبەری دامەزراوە و لە باکووریش پرسی کورد بەرەو چارەسەری ئاشتییانە دەڕوات، ئایا پێتانوایە بەپێی ئەو دوا قسەی جۆن کێری سەبارەت بە ئیران، پرسی رۆژهەڵاتیش بێتە رۆژەڤ؟
نا پێم وا نییە کە پرسی ڕۆژهەڵات بەم زوانە بێتە ئاراوە. ئێمە نابێت زۆر دڵمان بەو قسانە خۆش بێت. دۆخی جیهانیش گرینگە، بەڵام گرینگتر دۆخی ناوەکیە. پێش هەموو شتێک ئێران هەل و مەرجی ناوخۆی بەو جۆرە نییە کە کورد بتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتیانەی وەکوو باکور بکەوێتە شوێن ئامانجەکانی. لەمەش زیاتر هێزی کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر لاوازە. هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی توانای وەکوو پ ک ک نییە تا کوو فشار بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بهێنێت. هێزی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات هێشتا خەریکی شەڕی نێو خۆیانن. پژاک دمۆکراتەکان و کۆمەڵەکان دەکوتێتەوە و ئەوانیش هەر پژاک وەک پارتییەکی کوردی ڕۆژهەڵاتی نازانن، پارتیەکانی دیکەش لە ڕاستیدا هێشتا پێگەیەکی پتەویان لە نێو خەڵک و سیاسەتدا نییە. لەمەش زیاتر، ڕێکەوتنی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتی ڕۆژئاوا، بە دژی کورد تەواو دەبێت. ئیدی ئێران فشاری سیاسی و نزامی زۆری لەسەر نامێنت تاکوو کێشەی نەتەوەکان چارەسەر بکات. بۆ ڕۆژئاوا نەوت و بازاری ئابووری ئێران گرینگترە تاکوو کێشەی نەتەوەکان کە قازانجێکی زۆری بۆ ڕۆژئاوا نییە. بۆیە من پێم وا نییە کە پرسی ڕۆژهەڵات بەم زوانە ببێتە ڕۆژەڤ.
٤ - پارتەکانی رۆژهەڵات بەتایبەت بزووتنەوەی کۆماریخواز رایان وایە پرسی کورد لەو پارچەیە بەئاشتییانە و دیالۆگ باشترین رێگەچارەیە بۆ گەیشتن بەمافەکان، بەڵام هەتا چەند بەو رابردووەی لە ئیران دەیزانن راتان وایە ئیران مل بۆ دانوستان شل بکات؟
پێم وایە هیچ کەسێک نییە کە شەڕی پێ خۆش بێت لە کاتێکدا کە کێشەکە ئاشتیانە چارەسەر دەبێت. بەڵام کێشە ئەوەیە کە ئایا بە ئاشتی چارەسەر دەبێت؟ هەر وەها کە باسم کرد هێزی سیاسی لە ڕۆژهەڵات زۆر لاوازە و دەتوانم بڵێم هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگای کوردی نەماوە. لە لایەکی دیکەوە مێژوویەکی ڕەشمان لە پێشە کە کۆماری ئیسلامی پێکیهێناوە. دەسەڵاتی ئێران دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیکە و تەنانەت ڕێگای تێکۆشانی مەدەنیش بە خودی فارسەکانیش نادات چ بگەتە ئەوەی کە کورد بیهەوێت کاری مەدەنی بکات. دەسەڵاتی ئیران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکە بەهێزتر دەبێت. هێزی نیزامی ئێران ئەوەندە پەرەی سەندووە کە بە ڕاحەتی هەر چەشنە تێکۆشانێکی نیزامی سەکووت دەکات. ئێران ئێستا لە ئاستێکی سەرەوە چاو لە کێشەی نەتەوەکان دەکات و هەر چەشنە دانووسانێک بەو مانایەی دەزانێت کە خەریکە لەگەڵ جدایی طلبەکان دانووسان دەکات. بۆیە ئەگەریش دەسەڵآتی سیاسی ئێران بیهەوێت لەگەڵ کورد دانووسان بکات هەندێک هێزی ڕادیکاڵ هەن کە بە ڕاحەتی ناهێڵن ئەم کارە بکات. بە گشتی ئێران مل بە دانووسان نادات، ئەگەریش بیدات، هێزی فشاری ناوخۆی دژە دەسەڵات ناهێڵن ئەو دانووسانە پێک بێت.
٥ - ئایا ئەگەر کورد نەتاوانێ دانوستان بێنێتە ئاراوە لەگەڵ ئیران رێگە چارەیەکی تر هەیە؟
کێشە ئەوەیە کە ئێستا کورد هیچ خەتەرێکی بۆ دەسەڵاتی ئێران نییە! ئێران بۆ دەبێت لەگەڵ کەسانێک دانووسان بکات کە پێی وایە هیچ دەسەڵات و کاریگەریێکیان لەسەر کۆمەڵگا نییە؟ ئێران لەم پرۆسەیەدا چی بە دەست دەهێنێت؟ لە کاتی ئێستادا دانووسان لەگەڵ کورد بۆ ئێران کایەیێکی باخت – بوردە بە قازانجی کورد. کورد پێش هەموو شتێک دەبێت کارێک بکات کە دەسەڵآتی ئێران وەک ئاکتەرێکی گرینگ لە سیاسەتی ئێران لە ئەژماری بدات. کورد دەبێت کاری مەدەنی بکات. پێویستە پارتیە کوردییەکان زۆرتر لەم بارەیەدا کار بکەن. چەند ساڵ لەمەو پێش پژاک دەیەویست ئەم کارە بکات و هێزێکی مەدەنی – سیاسی ڕەسمی لە ئێران پێک بهێنێت کە نەیتوانی. بە بڕوای من پارتیە کوردییەکان پێویستە هێزی ناوخۆیی و مەدەنی ڕەسمی لە ئێران پێک بهێنن کە وەکوو پ ک ک بتوانن کاریگەری نافەرمیان لەسەر ببێت. بە گشتی کورد زۆرتر لەوەی پێویستی بە پارتی بێت، پێویستی بە بزووتنەوەیە هەیە. بزووتنەوەیەک کە مەشروعیەتی لە نێو خەڵکدا هەبێت و دەسەڵات نەتوانێت بە ئاسایی سەرکوتی بکات. ئەو کاتەیە کە دەسەڵآت دەزانێت کە کورد ئاکتەرێکی گرینگە و ئەگەر دانووسانی لەگەڵ نەکات بۆی هەیە تووشی کێشەیەکی گرین ببێت. کورد هەرچەندە هێزی مەدەنی پتەوتر بێت، باشتر دەتوانێت دانووسان بکات. هێزی نیزامی گرینگە بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا هێزی نیزامی کورد هەر هیچ نییە لەبەر چاو هێزی نیزامی ئێران.
٦ - هەتا چەند دەکرێ خەباتی مەدەنی لە ئیران سەرکەوتن بەخۆیەوە ببینێ لە کاتێکدا دەسەڵاتی ئیران رەحم بە سەرۆکوەزیر و سەرۆک پەرلەمانی پێشووی خۆی واتە کروبی و موسوی ناکات؟
لە پێشدا دەبێت بزانین سەرکەوتن چییە؟ ئایا بەو مانایەی دەزانین کە کورد دەسەڵاتی سیاسی سەربەخۆ بە دەست بهێنێت؟ ئایا بەو مانایەی دەزانین کە کورد لە بواری مەدەنی سەکەوێت؟ مافی شارومەندی بە دەست بهێنێت؟ فدراڵیسم سەرکەوتنە؟ دەیەوێت کەڵتووری بە فەرمی وەکوو کەڵتوورێکی جیاواز بناسرێندڕیت؟ بێ گومان دەسەڵاتی ئێران هەر چەشنە بیرۆکەیەکی جیاواز سەرکووت دەکات تا بگاتە ئەوەی کە کەسێک بیهەوێت سیستەمی سیاسی بخاتە خەتەرەوە! بەڵام دەسەڵات بەو ڕاحەتییە کە دەتوانێت هێزی سیاسی کوردی سەرکووت بکات ناتوانێت هێزی مەدەنی سەرکووت بکات. کاتێک دەسەڵات بیهەوێت بۆ نموونە هێزێکی چەکداری کوردی سەکووت بکات، لە ئاستی جیهانیشدا مەشروعیەتی پێ دەدەن و کەسیش ناڵێت بۆ وادەکەی! بەڵآم ناتوانێت بەو ڕاحەتییە تێکۆشانی مەدەنی سەکووت بکات، هەر چەند توانایی ئەوەی هەیە و زۆر کاتیش سەرکووتی کردووە، بەڵام هەزینەی جیهانی و سیاسیەکەی زۆرە بۆی. موسەوی و کەڕوبی سەرکووت کریان، چوونکە دەسەڵآت بوونی خۆی لە خەتەردا دەزانی، بۆیە هەر چەشنە تێکۆشانێکی کوردی ئەگەر خەتەری بۆ دەسەڵات هەبێت بە تووندترین شێوە سەرکووت دەکرێت. بۆیە کورد دەبێت ژیرانە کار بکات. هاوکات کە خەباتی مەدەنی دەکات دەبێت هۆشیار بێت تاکوو ئەوەندە دەسەڵاتی مەدەنی بە دەست نەهێناوە کە دەسەڵاتی ناوەکی، بە گرینگی بزانێت و توانای سەرکووتی ئاشکرای نەبێت، هێڵە سوورەکانی نەشکێنێت. ئەمەش دیارە کارێکی هەم ئەستەمە و هەمیش زۆر ناتوانێت ئامانجەکانی کورد بێنێتە ئاراوە، بۆیە پێویستە پارتیە کوردیەکانیش کاری مەدەنی بکەن، خەڵک ئاگا بکەنەوە، نەکوو میدیاکانیان بکەنە بازنەی شەڕی دەسەڵاتێکی بێ دەسەڵات. من بە گشتی زۆر هیوام بە خەباتی مەدەنی لە ئێران نییە، بەڵام لە ڕاستیدا، دۆخیش بۆ خەباتی چەکداری بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە. من هیوام بە NGOەکان لە ڕۆژهەڵات زۆرترە. هەر چی ئەمانە زۆرتر بن، دەسەڵآتی مەدەنی کوردیش زۆرتر دەبێت
دیمانەی میدیای بزوتنەوەی کۆماری خوازی رۆژهەلـات و ڕیزدار نەریمان مەحـمەدی چاڵـاکی سیاسی
14/02/2014