نیویۆرك تایمز
هەرچەندە لەلایەكەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران سەرگەرمی گفتوگۆن دەربارەی گرفتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لەلایەكی دیكەوە خۆیان لە هەمان بەرەدا دەبیننەوە كە بوونەتە ئامانجی بزووتنەوەیەكی یاخیگەریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەلایەك ئەم دوو حكومەتە هەریەك خەریكی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی كە لە ملاملانێدایە لەگەڵ بەرژەوەندی ئەوی دیكە، لەلایەكی دیكە هەردووكیان كەوتوونەتە هەمان بەرە كە دەبێت دژی ئەو گەنجە سوننە چەكدارانە بن كە ئاڵای رەشی ئەلقاعیدە لەسەر پیكابەكانیان بەرز دەكەنەوە و بە شەقامەكانی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەندا گوزەر دەكەن. ئەمریكا ئارەزووی بەشداری لە شەڕە خوێناوی و بێ دەرەنجامە ناوچەییەكاندا نییە و ئەمەش كاریگەری ئەمریكای لەو ناوچانەی شەڕدا كەمكردووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بارودۆخی عێراق بەرەو ناجێگیرییەكی زیاتر دەڕوات، كە ئەمریكا 4000 كوژراو و تریلیۆنێك دۆلاری لەپێناویدا خەرجكردووە.
لە هەمانكاتدا ئێرانی شیعە مەزهەب و هاوجەمسەری كەمینەی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەهانەی خۆی هەیە بۆ ئەوەی تووڕە بێت. بەتایبەت كە میلیشیا سوننەكان هەڕەشە لە عێراق و سووریای هاوپەیمانی دەكەن و لەلایەكی دیكەشەوە ئەمریكا بەرەی ئەفغانستانیشی بەجێ دەهێڵێت.
رۆژی دووشەممە، ئێران پێشنیاریكرد پێكەوە لەگەڵ ئەمریكادا هێزی سەربازی بنێرن بۆ پشتیوانی لە حكومەتی شیعە مەزهەبی بەغداد، كە ئێستا لە شەڕی شەقامە و شەقامدایە لەگەڵ میلیشیا تووندڕەوە سوننەكان. رۆژی یەكشەممەش جۆن كێری گوتی، كە وڵاتەكەی بیرۆی لەوە كردووەتەوە رۆڵ بداتە ئێران لە كۆنگرەی ئاشتی تایبەت بە سووریا. هەرچەند ئەو كۆنگرەیە پلان بۆ سووریای دوای بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران دادەنێت.
هەندێك لایەن پێیانوایە ئەمكارە نوێیانەی ئێران بەشێكە لە پراگماتیزمی زیرەكانەی سەرۆكی نوێی ئێران حەسەن رۆحانی و محەمەد رەزا زەریفی، وەزیری بەرگرییەكەی.
هەندێكی دیكەش پێیانوایە ئەمە تەنیا هەوڵی سەرنجڕاكێش ئاسای ئێرانە بۆ پێشاندانی نیازپاكی و ئەگەری سازش لەگەڵ رۆژاوا لەكاتێكدا خەریكی بەرنامە ئەتۆمییەكەی خۆیەتی و ئەمیش سپۆنسەری جیهادیگەلی تایبەت بەخۆیەتی.
ئێستا تەنانەت ئەو ئێرانییانەش كە لە دەرەوەی خێوەتگەی بەرەی چاكسازین، نكوڵی لە هەبوونی بەرژەوەندی هاوبەش ناكەن. عەزیز شامحەممەدی، كە پێشتر راوێژكاری باڵای ئاساییشی نیشتمانیی ئێران بووە دەڵێت "ئاشكرایە تاوەكو دێت زیاتر خاڵی هاوبەش لەنێوان ئێمە و ئەمریكاییەكاندا دروستدەبێت". ئەو كە لە دەرەوەی بەرەی ریفۆرمیستەكانە دەشڵێت "هیچ وڵاتێك نابیستیت دوژمنی هەتا هەتایی هەبێت، نە ئێمە و نە ئەمریكا".
پسپۆڕانی ئەمریكاش دەڵێن، بەهۆی ئەوەی ئێران بووەتە دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەیەكدا كە پڕە لە خۆپێشاندانی تووندوتیژ و ململانێی تائیفی و بۆمبی خۆكوژی، واشنتن بژاردەی زۆری لەبەردەمدا نەماوە.
"ئێمە رووبەڕووی هەمان دووژمن دەبینەوە. دووژمنی دووژمنیش، دۆستە!" ئەمە گوتەی ماشەڵڵا شەمسولواعزین، رۆژنامەنووسی ریفۆرمیستی ئێرانییە. ئەو بەبیری دێنێتەوە كە چۆن لە ساڵی 2001 دا ئێران زانیاری وردی هەواڵگری دەدایە ئەمریكا لە جەنگی دژی تاڵیباندا.
هەرچەندە ئیدارەی ئۆباما دەڵێت دەكرێت ئێران ببێتە یاریكەرێكی كاریگەر لە پرسەكانی ناوچەكەیدا، هەر لە ئەفغانستانەوە تاوەكو سووریا، لە هەمانكاتدا جەختدەكەنەوە لەسەر چاودێری بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران. ئەوان دەڵێن هاریكاری یەكتر لەسەر هەر پرسێك، بەندە بە پابەندی ئێران بە رێككەوتنەكانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
ئیدارەی ئۆباما دەزانێت لە مەسەلەی گفتوگۆ دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەدا دەسەڵات دراوەتە رۆحانی و زەریفی، بەڵام روونیش نییە كە ئەو دووانە ئەوەندە دەستكراوە بن بتوانن لەسەر مەسەلەی سووریاش هەمان دەسەڵات بەكاربهێنن. چونكە لە ئێراندا سوپای پاسداران لەڕێگەی فەرماندەیی هێزەكانی قودسەوە چەك و چۆڵ بۆ حیزبوڵڵا دەنێرت تا باڵانسی هێزی بەشار ئەسەد بەرزبكەنەوە.
ئەم توانەوەیە لە بەستەڵەكی پەیوەندییەكاندا، بۆ زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. كاتێك ئەو دوو وڵاتە لەسەر چەند پێشنیازێك رێككەوتن كە پێشتر وەك مەحاڵ تەماشا دەكران، ئەو لێكنزیكبوونەوانە ئەوەندە كاریگەربوون بوونە هۆی تووڕەكردنی سعودیيە و ئیسرائیل، هاوپەیمانانی هەرەنزیكی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەهاری رابردوو چەند گەڕێكی نهێنی گفتوگۆ لە عومان و ژنێڤ ئەنجامدران و بوونە بنەمای زیندووكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئێران و ئەمریكا، كە بۆ ماوەی سێ دەیە وەستێنرابوون بەهۆی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران و بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریكییەكان لە تارانی پڕ جۆش و خرۆشی شۆڕشدا.
لە مانگی ئەیلوولدا رێككەوتننامەی كۆنترۆڵكردنی چەكە كیمیاییەكانی ئێران هاتەگۆڕێ، كە هەرچەندە لەلایەن رووسیاوە ئەمادەكرابوو، بەڵام ئەندازیار و پشتیوانی پرۆژەكە ئێران بوو. ئەوەندەی پێنەچوو ئۆباما و رۆحانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی مێژوویان ئەنجامدا. دواتر و بۆ یەكەمجار لەماوەی 10 ساڵدا، لە كۆتایی نۆڤەمبەردا ئەمریكا و هێزە رۆژئاواییەكانی دیكە لەگەڵ ئێران گەیشتنە جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
ئێران وەك دەنگی عەقڵ و لۆژیك خۆی پێشاندەدا، لەلایەكەوە ئاماژەی بە كارە تووندڕەوانەكانی گرووپە ئیسلامییەكانی سووریا دەكرد لە كوشتن و سەربڕینی كەسانی دیكە، لەلایەكی ترەوە رۆحانی لەڕێگای تویتتەرەوە پیرۆزبایی سەری ساڵی لە سەرجەم مەسیحییەكانی جیهان دەكرد.
شەمسولواعیزین دەڵێت "جارێكی دیكە هەردوولامان رووبەڕووی مەترسی لەسەر ئاساییشمان دەبینەوە لەلایەن تووندڕەوەكانەوە. بۆیە دەكرێت ئێستاش وەك ساڵی 2001 هاریكاری یەكدیكە بكەین لە عێراق و وڵاتانی دیكەش". شەمسولواعیزین وای دەبینێت ئەمە سەرەتای هاریكاریی ناوچەییە لەنێوان هەردوولادا.
توانەوەی بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی هەردوولا، مەترسی بۆ سەر هەریەك لە ئۆباما و رۆحانی دروستدەكات، بەوەی بە تووندی دەكەونە بەر رەخنەی موحافیزكارانی وڵاتەكانیان. ئەوەبوو بانگەشەی جۆن كێری بۆ ئێران تاوەكو لە پەراوێزی كۆنگرەی ئاشتی ژنێف بەشدربێت، بە تووندی لەلایەن تووندڕەوەكانی ئێرانەوە رەتكرایەوە.
حامید رەزا تەرراقی، شرۆڤەكاری سیاسی تووندڕەو دەڵێت "ئەمریكییەكان دانی پێدا دەنێن كە ئێران نموونەی سەقاگیری و ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. كەچی كاتێك داوەتمان دەكەن بۆ كۆنفرانسێك دەربارەی سووریا، دەیانەوێت لە پەراوێزدا بەشداربێت. ئەمە سووكایەتییە بۆ ئێران ".
زەریفیش بەرپەرچی كێری دایەوە، بەوەی گوتی "هەمووان دەبێت لە جەنگی دژەتیرۆردا یەكگرتوو بن".
بەڵام بەشداری تەواوەتی ئێران لە كۆنگرەكەدا، گرفتی قووڵتر دروستدەكات. چونكە كۆنگرەكە باس لە سووریا دەكات دوای قۆناخی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی نزیكی ئێران.
ئەوانەی رەخنە لە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما دەگرن دەڵێن، ئەمریكا لەسەر حیسابی هاوپەیمانە ناسراوەكانی وەك سعودییە و ئیسرائیل، ئێران بەهێز دەكات. كەچی هێشتا ئێران بەردەوامە لە پشتیوانیی حیزبوڵڵای لوبنان و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دەستێوەردان لە كاروباری حكومەتی شیعە مەزهەبی عێراق دەكات.
ئەو رەخنەگرانە هەروەها دەشڵێن، رێككەوتننامەی كۆتایی لەگەڵ ئێران دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی، ئابووری ئێران دەژیێنێتەوە و هێزێكی زیاتری پێدەدات لە بڵاوكردنەوەی كاریگەری خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و كاریگەری رۆژاواش كەمدەكاتەوە لە سنوورداركردنی چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.
شرۆڤەكاران دەڵێن، ئێران ستراتیژێكی زیرەكانە پیادە دەكات، بەوەی ئەمریكا بەكاردەهێنێت بۆ لاوازكردنی رەقیبە ناوچەییەكەی خۆی كە عەرەبستانی سعودییە.
هوشەنگ تالیع، ئەندام پەرلەمانی ئێران لە سەردەمی شا، دەڵێت "بە هاریكارییەكی زیرەكانە لەگەڵ رووسیا، ئێران توانیویەتی گەمەی ململانێكانی سووریا و عێراق بگۆڕێت". هوشەنگ كە ئێستا چالاكوانێكی نەتەوەپەرستی ئێرانییە و لە تاران دادەنیشێت، دەشڵێت "ئەگەر كارتەكانمان بە باشی بەكاربهێنین، لە سعودییە و ئەمریكا زیرەكانەتر یارییەكە ئەنجامدەدەین".
هوشەنگ و كەسانێكی دیكە وای دەبینن بەهۆی ئێرانەوەیە كە بەشار ئەسەد لەسەر كورسی دەسەڵات ماوەتەوە و ئێستا وڵاتەكەیان كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر دراوسێكانی هەیە، بەتایبەت عێراق و ئەفغانستان. راست بن یان هەڵە، ئەوان پێیانوایە سعودییەی دووژمنیان لەسەر كەناری داڕمانە. ئێرانییەكان لە گوتارەكانی هەینی و دیبەیتەكانی تەلەفیزیۆندا دەڵێن، شانشینی سعودییە لەلایەن پیاوگەلێكی پیرەوە بەڕێوەدەبرێت كە رێگایان لێ هەڵەبووە.
شامحەممەدی كۆنە راوێژكار دەڵێت "نیگەرانین بەو دۆخەی عەرەبستانی سعودی، كە بووەتە وڵاتێكی ناجێگیر و لاواز". شامحەممەدی كە ئێستا سەرۆكی پەیمانگایەكە كە گرنگی بە گفتوگۆی سوننە و شیعە دەدات دەشڵێت "تەنانەت ئێمەی كێبڕكێكاریشیان هەست بەو لێكەوتە ترسناكانە دەكەین كە لە حاڵەتی تێكچوونی زیاتری دۆخەكەیدا روودەدەن".
لەسەر شەقامەكانی تاراندا، خەڵكی دەستخۆشی لە هەر هەنگاوێك دەكەن كە ئەمریكا و ئێران لێك نزیك بكاتەوە.
محەممەد رەزا بەرفی، فیتەری ئۆتۆمبێل دەڵێت "ئەمریكا نموونەی پێشكەوتن و دەستكەوتنی كار و ئاییندە و ئۆتۆمبێلی نوێ و ژیانێكی باشترە". بەرفی گوتیشی "ئاشتی نێوان ئێران و ئەمریكام لا گرنگترە لە ئاشتەوایی نێوان ئێران و دراوسێكانی. دراوسێكانی ئێران چیمان پێشكەش دەكەن؟"
سەروەر سالار /rudaw
10/1/2014