مستەفا شێخە
(بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی)
زمانی زگماکی یان زمانی دایک ئەو زمانەیە کە مرۆڤ لە کاتی لەدایکبوونی یان بەرلە لەدایک بوونیشی قسەی پێ دەکات. ئاخر هێندێک لە زانایان لەڕادە بەدەر قایشی لێدەکێشن و دەڵێن منداڵبەرلەوەی لەدایک بیت، کاریگەریی زمانی دایکی لەسەرە. منی نەخوێندەواری کۆڵەوار جاری وایە دەکەومە سەردووڕێیانو سێ رێیان و چواررێیانی وا، کە سەرم لێ دەشێوێت و نازانم کامیان راستەڕێیە و کامیان بنبەستە و دەترسم لە یەکێک لە بنبەستەکاندا، بەسەر قاقای فشەکەرانی بنەبانی بنبەستەکەدا بکەوم.
ئەگەر خۆتان لە پایتەختە نازدارەکەی خۆمان دەژین، چاوێک لەو تابلۆیانە بکەن کە ناوی سێ ڕێیان یان چوار رێیانەکانی شاری هەولێریان لێ نووسراوە. ئەگەر لە شوێنێکی دیکەی ئەم دونیا بێوەفایەشن، هەرنەبێ برادەرێک یان برادەری برادەرێکتان لە هەولێر هەیە. بێ سێودوو لێکردن تەلەفۆنێکی بۆ بکەن، بپرسن ئەگەر تەلەفۆنەکە بێئاکام بوو، دەست بدەنە کوتە خەڵووزێک و لەجیاتی رووی بەندەی … ، رووی ئەم نووسراوەیە رەش بکەنەوە. ئەگەر زەحمەتی ئەلۆئەلۆکە ناکێشن و ئەو خوێنەرانەی لە هەولێریشن وەک من سەر فەیسبووکیان پێ لەسەر شەقامەکان خۆشترە، با هەر لێرە بۆتانی بگێڕمەوە.
یەکەمجار کە سەیری یەکەم تابلۆی سەر یەکێک لە سێ ڕێیانەکانم کرد، دیتم جیاتی سێ ڕێیان، نووسراوە “سێ ڕیان”. هەستم بەوەکرد لەم نزیکانە سێ کەس خەریکی ریتنن، بەڵام کە سەیری زەمان یان کاتی فرمانی “ڕیان”م کرد کە لە چاوگی “ڕین” بە مانای پیسایی کردن وەرگیراوە، زانیم رابردووە و ئەوانەی ڕیاون، رەنگە بۆ خۆشوشتنەوە روویان کردبێتە نزیکترین ئاودەستی ئەم ناوە. کاتێک سەرنجم دایە دەندەڵەی سنگی تابلۆی سەر سێڕیان و چوارڕیانەکانی دیکە، ئەوانیش بە فرمان یان فێعلی رابردوو نووسرابوون و ئەوانەی هەوڵی پیسکردنی ژینگەیان دابوو، لەوێ نەمابوون.
هەر ئەم هەولێرەی خۆمان، بەزمی لەوە خۆشتریشی تێدایە. لەبەر دەرگای هێندێک لە چێشتفرۆش وچێشتخانەی ئەم شارە، نەفەرێکی هەیکەلی راوەستاوە و وێڕای پێداهەڵگوتن بەو چێشتانەی وەک “مریشک” و” برنج و مەرەگە” و “تەشریب” و” قۆزی”، فەرموو لە رێبوارانی سەر شوستەکان بۆ ناو “مطعم”ەکان دەکات و تۆی رێبواریش دەفەرمووی یان نافەرمووی، کەیفی خۆتە، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا ئەگەر سکت تێر نەبێت تەشریفی لیکاوی مبارەکت ناچارت دەکات قووتی بدەیەوە. دوای قووتدانی لیکاوەکە سەیری جامخانەی ئەو دووکانانە بکە، ئەوانیش وشەی “قۆزی”یان بێ حەوتەکە لەسەریان نووسراوە کە پێموایە تا ئێستا کەس ئەم جۆرە
“قۆزیە”ی بە کوڵاوی و بە برژاوی نەدیتووە و کەسیش حەز ناکات بیبینێت.
داوای لێبووردن لە خوێنەری خۆشەویست دەکەم و هیوادارم ئەوە وا لێک نەدەنەوە کە من لەخۆڕا لە بابەتی زمان لامداوە و زیاتر تاوان لە درێژ دادڕیەکەمە. بە داوای لێبووردنەوە، دەگەڕێمەوە سەر زمانەکە. وەک لەسەرەوە باسم کرد، من تووشی بنبەست هاتووم، نازانم نە زمانی دایکە و نە زمانی زگماکی و ناشزانم منداڵ بەر لەدایک بوون هەست بە زمانی دایک یان زگماکی دەکات یان نا. زیاتر لەم بنبەستە دا بیر لە “دایک” دەکەمەوە و دیارە “دایکی بێ باوک وەک قەبرستانی بێکێلە و دوای ماوەیەک ئاسەواری نامێنێت.”
بە پێی ئەم تیۆرە کە لەمەو دوا خاوەنی هەر بۆخۆمم و دەبێ بە ناوی خۆم لە کتێبی”گینس”دا تۆمار بکرێت، لە تێکەڵ و پێکەڵ بوونی زمانی زگماکیدا باوک تاوانبارە، نەک دایک، جارێکی دیکە تیۆرەکە دەڵێمەوە: “دایکی بێ باوک واتە بێ هاوسەر، وەک قەبری بێکێلە و دوای ماوەیەک ئاسەواریشی نامێنێت.”
بۆ پڕاکتیزەکردنی تیۆرەکەم، پیاوێک دەکەمە نموونە کە بە ئاشکرا سێ هاوسەری مێینەی هەیە(بۆیە گوتم “مێینە”، وردە ترسێکم لە نفووزی کەلتووری رۆژئاوا هەیە). رەنگە وا هەڵبکەوێت، ئەو سێ خانمە سەر بە سێ نەتەوەی جیاواز بن. دیسان بۆ پڕاکتیزە کردنی تیۆرەکەمان هیچ شوێنێک لەم هەولێرەی خۆمان بە باشتر نازانم. شوکر بۆخوا هەردێت ماشێنی مۆدێل نوێ زۆر دەبێت و باڵەخانەی بەرز سەربەرز دەکەنەوە و جۆرەکانی پاساژ و مۆڵیش بە پێی فیلانە. لە باکووری شار، سۆفی مۆڵ خەریکی تەسبیحاتی دینار و دۆلارە و لە باشووری شاریش، نازەمۆڵ ناز بەسەر “گەڵا” و “وەرەقەدا” دەکات. جا لە وەها شارێکدا بۆ دەبێ پیاوی وامان نەبێت، سنوورە جۆراوجۆرەکان ببڕێت و ژنێک لە تاران و یەک لە بەغدا و یەکیش لە ئەنکەرە نەهێنێت و بە جانتای پڕ لە دینار و دۆلارەوە لە مۆڵەکەی باشووری شار نازیان بەڕووی خەڵکدا نەدات و لە مۆڵەکەی باکووریش بە گژ سۆفیان دانەکات.
ئەوکات ئەگەر ئەم سێ “خانم” و ” ست” و “بایان”نانە هەریەکەو چەند منداڵێکیان ببێت، تێۆرەکەم سەری لێدەشێوێت کە ئاخۆ ئەم منداڵانە بە زمانی دایکیان قسە دەکەن یان هی باوکیان. زمانی زگماکی هی باوکە یان هی دایک؟
پەندێکی کۆنی کوردی دەڵێت مامان براز بزر کرد و خاڵان خوارزا مەزن کرد. من زیاتر سەرم لەم پەندەی دیکە سوڕماوە کە دەڵێت: پیاو ئەگەر ناچار بوو بە حەریفی دایکی دەڵێت خاڵە.
وەی خاڵە گیان