مهسعود فهتحی
دووی رەشەمە رۆژی جیهانی زمانی زگماکیە و وەک هەمیشەیش حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی راگەیاندراویک ئەم ڕۆژەیان پیرۆز کرد و هاوکات باسیان لەوە کرد کە پیوسیتە نەتەوەکانی ئیران، بە تایبەت نەتەوەی کورد مافی خوێندن بە زمانی زگماکی خۆیان هەبێ.
ئەوەی راستی بێ ئەمە کەمترین کاری مومکینە لەم پەیوەندیەدا کە حیزبەکانی کوردستان هەموو ساڵێک بە ناوی ئەرکی نەتەوەیی دەیکەن، کە تەنانەت ڕۆژنامەنووسێکیش ئەو کارەی بۆ دەکرێ، پێوستە کورد بە پانتایی جوغرافیای کوردستان خەبات بکا بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە هێزێکی کاریگەر و فاکتەرێکی گرینگ لە ناوچە و جیهان و له هەرکام لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیر کردوە ، بەلام بەداخەوە ئەو ئاواتە لە مێژینەی گەلی کورد لە لایەن بزووتنەوە ی کوردەوە بایهخی پێویستی پێنهدراوه و وادیارە لە سەردەمی راگەیاندنیشدا بزووتنەوەی کورد ناتوانی یەکگرتووییەکی نەتەوەیی دروست بکا، یان پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو پیک بێنێ بە مەبەستی لێک نزیکبوونەوە و یەکانگیرکردنی بزاڤی نەتەوەکەمان، بە تایبەت لە مەڕ پرسگەلێکی لەم چەشنە کە پیوەندی بە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە هەیە، واتە لە بۆنەگەلێکی بەم جورەدا دەکرا کوردەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان وێرای دروستکردنی هاوئاهەنگیەکی نەتەوەیی، کوردهکانی ناوخۆ و دەرەوەی ولاتیان هێناباتە سەرشەقام وسەرنجی جیهانیان بۆ لای دۆزی ڕەوای گەلەکەمان راکێشابا یان بۆ وێنە ئەگەر لە ڕۆژی جیهانی رێزگرتن لە زمان زگماکیدا حیزب و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کورد بە نووسینی نامەیەک بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەم ڕۆژە، وەبیری سەرۆک و ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان خستبایهوه کە گەلی فهلستین دوایین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهان نیە و ئەوە گەلی کوردە کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە کە سەرەڕای ئەوەی داواکاریەکانیشی لە چوارچێوەی جاڕنامەی گەردونی مافهکانی مرۆڤ دایە، بەڵام هەمیشە مافە ڕەواکانی ئەم گەلە دەبنە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی زڵهێزانی جیهانی و ناوچەیی ، هەرلە بنەڕەتیشدا پیویستە کورد وەک نەتەوەیەکی ستەم لێکراو به شێوهیهکی بهردهوام قسهکانی خۆی ئاراستهی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بکا. بەداخەوە هەر وەک ئاماژەی پێدرا گەلی کورد هەتا ئێستا نەیتوانیوە خەباتی رەوای خۆی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا لێک نزیک بکاتەوە و ئەم ئەرکە هەر لە ئێستاوە بە نهوهکانی داهاتووی کورد سپێردراوە، هەر بۆیەش دەمهەوێ بە بۆنهی رۆژی جیهانی زمانی زگماکییهوه به کورتی ئاماژە بە پێویستی ئهنجامدانی چالاکی هاوبهشی حیزبەکانی رۆژههڵات بکەم.
پێوەندی گرتن بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە چەندین سۆنگهیهکهوه پڕبایهخه:
١. پرستیژێکی سەردەمیانە بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی دیموکراتیکی گەلەکەمان دهدا و ههروهها بەو چلاکیانە کورد سەرەکیترین مەرجەعی پیوەندیدار بە پرسی نەتەوەکانی جیهان واته نهتهوه یهکگرتوهکان بە سەردەکاتەوە ،هاوکات دەتوانێ هەنگاوێکی جددی بێ بۆ زیاتر بە جیهانی کردنی پرسی کورد.
٢. کۆماری ئیسلامی چ لە نیو خۆی ولات و چ لە ئاستی نیونەتەوەییدا لە گەل قەیرانی جددی بەرەوڕوو بۆتەوە و سەرهەڵدانەکانی دوای ههڵبژاردنی خوڵی دهیهمی سهرۆککۆماری و کونفرانسەکانی ستکۆکهۆڵم و ئالمان و… ئاماژە بەوە دەدەن کە پرسی دروستبوونی ئاڵتێرناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی جددیتر لە هەمیشەیە، هەربۆیەش کورد دەبی ئامادەیی تەواوی له کاتی گۆڕانکارییهکان هەبێ ، چوونکه پێدەچێ شێئۆنیزمی فارس و بەگشتی ناوەند گەراکانی ئێرانی مل بە مافی نەتەوایەتی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد نەدەن، بەڵام لە ئەگەری وشیاری کورد دا بە سێ هۆکاری سەرەکی جارێکی دیکە ناتوانن بە هێرشی نیزامی کوردستان داگیر بکەن. ئهلف) ئیشتا سەردەمی راگهیاندنه و شەڕ دەتوانێ سەرنجی جیهان بۆ لای پرسی کورد راکێشێ، بەلام لە شەڕی سێ مانگە و هەتا دواییش ، شەڕی کوردستان کەوتە پەراوێزی شەڕی نێوان ئێران و عێراق. ب) شەڕی سالەکانی ٥٧ شەڕێک بوو کە رۆڵی ئیدئولوژی ئیسلامی بە دژی گەلی کورد لهودا کاریگهر بوو، له حاڵێکدا ئیدی هیچ فهتوایهک ناتوانێ گهنجانی سپی پۆش له ئیسفههان و شیرازهوه بهرهو کوردستان رهوانه بکا. ج) شەڕ لە دنیای ئەمڕۆدا کردەوەیەکی دزێوە و لە گەڵ گۆتاری هەنووکەی جیهان واتە گۆتاری دێموکراسی و مافی مرۆڤدا ناگونجێ و لە ئەگەری هاتنە ئارای شەڕێکی نەخوازراودا کورد دەتوانێ بۆ پێشگرتن لە کارەساتگەلێکی مرۆیی وەک ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی پاش سەرکەوتنی شٶڕشی گەلانئ ئێران لە هێرش بۆ سەر کوردستان کردی داوای هاریکاری له کۆمەڵگای جیهانی بکا، هەر بۆیە هاوپێی رووداوکانی ئێران کورد دەبی کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەت نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئاست پرسی رەوای خۆیدا هەستیارتر بکا.
٣.دەلاقەیەک بۆ کاری هاوبەشی حیزبەکانی کوردستان دەکاتەوە، سالانێکە پێویستی گەورەی بزووتنەوەی کورد پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی یان ههبوونی پلاتفۆرمێکی یەکگرتووە ، ئەمەش لە لایەن میدیا و راگەیاندنە حیزبیەکانەوە بەردەوام دێتە بەر باس، بەلام بە داخەوە بیرۆکەی تەسکی حیزبایەتی و پاراستنی بەرژەوەندی حیزب و تاکهکهسهکان و… هەتا ئێستا نەیانهێشتووە لەم پەیوەندیەدا هەنگاوی بەکردەوە هەڵبگیرێ و ئەم پێویستیە تەنیا لە ئاستی پڕووپاگەندەی حیزبیدا ماوەتەوە کە ئەمەش ڕاستەوخۆ تهمرینی دێموکراسی و دێمۆکراتیزە بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستانی خستۆته ژێر پرسیار و یەک لە ئاکامەکانیشی ئەوەیە کە فاکتەری کورد لە لای ناوەند گەراکانی ئێرانی قورسایی خۆی نەماوە، چونکه هەرکام لە لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی بهشێک لە خەلکی کوردستانیان لە گەڵە و ئەگەر ئەم رەوتە هەر بەردەوام بێ ئەوا لە داهاتووش دا بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان لە گەڵ گرفتی جددیتر بەرەوڕوو دەبێتەوە. مرۆڤ لە خۆی دەپرسێ داخوا ئەمانە چۆن لە کۆمەڵگهیەکی فرەچەشندا له گهل یهکتر بەرەوڕوو دەبنەوە؟ هەر بۆیە لە ئێستاوە ئەزموونی کاری هاوبەش پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە.
٤.کارگەلێکی لەم چەشنە لە بۆنەگەلی نیونەتەوەییدا چاوەروانی حیزبەکان دەباتە خانەی چاوەروانی چالاکەوە ،سالانێکە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆکاری تایبەتی وەکوو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان یان پەرەدان بە خەباتی مەدەنی و کەمکردنەوەی خەباتی چەکداری وهتد، لە خهوێکی گران و له بێ چالاکییهکی تهواودا نووقم بوونه واتە لە باشووری کوردستان چاوهروانی بووهته ئیستراتژی و چارهنووسیان.
ئەوەی هەتا ئێستا ڕێگر بووە لە بەردەم کاری هاوبەشی حیزبەکان، ناکۆکی حیزبی و کێشەگەلێکن کە کاتی خۆی تەنیا بەشێک لە کێشەی نێوخۆیی حێزبێک یان دوو حیزب بوون!
کەچی هەتا ئێستا حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان نەک هەر نەیانتوانیوە ناکۆکیەکانیان بێننە سەرمێزی گفتوگۆ، بەڵکوو بەردەوام خاڵە لاوازەکانی یەکتری زەق دەکەنەوە و بەم جۆرەش خەریکی خوارووخێچ کردنی لایەنهکهی دیکهن و ئەمەش خەڵکی کوردستانی هەتا رادەیەکی زۆر دڵسارد و بێ هیوا کردوە، هاوکات بەشداری جیا جیا و دابڕاوی حیزبەکان لە کۆبوونە و کۆنفرانسەکانی دەرەوەی ولات لە گەڵ لایەنە ئێرانیەکان ئەو لاوازییانەی بهرجهستهتر کردوه، هەربۆیە ئەوەی لەم ساڵانەدا لە گەل ناوەندگەراکانی ئێرانی کردوویانە نەک سیاسەتی ئێقناع و پێکەوەههڵکردن نهبووه، بەڵکوو زۆرتر لە پێڕەو کردنی سیاسەتی پاڕانەوە دەچێ، بۆ وێنە دیاریکردنی مافی چارەنووس (ئەوەی حیزبە کوردیەکان لە بیریان کردوە)لە سەرەکیترین مافەکانی هەر نەتەوەیەکە و بنەمای دێمۆکراتیزە کردنی هەر ولاتێکی فرەنەتەوەیە، دیاره حیزبهکانی رۆژههڵات له دانیشنهکانی خۆیان له گهڵ ئۆپۆزیسیۆنی ناوهند، ههوڵیان نهداوه مافی دیاریکردنی چارەنووس بکهنه هێڵی سووری گهڵی کورد.
ئهوه له حاڵێکدایه جیهانی ئەمڕۆکە دهرگای لە ئازادی نەتەوەکان کردۆتەوە ، بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە تیمووری ڕۆژهەلات ، کۆزۆڤۆ، باشووری سودان و… بکەین،
پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەلات لە ناوخۆی کودرستاندا هەوڵ بدەن دەسەلاتی کوردی پێکبێنن نەک لە گەڵ لایەنەکانی دیکە مامەڵەی دەسەلات بکەن و لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانیش وەکوو نەتەوە واتە پێکەوە بچنە نیو هاوکێشە سیاسیەکانی ئێران و جیهان .
گەلی کورد دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ لایەنەکانی داگیرکەردا بکات، بە واتایەکی دیکە، پێویستە کورد پێشتر ههر هەنگاوێکی چل جار پێوابێ.
.