وۆڵستریت جۆرناڵ
وەرگێڕانی زاگرۆس رێباز
لە عیراق، پشتگوێمان خستن تا بۆمان دەرکەوت باشترین هاوپەیمانمان بوون. ئێستاش لەسوریا پشتگوێ خراون. لەکاتێکدا شەری ناوخۆی سوریا پێدەنێتە ساڵی چوارەمیەوە، ئاسۆی ئاشتی تاریکە. گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی ژنێڤ پێشکەوتنێکی بچووکی هاوشێوەی گفتوگۆکانی چەند مانگی رابردووی بەخۆوەدیوە، ئەویش لەبەر دوو هۆی ئاشکرا: یەکەم، هیوای جۆن کیری'ی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەوەی رژێمی ئەسەدی قیتبووەوە نەرمی دەنوێنێت خەیاڵە. دووەم، پەیوەندیی نێوان گروپە میانەڕەوەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن کە پشتیوانیی دیپلوماسیی بەڕێز (کێری)یان لەگەڵدایەو گروپە توندڕەوەکان کە نفوذیان لەناو سوریا لەهەڵکشاندایە، لاوازە. ئەگەر لەگۆشەنیگایەکەوە لە سوریا بڕوانین، میانەڕەوەکان سەرکەوتوانە پاشەکشەیان بە رژێم کردووەو قاعیدەیان بەزاندووە. کاتێک دیپلۆماتەکان مانگی رابردوو لە ژنێڤ کۆبوونەوە، کوردی سوریا، عەرەب و کریستیانەکان لە ئامودێ "عامودا" کۆبوونەوە، شارۆچکەیەک لە باکوری سوریا کە پڕە لە مزگەوت و کەنیسە. دوای گەنگەشەکردنی میساقێک، رابەرانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەرتاسەری حەسەکە لە ئەنجومەنێکی کاتیدا سوێندیان خوارد تا کاتی هەڵبژاردن کە لەمانگی ئایار بەڕێوەدەچێت، حوکمڕانی بکەن.
کوردی سوریا، رووبەڕووی هەمان ئەو بێبەشکردن و مەزڵومیەتە بوونەتەوە کە هاوخوێنەکانیان لەعیراق رووبەڕووی بوونەوە. لەپارکێکی ئامودێ، یادی کارەساتی سووتانی سینەما لەساڵی 1960 کرایەوە کە تیایدا 150 مناڵی شارۆچکەکە بوونەقوربانی، کارەساتێک کە خەڵکی ناوچەکە بەهۆیەوە پەنجەی تاوان بۆ حکومەتی سوریا درێژدەکەن کە نمایشەکەی بەڕێوەدەبرد و دەرگاکانی بەسەر قوربانیاندا داخست. لەگەڵ ئەوەشدا کە پارێزگای حەسەکە، هەواری زۆرینەی کوردانی سوریا، لەدەساڵی رابردوو بووە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی رێژەیی سوریا بەهۆی سامانی نەوتیەوە، رژێم دەستی ئاوەدانیی بۆ درێژنەکرد.
لە2004، دوای ئەوەی کورد بەئاشکرا داوای کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بەعسیان کرد، رژێمی بەشار ئەسەد زیاتر لە 30 کەسی لە قامیشلۆ کوشت کە گەورەترین شاری هەرێمەیە، رژێم کوردێکی زۆری لە مافی رەگەزنامە بێبەشکرد کە یەکێکە لەپێویستیەکانی هاوڵاتیان بۆ خاوەندارێتیی موڵک، درێژەدان بە خوێندن و بەدەستهێنانی پۆستی کارگێڕی.
چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش لەهەرێمەکە کارێکی سەخت بوو. یەکینەکانی پاراستنی گەل (بەکوردی بە یەپەگە ناسراون) بەهێزترین میلیشیا بوون لە رووبەڕووبوونەوەی ئەلقاعیدە، بەڕێوەبەرە هەرێمیەکان، لە کورد و عەرەب، دەریانخست کە حاکمی شایستەن، ماشێنەکانی خاشاک هەفتانە کاری خۆیان دەکەن، مناڵان بەتەنێ دەچنە خوێندنگا، ژنانی سەرپۆش و سەرکۆتیش بێ ترس دەچنە بازاڕ.
بەڕێوەبەرایەتیە خۆجێیەکان ناوەندی کۆمەڵایەتیشیان ئاواکردوون بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لەسەر ئاستی گەڕەکەکان، دادگاکانیش ئامادەن ئەگەر ناکۆکەکان نەگەیشتنە رێککەوتن. من پاشنیوەڕۆیەکی کۆتایی مانگی رابردوو بەدیار کێشمەکێشی خێزانیی ناو دادگای بەرایی شاری قامیشلۆوە دانیشتبووم کە تیایدا خەڵک لەسەر کەیسەکانیان قسەیان دەکرد، لەهەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب.
خۆ هەموو شتێکیش باش بەڕێوەناچێت. کارەبا خراپە. بەهۆی ئابڵوقەی حکومەتی سوریا، تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە هەندێ ماددەی خۆراکی بەئاسانی دەست ناکەون، هاوشێوەی داوودەرمانەکانی نەخۆشیی شەکرەو نەخۆشیە درێژخایەنەکانی دیکە. رێک وەک ئەودەمەی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەنووسی کوردانی عیراقی خستەبەر بەزەیی سەدام حوسێن، ئێستاش بە رەتکردنەوەی کارکردن لەگەڵ دسەڵاتی کوردی، هەمان شت دووبارە دەکاتەوە بە تەسلمیکردنیان بە بەزەیی (ئەسەد). خاچی سوور'ی سووری تەنها کۆمەکی خۆراکیی خەڵکی ئەو ناوچانە دەکات کە لەژێر کۆنترۆڵی رژێمی ئەسەددان، لەگەڵ ئەوەشدا، پارێزگای حەسەکە دەرگای بەڕووی دەیان هەزار پەنابەر کردۆتەوە کەلەشارەکانی حەلەب و حومس و هیدیکەوە رایانکردۆتە ئەوێ.
دوای چەندین دەیە لە پەراوێزخستنی کوردی عیراق، واشنتۆن گەیشتە ئەو باوەڕەی وەک باشترین دۆستی خۆی لەقەڵەمیان بدات. کەچی جەنابی (کێری) نایەوێ سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەرگرێت. بەڕێوەبەرانی هەرێمی حەسەکە داوەتناکرێنە گفتوگۆکانی ئاشتی لە ژنێڤ، وەزیری کاروباری دەرەوەش نایاندوێنێت لەبەر سێ هۆ.
یەکەم تورکیایە. پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، کە پشتیوانیی 90%ی کوردانی ناوخۆی لەگەڵدایە، لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نزیکە کە رۆژگارێک شۆڕشی لەناو تورکیا بەرپاکرد. هەردوو بەرە (واتە تورکیا و پەکەکە) لە مانگی ئازاری رابردوو ئاگربەستێکیان واژۆکرد، هیچ کوردێکی سوریاش پەلاماری تورکیای نەداوە. لەکاتێکدا تورکیا کۆمەکی سەربازی و هاموشۆ پێشکەش بە جیهایەکانی ناو سوریا دەکات، ئەوەی کە تورکیا پەیەدە'ی بە گروپێکی تیرۆرست ناساندووە مایەی گاڵتەجاڕیە، لەوەش زیاتر، کاتێک هەردوو بژاردەی ئەلقاعیدە و کوردی سێکیولار کەوتە بەردەم تورکیا، یەکەمیانی هەڵبژارد. واشنتۆن دەبێ دووەمیان هەڵبژێرێت. جەنابی (کێری) نابێ پێداگری لەوەبکات لە تورکەکان تورکتر بێت، ئەگەر تورکبوون بە مانای بەهێزکردنی ئیسلامیە توندڕەوەکان بێت.
دووەم، دیپلۆماتە ئەمریکیەکان کوردی سوریا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەگەڵ بەرەی نیشتمانیی سوریا (سەرەکیترین بەرەی ئۆپۆسزیۆنی سوریا) هەماهەنگی ناکەن. ئەم تۆمەتە راستە. کورد و کریستیانەکان، دەڵێن جەنابی (کێری) توندڕەویی ئاینی و شۆڤینیەتی ناو هێزەکانی بەرەی نیشتمانیی سوریا نادیدەدەگرێت، دەڵێن ئەو بەرەیە باوەڕی بە فێدرالیزم و واقیعی حاڵی سوریا نیە.
سێیەم، وەزارەتی دەرەوە کوردانی سوریا بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەماهەنگیان لەگەڵ ئەسەد هەیە، ئەمە هەندێ راستیی تێدایە. رژێمی ئەسەد کۆنترۆڵی گیرفانی قامیشلۆی کردووە، کوردانی سوریا بەفڕۆکە دەچنە دیمەشق و لاذقیە بۆ خوێندنی زانکۆ. ئەسەد موچەی هەندی لەو کارمەندە مەدەنیانەش دەدات لە حکومەتی خۆجێیدا کاردەکەن.
لەمەشدا، سەرکردە کوردە عیراقیەکانی وەک مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانییش تا ساڵی 2003 هەماهەنگێکی لەوجۆرەیان لەگەڵ سەدام حوسێندا هەبوو. سەرچاوە کوردیە فەرمیەکانی یەپەگە دەڵێن لەئاگربەستیان لەگەڵ رژێمی ئەسەد سوودمەندن چونکە بەهۆیەوە دەتوانن باشتر فشاربخەنە سەر قاعیدە و گیانی خەڵک رزگار بکەن: ئەگەر ئاگربەست هەڵوەشێتەوە، هێزە ئابڵوقەدراوەکانی رژێمی ئەسەد لەناوچەکە یان دەبێ تا مردن بجەنگن، یان دەبێ خۆیان بدەن بەدەستەوە – کە خۆشیان بدەن بە دەستەوە، خێزان و کەسوکاریان رووبەڕووی ئازارو ئەشکەنجەو گرتن و مردن دەبنەوە.
کورد ئەم راستیە دەزانێت. تۆمەتەکانیش بەوەی گوایە ئەم ئاگربەستەی ئەوان لەگەڵ رژێم مانای دەربڕینی سۆزو پشتیوانیە بۆ ئەسەد تووڕەو بێزاریان دەکات، زۆر لەو کوردانە هێشتا ئاسەواری ئەشکەنجەی زیندانەکانی ئەسەدیان بەسەر جەستەوە دیارەو دەڵێن جەنابی (کێری) ئێستا زیاتر لە ئێمە لەگەڵ کاربەدەستەکانی سوریا قسەدەکات.
لەگەڵ رژێمێکی پشیوانی تیرۆر و ئۆپۆزسیۆنێکی ئامێزکراوە بۆ تیرۆر، کاربەدەستانی ئەمریکا حەقیانە بەهۆی سوریاوە نائومێد بن، رێک وەک عیراق، بەڵام لەوێ کورد ئەلتەرناتیڤێکی پێشکەش کرد، مۆدێلی فیدرالی. سێکیولاربوون و پشتیوانیکردنیشان لە ئەمریکا، هەر باشتر. چەند پێکەنیناویە کە دەبینین وەزارەتی دەرەوە هەوڵ دەدات ناویان برزێنێت و ناشیرینیان بکات.
18/02/2014