له سووریه رۆژ له گه‌ل رۆژ شار و گۆندی زیاتر خاپوور ده‌کرێ، رۆژ له گه‌ڵ رۆژ جۆغرافیایه‌کی زیاتر له شهر ده‌گلێ و خه‌ڵکێکی زیاتر ده‌کۆژرێ. هه‌روه‌ها جار له گه‌ڵ جار تۆپ و تانگی زیاتر به‌ره‌و شاره‌کان وه‌رێ ده‌که‌ون و شه‌قام و فه‌زایه‌کی گشتی به‌رینتر قۆرخ ده‌کرێن. دیاره سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه خه‌ڵکی سووریه ئاماده نین دۆراوی شه‌ڕی حکوومه‌ت و خه‌ڵک بن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گیانیان فیدا بکه‌ن. ئۆپۆزسیۆنی سووریه‌ش هه‌روا له دوو به‌ره‌ییدا ماوه‌ته‌وه. زۆربه‌ی جه‌ماعه‌تی ئیخوانوڵموسلمین، لیبراڵه‌کان و به‌شێک له کورده‌کان له نێو شوورای نیشتمانی سووریه (المجلس الوطنی السوری)دان. ئه‌و گرووپه‌ی ئۆپۆزسیۆن له پشتگیرییه‌کی به‌رچاوی عه‌ره‌بی - رۆژئاوایی به‌هره‌مه‌نده. گرووپی دووهه‌م واته گرووپی هاوئاهه‌نگی بۆ گۆڕانی دێموکراتیک (هیئه التنسیق من اجل التغییر الدیمقراطی) به‌شێکی به‌رچاو له کورده‌کان (١١ حیزبی کوردی) و چه‌په‌کان له‌خۆ ده‌گرێ. گرووپی یه‌که‌م داوای چاره‌سه‌ری پرسی سووریه له نێو شوورای ئه‌منییه‌ت و پشتگیری ناردنی هێزی نیزامی رۆژئاوایی - عه‌ره‌بی ده‌که‌ن، به‌ڵام گرووپه‌که‌ی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن دژایه‌تی هه‌ر جۆره هێرشێکی نیزامی بۆ رووخاندنی حکوومه‌تی ئه‌سه‌د ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دانیشتنی شوورای نهتهوهیوکگرتووهکان له ٥ی فهورییهدا، به هۆی ڤێتۆی رووسیه و چین بێ ئاکام مایه‌وه. دیاره به دوای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی چین و رووسیه زۆرێک له وڵاتانی عه‌ره‌بی و رۆژئاوایی وه‌ک توونس، عه‌ره‌بستان، قه‌ته‌ر، ئه‌مریکا، بریتانیا، کانادا و... باڵوێزخانه‌که‌یان له ده‌مشق داخست. ده‌کرێ بلێین ده‌وله‌تی ئه‌سه‌د له ئیستادا تا راده‌یه‌کی زور له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی نێوده‌وڵه‌تی دایه. هه‌نووکه له لایه‌ک وڵاتانی رۆژئاوایی، وڵاتانی عه‌ره‌بی و تورکیه له هه‌وڵی پێکهێنانی هاوپێوه‌ندییه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و دیتنه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ک له باره‌ی ره‌وشی سووریه دان، له لایه‌کی دیکه رووسیه، چین، ئێران، ئهڵجهزایر، PKK، حیزبوڵلای لوبنان و تۆڕی ئه‌ڵقاعیده دژایه‌تی هه‌ر جۆره هێرشێکی نیزامی بۆ سه‌ر سووریه ده‌که‌ن. دیاره دژبه‌رانی هێرشی نیزامی باس له نایاسایی و نارهوابوونی ئه‌و کرده‌وه‌یه ده‌که‌ن. به‌و پێیه ره‌وشی سووریه پرسیارێکی جیددی و دژواری رووبه‌ڕووی جیهان کردۆته‌وه.
ئه‌و پڕسیاره بریتییه له‌وه که ده‌وڵه‌ت تا چ شوێنێک ره‌وایی هه‌یه؟ ئایا هه‌وڵێکی نێوده‌وڵه‌تی له باره‌ی دۆخی ناڵه‌باری وڵاتێک (هاوشێوه‌ی ره‌وشی سووریه) ده‌که‌وێته خانه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی جیهانی یان هاوکاری جیهانی؟
بۆ وڵامدانه‌وه به‌و پرسیاره بنچینه‌ییه پێویسته ئاگاداری چۆنییه‌تی بیچمگرتنی سیستمی نێوده‌ڵه‌تی هه‌نووکه‌ی جیهان بین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌وڵ ده‌ده‌ین له سێ به‌شدا جیاوازی و پێوه‌ندی نێوان چه‌مکه‌کانی "نه‌ته‌وه"، "نه‌ته‌وه‌خوازی"، "ده‌وڵه‌تی ساخته"، "ده‌وڵه‌تی نه‌ریتی"، "ده‌وڵه‌تی مۆدێرن "(ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وه) و دواجار "ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌می به‌جیهانی بوون"دا نیشان بده‌ین. ئه‌و کاره یارمه‌تیمان ده‌دا هه‌تاکوو له سیستمی نێوده‌ڵه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی سه‌رده‌م تێبگه‌ین.
ئهلف. جیاوازی و پێوه‌ندی نێوان "نه‌ته‌وه"، "نه‌ته‌وه‌خوازی" و "ده‌وڵه‌ت" : له روانگه‌ی به‌ندیکت ئه‌ندرسۆنه‌وه نه‌ته‌وه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌مبۆڵیک و فانتازیاکراوه و نه‌ته‌وه له رێگه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ره به‌ره دروست ده‌بێ. بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌وڵ ده‌دا خاڵه هاوبه‌شه‌کانی وه‌ک زمان، جۆغرافیا، کڵتوور و ...خه‌ڵکێک به‌رجه‌سته بکا و بیانکاته شتێکی گشتی، نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی به جۆرێک که ئه‌و خه‌ڵکه له خه‌ڵکێکی دیکه جیا بکاته‌وه. هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به‌رده‌وام تێده‌کۆشێ ئه‌و هه‌ست و فه‌زایه له نێو خه‌ڵکه‌که‌یدا دروست بکا که ئه‌وان خه‌ڵکێکی هاوچاره‌نووسن. ئه‌وه له حاڵێک دایه که ده‌وڵه‌ت پێکهاته‌یه‌کی سیاسییه و مه‌رج نییه که ئه‌و پێکهاته‌یه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌مبۆڵیک پێکهاتبێ. پێویسته سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و بابه‌ته که زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له دوای شه‌ڕی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی پێکهاتن هه‌ڵگری نه‌ته‌وه یان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌مبۆڵیک نین. به واتایه‌کی دیکه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به‌رهه‌می خواست و تێکۆشانی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک نین، به‌لکوو به هۆی هێزی نیزامی و له ژێر پڵانی نگریسی زڵهێزه‌کان پێکهاتوون. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌که‌ونه خانه‌ی" ده‌وله‌ته ساخته‌کان" چۆنکه به ئیراده‌ی خه‌ڵک و به شێوازێکی ئازادانه و دێموکراتیک پێکنه‌هاتوون. له "ده‌وڵه‌ته ساخته‌کان" ده‌توانین ئاماژه به عه‌ره‌بستان، سووریه، به‌حره‌ین، تورکیه و ... بکه‌ین. دیاره ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلیش ده‌وڵه‌تێکی ده‌ستکرده به‌ڵام گرفت و ناره‌وایی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به هۆی هاووڵاتییه‌کانی نییه. ناره‌وایی ئیسرائیل نارهواییهکی ژئۆپۆلێتیکه به‌و واتایه که ده‌وڵه‌تی ئیسرائیڵ ده‌وڵه‌تێکی په‌نابه‌ره له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی عێراق له دوای ساڵی ٢٠٠٥ و به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن چێدیکه ده‌وڵه‌تێکی ده‌ستکرد نییه، گرفتی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ئیستادا گرفتی ناکارامه‌یی و گه‌نده‌ڵییه. دیاره کۆمه‌ڵێک له خه‌ڵکیش هه‌ن که خۆیان به نه‌ته‌وه ده‌زانن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سهمبۆلیکن، به‌ڵام خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نین که ده‌کرێ ئاماژه به ئیسکاتڵهندییهکانی بریتانیا، باسکه‌کانی ئیسپانیا، کورده‌کان و فه‌لستینییه‌کان بکه‌ین. به‌و پێیه خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌کانی جیهان له باری سیاسییه‌وه به سه‌ر سێ دۆخی "ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه"کان، "ده‌وله‌ته ده‌ستکرده‌کان" و "نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌کان" دابه‌ش ده‌بن.
" ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلیش ده‌وڵه‌تێکی ده‌ستکرده به‌ڵام گرفت و ناره‌وایی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به هۆی هاووڵاتییه‌کانی نییه. ناره‌وایی ئیسرائیل نارهواییهکی ژئۆپۆلێتیکه به‌و واتایه که ده‌وڵه‌تی ئیسرائیڵ ده‌وڵه‌تێکی په‌نابه‌ره له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست. "
ب. جیاوازی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ریتی: "دیاره ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه دامه‌زراوه‌یه‌کی مێژوویی تا راده‌یه‌ک نوێیه و ده‌گه‌رێته‌وه بۆ کۆتایی یه‌کانی چاخی هه‌ژده‌هه‌م و پێکهاتنی ئه‌روپا و هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ک ئه‌مریکا، ئۆستراڵیا و نیوزیله‌ند که ئوروپییه‌کان تێیدا ده‌ژیان. بۆ یه‌که‌م جاڕ ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له‌و به‌شه له جیهاندا دامه‌زرا و دواتر په‌ڕگیر بووه، که‌وایه "ده‌وله‌ت"، "نه‌ته‌وه" و "نه‌ته‌وه‌خوازی" به پێچه‌وانه‌ی "ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه" به‌رده‌وام بوونیان هه‌بووه."(ئانتۆنی ئیسمیت)
له پێوه‌ندی له گه‌ڵ جیاوازی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت ده‌کرێ ئاماژه به پێنچ خاڵ بکه‌ین:
١. ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌کان له نێو خۆیاندا پارچه پارچه بوون و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نیشتمانی نه‌بوون. له راستیدا خه‌ڵک له ده‌وڵه‌ته پێش مۆدێرنه‌کان "هاووڵاتی" نه‌بوون، چۆنکه ئه‌و رۆڵه چاڵاکهیان نه‌بوو که ئه‌مرۆکه خه‌ڵک له نێو ده‌وڵه‌ته مودێرنهکاندا هه‌یانه. ده‌وڵه‌ته کۆنه‌کان خاوه‌نی سیستمێکی ئابووری و سیاسی نیشتمانی و ناوه‌ندی نه‌بوون، هه‌ر بۆیه زۆرینه‌ی خه‌ڵک له گۆڕانکارییه‌کانی وڵاته‌که‌یان ئاگادار نه‌ده‌بوون و ته‌نانه‌ت به لایانه‌وه گرینگ نه‌بووه.
٢. ده‌وڵه‌ته کۆنه‌کان خاوه‌نی که‌وشه‌ن بوونه نه‌ک سنوور. دیاری کردنی سنوور به شێوه‌یه‌کی ورد و له سه‌ر نه‌خشه شتێکی زۆر نوێیه. سنوور شوێنێکه که له‌وێدا ئۆتۆریته‌ی ده‌وڵه‌تێک کۆتایی پێدێ و ئۆتۆریته‌ی ده‌وڵه‌تێکی دیکه ده‌ست پێده‌کات.
٣. ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه‌کان له نێو سنووره‌کانیاندا ئامرازه‌کانی تووندۆتیژی و مافی به‌کارهێنانی تووندۆتیژیان له چنگ گرت. پێکهێنانی سۆپا و هێزی پۆڵیس به شێوه‌یه‌کی به‌رجه‌سته ئه‌و راستییه نیشان ده‌دا. ده‌وڵه‌تی هه‌نووکه‌ی ئه‌فغانستان که کونترۆڵی به سه‌ر به‌شێک له ناوچه‌کانیدا نییه نموونه‌ی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ریتی له سه‌رده‌مێکی مۆدێرن دایه.
٤. ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌کان خاوه‌نی زمانێکی هاوبه‌ش و شۆناسێکی کڵتووری گشتی نه‌بوون. له ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌کاندا چینی ده‌سه‌ڵاتدار به زمانێکی جیاواز له زۆربه‌ی خه‌ڵک قسه‌یان ده‌کرد. به‌و پێیه په‌یدابوونی سیستمی په‌روه‌رده و سیستمی خوێندنی نیشتمانی هاوپێ بووه له گه‌ڵ هاتنی ده‌وڵه‌ت—نه‌ته‌وه‌کان.
٥. ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌کان له نێو سیستمی نێوده‌وڵه‌تیدا نه‌بوون. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌سه‌ڵاتیان به سه‌ر ناوچه‌یه‌کی دیاریکراودا نه‌بوو، هه‌ر بۆیه گرفتێکی سه‌ره‌کی به‌رده‌م پته‌وتربوون و یاسامهندتربوونی سیستمی نێوده‌وڵه‌تی له قه‌ڵه‌م ده‌دران.
ج. ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌می به‌جیهانی بوون: گڵۆباڵیزم کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کڵتووری بهڕبڵاوه. پرۆسه‌ی گڵۆباڵیزم له سه‌ر بناغه‌کانی جیهانی مۆدێرن دا ده‌ستی داوهتهه دروستکردنی جیهانێک که ئه‌و جیهانه،هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه که جیاواز و ئاڵۆزتره له جیهانی مۆدێرن، به‌ڵام دابڕاو له جیهانی مۆدێرن نییه. به‌و پێیه بۆ گه‌یشتن به جیهانی ئیستا (سه‌رده‌می گڵۆباڵیزم) سه‌ره‌تا پێویسته بزانین که سه‌رده‌می مۆدێرن چ جۆره سه‌رده‌مێک بوو. له سه‌رده‌می مۆدێرندا کۆمه‌ڵێک ئامراز، پیشه، دامه‌زراوه و سیستمی تازه دروستبوو که ده‌توانین ئاماژه به هاتنه‌ئارای ده‌زگای چاپ، دراو، دروستبوونی کاتژمێر، سه‌ربازی کردن، بیمه‌ی بێ‌کاری، سینه‌ما، سۆپا، حیزب، پارڵمان، زانکۆ، سیستمی په‌روه‌رده، سیستمی ته‌ندروستی و .. بکه‌ین. له به‌شی مۆدێرنه‌ی سیاسیش‌دا به هاتنه‌ئارای شێواز و دامه‌زراوه‌ی نوێ وه‌ک گشتی بوونی مافی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن، دروستبوونی پارڵمان و حکوومه‌تی یاسا، به‌شداری سیاسی چووه نێو قۆناغێکی به‌رفراوان. دیاره ئه‌و گۆڕانکارییه ئابووری،سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه به پشتبه‌ستن به زانست و عه‌قڵی مرۆڤ هاته‌ئاراوه، هه‌ر بۆیه له سه‌رده‌می مۆدێرندا ئه‌و بڕوایه په‌یدابوو که مرۆڤ خۆی سه‌رچاوه‌یه، چاره‌سازه، خۆڵقێنهره و ته‌نانه‌ت خۆی خۆدایه. به‌و پێیه مرۆڤی مودێرن له وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی مێژوویی‌دا بۆ گه‌شه‌کردن، سڵامه‌تی، کارامه‌یی، دڵنیایی، ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و...به گشتی بۆ هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانی ژیان ئیمانی به زانست و عه‌قڵ هێنا. ئه‌وه له حاڵێکدایه هاوکات له گه‌ڵ زیادبوونی به‌رهه‌مه زانستی و عه‌قڵییه‌کان، ژیانی مرۆڤیش رۆژ له گه‌ڵ رۆژ به‌ربڵاو و ئاڵۆزتر بوو. به هۆی شۆرشی پێوه‌ندییه‌کان هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانی جیهانی مۆدێرن هاوکات ئاوێته‌ی یه‌کتربوون، گه‌شه‌یان کرد و گۆڕانیان به سه‌ردا هات. له راستیدا شۆڕشی پێوه‌ندییه‌کان و گڵۆباڵیزم پێکه‌وه له دایک بوون. ته‌ڵه‌فۆن، ماهواره، کامپیۆتێر و ئینتێرنێت و فه‌یس بووک نه ته‌نیا پێوه‌ندییه فێکری، کڵتووری، ئابووری و سیاسییه‌کانی مرۆڤی خسته نێو جۆغرافیا و نیشتمانێکی گه‌وره‌تر و سه‌رتر له ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌کانی مۆدێرن به تایبه‌تی سه‌رتر له ده‌سه‌ڵاتی "ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه"کان، به‌ڵکوو گرفته مرۆییه‌کانیشی زۆرتر و ئاڵۆزتر کردووه. دیاره تهکنۆڵۆژی و ئابووری به هۆی ئه‌وه‌ی که نه شۆناسیان هه‌یه نه ئایین زیاتر و خێراتر له ره‌هه‌نده‌کانی دیکه‌ی مۆدێرنه په‌ڕه‌یان ئه‌ستاند و به‌جیهانی بوون. ئه‌مرۆکه له لایه‌ک به پێکهاتنی کۆمپانیا بان نه‌ته‌وه‌یییه‌کان، سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، بانکی جیهانی، گرووپی G20، که‌ڵک وه‌رگرتن له یۆرۆ و... به ته‌واوه‌تی هه‌ست به به‌جیهانیبوونی ئابووری ده‌که‌ین. له لایه‌کی دیکه کۆمپانیا بان نه‌ته‌وه‌یییه‌کان ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ریان به سه‌ر به‌ستێن و پرسه گشتییه‌کان، ئه‌و پرسانه‌ی که پێوه‌ندیداره به هه‌مووی هاووڵاتیان وه‌ک سیستمی ته‌ندروستی و خزمه‌تگۆزاری، هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک بن. له‌و پێوه‌ندییه‌دا خه‌ڵک له وڵاتانی جۆراوجۆر ناره‌زایه‌تی ده‌رده‌برن، به‌ڵام چاره‌سه‌رکردنی پڕسه‌که له توانا و ده‌ره‌قه‌تی "ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه"یه‌ک به‌ده‌ره. له ئیستادا به‌شێکی به‌رچاوی خه‌ڵک له وڵاتانی له‌حاڵی گه‌شه یان هه‌ژار له ئینتێڕنێت که‌ڵک وه‌رده‌گرن به بێ ئه‌وه‌ی پێدانی خزمه‌تگۆزاریی ئینتێرنێت یاسامه‌ند کرابێ. پێویسته سه‌رنج بده‌ینه ئه‌وه که سیستمی کامپیۆتێر و ئینتێرنێت له زۆر بواردا یارمه‌تیان داوین، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که که‌سانێک په‌یدا بن که به دزه کردن بۆ نێو سیستمی کامپیۆتێری که‌سانی دیکه و به‌ده‌ستهێنانی ژماره حیسابی بانکی یان زانیاری شه‌خسی ئه‌و که‌سانه، ئه‌وان تووشی خه‌سار بکه‌ن.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر که‌سی خهساروێکهتوو خه‌ڵکی ئوروپا و که‌سی تاوانبار خه‌ڵکی وڵاتێکی دواکه‌وتوو یان وڵاتێکی له حاڵی گه‌شه‌دا بێ، ده‌وڵه‌ت بۆ داکۆکی له هاووڵاتییه‌که‌ی ده‌بێ چ بکا؟ بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بده‌ین که به چ شێوه‌یه‌ک گڵۆباڵیزم دیارده، پێوه‌ندی و گرفتی تازه‌ی بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان به دیاری هێناوه با نموونه‌یه‌کی گه‌وره‌تر بێنینه‌وه. له ده‌یه‌کانی هه‌فتا و هه‌شتای چاخی بیسته‌م له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست خه‌ڵکێکی زۆر بێکار و داماو بوون به تایبه‌تی له تورکیه و عێراق، دیاره هه‌ر له‌و کاته‌دا پێشه‌سازی ئوروپا پێویستی به هێزێکی زۆری کار هه‌بوو، به‌و پێیه هه‌زاران کرێکاری کورد(به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ئه‌و کات وه‌ک تورکه کێوییه‌کانی تورکیه ده‌ناسران) روویان کرده ئۆروپا. له ساڵی ١٩٩١ نزێک ٥/١ میڵیۆن کۆرد له ترسی سه‌دام حوسێن، له ترسی ئه‌و چهکوچۆله مۆدێرنانه‌ی له رۆژئاوا به‌رهه‌م هاتبوون و له ده‌ست سه‌دامدا بوون، به‌ره‌و سنووره‌کانی تورکیه و ئێران هه‌ڵاتن. ئه‌و کات کاره‌ساتێکی مرویی له حاڵی رووداندا بوو. هاوکات ئه‌و کاره‌ساته مرۆییه له رێگه‌ی میدیاکانه‌وه بۆ ئوروپا رادهگوازرا. راگواستنی ئه‌و کاره‌سه‌ته مروییه بۆ ئوروپا دیاسپۆرای کۆردی، به پیر و گه‌نج و منداڵه‌وه، هه‌ژاند به جؤرێک که کۆمه‌ڵێک چالاکی ده‌گمه‌ن و بێ وێنه‌یان ئه‌نجامدا که له سه‌ر ده‌رچوونی بڕیاڕنامه‌ی ٦٨٨ شورای ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و پێکهاتنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له باشووری کوردستان، کاریگه‌ری زۆری دانا. دیاره تۆپ و تانگ، کۆچ، رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، میدیاکان و ناوچه‌ی دژه فڕین هه‌ر هه‌موویان به‌رهه‌می تازه و مۆدێرنن که له سه‌رده‌می گڵۆباڵیزم به یه‌ک گه‌یشتوون. به‌جیهانی بوون له گه‌ڵ خۆیدا هێندێک تابڵۆی مرۆیی ده‌گمه‌نیشی دروست کردوه. لێره‌دا باسی یه‌كێک له‌و تابڵۆیانه نۆمایش ده‌که‌ین : " قۆتابییه‌کی کۆرد له قۆتابخانه‌ی هارڤێلد له شاری ئایندهۆڤن سه‌ردانی ئه‌و ٧٢٠ کورده ده‌کا که له مانگی یه‌ک و دووی ساڵی ١٩٩٣دا له شاری بروکسێل مانیان له خواردن گرتبوو. ئه‌م خانمه بچکۆڵه‌یه که ده‌گه‌رێته‌وه بۆ قۆتابخانه‌که‌ی، چیرۆکی مانگرتووان بۆ هاورێ هۆله‌ندییه‌کانی ده‌گێرێته‌وه. له ژێر کاریگه‌ری قسه‌کانی ئه‌ودا هاورێ هۆله‌ندییه‌کانی بڕیاری ئه‌وه ده‌ده‌ن که نامه‌یه‌ک بۆ حکوومه‌تی هۆله‌ند بنووسن و داوای گرینگی‌دان به مه‌سه‌له‌ی کورد بکه‌ن."(ناسیۆناڵیزم و سه‌فه‌ر).
ئه‌و تابلۆیه به جوانی ئه‌و بابه‌ته نیشان ده‌دا که له پرۆسه‌ی گڵۆباڵیزمدا ته‌نیا شتومه‌ک و سه‌رمایه و مرۆڤه‌کان سنوور و جۆغرافیاکان نابه‌زێنن، به‌ڵکوو کڵتوور، روانگه سیاسی و پرسه لۆکاڵییه‌کانیش به‌جیهانی ده‌بنه‌وه. به‌و پێیه جیهانی گڵۆباڵ جیهانێکی ئاڵوز و فره ئاستتر له جاڕانه به چه‌شنێک که له لایه‌ک پرسه لۆکاڵییه‌کان جیهانی ده‌بنه‌وه و له لایه‌کی دیکه پرسه جیهانییه‌کان لۆکا‌ڵی ده‌بنه‌وه. کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی له سێ ئاستی "نه‌ته‌وه بێ دهڵهتهکان"، ده‌سه‌ڵاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان(ده‌وڵه‌ته ساخته‌کان، ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌کان و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان)، ده‌سه‌ڵاته بان نه‌ته‌وه‌یییه‌کان(یه‌کیه‌تی ئۆرۆپا و رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان و...) به‌رده‌وام به یه‌کدا ده‌چێته‌وه. به‌و پێیه وته‌که‌ی دانیێل بێل زۆر راسته که ده‌ڵێ :
"ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه له‌وه بچووکتر بۆته‌وه که به ته‌نیا کێشه گه‌وره‌کان چاره‌سه‌ر بکا و له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بۆته‌وه که ته‌نیا چاره‌سه‌ری کێشه بچووکه‌کان بکا."
" شۆڕشی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌رهه‌مێکی به نرخی بۆ جیهانی سه‌رده‌م هه‌بوو. ئه‌و به‌رهه‌مه بریتییه له‌وه که جیهانی گڵۆباڵ یاسایه‌کی هه‌یه، شه‌قامه‌کانی هه‌ر وڵاتێک بڕیاڕ له سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌یان ده‌ده‌ن. "
ئیستاکه پاش ئه‌و رێگه دووره که بریمان ده‌گه‌ینه ئه‌وه که، پێویسته له باره‌ی ره‌وشی سووریه و جیهان چه‌ند تێبینییه‌ک له‌به‌رچاو بگرین :
١. ده‌وڵه‌تی ئیستای سووریه، ده‌وڵه‌تێکی ساخته‌یه.
٢. ئه‌مرۆکه شه‌قامه‌کان و فه‌زای گشتی هه‌ر وڵاتێک، له رێگه‌ی میدیاکانه‌وه، بوونه‌ته به‌شێکی دانه‌بڕاو له فه‌زای گشتی جیهان. به‌و پێیه شه‌قامه‌کان توانایی ئه‌وه‌یان هه‌یه که قه‌ناعه‌ت و رێکه‌وتنی جیهانی دروست بکه‌ن.
٣. مۆدێرنه‌ی سیاسی ده‌ره‌قه‌تی به‌شێکی زۆر له سیستمه دیکتاتۆرییه‌کان نه‌هاتووه. ده‌وڵه‌ته نه‌ریتی و ده‌وڵه‌ته ساخته‌کان هه‌ڵبژاردن، حیزب، راگه‌یاندن و پارڵمانیان له چنگ گرتووه. له سوریه، روسیه، ایران،ئه‌لجه‌زایر، به‌حره‌ین و توونس و میسری سه‌رده‌می بن عه‌ڵی و موباره‌ک و...هه‌ڵبژاردن و پارڵمان و ...هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام دێموکراسی و ئازادی بوونی نه‌بووه و نییه.
٤. کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی له رێگه‌ی شه‌قامه‌کان چاودێری هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌کا، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی که پێش له هه‌ر هێزێک(پێش له هه‌ر پلانێکی ئه‌مریکا، بریتانیا، عه‌ره‌بستان، قه‌ته‌ر و...) و کاریگه‌رتر له هه‌ر هێزێکی دیکه دوسیه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌دی بردۆته نێو شوورای ئه‌منییه‌ت، شه‌قامه‌کانی سووریه‌یه.
٥. شۆڕشی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌رهه‌مێکی به نرخی بۆ جیهانی سه‌رده‌م هه‌بوو. ئه‌و به‌رهه‌مه بریتییه له‌وه که جیهانی گڵۆباڵ یاسایه‌کی هه‌یه، شه‌قامه‌کانی هه‌ر وڵاتێک بڕیاڕ له سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌یان ده‌ده‌ن.
٦. خۆپێشاندان هه‌ڵبژاردنێکه، هێز و پێوه‌رێکه، که له جوغرافیایه‌کی جیهانی دا ره‌وایی هه‌یه.
٧. "ئه‌رته‌شی ئازادی سووریه" هاوکات هه‌م خۆپێشاندانی خه‌ڵکی شێواند و هه‌میش دروستی و پێویستی هاوکاری جیهانی خسته ژێر پڕسیاره‌وه. ئه‌و چه‌کانه‌ی که له چنگ "ئه‌رته‌شی ئازادی سووریه" دان ، ئه‌و چه‌کانه‌ی که چه‌کی تورکیه‌ن یان له باشترین حاڵه‌ت دا چه‌کی زه‌وتکراوی رێژیمی ئه‌سه‌دن، شه‌رعییه‌ت و هێزێکی جیهانیان نییه. تا پێش له په‌یدابوونی "ئه‌رته‌شی ئازادی سووریه" فه‌زا و ره‌وشی سووریه به‌و جۆره بوو که خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له به‌رامبه‌ر رێژیم، خۆپێشاندان له به‌رامبه‌ر تۆپ و تانگ دا بوو. هه‌ر بۆیه له روانگه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی شه‌ڕی ئه‌سه‌د له شه‌قامه‌کان پاساوهه‌ڵنه‌گر و هاوسۆزی و هاوکاری جیهانی پێویستییه‌کی بێ ئهمڵاوئهوڵاو بوو.
..........
سه‌رچاوه‌کان :
١. ئاسۆ جیهانییه‌کان، ئانتۆنی گیدێنز، وه‌رگێر: عه‌تا جه‌مالی
٢. ناسیۆناڵیزم و سه‌فه‌ر، مه‌ریوان وریا قانع