ولادیمێر ڤان ویڵخنبێرخ
هەندێك پسپۆڕی بیانی چاوەڕوانیان دەكرد پارتە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكان نەرمی زۆرتر بنوێنن دەربارەی كەركووك، ئومێدیشیان دەخواست كە بەهێزبوونی گۆڕان كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكات . لێدوانەكانی ئەم دواییەی گۆڕان دەربارەی كەركووك و تاڵەبانی، پیشانیدەدات كە ئەوان دەیانەوێ هەندێك نەرمی بنوێنن بەرامبەر عەرەب و توركمانەكانی كەركووك، بەڵام بەكردەوە ئەوان زۆر ناسیۆنالیستتر لە پارتە دەسەڵاتدارەكان رەفتار دەكەن و بیردەكەنەوە.
جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەوە ناسراوە كە لێدوانی گەنگەشە دروستكەر دەدات. وەك ئەوەی كە گوتی خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی واقیعبینانە نییە، یاخود كە بەڵێنی ئۆتۆنۆمی بە توركمانەكان دا. كەچی هاوكات لێدوانی زۆر نەتەوەییانەشی داوە و گوتوویەتی كەركووك بەشێكی جیانەكراوەی كوردستانە.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەردەوام بانگەشەی بۆ ئەوە كردووە كە كورد مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە، تەنانەت ئەگەر ئێستاش ئەوەیان هەڵبژاردبێ بەشێكبن لە عێراق. هەمان ئەو قسانەش لەلایەن سەرۆكوەزیرانی تازە وازهێناوی كوردستان بەرهەم ساڵحەوە كران كە گوتی هەموو كورد دەیانەوێ كوردستانێكی سەربەخۆ هەبێت، بەڵام ئێستا بەشێكن لە عێراق.
بەم دواییانە هەندێك دەنگۆ هەبوون كە باسی ئەوەیان دەكرد تاڵەبانی دەیەوێ سازش لەسەر كەركووك بكات. لەتیف شێخ مستەفا، ئەندام پەرلەمانی گۆڕان، هەندێك كەسی لەناو یەكێتی بەوە تۆمەتباركرد كە دەیانەوێ كەركووك ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، نەك بەشێك لە كوردستان. نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیش هێرشی كردە سەر یەكێتی و گوتی سنوورەكانی كوردستان (بە كەركووكیشەوە) بابەتی ئەوەنین سازشیان لەسەر بكرێت.
ئەمە پێشانیدەدات كە ئۆپۆزیسیۆنی كوردستان زۆر هەلیان لەبەردەمدایە تاوەكو لەدژی پارتی و یەكێتی گەمە بە كارتی نەتەوەیی بكەن. بەتایبەتیش كە گۆڕان هیچ پێویستی بەوە نەماوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت، وەك چۆن پارتی لەگەڵ توركیا و یەكێتی لەگەڵ ئێراندا هەیەتی. لەبەرامبەردا پارتی و یەكێتی ناچارن زۆرتر ئاگاداری ئەو لێدوانانەیان بن كە دەیدەن، بەتایبەتیش كە ئێستا ئەوان بەرپرسیارن لە باشتربوونی رەوشی ئابووری خەڵك لە كوردستان و ئەو باشتربوونەش بەستراوەتەوە بەو هاموشۆ بازرگانییەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دروستیانكردووە.
هەر سازشێك پارتی و یەكێتی لەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بیكەن، لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە لەدژیان بەكاردێت و دەگوترێت ئەو دوو پارتە “ماڵئاواییان لە بنەماكان (مەبدەئەكان)یان كردووە”. بۆیەشە هەندێك كەس گریمانەی ئەوە دەكەن پارتی بە ئەنقەست ماوە ماوە دەنگۆی ئەوە بڵاودەكاتەوە كە بارزانی بەنیازە دەوڵەتی كوردستان رابگەیێنێ، تاوەكو بەوهۆیەوە ناڕەزایی لەنێو خەڵكی تووڕەی كوردستاندا كەمبكاتەوە كە دژی گەندەڵی و نەبوونی چاكسازین.
كاتێك ئێران و توركیا سنوورەكانیان بۆمباران دەكرد، هەندێك دەنگی نزیك لە ئۆپۆزیسیۆنەوە دەیانگوت حكومەتی كوردستان وەك پێویست كاردانەوەی نییە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەگەر بەشێوەیەكی واقیعبینانە سەیری بكەین، حكومەتی كوردستان هیچ كارێكی بەرامبەر گوشاری ئێران و توركیا پێنەدەكرا، چونكە لەڕووی ئابوورییەوە تەواو بەسترابووەوە بەو كاڵایانەی لەو دوو وڵاتەوە هاوردە دەكران. تەنانەت ئەگەر گۆڕانیش لەوكاتەدا دەسەڵاتی بەدەستبووایە، نەیدەتوانی لەوە باشتر بكات.
مەسەلەی جێبەجێكردنی ماددەی 140یش بەهەمان شێوەیە. تاوەكو زۆرینەی ئەندامانی لیستی عێراقییە لەدژی ئەوەبن كە كەركووك ببێتە بەشێك لە كوردستان، بڕواناكەم پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردستان بتوانن هەڵوێستی بەغدا دەربارەی كەركووك بگۆڕن، بەڵام دەتوانن بەردەوام پارتی و یەكێتی بەوە تۆمەتبار بكەن كە كەمتەرخەمن لە جێبەجێكردنی ماددەی 140، هەروەها گۆڕان بانگەشەی ئەوەی كرد كە پارتی و یەكێتی دەبووایە لە كێشەی نێوان عێراقییە و مالیكیدا لایەنێكیان هەڵبژاردبووایە.
ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی بەرەو راگەیاندنی سەربەخۆیی ناڕۆن، سەرەڕای ئەوەی بزووتنەوەی ریفراندۆم پێشانیدا كە زۆرینەی كوردستان داوای سەربەخۆیی دەكات. هۆكەی ئەوەیە كە ئەوان لە بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتانی دراوسێدا هیچیان لەدەست نایێت و مانەوەشیان لەچوارچێوەی عێراقدا بودجەیەكی باش (واتە لەسەدا حەڤدەی بودجەی عێراق)یان بۆ دابین دەكات. ئەم هەڵوێستەی ئەو دوو حیزبەش ریسكی ئەوەی تێدایە كە پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن كارتی نەتەوەییان لەدژ بەكاردەهێنن. هێندەی منیش بینیومە ئۆپۆزیسیۆن ماوە ماوە ئەم كارە دەكات.