ڕێناس جاف
مێژووی مرۆڤایه‌تی به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی، گه‌لێک کاره‌سات و ڕووداوی دڵهه‌ژێن و تاڵی به‌خۆوه بینیوه.په‌ڕتووک و کتێبه مێژووییه‌کان ئه‌مه‌مان پێ ده‌ڵێن .به‌ڵام مهرگهبارانهکهی "هه‌ڵه‌بجه" ،یه‌کێکه له تاڵترین مه‌رگه‌ساته‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی و په‌ڵه‌یه‌کی بۆر و هه‌ره ڕه‌شه به‌نێوچاوانی ڕژێمی له‌ناوچووی به‌عسی سه‌ددامه‌وه و ئه‌و تاوانه دژه مرۆییه بۆ هه‌میشه‌ی دیرۆک نه‌خشی سه‌ر ڕووپه‌ڕی کتێبی مێژوو ده‌مێنێته‌وه.ڕۆژی 16ی سێی ساڵی 1988ی زایینی بێگومان یه‌کێکه له ڕۆژه هه‌ره ڕه‌شه‌کان بۆ گه‌لی کورد و بگره یه‌ک له دڵته‌زێنترین مه‌رگه‌ساته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌میش تێیدا ڕووی دا. به‌و ڕۆژه ڕه‌شه ڕژێمی ناپاکی به‌عس به 50 فڕۆکه‌ی جه‌نگیی و 4 بۆمبی 500 کیلۆییه‌وه شاری "هه‌ڵه‌بجه"ی کیمیاباران کرد و بارانی مه‌رگی به‌سه‌ر مرۆ و دار و به‌ردی ده‌ڤه‌ره‌که‌ی شاره‌زووردا داباراند که هه‌ر ده‌ستبه‌جێ پتر له 5هه‌زار مرۆی بێ تاوان به‌ده‌م بۆمبه کوشنده‌کانی سه‌رده‌مه‌وه په‌ڕی گیانیان هه‌ڵوه‌ری و به هه‌زارانیش بریندار بوون که هێشتا پاش تێپه‌ڕینی 25ساڵان، به‌رکه‌وتووانی چه‌که کیمیاییه‌کان به ده‌س ئازاره‌کانی ئه‌و چه‌شنه چه‌کانه‌وه ناڵانن و هه‌ر ساڵه و ده‌یان که‌سی تر ده‌چنه ڕیزی کاروانی شه‌هیدانی مهرگهبارانهکهی هه‌ڵه‌بجه‌وه. به درێژایی ئه‌م هه‌موو ساڵانه ،زۆر یاد و یاده‌وه‌ریی و یادگارم لا دروست بووه و گه‌ر کۆیان بکه‌مه‌وه،بۆ خۆ هه‌گبه و توێشهبهرهیهکی ڕه‌نگاڵه‌یی ده‌بن. یه‌ک له‌و یاده‌وه‌رییانه قه‌ت له بیر ناکرێ،ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1367ی هه‌تاوی (1988ی زایینی)له هۆڵی "عه‌للامه ئه‌مینی" زانکۆی تاران‌دا که نه‌مر "هه‌ژاری موکریانیی" تێدا به‌شدار بوو. هه‌ژار،له‌حاڵێکدا چه‌ند که‌سێک بن باڵیان گرتبوو ،تا بچێته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و به‌رده‌م کورسیی ئاخاوتن،له کورته لێدوانێکدا زۆر به توندیی ڕه‌خنه‌ی گرت له ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌و ده‌می جیهان و که‌مته‌رخه‌میی به‌رامبه‌ر کاره‌ساته‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی دایه به‌ر پلار و تیر و توانج .مێدیا و ده‌سته‌ڵاتی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌سه‌ر "سه‌لمان ڕوشدی" به ناوی به‌رگریی و داکۆکیی له مافی مرۆڤ هه‌رایه‌کی زۆری خستبووه ڕێ و چاوت له هه‌ر که‌ناڵ و گۆڤار و بڵاڤۆکێکی ئه‌و وه‌ختی جیهان ده‌کرد،باس،هه‌ر باسی "سه‌لمان ڕوشدی" بوو که‌چی هه‌ر به‌و ساڵانه ڕژێمی دوور له ویژدانی مرۆیی سه‌ددام به چه‌کی قه‌ده‌غه‌ی کیمیایی شاری هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌ی شاره‌زووری کیمیاباران کرد و به‌هه‌زاران که‌س له‌و ڕووداوه دژه مرۆییه‌دا بوونه قوربانی که‌چی زۆربه‌ی جیهانی ڕۆژاوا به‌رامبه‌ر به‌و مه‌رگه‌ساته کپ و قڕ و بێده‌نگ مایه‌وه ؛بۆیه مامۆستا "هه‌ژار " به زمانێکی ئاوێته به ته‌وس و زۆر توند و زبر ده‌سته‌ڵاتدارانی جیهانی دایه به‌ر گله و گازنده و ڕه‌خنه و وتی: "جێی داخ و که‌سه‌ره پتر له 5 هه‌زار مرۆ ده‌بنه قوربانیی چه‌کی قه‌ده‌غه و که‌س لا له‌م کاره‌ساته ناکاته‌وه که‌چی له‌و لاوه کابرایه‌کی ... وه‌ک "سه‌لمان ڕوشدی" که تا دوێنێ که‌س نه‌یده‌ناسی ،ئه‌وه‌نده زه‌ق ده‌کرێته‌وه و مانۆڕ و پڕۆپاگه‌نده‌ی له‌سه‌ر ده‌درێ و ده‌کرێ".ئه‌وه ڕاستییه‌کی تاڵی ئه‌و ده‌مانه بوو که تازه حه‌وته‌یه‌ک پاش کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه،ڕۆژی 23ی مارسی 1988،په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی "گاردییه‌ن"ی به‌ریتانیایی په‌رده‌ی له‌و تاوانه دژه مرۆییه لادا و ڕاستییه تاڵه‌کانی ئه‌و ڕووداوه‌ی بۆ جیهان گوێزته‌وه.هه‌نووکه و له‌حاڵێکدا یادی 26 ساڵه‌ی کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ینه‌وه که ڕژێمی خوێنمژی به‌عس له‌ناوچووه و گورگه‌که‌ی سه‌به‌بکار ،دیکتاتۆری ڕژێمی ناپاکی به‌عس، سه‌ددامی عه‌فله‌قی له سێداره دراوه و جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه ئۆخژنێکی هاتۆتێ و بڕێک له ئێش و ئازار و ژانی ئه‌و کاره‌ساته ساڕ‌ێژ بووه به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایه ساڕ‌ێژ نابێت و له‌بیر ناکرێ ،زامی سه‌ر دڵی یادگاره‌کانی ئه‌م کاره‌ساته و یادکردنه‌وه‌ی ڕۆژی 16ی سێی ساڵی 1988ی زایینییه. په‌ند و وانه‌یه‌کی ئه‌م کاره‌ساته بۆ مێژوو و به‌ره‌ی مرۆیی ئه‌وه‌یه که هیچ دیکتاتۆر و خوێنمژ و جه‌للادێک تا سه‌ر نامێنێته‌وه و ڕۆژێک زه‌واڵی ده‌گات و ئه‌و ڕۆژه‌یه که مێژوو هه‌موو ئه‌و تاوانکارییانه‌ی به‌چاودا ده‌داته‌وه.هه‌روه‌ک سه‌ددامی دیکتاتۆر به ڕهزیلانهترین شێواز و به‌سیمایه‌کی پۆخڵ و گه‌مژانه و ناپاک له کونهگورگێکهوه سه‌ری ده‌رهێنا و فرهیشی پێ نه‌چوو به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو تاوانکارییه،دادگه‌یی و پاشانیش له سێداره درا. به‌خته‌وه‌رانه هه‌ر به‌م ڕۆژانه بڕیاری به پارێزگاکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ش له لایه‌ن حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌رچوو و مۆرکی ئه‌رێی به‌سه‌ردا نرا تا به‌شکو به‌شێک له ئازاری هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان بڕه‌وێته‌وه و سیمای ئه‌و ناوه‌ش ئاوه‌دانییه‌که‌ی جاران به‌خۆوه ببینێته‌وه.
داربه‌ڕوو
ڕۆژێک ته‌نیا
ڕێبواری ڕێگای سووتان بووم،
مه‌لێکی ڕه‌نجه‌ڕۆی شاخ و به‌ندی ده‌واری گریان بووم.
ڕێگام بڕی، که‌لار گه‌ڕام،
گۆپکه‌ی ده‌رکرد
زاری هۆنراوه‌ی به‌ستراوم،
هاته به‌رهه‌م چڵی دره‌ختی تاساوم.
زۆر شتم دی،ده‌مێک ڕامام،
به‌ڵام به‌ژنی لاوازی
داربه‌ڕووی لاپاڵێکی نیشتمانم که‌وته به‌رچاو.
بێ پێشه‌کی خۆم تێکه‌ڵ کرد
به لق لقی به‌ساڵاچووی
ئه‌و شاداره،
پڕ ئازاره،
دڵ نازاره.
سه‌وزه گه‌ڵای فرمێسکی ڕشت،
خۆم ڕانه‌گرت،پرسیارم کرد:
ئه‌رێ هۆ مه‌شخه‌ڵی بریان،
سه‌رچاوه‌که‌ی سۆزی کوێستان،
کام ته‌وری دژ، چاوی تاوان
بۆتی هانی به‌رگی خه‌زان؟!
داربه‌ڕوو وا هاته وه‌ڵام:
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی
هه‌واری سووتان و گریان،
خاک و خۆڵی گوند به گوند
و
شار به شاری نیشتمانی به‌رده‌باران،
بوو به کێڵگه و گڵکۆی یاران.
په‌ڕم نه‌ما، سووتام،برژام
بۆیه وه‌ها کز ئه‌نوێنێ،
لق و باڵام، لق و باڵام.
سه‌رنجێک: ئه‌م هۆنراوه به‌رهه‌می گه‌لێک ساڵان له‌مه‌وپێشه که به‌دیار مه‌زاری کۆرپه‌له‌یه‌کی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌وه نووسراوه.
25ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 2713