مستەفا شێخە
قەسەم بەهەر هەموو پیتەکانی دە”قەسەم”ێ هەرچی شتی سەر رووی ئەم دنیا بێوەفایەیە لە ئینترنێت خۆشتر نییە. ئەرێ پرسیار عەیب نەبێت، دەزانن ئینترنێت چییە؟ ئینترنێت هیچ، ئەرێ دەزانن کامپیوتێر چییە؟
هیچ بەم پرسیارەی من پێمەکەنن و جڕتێکم بۆ رامەهێڵن و مەڵێن سەڵا لە نەزانیت. منیش وەک ئێوە دەزانم ماڵێک لانیکەم کامپیوتێرێکی تێدایە و کەس نییە لە مانا و ئەرکی پیرۆزی وشەکانی “ستارت” و “شات داون” و “ئۆکەی” و “کەنتنیوو” و “سێتاپ” تێنەگات، بەڵام دەڵێم کامپیوتێر تراکتۆرە و جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان کامپیوتێر و تراکتۆردا نابینم و هەدووکیشیان جۆکەرن. تراکتۆر جۆرێک جۆکەرە و کامپیوتێر جۆرێکی “دیکە”.
بۆ شیکردنەوەی پاشگری “دیکە”، فیزماڵێکی کورتی دەدەمێ و بۆ چەند چرکەیەک لەم بابەتی کامپیوتێرە دوور دەکەومەوە. وشە یان پاشگری “دیکە” لە ناوچەی موکریاندا پاشگری “تر” جێگەی دەگرێتەوە. من کە لە ترسنۆکیدا رەنگە لە لای دواوەی ترسنۆکەکانەوە یەکەم کەس بم، دەترسم ئەم “تر”ە تووشی کێشەم بکات. هەر لەبەر ئەمەش لە جیاتی پاشگری”تر” پاشگری دیکە دادەنێم. دەترسم ئەم پیتی “ر”ێیەی کۆتایی پاشگری “تر” پەندێکم بەسەربهێنێت. ئەگەر خوای نەخواستە ئەم پەنجە لەرزۆکانەم لە کاتی تایپکردنی پیتی “ر”ی پاشگری “تر”دا، بکەونە سەر شیفتی کیبۆردەکە و ترم لێ ببێت بە تڕ، ئەوا کارەساتێکی چاوەڕوان نەکراو روودەدات.
ئەگەر پیاوێکیترم لێ ببێتە پیاوێکیتڕ، سیاسەتمەدارێکیترم لێ ببێتە سیاسەتمەدارێکیتڕ، هونەرمەندێکیترم لێ ببێتە هونەرمەندێکیتڕ، باڵا بەرزێکی ترم لێ ببێت بە باڵا بەرزێکیتڕ و لە هەمووی خراپتر ئەو دێڕە شیعرە هەر حەیا و ئابڕووم پێوە ناهێڵێت کە دەڵێت: ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکیتر/ کەوا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکیتر. هیوادارم ئەم سەروای شیعرەم لێ نەبێت بە تڕ.
با بگەڕێینەوە سەر بەزمی کامپیوتێر و تراکتۆرەکە. هەم تراکتۆر و هەم کامپیوتێر بە پێی ئەو ئامێرانەی وەک پاشکۆ پێیانەوە دەبەسترێتەوە، کاری جیاجیا ئەنجام دەدەن. دەکرێ بە بەستنەوەی سێگاسنە و بیرهەڵکەن و جەنجەڕ و کڵۆشکوت و ئاوهەڵکێش و ترێل و شتی “دیکەی” لەم بابەتە، کاری جیاجیا بە تراکتۆر ئەنجام بدەی. بۆ کامپیوتێریش هەر بەم جۆرەیە. دەکرێت بە بەستنەوەی ئامێرە پاشکۆکانی وەک چاپکەر و وێنەگر و بڵاوکەرەوەی دەنگ و شتی لەم بابەتە کاری جیاواز بە کامپیوتێر بکەی. بەڵام ئەو کاتەی کامپیوتێر بە هێڵی ئینترنێتەوە دەبەسترێتەوە، کامپیوتێرەکە دەبێتە پاشکۆ و بەکاربەری کامپیوتێرەکەش دەبێتە پاشکۆی کامپیوتێرەکە. جا لێرەدا سەربەخۆیی تراکتۆر دەردەکەوێت کە هەرگیز رازی نابێت ببێت بە پاشکۆ. خاک بەسەری من و تۆ کە لەمەودوا پاشکۆی پاشکۆیانین!
پاشکۆی پاشکۆکە کە دەکاتە من و تۆی بەکاربەری کامپیوتێر، هێندێک کات ئینترنێت هەڵماندەلووشێت و واش هەڵدەکەوێت ئەوەندە ترسنۆک و بێقیمەتمان دەکات لەوە دەترسین بە ناوی خۆمانەوە بدوێین.
بەر لە دەرکەوتنی ئەم ئینترنێتە بێتامە، زۆر جار وشەی “بۆچوون”م بیستبوو، بەڵام ئەم وشەی “بۆچوون”ە دوای زاڵبوونی ئینترنێت لە بیر چوویەوە و شتێکی دیکە جێگەی گرتەوە. هەر کەسێک وەک من نەخوێندەوار و کۆڵەوار بێت، هەر بە دەردی من دەچێت. ئەگەر وشەیەکی بیانیی بیست، ناچارە دەیان جار گوێی بۆ شل بکات و بە هۆی خێرا خێرا دووپات کردنەوەی، هەوڵ بدات وشە تازە بیستراوەکە بە ڕەوانی بڵێتەوە. ئەم کامێنتەی خۆمان کە دوایی بە درەنگەوە زانیم هەمان “بۆچوون”ە گۆرینەکەیە، ناچاری کردم دەیان جار لەبەر خۆمەوە بیڵێمەوە. هەندێک کەس دەیانگوت “کۆمێنت” و هێندێکی دیکە “کامێنت”یان خۆشتر کاوێژ دەکردەوە. نەمدەوێرا داوا لە هاوڕێ ئینگلیزیزانەکەم بکەم، تێم بگەیەنێت ئەم کامێنتە چیە کەوا بەم کۆڵانانەی ئینترنێتدا خۆی بە مێشکی ئێمە داکردووە. ئەم برادەرە بەڕێزەی من زۆر بەفیزە، کاتێ پرسیاری لێدەکەی دەڵێی ناو گەڵی دەکێشی. (بۆیە شتەکەی دیکە ناڵێم، چونکە باوەڕی قووڵم بە یەکسانیی ژن و پیاوە ) کاتێک ئەم بەڕێزە وڵامیشت دەداتەوە، ئەوەندە فیز و ئیفادەت بەسەردا لێدەدات، دەڵێی لە بەردەم خوێندکارانی فەلسەفەی زانکۆ بەزیادەوە و لە دەرەوەی کاتی وانەکاندا ئەم بەشەی وانەی رابردووت بۆ دەڵێتەوە کە رەنگە گەوجترین فێرخواز زۆر بە خێرایی وەریبگرێت. ئێستێ سوور سوور دەزانم کامێنتە حیزەکە هەمان بۆچوونەکەی خۆمانە، بەڵام هەر خوایان یەکە.
هەموومان دەزانین جاری جاران خاوەن بۆچوونەکان چۆناوچۆن بۆچوونەکانیان دەردەبڕی. بەڵام زمانی کامێنت شتێکی دیکەیە. ئەو زمانەی کامێنتەکەی پێ دەنووسرێت، نە سەری دیارە و نە بن. کەس نازانێت فرمان و بکەر و بەرکار و ئاوەڵکار و ناو و ئاوەڵناو و جێناوی رستەی کامێنتنووس چۆناوچۆن وەک کەری پشت کرمێ، لە ناو خۆڵەمێشی خوارەوەی بابەتە بێتامەکاندا خۆیان دەگەوزێنن. زۆربەی کاتەکانیش کامێنتنووسانی ژێر بابەتە کوردییەکان، نووسینەکانیان وەک تەڕایی میزی ئەو منداڵە گەلحۆیانە دەچێت باوەژن بە مشت لەنێوان کەمەر و کلێنجەیانی دابێت. ئەم جۆرە کەسانە زیاتر کامێنتەکانیان بە پیتی ئینگلیزی و بە زمانی کوردی دەنووسن کە هەر کامێنت نووسەی بە پێی سەلیقە و بۆچوونی خۆی پیتە ئینگلیزیەکانی دەکاتە نوێنەر و دەربڕی دەنگە جیاوازەکان، یان بە فۆنتی عەرەبی و فارسی کوردیمان بۆ دەنووسێت. کاتی خوێندنەوەی ئەمجۆرە کامێنتانە جاری واهەیە نیو کاتژمێر بۆ ساخ کردنەوەی رستەیەک چاو چڕ دادەگری و لە ئاخریدا بۆت دەچێتەوە سەریەک کە کامێنت نووسەکە هەویستوویەتی بە ناوی خوازراوەوە جوێنت پێ بدات.
ئەمەشیان هەر بەقوربانی چاوی گەشی کامێنت نووسەکە بێت، بەڵام با سەیری ناوی چەند کۆمێنت نووسێکی بوێر و ئازا بکەین: شەریفە باوکەڕۆ- من – خ. م- هەڵۆ- سەردەشت- سروەی ٢- شنۆی ١- پاوە- ساکا- موکرێان مەهابادی- سامان ٢٠- رۆژهەڵات شنۆ و کورد. ئەمانە خاوەنانی چەند کامێنتێکی شیرین بوون کە لە دامێنی هێندێک لە وتارەکانەوە گرتمنەوە و لێرە دامنانەوە.
دەکرێت لە ئەنجامی خوێندنەوەی کامێنتەکان و ناوی نووسەرەکانیانەوە بەم ئاکامۆکانەی خوارەوە بگەین:
١. کامێنت هەمان بۆچوون نییە.
٢. وشەی کامێنت لە ئینگلیزیدا هەمان بۆچوونە.
٣. ئیدیتۆری ماڵپەڕەکان رەنگە کامێنتەکان نەخوێننەوە، یان بێعەقڵن و یان بەهۆی پێکەنینی زۆرەوە سکیان دێشێت.
٤- کامێنتنووسە کوردەکان یان شێتن یان من و تۆی خوێنەر بەشێت دەزانن.
٥. من و تۆ زۆر زۆر بێ کارین و دامەش نازانین، یان بۆچوونی کامێنتنووسەکان لەبارەی ئێمەوە زۆر راستە.