رەزا شوان
پرۆژەی بە عەرەبکردنی کەرکوک و، گۆڕینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی، بۆ زۆرکردنی رێژەی عەرەب و کەم کردنەوەی رێژەی کورد .. پرۆژەیەکی تازە نییە، بەڵکو پرۆژە و پیلانێکی شۆڤێنیی عەرەبی نەخشەداڕێژراوە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تۆکەمەتر و پیستر درێژەیان بەم سیاسەتە رەگەزپەرستییە داوە ..لە ساڵی ( ١٩٢٧) دا، کە یەکەمین بیرە نەوت لە بیرە نەوتەکانی باوەگوڕگوڕ لە کەرکوکدا تەقییەوە و نەوتی لێ هەڵقوڵا .. لەو ساڵەوە تا ئێستا ئەم نەوتە بۆتە مایەی شەڕ و وێرانکاری و نەگبەتی بۆ ئێمەی کورد، نەک مایەی خێر و خۆشی وخۆشگوزەرانی و ئاوەدانی . لە سەردەمی حکومەتی بۆ دووەمین جاری سەرەک وەزیرانی عێراق ( یاسین الهاشمی ) کە لە ساڵی ( ١٩٣٥ز) دا بوو،هاشمی مەیل و بیرێکی شۆڤێنیی عەرەبی توندڕەوی هەبوو .. هەر لە ساڵی ( ١٩٣٥) دا، ( یاسین الهاشمی ) دەستی بە بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک کرد ..ئەوەبوو کە دوو هۆزی گەورەی عەرەبی بە ناوی ( جبوری، عوبەیدی )یەوە، لە پارێزگای موسڵەوە هێنایانی و، لە ناوچەی ( حەویجە )ی سەربە پارێزگای کەرکوک نیشتەجێی کردن .. مەرامی هاشمیش لە هێنانی ئەم دوو هۆزە عەرەبەبە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک و گۆڕین و لاسەنگکردنی دیمۆگرافیای نەتەوەیی بوو .. ( پرۆژەی ئاودێریی کەرکوک ) یش،کە لە پێناوی بە کشووکاڵ کردنی ناوچەی حەویجە بوو .. ئاو و زەوی هی کوردن، بەڵام عەرەبی نیشتەجێ بوو سوودی لێ وەردەگرن و خێر و بێری دەخۆن.. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە زۆر نمەک حەرامن و بە هەموو شێوەیەک، ئەوپەڕی دژایەتی گەلی کورد دەکەن .. لەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک درێژەی هەیە و، تۆکمەتر و زەقتر جێبەجێی دەکەن .. تا ئەمڕۆش سوودیئاو و نەوت و گاز و سامانی کەرکوک هەر بۆ گیرفانی عەرەبە .. تەنها دووکەڵە رەشەکەی نەوتەکە بەشیئێمەی کوردە .. بە تایبەتیش لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسی رەگەزپەرستدا، کە بە شێوەیەکی شۆڤینییانەی گڵاو و دڕندانەی نەخشەداڕێژراو دەستیان بە سیاسەتی بە بەعەرەبکردنی کەرکوک کرد .. زیاتر لە ( ١٧٥) هەزار ماڵە عەرەبیان لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقدا بۆ کەرکوک هێناو زەوی و زاری کوردیان دابەشکرد بە سەریاندا پشتێنەیەکی عەرەبییان بە دەور کەرکوکدا دروست کرد .. نیازی ئەوەشیان هەبوو، کە بە هەزاران خێزانی دەربەدەری چادرگاکانی عەرەبە فەلەستینییەکان بێنن و لە شوێنی کورد لە پارێزگای کەرکوکدا نیشتەجێیان بکەن و .. نیازیان وابوو،کە کوردلە کەرکوک نەهێڵن و: " ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام بکەن ) .. بەعسییەکان زیاتر لە (٣٠٠) هەزار خێزانی کوردیان بەبێ ماڵ و حاڵ لە پارێزگای کەرکوکدا دەرکرد .. بۆ شارەکانی تری باشووری کوردستان، یا بە زۆر و بە شێوەیەکی زۆر نامرۆییانە رایانگۆاستنەوە بۆ بیابانەکانی خوارووی عێراق.. ئەمەو پشکی شێری ئەنفالی بەدناویش ( جینۆساید ) بەر پارێزگای کەرکوک کەوت .. تا ئێستاش نیوەی کەرکووکییە دەرکراوەکان، لەبەر نەبوونی خانوو و کاولکردنی دێیەکانیان و، نەبوونی خزمەتگوزاری نە گەڕاونەتەوە بۆ کەرکوکی زێدی هەزاران ساڵەی باوباپرانیان .. کەچی شۆڤێنییە عەرەبەکان و هەندێ لە کلکەکانیان، بۆختان و درۆی نابەجێیان بۆ کورد هەڵبەستیوە .. گوایە ئێمەی کورد لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوی کوردستانەوە، کوردێکی زۆرمان هێناون و، لە شاری کەرکوکدا نیشتەجێمان کردوون .. ئەم پڕوپاگەندانە پووچ و بێ بنەمانن و دوور لە راستییەوە .. تا ئێستا بوختانکەران نەیان توانیوە، بە تەنها بەڵگەیەکیش ئەم درۆ و بوختانانەیان بسەلمێنن.. مەبەستیان ناوزڕاندنی ئێمەی کورد و تومەتبار کردنمانە .
من لەسەر کەرکوک و درێژەدان بە بەعەرەبکردنی کەرکوک لە ساڵی (٢٠١٠) و ساڵی (٢٠١١) دا ،چوار نووسینی ترم لە سایتە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکردۆتەوە .. بە پێویسی نازانم هەمان زانیاری دووبارە بکەمەوە و، درێژە بەم نووسینەم بدەم .
سەرەک وەزیرانی ئەمڕۆی عێراق ( نوری مالیکی ) بووە بە میراتگر و بە جێگرەوەی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ سەدام حوسێن .. ئەو پرۆژە شۆڤێنییە گڵاوانەیکە بەعسییەکان فریای تەواکردنیان نەکەوتن .. مالیکی خۆی بە تەواکەرو جێبەجێکەریان دەزانێت و.. ئەمیش ـ تەمەن درێژ نەبێت ـ درێژە بە دیکتاتۆریەت دەدات و، درێژە بە بەعەربکردنی پارێزگای کەرکوک دەدات ..مالیکیش دەیەوێت ئاغا بێت و، کوردش سەپانی بن .. ئەمیش دەیەوێت دەسەڵات قورخ بکات و، تاکڕەوانە حوکمڕانی بکات .. ئەمیش سەدام ئاساییدەیەوێت ببێتە تەنیا سەرۆک ( القائد الأوحد) .. ئەمیش دەڵێ ( من عێراقم و عێراقیش منم ) ..بۆ مانەوەی لە سەرکورسی و لە دەسەڵاتدا، پەنا بۆ هەموو کارێکی نەشیاو دەبات .. لە کاتێکدا عێراقییەکان لە برساندا دەستیان خستۆتە سەر سکیان بە بێداری و نەبوونی ژیان بەسەر دەبەن .. ئەم بە ملیۆنان دیناری عێراقییەکانی خستۆتە خزمەتی پرۆپاگەندەیهەڵبژاردنەوە،بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەمین ببێتەوە بە سەرەک وەزیرانی عێراق .. چونکە هێشتان ماویتی کە زیاتر عێراق کاول بکات و عێراقییەکان برسیتر بکات .. گەندەڵی تا ناقڕگەیمالیکی هاتووە، خزمەتگوزاری و دابین کردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی عێراقییەکان ( ئاو ، نان ، کارەبا، تەندروستی، ئاوەدانی ) لە سایەی دەسەڵاتی مالیکیدا هیچن ( سفرن).. عێراق خوێنی لێ دەڕژێ و، سەقامگیری و ئارامی نییە و، ناتوانێت قەزایەی وەکو (فەلوجە ) و ( قەرەتپە) یا ناحیەیەکی وەک ناحیەی (سلیمان بەگ) لە تیرۆریستان بپارێزیت .. دەیەوێت ( شەڕی کورد و عەرەب ) بنێیتەوە، وەکو سەرۆک عەشیرەتێکی کۆنەپەرست داوای( خوێن بە خوێن ) دەکات .. ئەم عەقلیەتە دواکەوتووەی و، ئەم قسەیەیکە گوزارشتە لە رەگەزپەرستیی و لە ناخیبۆگەنی مالیکی،پەڵەیەکی زەق و قێزەوەنە بە نێوچەوانییەوە و هەرگیز لێی نابێتەوە.
مالیکی لەسەر داخوازی عەرەبە شۆڤێنەکان و، بۆ مەرامێکی سیاسی و هەڵبژاردن، دەیەوێت دەنگی عەرەبە هاوردەکانی شاری کەرکوک بەدەست بهێنێت و، درێژە بە بەعەرەبکردنی کەرکوک بدات و، دژایەتی کورد بکات، ئەو مەرامە گڵاوەشی بهێنێتەدی کە شەڕ و ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا دروست بکات .. چونکە ئەو لە ئاوی لێڵدا مەلەدەکات و، ئارامی و سەقامگیری و تەبایی لە بەرژەوەندی خۆیدا نازانێت .
بە پێی ئەو لێدوانەی کە ئەندامی یاسایی ئەنجوومەنی کەرکوک ( کامەران کەرکوکی )بۆ ( کەرکوک ناو ) دەری بڕی .. نوری مالیکی داوایەکی فەرمی ئاراستەی ئیدارەی کەرکوک کردووە .. داوای کردووە،کە هەر خێزانک، مەبەستی نوری مالیکیش لەم داوایەیدا ( خیزانە عەرەبەهاوردووکان )ە، کە لە ساڵی( ١٩٦٣) وە تا ئەم ساڵ بۆ بە عەربکردنی کەرکوک هێنران، هەر خێزانێکی عەرەب، ماوەی ( ١٠)ساڵ لەکەرکوکدا مابێتەوە، بە خەڵکی پارێزگایکەرکوک دادەنرێ .. بە پێی ئەم داوایەی مالیکی زیاتر لە ( ١٥٠) هەزار خێزانی عەرەبی هاوردەدەبنە خەڵکی پارێزگای کەرکوک و ناوەکانیان لە پارزگاکانی خۆیانەوە دەگوازریتەوە بۆ تۆمارەکانی لە دایکبووانی کەرکوک .. ئەگەر هەر خێزانێکی عەرەبی هاوردە لە (٤) کەس پێکهاتبن، واتە (٦٠٠) هەزار عەرەبی هاواردە بە خەڵکی کەرکوک دادەنرێن .. نوری مالیکی ئەوەش باش دەزانێت کە ئەم داوایەی بە پێچەوانەی مادەی ( ١٤٠) وەیە و، پێشێلکردنی دەستوورە و، داوایەکی نایاسایی تاکڕەوانەیە و، هێڵی سوورە بۆ دا یشتوانی رەسەنی کەرکوک .. مالیکی مافیداواکردن و بڕیارێکی لەم شێوەی نییە، کە دیمۆگرافیای نەتەوەیی پارێزگایەک بگۆڕێت کە کێشەی لەسەرە .. مالیکی بڕواشی بە مادەی ( ١٤٠) و، بە دەستوریش نییەو، تا ئێستاش رێگرە لە جێبەجێکردنی ئەم مادە دەستوورییە .. ئەو کەی گوێی بە دەستور و بە یاسا و بە رێکەوتنامەی نیشتیمایش داوە ..مالیکی خۆی بە جەنتڵمان و سەرووی یاسا و دەستوورەوە دەزانێت .
ئەم داوایەی ماليکی درێژەدانە بە بەعەرەبکردنی کەرکوک و، موزایەدەیەکی سیاسییە و، بۆ مەرامی هەڵبژاردن و دەسکەوتی دەنگی عەرەبە هاوردەکانە لە لایەکەوە .. لە لایەکی کەشەوە دژایەتی کردنی گەلی کوردمانە .
کورد دوای جێبەجێکردنی قۆناغی سێیەمی مادەی ( ١٤٠) کە قۆناغی ( راپرسی ) یە و چارەنووسی کەرکوک یەکلایی دەکاتەوە .. ئەوسا کورد لاریئەوەی نییە، گەر عەرەبە هاوردەکان، نەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و، لە کەرکوکدا بمێنەوە .. بە پێی مادەی ( ١٤٠) لە ئیێستادا ئەو عەرەبە هاوردانە مافی ئەوەیان نییە کە لە پارێزگای کەرکوکدا دەنگ بدەن .. بەڵام وا (٩)ساڵ تێپەڕی، بەڵام تا ئێستا نیوەی قۆناغی یەکەمی مادەی (١٤٠) جێبەجێ نەکراوە، بەدڵنیاییەوە نە مالیکی و نە ئەوەی دوای مالیکیش جێبەجێی ناکات، هەموو کوردیکیش سوور ئەم راستییە دەزانێت .. چونکە نە سەرانی شیعە و نە سونە پێبەندی دەستوور نەبوونە و ناشبن ..تا ئێستاش دیموکراتی و ئازادی لە عێراقدا توێڵن و ناویان نییە .. هیچ لایەکی عێراقی لە دڵەوە بڕوایان بە هاوبەشیی نیشتمانی و هەر هەر لایەنێک دەیەوێت سەرچۆپی تەنها بۆ خۆی بێت.. سەرکردەکانی کوردمان باش ئەوە دەزانن کە تێکەوتوون و هەڵخەڵەتاون .. بە داخەوە سەرکردەکانی کوردمان تا ئەمڕۆش گەمەکەرێکی باشی سیاسی نین، تا ئەمڕۆش پەند و وانەیان لە هۆیەکانی شکستی و لە نەهامەتییەکانی رابردووی گەلەکەمان وەرنەگرتوون .. خۆشبڕوان و زوو دەخەڵەتێنرێن .. هەمان هەڵە و هەمان شکستی دووبارە و سێ بارە بوونەتەوە .. نا حەزانی گەلەکەشمان ئەم خاڵە لاوازەی سەرکردەکانی کوردیان قۆزتۆتەوە .. خاڵێکی تری لاوازیشمان، ململانێی بێ مانای نێوان حیزبە کوردییەکانمانە.. نەبوونی یەکڕیزی و یەک وتاری سیاسی و نەتەوەیی کوردیمانە .. تا ئەمڕۆش نەمانتوانیوە ناوماڵی کورد رێکبخەین و، ستراتیجییەتێکی نەتەوەیی تۆکمە دابرێژین .. ئەم ناڕێکی و هەڵانەشمان زیانێکی زۆری بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد گەیاندووە .. بە تایبەتیش ململانێی قەوزەکردووی نێوان هەردو پارتی دەسەڵاتدار لە شاری کەرکوکدا .. کە لە ئەنجامی نەسازان و ململانێ لەسەر کورسی و باڵادەستی زیانێکی زۆریان بە کێشەی کەرکوک و بە ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستان گەیاندووە .ترسی ئەوەمان کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا،ئەو ناکۆکییانە رەنگدانەوەیەکی خراپ و نێگەتیڤیان ببێت و شکستییەکی زیاتر بێنن .. چونکە خەڵکی کەرکوک لەم ململانێ و شەڕی ساردە بێزاربوونە .. چونکە بە پلەی یەکەم ئەمانن بوونەتە قوربانی و باجی ئەو ململانێیە دەدەنەوە .. سەرکردەکانیش تا ئێستا لێی بێدەنگن و نایەنە سەر هێڵ .. هەموو ئەم خاڵە نێگەتیڤانە بە زیانی کورد و .. بە سوودی نا حەزان و نەیارانی کورد ددشکێنەوە .. بۆیە تا کار لە کار نەترازاوە .. پێویستە پارتی و یەکێتی بە خۆیاندا بچنەوە .. ئەگەر راستدەکەن بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان، لە سەرووی پلە و پایە و دەسکەوت و بەرژەوەندیی حیزبەکانیانەوەیە .. با ناکۆکییەکانیان بە لاوە بنێن .. ئەگەر راستیشە هەموو کوردین و برای یەکترین .. بۆ شوورەییە گەر پێکەوە دابنیشن و خاڵە ناکۆکییەکانتان تاوتوێ بکەن و ڕێ بکەون .. بەڵام ئەگەر ئەم دانشتنانەتان هیچی لێ نەیەتە بەرهەم .. تەنها بریتی بێت لە لۆمە ا لە تاوانبارکردنی یەکتری،بڕوا و متمانە بە یەکتری نەکەن .. سووربوون لە سەر هەڵەکانتان و رێنەکەوتن .. بێگومان هیچ و سەرکەوتنێک لە دا یشتنەکانتان ناکەویتەوە و،لەوانەیە باردۆخەخراپتر بێت وناکۆکییەکانتان قووڵتر ببنەوە و، کۆنترۆڵ نەکرێن،کارەساتی نەخوازراویشیان لێ بکەونەوە .. هەمووشتان ئەم راستییانە باش دەزانن .
هیوادارم، وریابین و رێ نەدەین،کە هیچ درزێکبکەوێتە ریزی گەلەکەمانەوە .. با بەرژەوەندیەباڵاکانی کورد و کوردستانلە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانمانەوە بن .. با دروشمان برایەتی و سۆز و خۆشەویستی و تەبایی بێت..با یەکێتی و یەکڕیزیمان بپارێزین .. با لە رووی ناحەزان و نەیارانی کورد و کوردستاندا یەکڕەنگو یەکدەنگ بین .. با دڵ گەورە و لێبووردە بین .. با دست بخەینە ناودەستبەڵین و پەیمان بدەین .. با بە وشەی لە گوڵ ناسکتر لەگەڵ یەکتریدا بدوێێن .. با .. با .. با ئەم بایانە، ببنە پێوەری دڵسۆزی و کوردستان پەروەریمان .
7/4/2014